نوسه‌ران
  (كۆماری باشوری سودان) نمونەیەكی شووم لە سەربەخۆیی
حاميد محمد عه‌لى
له ساڵانی 2011- 2010 لە سەروبەندی باسوخواسی ڕیفراندۆم و داواكاری باشوری سودان بۆ جیابوونەوە لەباكورو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ، هەندێ لەمیدیاكانی كوردستان زۆر بەگەرمو گوڕی لەهەواڵ و ڕاپۆرتەكانیاندا ، ڕووماڵی ئەم پرسەیان دەكردو لێكدانەوەو شرۆڤەیان لەسەر دادەبەزاند.

ئەمڕۆ پاش پێنج ساڵ لەسەربەخۆیی باشوری سودان ، شەڕێكی خوێناوی لەنێوان هاوخەبات و هاوسەنگەرەكانی دوێنێ ی باشوردا هەڵگیرساوەو بەپێی ڕاپۆرتی un دەوڵەتی باشوری سودانی گەیاندۆتە كەناری داڕمان و لەبەر یەك هەڵوەشانەوە..كەچی ئەم كەناڵانە نقەیان لێوەنایەو ڕاپۆرتێك یاخود هەواڵێك لەسەر ئەم حاڵەی ئەمڕۆیان بڵاو ناكەنەوە ! كەوابوو ڕووماڵەكەی ئەوكات و پشتگوێ خستنەكەی ئەمڕۆش ،هەردووكیان پاڵنەرو هۆكاری ئایدۆلۆجییان لە پشتە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم پانورامایەكی هەردوو قۆناغەكە بۆ خوێنەران بخەمەڕوو، كەلەوانەیە لەهەندێ گۆشەوە تێگەیشتن لە ڕەوشی باشوری سودان ،خزمەت بە باشوری كوردستان بكات ، كەئەمڕۆ لەدەروازەی ڕیفراندۆم و هەنگاوەكانی جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندایە..

پاش چەندین ساڵ لە ناكۆكی و شەڕو پێكدادان و دووجەنگی ئەهلی درێژخایەن ،كە دواجار ڕێككەوتننامەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی سودان و سوپای میللی ڕزگاریخوازی باشوری لێكەوتەوە، لە كانونی دووەمی 2005،كه بەڕێككەوتننامەی نیڤاشا ناسراوە، بەپێی ڕێككەوتننامەكە باشور ئۆتۆنۆمی بەدەسهێناو (جۆن گەرەنگ ) بوو بە سەرۆكی حكومەتی ئۆتۆنۆمی و لەهەمانكاتدا پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری سودانیشی پێدرا و (سیلفاكیرمیاردیت) یش كرایە جێگری .

دیارە باشوریەكان هه ر بەوەوە نەوەستان و داوای زیاتریان دەكردو دواجار كەڵكەڵەی جیابوونەوەو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیان كەوتە سەر.. 
ئەوەبوو نەتەوەیەكگرتووەكان هاتە سەرخەت و زۆرێك لە زلهێزانی ڕۆژئاواو دەوڵەتانی ناوچەكەش كە نەیاری كۆماری دیموكراتی سودانن،

به سەرۆكایەتی (عومەر حەسەن ئەلبەشیر) بۆئەو مەبەستە پشتگیریی باشورییەكانیان كرد ،كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی (مەسیحی و وەسەنی و بتپەرستن) ..دواجار دەوڵەتی سودانیش ملكەچ بوو بۆ خواستی باشوریەكان و بڕیاری un و زلهێزەكان و ڕازی بوو لەباشور ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە بكرێت..

ئەوە بوو لە 9_15_1_2011 ڕیفراندۆمەكە بەسەرپەرشتی ‌un و بەبەشداری 60%ی دەنگدەران ،كه بە ڕێژەی 96% دەنگیان بۆجیابوونەوە دا، ئەنجام درا.. لەو كاتەوە دەوڵەتی سەربەخۆی (كۆماری باشوری سودان) بەسەرۆكایەتی

( سیلفاكیر میاردێت) ڕاگەیەنرا، چونكە (جۆن گەرەنگ) ی سەركردەی مێژوویی باشورییەكان لە2005 بەڕووداوی فڕۆكە كۆتایی بەژیانی هاتبوو ..

بەوشێوە ڕیفراندۆم ئەنجام دراو باشوریەكان دەوڵەتی خۆیان ڕاگەیاندو گەلانی ناوچەكە و دونیاش چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد كە ئەم ڕێوشوێنە ،ئیتر كۆتایی بە چەندین دەیە لە ناكۆكی و ململانێ و شەڕو خوێنڕشتن بهێنێت و هەم باكوریەكان ئەو كێشەیان لەكۆڵ بێتەوەو هەم باشوریەكانیش بەئاواتی خۆیان بگەن و لەسایەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیاندا بحەسێنەوەو بەئارامی بژین؛ هەرچەندە لەڕاستیدا دەوڵەتی باشوری سودان وڵاتێكی داخراوەو هەندێك لە بنەماكانی دەوڵەتی سەربەخۆی تێدا نیە ..

ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بوو، كاتێك هاوخەباتەكان بەیەكەوە نەیانكراو (ڕیك مەشار)ی جێگری سیلفاكیر بەپاڵپشتی لایەنگرانی لە سیلفاكیرو حكومەتەكەی هەڵگەڕایەوەو ئەم جارەیان شەڕو كوشتار گوازرایەوە بۆناو باشوری سودان خۆیان و جارێكی دیكە ئاگر بەربووە ماڵی باشووریەكان ..

ئەوەی لەچەند هەفتەی ڕابووردودا لەسەرەتای مانگی تەمووزەوە ڕوویدا، لە شەڕی ئەهلی لەناوخۆی باشوری سودان ، كەمتر نەبوو لە شەڕەكانی پێشویان لە گەڵ حكومەتی خەرتووم و لەماوەی چەند هەفتەیەكی ئەم هاوینەدا شەڕی خوێناوی نێوان باشوریەكان ، لە لایەنگرانی سەرۆك سیلفاكێرو جێگرەكەی ، سەدان كوژراوو لەوەزیاتریش برینداری لێ كەوتەوەو دەیان هەزارخێزانیش ئاوارەو دەربەدەر بوون و بەپێی ڕاپۆرتی un لەو شەڕەدا دەیان ئافرەتیش ڕووبەڕووی توندو تیژی سێكسی بوونەتەوە..

لەدوایین پێشهاتەكانیشدا ، پاش دوو هەفتە لەهەڵگیرسانی پێكدادانەكان ، سیلفاكیر جێگرەكەی (ڕیك مشاری) لە كارلاداو لە جێی ئەو ( تابان دینگ غای) دانا ، ئەمەش زیاتر ناكۆكی و ئاڵۆزیەكانی قووڵكردەوە..

ئەم ڕووداوانە بەڕاستی جیهانی تووشی شۆك كردو پشتیوانەكانی باشوری سودانیشی ڕووبەڕووی ئیحراجی كردەوە..

دیارە تا ئێستایش كۆتایی بە شەڕو پێكدادانەكان نەهاتووەو بەپێی ڕاپۆرتی (بان كیمۆن) ی سكرتێری گشتی un ، ئەو جەنگە خوێناویە كە كەتازەترین قۆناغی لەسەرەتای مانگی یۆلیو /تەمووزەوە دەستی پێكردووە، مەترسی گەورەی لە سەر ژیانی باشوریەكان و داهاتووی وڵاتەكەیان دروستكردووەو دەوڵەتەكەیان بەرەوكەناری لەناوچوون دەبات..
به‌روار: 02/08/2016
بینین: 1800
   زیاتر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت