نوسه‌ران
  ئاوڕدانەوەیەک لە زانستی کەلامی ئیسلامیی
جوتيار نه‌ريمان
کاڵبوونەوەی باسە کەلامییەکان بەهۆی باڵکێشانی سەلەفییەت بەسەر جیهانی ئیسلام و بیری ئیسلامیدا لەنێو زۆربەی هەرە زۆری بزاوتە ئیسلامییەکان، زیانێکی گەورەی لە نەوەی نوێی موسڵمانان داوە لای بیرمەندانی موسڵمانیش ڕیشەی گەلێک بابەتی پێوەندیدار بە تیۆری مەعریفە بە شێوەیەکی ڕێکنەخراو و پەرشوبڵاو لە زانستەکانی وەک کەلام، ڕەوانبێژی، لۆژیک، فەلسەفە و ئوسووڵی فیقهدا گەنگەشە کراون مەولەویی تاوەگۆزی بە دیقەتێکی یەکجار وردەوە سنووری هەریەک لە عەقڵ و نەقڵ دەردەخات، پێیوایە لە هەندێک حاڵەتدا ده‌بێت وەحی لێگەڕێت عەقڵ کاری خۆی بکات. جووتیار نەریمان فەلسەفە یەکێکە لە گرنگترین دەرکەوتە عەقڵانییەکانی کەلەپووری فیکریی ئیسلامی. وێڕای ئەوەی موسڵمانان خۆیان داهێنەری فەلسەفە نەبوون، لێ شارستانییەتی تازەڕسکاوی ئیسلامیی، فەلسەفەی وەک زەروورەتێکی ژیاری لە شارستانییەتەکانیی دی وەرگرت و لە خۆیدا هەرسی کرد و بابەتگەلێکی نوێی بەرهەمهێنا. گەڕانەوە بۆ کەلەپووری عەقڵانیی ئیسلامیی بە هەر شێوەیەک و بۆ هەر ئامانجێک بێت، ڕێگەکەی بە فەلسەفەی ئیسلامیدا گوزەر دەکات؛ بەڵام فەلسەفە تاکە سەرچاوەی عەقڵانییەتی ئیسلامیی نییە، بەڵکو خۆری عەقڵانییەتی ئیسلامیی لە چەند ئاسۆیەکی تریشدا پرشنگی داوە، وەک: لۆژیک، کەلام، ئوسووڵی فیقهـ و تەنانەت خودی فیقهیش. فەلسەفە و کەلامی ئیسلامیی هێندە پێکەوە گرێدراون کە هەندێک جار جیاکردنەوەیان هێند ئاسان نییە. زاراوەکانیان و شێوازی ئیستیدلالیان تەواو لێک دەچێت، ئەوەی لێکیان جیا دەکاتەوە بریتییە لە بابەتی سەرەکییان و ئامانجی کارکردنیان. زانستی کەلام بە هەموو ڕێچکە جیاوازەکانیەوە، یەکێکە لە دەرکەوتەکانی کەلەپووری عەقڵیی ئیسلامیی. گومان لەوەدا نییە کە کەلام لە سەرەتادا بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ سەلماندنی بنەماکانی بیروباوەڕی ئیسلامیی بە شێوەیەکی عەقڵی، ئەمەش کەلامی ڕووبەڕووی  سنوورداربوون و پابەندبوون بە کۆمەڵێک پێشگریمانە کردبۆوە، بەڵام بە شێنەیی کەلام پانتاییەکی عەقڵیی فراوانی لەبەردەم خۆیدا ئاوەڵا کرد کە لە هەندێک شوێندا تەواو ڕەنگی فەلسەفەی بەخۆوە گرتووە. ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو بابەت و مشتومڕە عەقڵییانەی کە وەک پێشەکیی زانستی کەلام لە کتێبە بەناوبانگەکانی وەک (المواقف)ی عەزودەدینی ئیجی و شەرحەکەی میر سەیید شەریفی جورجانی، هەروەها (شرح المقاصد)ی تەفتازانی، تەنانەت (الفضیلـة)ی مەولەویی تاوەگۆزیدا هاتوون، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە قەڵەمرەوی عەقڵ لە زانستی کەلامدا تا چ ڕادەیەک فراوانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوانەی باسکران کتێبی کەلامیی ئەشعەرین نەک موعتەزیلی، ئەشعەرییەکانیش لای خەڵکی ڕەشۆکی وەک دژەعەقڵ ناسێنراون. لای خوێنەر ڕوونە کە کەلامی موعتەزیلە لە ترۆپکی عەقڵانییەتدایە و پێویست بە ڕوونکردنەوە ناکات، بەڵام کەلامی ئەشعەرییش نەک هەر عەقڵانییە، بەڵکو ئەشعەرییەکان بەشدارێکی چالاکی وتووێژە عەقڵانییەکان و ڕکابەرێکی عەقڵانیی موعتەزیلە و ئاڕگۆمێنتەکانیان بوون، بە جۆرێک کە مشتومڕەکانیان بوونە هۆی گەرمبوون و قووڵبوونەوەی گفتوگۆکان و لەو نێوەندەشدا دەیان بابەتی گرنگی عەقڵی و وجوودی گەنگەشە کراون. ئەگەر ئەشعەرییەکان لە ئەساسیشدا عەقڵانی نەبووبن -کە وا نییە- ئەوا کێبەرکێیان لەگەڵ عەقڵانییەکانی وەک موعتەزیلە و فەیلەسووفاندا وای لێ کردبوون، خۆبەخۆ بەشداری فەلسەفاندن ببن. ئەو ڕەخنانەی کە ئیمام ئەوحامیدی غەزالیڕووبەڕووی فەلسەفەی دەکاتەوە، لای ئیمام فەخری ڕازی گوڕوتینێکی زیاتر وەردەگرێت و ڕەخنە توند و گومانبزوێنەکانی ئیمام فەخری ڕازی دەبنە هەوێنی دەیان بابەتی فەلسەفی کە دواتر فەیلەسووفانی وەک نەسیرەدینی تووسی لە وەڵامی فەخری ڕازیدا گەنگەشەیان دەکەن. جگە لەو دوو ڕەوتە کەلامییە سەرەکی و بەناوبانگەی جیهانی ئیسلام (موعتەزیلە و ئەشعەرییەکان)، چەند ڕەوتێکی کەلامیی دی هەبوون کە هەر لەژێر کاریگەریی ئەو دوو ڕەوتەدا بوون و هەریەک بە ڕێژەیەک کاریگەریی یەکێک، یان هەردوو ڕەوتە سەرەکییەکەی بەسەرەوە بوو. کەلامی ئیسلامیی تەنها لە کۆمەڵێک مشتومڕی نێوان ڕێچکە کەلامییەکاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو وەک ئاماژەی پێکرا، ڕێچکەیەکی وەک ئەشعەری لەگەڵ فەیلەسووفان و گوزارە و ئیستیدلالە فەلسەفییەکانیشدا لە کێبەرکێدا بوو و مشتومڕ و ئیستیدلالی عەقڵیی بە شێوەی بورهان و جەدەل لەگەڵدا گەیاندبوونە لوتکە. لە بەرانبەردا کەلامی موعتەزیلە و ئیسماعیلییەکان و هاوشێوەکانیان زیاتر ڕەنگی فەلسەفەی بەخۆوە گرتبوو و  سنووری نێوانیان لەگەڵ فەلسەفەدا یەکجار کەم بووبووەوە؛ بە جۆرێک کە بە خوێندنەوەی کتێبە کەلامییەکانیان هەست دەکەیت دەقێکی فەلسەفی دەخوێنیتەوە نەک کتێبێکی عەقیدە. بەم پێیە، کۆی کەلامی ئیسلامیی بە سەرجەم ڕێچکەکانیەوە دەرکەوتەیەکی زۆر دیاری عەقڵی ئیسلامین و بە گشتیی کەلام و وتووێژە کەلامییەکان سەرچاوەیەکی گرنگی ناسینی کەلەپووری عەقڵیی ئیسلامین کە دەکرێت لەژێر ڕۆشناییی فەلسەفەی نوێدا دەستیان بۆ ببرێت و سەرلەنوێ بخوێنرێنەوە. کۆمەڵێک بابەت هەن کە لە کەلامی ئیسلامییدا ورووژێنراون و دەکرێت بە دیدی فەلسەفەی نوێوە شرۆڤە و ڕەخنە بکرێن، وەک کۆنی (قدم) یان نوێبوونی (حدوث) جیهان، قسەکردن لەسەر هەبوون و نەبوون و (حال)،سەدەمی ئیحتیاجی هۆگر بە هۆکار (مناط إحتیاج المعلول إلی العلة)، گێڕانەوەی لەناوچوو (معدوم)، پێوەندیی نێوان زات و سیفاتی خودا و پاشکۆکانی ئەم باسە، ماهییەتی عەقڵ و ڕادەی دەستگەیشتنی بە ڕاستییەکان و تواناییی عەقڵ لە کەشفکردنی نەزانراوەکان، سنووری عەقڵ و تەرجیحی نێوان عەقڵ و نەقڵ، بابەتی عەقڵیبوون یان شەرعیبوونی چاک و خراپ (حسن و قبح)، تەئویلی ئایەت و فەرموودە یان ڕەتکردنەوەی تەئویل و چەندین بابەتی گرنگی تر. هەبوونناسی لە فەلسەفە و کەلامی ئیسلامییدا قسەکردن و ڕامان لە هەبوون (وجود) و باسکردن و شرۆڤەکردنی ئەحکامەکانی هەبوون، پلە و ئاستەکانی، ڕەسەنایەتیی هەبوون، پێوەندیی لەگەڵ ماهییەت و چەند پرسێکی دی، سەرتۆپی زۆربەی باسەکان بووە؛ بە تایبەت لە فەلسەفەدا. لە کەلامیشدا هاوتا لەگەڵ فەلسەفەدا ئەم پرسانە شرۆڤە و تەتەڵە کراون. هێندێک جاران ئەو دوو ڕەوتە (فەلسەفە و کەلام) لەم پرسانەدا ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە، بەڵام بە گشتی هاوتەریب بوون. بە سەرنجدان لە پرسەکانی پێوەست بە هەبوون، دەردەکەوێت هەردوو ڕێچکەکە لە سەلماندنی (واجب الوجود) و پاشکۆکانیدا وەک بنەمای هۆکارێتی (العلیة)، پووچیی خول و زنجیرە (الدور و التسلسل)یەک ڕێگە دەگرنە بەر. لەبەر ئەوەشە لەم پرسانەدا جیاوازییەک لە نێوان فەیلەسووفێک و موتەکەلیمێکدا نییە. ئیبن سینا لە باسی سەلماندنی (واجب الوجود)دا دەڵێت:"هەموو هەبوویەک ئەگەر سەرنج بدەیتە خودی خۆی بەبێ لەبەرچاوگرتنی غەیری خۆی، ئەوا:یان بە جۆرێکە کە هەبوونی بۆ واجب دەبێ خۆی لە خۆیدا، یان بۆی واجب نابێت. ئەگەر بۆی واجب بوو، ئەوا خۆی بۆخۆی [هەبوونی] حەقەوخۆبەخۆ (واجب الوجود)ە و قەییوومە؛ خۆ ئەگەر بۆیشی واجب نەبوو، ناشێ پاش ئەوەی گریمانەی هەبوونی کرا بگوترێت: خۆی لە خۆیدا مومتەنیعە؛ بەڵام ئەگەر لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی زاتی هەبووەکە مەرجێک هاوپێچ بکرێت، وەک مەرجی نەبوونی هۆکار، ئەو کاتە دەبێتە مومتەنیع، یان بە بەمەرجگرتنی هەبوونی هۆکار دەبێتە واجب. خۆ ئەگەر هیچ مەرجێکی لەگەڵدا هاوپێچ نەکرێت، نە هەبوونی هۆکار و نە نەبوونی، ئەو دەمە حاڵەتی سێیەم دەمێنێتەوە کە بریتییە لە ئیمکان، ئەو دەمە، بە بەهەند وەرگرتنی زاتەکەی دەبێتە ئەو شتەی کە نە واجبە و نە مومتەنیە.کەواتە هەموو هەبوویەک: یان خۆی لە خۆیدا (واجب الوجود)ە، یان خۆی لە خۆیدا (ممکن الوجود)ە"[1].
هەر ئەم بابەتە لای زانایانی کەلام سەلمینراوە و هەبوونی مومکین، لەڕێی زنجیرەی هۆ و ئەنجامەوە بە هەبوونی واجبەوە گرێ دەدەن. بێگومان هەندێک جیاوازی لە تێڕوانین و ناونانی واجب و مومکیندا هەیە لە نێوان فەیلەسووفان و موتەکەلیماندا. گەورە موتەکەلیمی ئەشعەری، قازی عەزودەدینی ئیجی لەم بارەیەوە دەڵێت: "... یان ئەوەتە هەڵسوورێنەری جیهان (واجب الوجود)ە، کە ئەوەش داواکراوەکەیە [بۆ سەلماندنی]، یاخود دەبێ (ممکن الوجود) بێت کە دەبێ کارتێکەرێکی هەبێت و ئەمەش دووپات دەبێتەوە و یان بە خول و زنجیرە کۆتاییی دێت، یان بە (واجب الوجود)ێک خۆی لە خۆیدا..."[2].
 وەک دیارە، لەگەڵ ئەوەشدا کە جیاوازی هەیە لە شێوازی ئیستیدلالی هەرکامیاندا، بەڵام ئەنجامەکە هەر یەکە. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە (واجب الوجود) لای فەیلەسووفان لە دوو جۆردا پۆلێن دەکرێت: (واجب بذاته و واجب بغیره) بەڵام ئەم پۆلێنکردنە لای زانایانی ئەشعەری ڕەتدەکرێتەوە و ناکۆکیی نێوانیشیان زیاتر لەسەر ناونانە نەک لەسەر ئەسڵی پرسەکە. بابەتی پووچیی خول و زنجیرە کە هەر بەم باسەوە گرێدراوە، یەکێکی ترە لەو پرسانەی فەیلەسووفان و زانایانی کەلام پێکڕا قبووڵیانە و کەسانێکی وەک ئیبن سینا هەوڵی ئەوەیان داوە بە بورهان پووچییان بسەلمێنن. لای زانایانی کەلام شتەکە وەک بنەمایەکی چەسپاو سەیری کراوە. یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی پێوەست بە هەبوون و ماهییەت، بریتییە لە پرسین لەبارەی ڕەسەنایەتیی هەبوون و ماهییەتەوە. پرسیارەکە لەوەدایە کە ئاخۆ ئەوەی جیهان و بوونەوەری پڕکردووە و ئێمە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەین ماهییەتە یان هەبوون، ئاخۆ ئەو دووانە یەکن یان جودان، ئەگەر یەکن ئەدی بۆ بە جیا لەبەرچاو دەگیرێن، خۆ ئەگەر جودایشن، ئاخۆ کامیان ڕەسەنن و کامیان ئیعتیباری؟ ئەم پرسە لای مەلا سەدرا زۆر بە جدی توێژینەوەی لەبارەوە کرا و دەتوانین بڵێین قسەی کۆتایی تێدا کردووە؛ هەرچەند دوای ئەویش هەوڵی ڕەتکردنەوەی بورهانەکانی دراوە، بەڵام هەوڵەکان لە ئاستێکی نزمدان و بورهانەکانی سەدرا لە هێز و گرنگییان کەمی نەکردووە. میژووی جیاکاری لە نێوان هەبوون و ماهییەتدا کۆنە و ئەرستۆ ئاماژەی بەو جیاوازییە کردووە و گوتوویەتی: جیاوازی هەیە لە نێوان "مرۆڤ چییە" و "مرۆڤ هەیە"[3].
لەناو موسڵماناندا، بەر لە مەلا سەدرا بابەتی ڕەسەنایەتیی هەبوون یان ماهییەت گیروگرفتێکی سەرەکی نەبووە. هەندێک لە مێژوونووسانی فەلسەفەی ئیسلامیی وای بۆ دەچن، سەرەتا شێخی ئیشراق (سوهرەوەردی) فەلسەفەکەی خۆی لەسەر بنەمای ڕەسەنایەتیی ماهییەت داناوە، پاشان مەلا سەدرا ڕەتی کردۆتەوە. حەقیقەت ئەوەیە کە لە هیچ کتێبێکی سوهرەوەردیدا وەها شتێک بە ڕوونی بەرچاو ناکەوێت، ڕەنگە سەرچاوەی ئەم بەهەڵەداچوونە ئەوە بێت کە شێخی ئیشراق ئەساسی فەلسەفەکەی خۆی لەسەر ڕووناکی داڕشتووە کە ڕووکاری ماهییەتی زووتر دێتە زەینەوە. لە کتێبی (المواقف)دا–کە کتێبێکی گرنگی کەلامی ئەشعەرییە- چەردەیەک لە ڕیشە مێژووییەکانی ئەم باسە گەنگەشە کراوە. قازی عەزودەدینی ئیجی لەسەر زاری ئیمام فەخری ڕازی، سەبارەت بە پرسی شتایەتی (شیئیة)ی نەبوون، ئەوە دەخاتە ڕوو کە ڕیشەی ئەم باسە لە جیاوازیکردن لە نێوان هەبوون و ماهییەتدایە، ئەو پێی وایە زانایانی موعتەزیلە وەک ئەبو هوزەیلی عەللاف و کەعبی و شاگردە بەغدادییەکانیان بڕوایان وایە کە ماهییەت زێدەباری وجوودە و لێی جیایە، بەڵام ئەشعەرییەکان لە ئەساسەوە ئەوە ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە لە واقیعدا ئەوەی هەیە یەک شتە [کە هەبوونە] و ئەگەر گریمانەی هەبوونی ماهییەت بکرێت لە دەرەوەی هەبوون، ئەوا ماهییەتە نەبووەکان دەبنە هەبووی نەبوو کە شتێکی مەحاڵە[4]. ئەوەی گرنگە لە هێنانەوەی ئەم باسەدا، ئەوە بوو کە سەرنجی خوێنەر بۆ بەشداریی زانایانی کەلام ڕابکێشین لە پرسە فەلسەفییە ورد و ئاڵۆزەکاندا. دەیان پرسی ئاڵۆزی فەلسەفیی لەلایەن زانایانی کەلامەوە تاووتوێ کراون و کاریگەرییەکی دوولایەنە لە نێوان فەلسەفە و کەلام و فەیلەسووفان و موتەکەلیمانی موسڵماندا هەیە. تیۆری مەعریفە ئەوە ڕوونە کە تیۆری مەعریفە (Epistemology) وەک لقێکی سەربەخۆی فەلسەفە مێژوویەکی زۆری نییە و لەم سەدانەی دواییدا، لە سەدەی حەڤدە بەدواوە لە ڕۆژئاوا گەشەی پێدرا و وەک زانستێکی سەربەخۆ لە فەلسەفە جیابۆوە؛ بەڵام ڕیشەی باسە سەرەکییەکانی تیۆریی مەعریفە لە یۆنانی کۆندا هەبوون و فەیلەسووفان و سۆفستاییەکان بەشێکی گرنگی ناکۆکییەکانیان بۆ بابەتەکانی تیۆری مەعریفە دەگەڕایەوە. بەر لەوانیش لە کەلەپووری فیکری و فەلسەفیی یۆناندا لە سەدەکانی (٦-٥ پێش زایین) بە شێوەیەکی بەربڵاو هەندێک پرسی پێوەست بەم بابەتە گەنگەشە کراون[5].
لای بیرمەندانی موسڵمانیش ڕیشەی گەلێک بابەتی پێوەندیدار بە تیۆری مەعریفە بە شێوەیەکی ڕێکنەخراو و پەرشوبڵاو لە زانستەکانی وەک کەلام، ڕەوانبێژی، لۆژیک، فەلسەفە و ئوسووڵی فیقهدا گەنگەشە کراون. لە زانستی کەلامدا بەشێکی زۆری مشتومڕەکان مادەی خاوی پرسەکانی تیۆری مەعریفەن. هەندێک بابەتی وجوودییش کە لای زانایانی کەلام بابەتی ڕامان و توێژینەوە بووە ڕیشەی دەچێتەوە سەر تیۆری مەعریفە. پێوەندیی نێوان زات و سیفاتی ئیلاهی نموونەیەکی زیندووی ئەم بابەتەیە کە دەکرێت لە هەردوو ڕووکاری وجوودی و مەعریفەتناسییەوە بۆی بڕوانین. یەکێک لە پرسە هەرە بنەڕەتییەکانی پێوەست بە تیۆری مەعریفە بریتییە لە ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە مەعریفەی شتەکان، ئەم بابەتە لای سۆفستاییەکان ڕەت دەکرایەوە و سوقرات، ئەفلاتوون و ئەرستۆ وفەیلەسووفانی دوای ئەوان بە بورهان بیروڕای سۆفستاییەکانیان ڕەت کردۆتەوە. ئەم پرسە لای موتەکەلیمانیش هەر وەک فەیلەسووفان مایەی گرنگیپێدان بوو و ئەوانیش دەستڕاگەیشتن بە مەعریفەیان وەک بەردی بناغەی زانستەکەی خۆیان دادەنا، لەبەر ئەوە بە هەموو جۆرێک گومان خستنە سەر ئەم بنەمایەیان ڕەت دەکردەوە. بۆ نموونە مەولەویی تاوەگۆزی کە موتەکەلیمێکی ئەشعەرییە لە وەڵامی سۆفستاییاندا بەم جۆرە باسی حەقیقەتی شتەکان و ئیمکانی زانینیان دەکات:
 حقایق الأشیـــاء، کالعلم بهاثابتة؛ من عاندوا فـنبــــهـا و ردهم دفعـــاّ بأی صورة  بنظر یمکن، أو ضــــــرورة قل: نفیها، إن لم یکن محققاً، فثبـــت؛ فزعمهـــــم تزلّقاً و إن تحقق فذا یصــیـــح: یا قوم! هل إطلاقکم صحیح؟ إن انتهوا فـــذا؛ فلا تمــارِو إن أبوا فخلهــم فـی النار[6]
 واتای ئەو بەیتانە: "حەقیقەتی شتەکان، هەروەک زانینیان جێگیر و سەلمێنراوە و هەرکەس ئینکاری بکات ئاگاداری بکەرەوە و بە هەموو شێوەیەک وەڵامیان بدەرەوە، چ بە شێوەی ئیستیدلالی تیۆری بێت، یان وەبیرهێنانەوەی بەدیهییات. پییان بێژە: ئەگەر نەفیی حەقیقەتی شتەکان سەری نەگرت، ئەوا داواکراوەکە سەلمێنرا و گومانەکەیان پووچ بووەوە، خۆ ئەگەر سەری گرت، ئەو دەمە [بورهانەکەتان بە زمانی حاڵ] هاوار دەکات: گەلۆ! ئاخۆ بۆچوونەکەتان ڕاستە؟ [واتە ئەگەر بیسەلمێنن دیسان خۆیان ڕەت دەکەنەوە، دەنا قسەکەیان خۆی پووچ دەبێتەوە]. ئەو دەمە ئەگەر وازیان هێنا، مشتومڕیان لەگەڵ مەکە، ئەگەر وایان نەکرد، فڕێیان دەرە ناو ئاگر. مەولەوی لە بەیتی کۆتاییدا ئیهامی بەکار هێناوە، مەبەستی لە خستنە ناو ئاگر ئەوەیە: با ئەو دەمە ئیدراکی سووتانیش ئینکار بکەن. لای فەیلەسووفانی وەک ئیبن سینا، هەرچەندە زانین و ئیدراکی شتەکان مومکینە، بەڵام دەستڕاگەیشتن بە حەقیقەتی ئەو شتانە شتێکی یەکجار دژوارە، ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە لەو بەیتانەی سەرەوەی مەولەویدا، وا دەردەکەوێت کە مەولەوی ئەو دژوارییەی قبووڵ نییە لەوێدا کە دەڵێ (کالعلم بها). ئیبن سینا پێیوایە دەستڕاگەیشتن بە حەقیقەتی شتەکان وەک خۆی شتێک نییە لە توانی مرۆڤدا بێت، بەڵکو ئەوەی مرۆڤ دەستی پێی ڕادەگات تەنها بریتییە لە تایبەتمەندێتیی شتەکان و هەندێک لە سیفەتە دەرەکییەکانی، هەروەها ئێمە تەنها ئەوە دەتوانین کە بزانین شتێک ڕواڵەت و جەوهەری هەیە، یان عەرەز و تایبەتمەندیی هەیە، بەبێ ئەوەی پەی بە خودی شتەکە ببەین.[7]
وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، لای مەولەوی دەستڕاگەیشتن بە حەقیقەتی شتەکان شتێکی هێندە دژوار نییە، بەڵکو بە ڕاشکاوی دەڵێ زانینی شتەکان وەک حەقیقەتی شتەکان سەلمێنراوە. هۆکاری ئەم جیاوازییەی نێوان موتەکەلیمێکی وەک مەولەوی و فەیلەسووفێکی وەک ئیبن سینا ئەوەیە کە لای مەولەوی دەستڕاگەیشتن بە شتەکان تەنها لە ڕێی عەقڵەوە نییە، بەڵکو ئامرازێکی تریش هەیە کە لەسەروو قەلەمڕەوی عەقڵدا کار دەکات کە بریتییە لە وەحی. پێوەندیی نێوان عەقڵ و نەقڵ یەکێک لە جیاوازییەکانی فەیلەسووف و موتەکەلیم ئەوەیە کە فەیلەسووف لە دەرەوەی وەحی و بێ گوێدانە نەقڵ هەنگاو دەنێت و ئیستیدلال دەکات، بەڵام موتەکەلیم نەک هەر پابەندی وەحییە، بەڵکو لە هەوڵی سەلماندنی عەقڵانیی گوزارە وەحیانییەکانیشدایە. ئەوەی لای زانایانی کەلامی ئەشعەری جەختی لێدەکرێتەوە ئەوەیە کە عەقڵ سنووردارە و تەنها لە قەڵەمرەوی خۆیدا دەتوانێت کارا بێت، بەڵام لە شوێنێکدا دەوەستێت و پێویست دەکات نەزانراوەکان لەڕێی وەحییەوە کەشف بکرێن. مەولەویی تاوەگۆزی بە دیقەتێکی یەکجار وردەوە سنووری هەریەک لە عەقڵ و نەقڵ دەردەخات و لەگەڵ ئەوەشدا کە عەقڵ بە سنووردار دەزانێت، بە ئازایەتییەکی تەواوەوە هەمان شت بۆ وەحییش بە ڕاست دەزانێت، واتە پێیوایە لە هەندێک حاڵەتیشدا وەحی لێگەڕێت عەقڵ کاری خۆی بکات. مەولەوی دەڵێت:

دلیلنا ما یمکــن الـتوصـــل           بنظر فیه لحکم یوصـــــل                                                  
 یختص بالجازم ذاک تــــارۀ              فقد یقابلــــه الأمـــــارۀ                  
 موکولُ نقلٍ منه ذا نقلــــــی                إن لم یکن کذا فذا عقلـــیٌ                    
و تارۀٌ القطع منه کائـــــــنُ                بأن اعانت ذلک القرائـــــنُ          
و مستوی الجنبین عند العقــل             لیس له سوی شجاع النقــل                  
 و ما علیه النقل قد توقّـفــــا                لیس سوی العقل له شئٌ کفی[8]

واتە:بەڵگە لای ئێمە ئەوەیە کە لەڕێیەوە و بە تێڕامانی بگەیتە حوکمێک کە هێندێک جاران یەقینییە، کە لە بەرانبەریدا [حوکمی] (أمارة) هەیە [کە حوکمێکی غەیرە یەقینییە]. بەشێک لەو بەڵگانە بە نەقڵ سپێردراون و پێین دەگوترێت نەقڵی، غەیری ئەوەیش [بەڵگەی] عەقڵییە و هەندێک جار یەقینیان لێوە بەدەست دێت ئەگەر لەلایەن قەرینەوە پاڵپشتیی کرابێت؛ بەڵام ئەو بەڵگانەی کە سەلماندن و ڕەتکردنەوەیان لەلایەن عەقڵەوە یەکسان بێت و عەقڵ تێیدا بوەستێت، هیچ ڕێگەیەکمان نییە بۆ یەکلاییکردنەوەیان جگە لە نەقڵ. ئەو بەڵگانەش کە نەقڵ تێیدا دەستەوستان دەبێت، جگە لە عەقڵ هیچ شتێکی تر نییە کە بەس بێت [بۆ یەکلاییکردنەوەی]. دوایین بەیت باس لەوە دەکات کە هەندێک شوێن هەیە تەنها قەڵەمڕەوی عەقڵن و نەقڵ (وەحی) تێیدا دەوەستێت و دەستەوستانە. ئەمە خاڵێکی گرنگە کە موتەکەلیمێکی ئەشعەری دەریببڕێت. ئەوە ڕوونە کە لای موعتەزیلە عەقڵ یەکەمین هەنگاوی گەیشتنە بە حەقیقەت و پێش وەحی دەکەوێت، بەڵام بە ڕاشکاوی ئەشعەرییەکان دان بە وەها شتێکدا نانێن. دەکرێت ئەو خاڵەی مەولەوی ئاماژەی پێکردووە لە قۆناغی پێش ئیمانهێناندا جێی بکرێتەوە کە لەوێدا مرۆڤ ناتوانێت پابەندی وەحی بێت. ئەمەش هەمان ڕای موعتەزیلەکانە. بە گشتیی کەلامی ئیسلامیی سەرچاوەیەکی گرنگی کەلەپووری عەقڵیی ئیسلامییە کە دەیان پرس و بابەتی عەقڵی و فەلسەفیی تێدا تاووتوێ کراوە و دەریایەکەسەدان گەوهەری گرانبەهای تێدایە.کاڵبوونەوەی باسە کەلامییەکان بەهۆی باڵکێشانی سەلەفییەت بەسەر جیهانی ئیسلام و بیری ئیسلامیدا لەنێو زۆربەی هەرە زۆری بزاوتە ئیسلامییەکان، زیانێکی گەورەی لە نەوەی نوێی موسڵمانان داوە، لەوەدا کە کەلەبەرێکی گەورە لەنێوان ئەوان و ئەو کەلەپوورەدا دروستبووە و بە هۆیەوە زۆر گیروگرفتی عەقڵی و عەقائیدی هەیە کە لە ڕابوردوودا بڕاونەتەوە بەڵام ئێستا نەوەی نوێ لێیان بێئاگایە و ڕووبەڕووی هەڵدێریان دەکاتەوە.

سەرچاوە و په‌راوێز:
[1]. ابن سینا، الاشارات و التنبیهات،ج٣، دار المعارف، (بدون تاریخ) القاهرة، ل١٩.
[2]. ایجی، عضدالدین، المواقف،دار الجیل، (١٩٩٧) بیروت، ج3، ل١٣.
[3]یثربی، یحیی، تاریخ تحلیلی- انتقادی فلسفه اسلامی، سازمان انتشارات پژوهشگاه فرهنگ و اندیشه اسلامی، (١٣٨٨) تهران ل١١٧. [4]ایجی، عضدالدین، المواقف ج١، ل٢٦٦.
[5]چاتراجی، ساتیش چاندرا و داتا، دریندراموهان. معرفی مکتب­های فلسفی هند، انتشارات مرکز مطالعات و تحقیقات ادیان و مذاهب، (1384)قم. ل١٧٣.
[6]المدرس، الشیخ عبدالکریم محمد.الوسیلـةفیشرحالفضیلة، مطبعةالارشاد،  (١٩٧٢)بغداد، ل٧٧.
[7].ابن سینا،  التعلیقات، مرکز انتشارات دفتر تبلیغات اسلامی حوره علمیه(١٣٧٩) قم، ل34.
[8]المدرس، الشیخ عبدالکریم محمد.الوسیلـةفیشرحالفضیلة،  ل١٣٠- ١٣٢. - 
به‌روار: 29/03/2016
بینین: 1485
   زیاتر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت