زانست له‌ نێوان ئایینی مه‌سیحییه‌ت و ئایینی ئیسلامدا
06/08/2013 نوسەر: bzavpress

زانست له‌ نێوان ئایینی مه‌سیحییه‌ت و ئایینی ئیسلامدا


ئەگەر كەمێك وردبینەوە لەمێژوی ئەوروپا بەتایبەتی لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی پاپاو كەنیسەدا یەكێك لەو هۆكارانەی كە بووە هۆی روخان و تەدمیربون و كەمبونەوەی ئەو دەسەڵاتە رەهایەو پاشان بوە هۆی سەرهەڵدانی عەلمانییەت بریتی بوو لە دەركەوتنی زانستخوازان و دەركەوتنی نەزەرییە زانستیەكان، دەركەوتنی زانستیش هەر لەسەرەتاوە دژایەتییەكی زۆر كراو وایان لێك ئەدایەوە هەر داهێنانێك لە كتێبی پیرۆزدا نەهاتبێت، ئەوا نابێت باس بكرێت و دژی ئایینە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئاینه‌كان بە درێژای مێژوو هیچكامێكیان دژی زانست و زانست خوازان نەبونە، بەڵام ئەم دژایەتیكردنەی دەسەڵاتی پاپاو كەنیسە بۆ ئەوە بوو كە هەموو خەڵكی لەو نەفامی و نەزانیینەدا بژین، بۆ ئەوەشی رێگە بگرن لە هەموو دەركەوتنێكی زانست و زانستخوازان، دادگایەكیان دانا بەناوی دادگای پشكنیین، ئەم دادگایە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەركەسێك دەردەكرد كە داهێنانێك بكات و لە كیتابی پیرۆزدا نەبێت، لەسەروی بڕیاری دادگاشەوە فەرمانی یەكەم لە ژێردەستی پاپادا بوە، لەلایەكی ترەوە كتێبی پێرۆز لەو سەردەمەدا پڕكرابو لە ئەفسانەو خورافیات، تەنها زانستی تێدا نەبوو، ئەویش لەبەر ئەوەی كە دەیانزانی باسكردن لە زانست و فێربونی خەڵكی لە بواری زانستدا دەبێتە هۆی ئەوەی فیكرو بیروبۆچونی خەڵكی بگۆڕێت، هەر گۆڕانێكیش لە فیكرو بیرو بۆچونەكاندا، سەرەنجامەكەی بەخراپی بەرامبەر پاپا و كەنیسەو پیاوانی ئاینی ئەشكایەوە، تا كارگەیشتە ئه‌و ئاستەی ئەو كەسانەی بیرۆكەیەكی زانستی و داهێنانێكیان بڵاوبكردایەتەوە یان بەنیازی بڵاوكردنەوەی بونایە، ئەوا دەست بەجێ‌ یان دەبوو لەو كارەی پەشیمان بێتەوەو تەوبە بكات یان دەبوو لەسێدارە بدرێت و لەم بارەوە چەندین نمونە لەو بارەیەوە هەن كە لێرەدا چەند نمونەیەكی دیارو كورت دەهێنیینەوە، لەوانەش :
گالیلۆ كەسێك بو قسەیەكی كرد كە لە پێوەری زانستی شتێكی وا گەورە نییە، بەڵام لەروانگەی كەنیسەوە زۆر قورس و گران بوو، هەرایەكی گەورەی نایەوەو بوە هۆی ئەوەی پاپا فەرمانی بێباوەڕی گالیلۆ دەربكات و فەرمان بدات كەس نە بیدوێنێت ونه‌ لەناو كۆمەڵدا جێی بێتەوە، تاوای لێهات ئەوەندە فشاری خرایە سەر، بە ناچاری چووە بەردەم پاپاو دەستی كرد بە پاڕانەوەو زۆر تكای لێكرد هەتاوەكو پاپا لێی خۆش بێت، ئەبێت لێرەدا بپرسین گالیلۆ چی شتێكی وت كەوا ئەم فەرمانەی لەلایەن پاپاوە بۆ دەركرا و هەرایەكی گەوری نایەوە؟ وەڵامەكەی ئەوەیەكە گالیلۆ وتی (زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە) ئەمە لەكاتێكدایە ئەم شتە هیچ پێچەوانەیەك نایەتەوە لەگەڵ ئاینە دروستەكەدا، بەڵام كەنیسەو پیاوانی ئاینی و دەسەڵاتدارانی كەنیسە ئەمەیان وەكو سوكایەتییك بەرامبەر خۆیان دەزانی، لەبەر ئەوەی لەلای ئەوان دەبوایە تەنها بیر لەو شتانە بكرێتەوە كە لە كتێبەكەیاندا هاتوە و باسی لێكراوە و هاتوە، گومانیشی تێدا نییە كتێبی پیرۆزی ئەوانیش لەو كاتەدا بەجۆرێك دەستكاری كرابو كە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت، ئەمەش وای لە ئاینەكە كردبوو كە ئاینەكەیان پڕكرابو لە ئەفسانە، وە ئەگەر ئاینێكیش لەسەر ئه‌فسانە دابمەزرێت، گومانی تێدا نییە هەركاتێك ئەفسانەكە جێی لەق بو ئیتر ئاینەكەش لەق دەبێت و متمانەو پێگەی نامێنێت، بۆیە بە دۆزینەوەی زانست و كاركردنی زانستخوازان بەكاری زانستەكانیان جێگەیان بەو ئەفسانەیە لێژكردبو وایكردبو ئەو ئه‌فسانەی چەندین ساڵە لە دڵی پێڕەوانی ئایندا چاندبو، وردە وردە بەرەو كەمبونەوەیان دەبرد، لەسەروی ئەمانەشەوە كەسانێك هەبون تا ئەوپەڕی توانا بەرگرییان لەو ئەفسانەیە دەكردو دژی زانست و زانستخوازان بون و دەكەوتنە سەنگەری دژایەتیكردنی نمونەكانی وەكو گالیلۆ، وە ئامادەبون بەوپەڕی هێزوتوانایانەوە جەختیان لەو ئاینە دەكردەوە و تا وایلێهات بە حەق و ناهەق نەیاران و ناحەزانی ئەو ئەفسانەی ئەوان بینایان لەسەركردبو، دەدرانە بەر تۆمەت و قسەو قسەڵۆك و وتەی ناشیرین و ناشیاو هەتا لەسێدارەدانیش،  چونكە پیاوانی كەنیسە و دارو دەستەكەیان زۆر هەستیان بەوە كردبوو كە تەنها بیردۆزێك یان نەزەرییەیەكی زانستی بەسە بۆ لەرزینی عەرشی دەسەڵات و دەست و پێوەندەكەیان، ئەگەر لەو بازنەیە دەربچوایە، كە ئەوان بۆیان بڕیاردرابو، ئەمەش دەبویە سەرەتایەك بۆ ملنەدان بۆ كەنیسە و دارودەستەكەی، لە كاتی ملنەدانیش و داهێنانێكی نوێی زانستی، دەستیان دەكردە سزادان و ئەشكەنجەدان، وەكو ئەوەی گالیلۆ كە لەسەر بیردۆزەكەی دەستیان كردە سزادان و ئەشكەنجەدانی تاوای لێكرا لەقسەكانی پەشیمان بێتەوە، بەڵام هەر لەژێر ئەشكەنجەدا كوشتیان، لەدوای گالیلۆ  كەسێكی دیكە پەیدابوو كه‌ ململانێكەی زیاتر قوڵ كردەوەو كەسێك بو بەناوی (كۆپێنیك) كە زەنگێكی گەورەی لێدا بە روووی كەنیسەو پیاوەكانی، كۆپێرنیك وتی چەقی بونەوەر بریتییە لە رۆژو زەویش دەخولێتەوە، زەوی هەسارەیەكە پاشكۆو شوێنكەوتەی رۆژە، كۆپێرنیك زۆر خۆی ماندو كردبو بەخوێندنەوەی كتێبە كۆنەكان و بەتایبەتیتر كتێبی زانایانی موسڵمان خوێندنەوەی كتێبی زانا موسڵمانەكان كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئەم كەسایەتییە دروست كردبو،  بە تایبەتی ئەو كتێبانەی زانایانی موسڵمان كە كۆپێرنیك خوێندبویه‌وە زۆربەیان باسیان لەقەوارەی رۆژكردبو كە لە زەوی گەورەترە، كاتێك كۆپێرنیك ئەم راستییەی خستە روو، قەشەو گەورەكانی كەنیسە وتیان باشە ئەگەر وتمان زەوی خڕە و دەخولێتەوە، ئەوە ئەو مرۆڤانەی لە بەشەكەی تری گۆی زەوی، دەبێت قاچیان بە ئاسمانەوە بێت و لەسەر سەر بڕۆن، ئەمەش بیرۆكەیەكی شەیتانییەو و بەهیچ شێوەیەك ناكرێت راست بێت،  ئەوەی جێی تێڕامان و سەرسامییە، كۆپێرنیك بۆخۆی قەشە بو، هەروەها كەت ێبینی دەكرێت پاڵەوان و دەركەوتوانی  ئەوروپا لە بوارەكانی هزروبیردا لەو سەردەمەدا زۆربەیان یان قەشەبونە یان كوڕی قەشەبونە،  ئەوه‌ش لەبەرئەوەی كە كەنیسە دەستی گرتبو بەسەر هەمو جومگەیەكی ژیانی ئەوروپادا لەوانەش بوارەكانی خوێندن و نوسین، هیچ كەسێك بۆی نەبوە لە دەرەوەی كەنیسە فێری شتێك لە زانست و زانیاری ببێت، بۆیە دەبینین خوێندەوارەكان گشتیان لە دێرو كەنیسەكانەوە پەیدا دەبون،  ئەوەی جێگەی سەرنجە كۆپێرنیكیش بەهەمان شێوەی گالیلۆ براو كۆپێرنیكیان هێناو وتیان ئەمەی تۆ دەڵێیت سەرپێچی فەرمانی خوای كردوەو بیرۆكەی شەیتانی مێشكی داگیر كردوە، كەوتنە هەڕەشە لێكردن و ئەشكەنجەدانی، تاوەكو لە كۆتایدا و لەژێر پاڵە پەستۆی زەبروزەنگو لێداندا دانی نا بەوەی كە بەڵێ‌ ئەمانە هەموی شەیتان نیگای بۆ كردوەو خستویەتیە مێشكییەوە، شەیتان پێی وتوە كە رۆژ چەقی بونەوەرە و زەوی دەخولێتەوە، كۆپێرنیك لەژێر ئەشكەنجەدا دانی نا بەوەی كە هەمو ئەمانەی ئەم وتویەتی نوسیویەتی، هەموی فیتی شەیتان بوەو ئامادەی پەشیمان بونەوەیە لەوەی كە نوسیویەتی ئیتر كەنیسە بەتاوان و تۆمەتی دەرچون لەفەرمانی خوا دادگاییان كردو لەكاتی دادگایكردنەكەیدا زۆریان بۆهێنا كە بڵێت شەیتان لە خەوندا هاتوەتە لای و نیگای بۆ كردوە كەوا بڵێت و ئەوە ئێستە ئامادەیە تەوبە بكات و بگەڕێتەوە بۆ باوەشی دین و ئیمان!! ئەبێت ئەوە بزانین ئەمە قۆناغێكی گرنگ بو لە وشیاركردنەوەی عەقڵ و ژیری تاكی ئەوروپیدا بەرامبەر بە جەهل و ئەفسانەی پیاوانی كەنیسە، لە دوای ئەم ساتەوە قۆناغ بە قۆناغ زیاتر برەوی دەسەندو بەهۆی ئەمەشەوە دیواری نێوان كەنیسەو زانست ئەستورتر دەبوو،  تا وای لێهات كەنیسە نەیواتی بەرگەی ئەم هەمو داهێنان و بیركردنەوە بگرێت و پاشەكشەی كرد، چونكە ئەزمونەكانی مێژو پێمان دەڵێت ئەفسانەو درۆو دراو ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت و خۆی بگرێت و هەر رۆژێك دێت وەكو بینایەكی خراپ هەرەس دێنیت و هەم بینایەكە تیادەچێت و هەم سەری خاوەنەكەی لە چاڵ دەنێت، لە دوای كۆپێرنێك كەسێكی دیكە هاتە ناو هاوكێشەكەوەو و ململانێكەی زیاتر زەق كردەوەو كاریگەرییەكی گەورەی بەجێهێشت، ئەویش نیوتن بو نیوتن بیردۆزه‌یه‌كی سادەو ساكاری دانا كە تیۆری كێشی هێزە (الجازبیة) كە ساكارو سادەیە لای هەموان و زانراوە، پوختەكەی ئەوەیە كە هەمو هەسارەكان و تەنەكانی بونەوەر بە هۆی كێشە هێزەوە بەیەكەوە بەستراون و یەكیانگرتوە، جا بیردۆزێكی لەم جۆرە هیچ گرفت و كێشەیەكی تێدا نییەو هیچ دژو پێچەوانەیەی ئایین نییە،  بیركردنەوەیە لە یاساو رێساكانی بونەوەر و دۆزینەوەی پەیڕەوی دامەزراوی بونەوەرە، بیردۆزەكەی نیوتن بیردۆزێكی زانستی و ژیرانەیە و زادەی بیرو وردبونەوەی مرۆڤە لەو یاساو رژێمەی ئەم گەردونەی لەسەر راگیراوە، بەڵام كەنیسە وەك كردەوە هەمیشە جاری بیردۆزەكەی نیوتنی زۆر بەگەورەترو مەترسیدارتر بینی لە بیردۆزی كۆپێرنیك و لە هەموو ئەوروپادا بڵاوكراوە و نامەیان ئاراستەی هەمو شوێنێك كرد، كە ئەم كەسە (نیوتن) كافرو بێباوەڕ بوەو لە دین چۆتە دەەرەوە، لەكاتێكدا نیوتن بە ئاشكرا هاواری دەكردو دەیگوت: خەڵكینە من باوەڕم بەخوا هەیە و ئەمەی من دەیڵیم هیچ دژو پێچەوانەیەكی نییە لەگەڵ ئیماندا، لەڕاستیدا هەروابوو، نیوتن ئەوەی خستە روو كە ئەم گەردونە لەژێر یاسایەكی میكانیكی بێوێنە و سەرسامدا دەڕوات،  ئەگەر ورد تێی بڕوانیت، گەورەیی و دەسەڵات و دانایی خوای گەورەی تێدا دەبینیەوە نەك دژو پێچەوانە بێت بەدین،  ئەم دژایەتیكردنەی كەنیسە ئەوەندە دژ ئەوەستایەوە نەك هەر بەرامبەر زانستخوازان و دۆزەرەوەی بابه‌تە زانستییەكان، بەڵكو لەهەمو كونج و شوێنێكدا هەر شتێك باسی لێوە بكرایە و لە كتێبی پیرۆزی خۆیان نەبوایە بە كوفرێكی گەورەیان دەزانی ئەگەرچی پرسیار یاخود بابەتێكی زانستیش بێت، وەكو ئاماژەمان پێكرد لەلای كەنیسەو پاپاو دارودەستەكەی تەنها ئەو شتە زانست بوو، كە دەبێت لە كتێبی پیرۆزی ئەواندا هەبوایە، بۆ نمونە: رۆژێك مامۆستایەكی ئاینی مەسیحی لەو ساتەی كە دەرسی بە قوتابیەكانی ده‌دایەوە لەو كاتەدا باسی ئەسپ دەكرێت، خوێندكارێكیش دەپرسێت ئایا مامۆستا دەبێ‌ ئەسپ چەند ددانی لەشەویلاگەدا هەبێت، لەوەڵامدا مامۆستاكە گوتی كوڕم ئەوە لەكتێبی پیرۆزدا نەهاتوە و باسی ئەو مەسەلەیە مەكە، چونكە هەر شتێك كە لە كتێبی پیرۆزدا نەهاتبێت كەس بۆی نەبو باسی لێوە بكات، بەڵام هەر لەو كاتەدا یەكێك لە قوتابیەكان بەو مامۆستایەی گوتبو، مامۆستا خۆ دەتوانین شەویلاگەی ئەسپێكی مردارەوە بو یان زیندو بهێنین و ددانەكانی بژمێرین، ئەوسا بە روونی دەزانین كە چەند ددانی هەیە، مامۆستاكەش زۆر لێی تورە ئەبێت بەو قوتابیە ئەڵێت: ئەگەر لەو قسەیەت پەشیمان نەبیتەوە، ئەوە دەرتدەكەم و دەتدەمە دادگای پشكنین، بۆیە قوتابیەكە بە ناچاری داوای لێبوردنی لە مامۆستاكەی كردو لەو وتەیەی پەشیمان بویەوە، ئەمە لە ئاینی مەسیحیەتدا، زانست بەو شێوەیە دژایەتی دەكرا، هەڵبەتە كاتێك ئێمە ئەڵێین ئاینی مەسیحیەت، ئەو ئاینە ئەڵێین كە پاپاو قەشەكان و كەنیسە بە هەوەسی خۆیان دەستكارییان كردبو، ئەگینا هیچ ئاینێكی ئاسمانی دژایەتی نەبوە لەگەڵ زانست و زانستخوازاندا، چەندین ئایەت وفەرمودەی پێغەمبەری خواو وتەی خەلیفەكان هەیە ئاماژە بە گرنگی و زانینی زانست ئەكەن، وەكو ئەم ئایەت و فەرمودانەی خوای گەورە لە سورەتی تاها لە كۆتایی ئایەتی 113 دا بە پێغەمبەری خوا ئەفەرموێ‌ :ئەی پێغه‌مبەر داوا لە خوای گەورە بكە و لێی بپاڕێرەوەو بڵێ‌: ئەی پەروەردگارم زانست و زانیاری زۆرترم پێببەخشە، ئالێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە بۆچی خوای گەوره‌ بە پێغەمبەر ئەفەرموێ‌ داوای زانست و زانیاری بكە لە كاتێكدا پێغەمبەری خوا نەخوێندەوار بوە؟ لەبەرئەوەی خوای گەورە لە رێگەی پێغەمبەرەكەیەوە ئەیەوێت بەو پەیامەی بۆی ناردوەتە خوارەوە فێری مرۆڤەكان بكات كە زانست و زانیاری لەلای خوای گەورە چەندێك گەورەیەو داواش لە خۆشەویسترین كەس ئەكات داوای فێربونی زانستی لێبكات، هەر لەسورەتی موجادەلەدا لەئایەتی 11دا ئەفەرموی: خوای گەورە لە رۆژی دوایدا پلەوپایەی ئەوانەتان كە ئیماندارن و ئەوانەشتان كە لە زانست و زانیاریدا خۆیان سەرقاڵكردوە، بە چەندین پلە بەرز دەكرێنەوە، وە خودا ئاگادارە بەوەی دەیكەن، ئەگەر بەوردی سەیری ئەم ئایەتە بكەین لە دوای ئیمانەوە خوای گەورە شتێك كە مرۆڤی پێ بەرز بكاتەوەو لە بەهەشتەكەیدا مەرتەبەی بەرزبكاتەوە، ئەو كەسانەیە كە هەوڵ و تەقەلای فێربونی زانست ئەدەن، پاشان لە سورەتی زومەردا لە ئایەتی 9دا خوای گەورە باس لەو كەسانە دەكات كە عەوداڵی زانست و زانیاری و ئەوانەی كە شوێنی زانست و زانیاری ناكەون وەكو لەئایەتەكەدا ئەفەرموێ‌: ئەی پێغەمبەر تۆ بڵێ‌ : ئایا ئەوانەی خوێندەوارو زاناو تێگەیشتون وەكو ئەوكەسانەن كە نەخوێندەوارو تێنەگەشتون؟ ئایا ئەو دوانە وەكو یەكن؟ بێگومان نەخێر، هەرگیز چون یەك  نین، بەڵام بە راستی ئەو كەسانە كە لەم جیاوازیە تێدەگەن كە خاوەنی بیروهۆشی تەواون و فام و ژیری خۆیان بە چاكی دەخەنه‌ كارو دەزانن خودا پەرستی و بەجێهێنانی فەرمانەكانی زۆر جیاوازە لە بێباوەڕبون و یاخیبون، هەروەك زاناو داناو خوێندەواران زۆر جیاوازییان هەیە  لەگەڵ نەخوێندەواران تێنەگەیشتوان وەكو یەك نین، پێغەمبەری خوا (د.خ) ئەفەرموێ‌: هەركەسێك رێگایەك بگرێتە بەر بۆ فێربونی زانست، ئەوا خوای گەورە رێگای بەهەشتی بۆ ئاسان دەكات، ئەگه‌ر وردبینەوە لەم فەرمودەیە پێغەمبەری خوا نافەرموێت لەچەند رێگایەكەوە خوای گەورە رێگای بەهەشتان بۆ ئاسان دەكات، بەڵكو یەك رێگای دەست نیشان كردوە ئەویش رێگای زانستە، كەواتە خوای گەورە لە رێگەی پێغەمبەرەكەیەوە ئاگادارمان ئەكاتەوە بە كام رێگادا ئەتوانین بڕۆینە بەهەشتەوە، ئەمە بۆ خۆی گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئیسلام چەندێك گرنگی و بایەخ بە لایەنی زانستی و زانستخوازان ئەدات، تەنانەت لە ئیسلامدا ئەوەندە جەخت لەسەر زانست و زانستخوازان كراوەتەوە ئاماژەی بەوە تێداكراوە كە ئەو زانستە لەدوای مردنیشی ئەبێت خێرو بەرەكەت بۆ ئەو كەسەی زانستێكی داهێناوە و خەڵكی سودی لێئەبینن وەكو ئەم فەرمودەیە، كە پێغەمبەری خوا (د.خ) ئەفەرموێت: هەرمرۆڤێك كۆتایی بەژیانی هات هەموو چاكەكانی دەبڕێتەوە، تەنها لەسێ‌ لاوە نەبێت چاكەی بو دەڕوات، یەكێك لەو لایەنانە لایەنی زانستە، زانستێك كە سودی بە دەوروبەر گەیاندبێت، ئەمەیە بۆمان رون دەبێتەوە كە ئیسلام چەند بە پەرۆشەوە ئەیەوێت ئێمە سنگمان بۆ زانست بكەینەوەو تا لەڕێگەی ئێمەوە خەڵكانێكی تر ئەگەر دوای خۆمانیش بێت سود لەو زانستە وەربگرن،  ئەگەر چی لە ئاینی مەسیحییەتدا رێگری و دادگایی ئەو كەسانە كراوە كە ویستویانە بڕۆن بۆ شوێنێك بۆ فێربونی زانست، بەڵام رێگری كراوە لەو خواستەی زانستخوازان، كەچی ئیسلام و بەرنامەكەی خوای گەورە بە پێچەوانەی ئەمەوەیە ئەوەمان پێدەڵێت كە هەركەسێك لە ماڵ دەرچوو بۆ فێربونی زانست ئەوا لە رێگەی خوایە، رێگەی خوای گەورەش ئەتوانین بڵێن جیهادەو زانست فێربونیش خێری وەكو جیهادە، وەكو ئەم فەرمودەیە كە پێغەمبەری خوا ئەفەرموێ‌: كەسێك لەماڵ دەربچێت بۆ فێربونی زانست، ئەوە لە رێگەی خوای گەورەیە هەتاوەكو دێتەوە، لەسەردەمی ئاینی مەسیحیەتدا ئەو ئاینەی كاتێك پڕكرا لە ئەفسانەو خورافیات بەناوی دینەوە هەمو رێگرییەك لە فێربونێكی زانستی ئەگیرا، ئەمەشیان وا لەیەك ئەدایەوە هەر شتێك لە ئاینەكەدا باس نەكرابێت ئەوە دژی ئاینەو نابێت بواری ئەوەی پێبدرێت بڵاوبكرێتەوە كەچی ئەمە لە ئیسلامدا پێچەوانەیە و پشتگیری هەمو داهێنان و زانستێك ئەكرێت ئیتر زانستی شەرعی بێت یان غەیری شەرعی با لەدینیشدا باس نەكرابێت، بەڵام مادام خزمەت بە مرۆڤایەتی ئەكات ئیسلام و بەرنامەكەی خوای گەورە ئەبنە پشتیوانێكی گەورە بۆی تەنانەت دۆعای سەركەوتنیشی بۆ ئەكەن، وەكو ئەم فەرمودەیە زۆر جوان باسی ئەمەمان بۆ دەكات، پێغەمبەری خوا لەو بارەیەوە ئەفەرموێت: خوای گەورەو مەلائیكەتەكان و ئەوەی لەئاسمانەكان و زەویدایە هەتاوەكو مێرو لە كونی خۆیداو ماسی ناو دەریاكانیش داوای خێر بۆ ئەوكەسە دەكەن كە خەڵكی فێری زانست ئەكات، وە ئیسلام دژی ئەو كەسانەیە كە زانستێك ئەزانن و نایگەیەنن بەخەڵكی و تەنانەت هەڕەشەش لەو كەسانە كراوە كە زانستێكیان پێبێت و بیشارنەوە، پێغەمبەری خوا(د.خ) ئەفەرموێت : هەركەسێك پرسیاری زانستی لێبكرێت و بیشارێتەوە، ئەوا لەقیامەتدا حەلقەی ئاگرین ئەكرێتە ملی، ئەگەر بەراورد بكەین دەبینین ئیسلام چەند بە پەرۆشەوەیە بۆ زانست و مەسیحیەتیش چۆن دژایەتی زانستی ئەكرد، خودی پێغەمبەری خوا خۆی زۆر گرنگی بە زانست و زانیاری و فێربونی زانست داوە لەكاتێكدا خۆی نەخوێندەواربوە، لە یەكێك لە جەنگەكاندا چەند كەسێك لە كافرەكان بەدیلی كەوتنە دەستی موسڵمانەكان هەندێكیان ئازادكران هەندێكیان لە بەرامبەر دیل بەدیلدا ئازاد كران، بەڵام ئەوانەی خوێندەواری و زانستێكیان ئەزانی، پێغەمبەری خوا فەرمانی دا دەبێت هەركەسێك لەوانە ئەبێت دە منداڵی موسڵمان فێری ئەو زانست و زانیارییە بكات لەبەرامبەر ئازادكردنیدا، واتە رزگاركردنی دیلێكی لەبەرامبەر زانستێكدا داناوە، سەیری ئەمە بكەین بۆ فێربونی زانست و نەوەیەكی زانست خواز، پێغەمبەری خوا داوا لە كافریش دەكات نەوەكانیان فێری زانست و زانیاری بكات، بەڵام لەسەردەمی ئاینی مەسیحیەتدا ئەو شتانەی كە بە زانست دائەنران و ئەیانوت لە كتێبی پیرۆزدا هەیە تەنها پاپا و قەشەكان ئەو زانستەیان ئەزانی و كەس نەیدەزانی كتێبی پیرۆزباسی چ زانستێكی تێدایە، ئەم پەرۆشیەی پێغەمبەر (د.خ) بۆ خەلیفەكانیش مایەوە، ئەگەر سەیری سەردەمی خەلیفەی دوەمی راشدین عومەری كوڕی خەتاب بكەین، زۆر پەرۆشی زانست و فێربونی زانست بوە لە كاتی فەرمانڕەوایەتییەكەیدا، وەكو ئەوەی لەكاتی جیهادا فەرمانی دەرئەكرد هەركەسێك زانستێك ئەزانێت یان خەریكی فێربونی زانست و خەڵكی فێری زانست ئەكات، ئەوا با نەیەت بۆ جیهاد خەریكی بوارە زانستییەكەی خۆی بێت، چونكە ئیمامی عومەر ئەیفەرمو ئەگەر ئەو كەسانە لە جیهاددا شەهید بكرێن، ئەوا روناكی زانست لەناوماندا ئەكوژێتەوەو نەوەكانمان دور ئەبن لەزانست و داهێنانی زانستی، ئیمامی عەلی كوڕی ئەبو تالیب ئەوەندە پەرۆشی زانست و فێربونی زانست بوە لەیەكێك لەوتەكانیدا ئەڵێت: هەركەسێك فێری یەك وشەی زانستم بكات، ئامادەم خزمەتكاری بكەم، سەیری ئەم كەڵە پیاوانەی ئیسلام بكە هەرچەندە دەسەڵاتدارێكی گەورەیە لەبەرامبەر فێربونی زانستدا ئامادەیە خزمەتكاری بكات، بۆیە ئەبێت هەمومان زۆر باش لەوە تێبگەین كە ئیسلام ئاینێكە بەهەمو شێوەیەك لەگەڵ داهێنانی زانستی و دۆزینەوەی بیرۆكەی زانستیدایەو هانمان ئەدات كە خۆمان بە زاستەوە سەرقاڵ بكەین و رێگای زانست بكەینە پردێك بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەو بەهەشتەی كە هەمو موسڵمانێك تامەزرۆیەتی. لە ژمارەی داهاتوشدا ئەوە روون ئەكەینەوە بۆچی ئێستا جیهانی مەسیحییەت لەو ئاستە زانستیەدایەو جیهانی ئیسلامیش لەدوای ئەوانەوەیە و باس لەوەش دەكەین كە چۆن ئەوروپای مەسیحی چۆن سودیان لە داهێنانی موسڵمانەكان وەرگرتوە.