نوسه‌ران
  بارزانی و دەوڵەتی کوردی
محمد حه‌كيم
عەرەبی عێراقی دەڵێین: ( اللی یرید شی یعوف شی)، ئەگەر ویستت شتێک بەدەستبێنی دەبێت وازلە شتێک بنێی، بە تایبەت ئەوەی دەتەوێ بایەخدار بێ. 
بۆ گەل و سەرکردە و نەتەوەی کورد سەربەخۆیی ئامانجێکی پیرۆزو بایه‌خداره و شایانی ئەوەیە چەند پێویست بکا قوربانی بۆ بدەین و کۆمەڵێک شتی تر فەرامۆش بکەین، بە تایبەت کەسێک کە بیەوێ ئەو شەرەفەی پێببڕێ کە لەسەر دەستی ئەوو لەسەردەمی لێپرسراوێتی ئەودا ئامانجی گەورەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بێتەدی، ئەمەش مافی سروشتی هەر سەرکردەیەکە، هەوڵە راستەقینەکانی‌ هەرکەسێ لەو روەوە جێگای نرخاندن و پێزانینە، بەڵام پێویستە ئەویش لێبوردە و سنگفراوان و بەپەرۆشی یەکریزی گەلەکەی بێت. 
ئەگەر سەرنجێکی ژیانی ئەو سەرکردانە بدەین کە بوونە پێشڕەوی گەلەکانیان لە سەربەخۆیی، رزگاری و پێشکەوتنی وڵاتەکانیان، نمونەی زۆر بەرچاو دەکەون؛ مەهاتما غاندی، هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکەی لە پێناو سەربەخۆیی هیندستاندا یەکخست. مەهاتیر محمەد، مالیزیای لە وڵاتێکی کشتوکاڵییەوە گەیاندە ئاستێکی پێشکەوتووی وڵاتانی پیشەسازی جیهانی. لی کوان یۆی سەنگافورە وڵاتەکەی لە جیهانی سێیەمەوە گەیاندە جیهانی یەکەم بە ۲٥ ساڵ لە پۆستی سەرۆک وەزیران، له ساڵی ۱۹۹۱ وازیهێنا لە پۆستەکەی‌ و بۆ ماوەی ۲۱ ساڵ وەکو راوێژکاری حکومەت مایەوەو دواتر وازی لە هەموو پۆستەکان هێنا و ئێستا سەنگافورە یەکێکە لە وڵاتە نمونەییەکانی جیهان، یان شێخ زاید خۆی میرنشینی ئەبوزەبی بوو بەڵام ژیانی‌ بۆ دروستکردنی‌ ئیمارات تەرخان کرد و زانی‌ یەکەم هەنگاو یەکگرتنی‌ میرنیشنەکانە بۆیە بە یەکگرتنی لەگەڵ میرنشینەکانی تر ساڵی ۱۹۷۱ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دروستكرد و دواتر بە شێوەیەک پێشیخست کە هەموو بیابان بوویە ئاوەدانی و ئێستا دوبەی و ئیمارات لە جیهاندا دەدرەوشێنەوە. 
جا جەنابی بارزانی ئەگەر دەیەوێ دامەزرێنەری دەوڵەتی کوردی بێ و لەسەر دەستی ئەو گەلی کوردستان بگاتە ئامانج و ئاواتە گەورەکەی، با پەلە بکات، لە یەکخستنەوەەی ناوماڵی کورد بە لێبوردەیی و سنگفراوانی و خۆنەویستییەوە، با بە یەک چاو سەیری هەموولایەک بکات و مامەڵەیەکی وەک یەک لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکات و جیاوازی نیوان کوڕی خۆی و کوڕی خەڵکی نەکات و پەرلەمان کارا بکاتەوە و چاکسازی ڕاستەقینە بکات و گوێ لە ئازار و مەینەتی و سەختییەکانی گەلەکەی بگرێت، کە ئەو کات دڵنیام بە گەورەیی دەچێتە مێژووەوە، و بە گەورە تەماشا دەکرێ، ئەوکات دڵنیام هەموو لایەنەکان و تاکەکانی گەلی کوردستان رێزی دەگرن، و پشتیوانی لێدەکەن.
بارزانی دەبێ بزانێت، یەکەم هەنگاوی کرداریی بەرەو دەوڵەتی کوردی، بە یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و یەکریزی کورد و یەکبوونی میللەتی کورد دەبێ، کاتێک فەزڵەکە بۆ ئەو دەبێ ئەو ئامادەبێ هەنگاوی ئیجابی بنێت، دەزانین بارودۆخەکە لەبارە ، بەڵام دەبێ ئەویش بزانێت نزیکبوونەوەمان لە دەوڵەت بە یەکریزی نێو ماڵی کورد، یەکبوون و چاکسازی، ئەکتیڤ کردنەوەی پەرلەمان، نەهێشتنی گەندەڵی، دادگەری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا دەبێت. بارزانی دەتوانێت کاری بۆ بکات و سەروەری بۆ گەل بگێڕێتەوە، ئەوکات ئەو شەرەفەی پێدەبڕێ کە ببێتە دامەرزێنەری دەوڵەتی کوردی. ئێمە هەموومان وەک ئەو حەز بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەین و کاری بۆ دەکەین.
بە ڕاستی توشی سەرسوڕمان دەبم کاتێک مێژوو دەرگای گەورە لە کەسانێک دەکاتەوە کە بە گەورەیی بچنە مێژووە بەڵام مەخابن خۆیان نایانەوێت!ئەو مێژوەیان بۆ تۆمار کرێت.
پێم خۆشە بارزانی هەنگاوی کرداری و بەپەلە بنێت، ئامانجەکە روونە، رێگاکە ئاشكرایه و چارەسەریش دیارە با دەستپێبکات.
به‌روار: 03/04/2016
بینین: 1170
   زیاتر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت