نوسه‌ران
  له يادى بەقەزاکردنی کەلاردا
د.نزار کاکەمی
له يادى بەقەزاکردنی کەلاردا
ئەمڕۆ، ٤٦ەمین ساڵیای بە قەزابوونی کەلارە، ساڵی ۱۹۷٠، کەلار لە دێیەکی سەر بە ناحیەی شێروانە (سەرقەڵای ئێستا)وە کرا بە قەزا.
کەلاری فرەڕەنگیى
کەلار شارێکە فرە ڕەنگە، ئەنواع و ئەشکاڵ خەڵکی تیایە، پلوراڵە بە مانای کەلیمە، فرە عەشرەتییە، فرە ئاینییە؛ موسوڵمان، کاکەیی، مەسیحی، بنەجوو، لەڕووی مەزهەبیشەوە سوننە و شیعە، جۆرەها شێوەزاری هەیە، تیایەتی لە یەک ماڵدا دووشێوەزار قسە ئەکەن، هی دایک و ئی باوک، کەلاریبوون ناسنامەیەکی ئاڵۆزە، مێژوو و خاڵی دەسپێک و چەقی گەڕەکێک نیە، کەلاریبوون ناسنامەیەکە پەیوەستە بە ڕادەی بۆ کەلار ژیان و، بۆ کەلار کارکردن و، بۆ کەلار ماندووبوون و، لە کەلاردا مانەوە و هیچی تر.
کەلاری بازاڕیی، کەلاری کەسابەت
مامۆستایەک بۆی گێڕامەوە کە لە ساڵانی حەفتا، لە بەسرەدا، داوای هەر شتێکت بکردایە و نەبووایە، یەکسەر ئەیانووت: بچۆ لە کەلار دەستت دەکەوێ.
کەلار شارێکە سەرەتا بە هۆی ڕاگواستنی لادێکانەوە گەورە بوو، بەڵام گەشەکردن و گەورەتربوونی کەلار پەیوەستە بە بازاڕەکەیەوە، واتە هێزە ئابوورییەکەی، بزوێنەری گەشەکردن و قەرەباڵەغبوونی کەلارە، لەم شارەدا، ئەوە بازاڕە کە بووە بە خاڵی لێکنزیکبوونەوەی خەڵکەکەی، دەی کەلاری نزیک لە مەرزی ئێران، کەلاری نێوان سلێمانی بەغدا، کەلاری سەنتەری بازرگانی نێوان ئێران و بەغدا و سلێمانی و دەشتی گەرمیان، وای کردووە ببێتە موگناتیسی ڕاکێشان و کۆکردنەوەی خەڵکانی کاسب و ئەو خەڵکەی بە هۆی ڕاگواستن و کاولکردنی لادێکانییانەوە بێجێگە بوون.
پیاوێکی زەنگینی ئەم شارە بە پزیشکێکی خزمیان، کە دانیشتووی سلێمانییە، وتبوو: وەرە لە کەلار دانیشە ئێرە کیمیایە کیمیا. مەبەستی ئەوە بوو کە بازاڕەکەی کەلار پەین و کیمیاوی پیاکراوە ئەوەندەی قازانج و پارەپەیداکردنی تیایە.
کەلار ڕوحی گەرمیانە
لە ١٩٩٢ەوە و بەردەوام ئەم قسەیە لە (کاکەم)ەوە ئەبیستم، ڕوحییەتی کەلاری ڕوحێتێکی بزێوی پڕ لە جوڵەی نەوەستاوە، هەندێ جار هەستەکەی کەسێکە تەواو سەرقاڵی خۆیەتی بە بێ ئەوەی بیربکاتەوە بۆ، یان بێباک لەوەی کە لە شوێنانی تر چی دەگوزەرێ، ئەتوانێ هەموو شتێ دابینبکا، ئەتوانێ پەلامار بدا، ئەتوانێ زوو بینای بکا، ئەتوانێ یەکسەریش تێکی بدا، ئەوپەڕی متمانەی بە خۆیەتی کە ئەوەی ئەیەوێ ئەبێ ببێ، لە شۆڕشەکاندا جەنگاوەرێتی و سینگدەرپەڕیی و چاونەترسیی کەلاری، مارکەیەکە کەلارییەکان شانازی پێوە دەکەن و، شایەتیشی بۆ دەدرێ، لە هەولێر و لە ماڵی پێشمەرگەیەکی کۆندا، دانیشتبووین، لێی پرسیم: خەڵکی کوێی؟ وتم: کەلار. وتی: جەماعەت باوەڕتان هەبێ چەندێ باسی ئەم شار و شار دەکرێ بەڵام بە حەیاتم بەقەدەر کەلاری بە غیرەت و لەشەڕدا بلیمەتم نەدیووە، نیە کەس ناگا بە کەلاریدا.
کەلاری بێ دەزگایی
ململانێی ڕەنگە فرەکانی کەلار و کێبڕكێی بازاڕەکەی و ڕوحییەتی ماندونەناسی و نەبوونی دەزگای ئیداری شایستە، وای کردووە کاڵای بە قەد باڵای نەبێ.
لەم شارەدا ئەچیتە هەندێ دەزگا و دائیرە، لە خۆتەوە هەست ئەکەی ئەوی ئەوسەری دێوەخانەکەی گرتووە هی ئەوێ نیە، ئینگلیز ئەڵێن:
(he is unfit for that position)
کەڵچەر، ئەو ئەقڵییەتەیە کە ژیانی پێ مومارەسە ئەکەین، شێوازی مامەڵە کردنە لە گەڵ یەکتر، چۆنێتی هاوکاری کردنی یەکترە، میکانیزمی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانە، ئەتەکێتی گفتوگۆ و ڕەفتاری ڕۆژانەمانە، کەڵچەر دنیابینی و بەها و داب و نەریتە، پەیوەندییەکی پتەوی بە شێوازی دەسەڵاتەوە هەیە.
كەڵچەری کەلاری، کەڵچەرێکی فرەسیمایی بازاڕییە، بازاڕی بە مانا پۆزەتیڤەکەی، بە مانا ئەمەریکاییەکەی، بەو مانایەی زۆربەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای قازانج و زەرەری ئێستایی بەندە، ئەوانەی قازانجت زیاد ئەکەن پەیوەندییەکە توندتر ئەکەن و زەرەرمەندەکانیش شلتر، پەیوەندییەکی ئەمەریکاییانەی ڕوون، زوو توند ئەبێ و زوویش شل، لەگەڵ جوڵەی بازاڕەکەدا، ڕەنگە زۆربەی شوێنەکانی تریش وابن، بەڵام ئەم کولتوورە لە کەلاردا زۆر زەقە.
ئەم کەلتوورە چەندە باشە بۆ دەسکەوتی زیاتر و قازانجی فرەتر بەڵام، لە غیابی ئیدارەدانێکی ژیرانە، کە لەو جۆربەجۆرییەی، توحفەشارێک و کەڵچەرێکی باڵاتر و ئۆقرەتر بێنێتە دی، ڕەنگە زەمەنێکی زۆر ببڕێ و، بەراورد بە تواناکانی، پێشکەوتنێکی وا نەبینێ. کەلار ئەکرێ و ئەبێ زۆر باشتر بێ لە ئێستای.
جوانيناسی و جوانکردنی کەلار
جوانيناسی یان ئیستاتیکا، بەشێکە لە پێنج بەشەکەی فەلسەفە، لە بارەی جوانی و ڕەگەزەکانی جوانیى دەکۆڵێتەوە، بایەخ بە سروشت و گرنگیی هونەر دەدا، قوڵبوونەوە لە جوانيناسيدا، دەتگەیەنێتە ئاستێک لە هۆشیاری، کە ئیتر تۆ هەر دیمەنێک، جوڵاو یان وەستاو، ببینی، ڕاستەخۆ و خۆکارانە، بە پێوەری ئەمە جوانە و ئەوە ناشیرینە، پۆلێنیان بکەی.
جوانيناسی چەندە پەیوەندی بە مەعریفە و بەدواداچوونەوە هەیە، ئەوەندەیش ڕەگی لە خۆڕسکی مرۆدایە، بەو مانایەی هەندێ جوانی لە ناخەوە هەڵدەقوڵێن و پێویستی بە ڕتوشی مەعریفە نیە، بەڵام مەعریفە لە بارەی جوانییەوە زەرورەتێکە بۆ خولقاندنی دیمەنی جوان.
ئەو کاتەی بە ناو کەلاردا پیاسە دەکەی، دەیان دیمەنی ناشیرین و جوانت بەرچاو دەکەوێ، ئەو دیمەنانە ئاستی زەوق و ڕادەی جوانیناسیی ئەو خەڵکەت بۆ دەردەخا، لە هەمان کاتدا ئەقڵییەتی ئیدارەدانی شارەکەت بۆ دەپێوێ.
سەرباری ئەوەی لە کەلاردا هەیە، کەچی سیما و چیهرە و ڕوویەکی ماندوو و بێزاری هەیە، کە گوزارشت لە بوونی سەدان ناشیرینی کەڵەکەبوو و سەدان جوانیی تێکدراو دەکەن.
کەلار بەو فرەڕەنگییەوە پێویستی بە جوانکردنە، بەو وزە و توانا ئابوورییەوە، پێویستی بەوەیە لە خۆی بپرسێ بۆ جوانتر نیم، پێویستی بەوەیە ئەم هەموو کەرەستە و ئەدەواتی جوانکردنەی هەیەتی، بیکاتە شۆخێکی ڕیکی سەربەخۆ، بیکاتە نیویۆرکی داهاتوو، بیکاتە ئیستەنبول، ببێتە ڕوحی گەرمیانی پارێزگا.
لەم یادەدا، تەمەننا ئەکەم کەلار جوانتر بکرێتەوە، دەستێک بە سیمایدا بهێنرێ و ئەو ڕوحییەتە بزێوەی لە خزمەتی خۆقەشەنگکردن و خۆڕێککردنەوە و جوانکردنەوەی زیاتردا بێ.
به‌روار: 01/04/2016
بینین: 1422
   زیاتر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت