ئەدەب و هونەر
  "ئافرەت بوونی خۆم و پیاو بوونی تۆشم خۆش دەوێت"
جـــــوان ســــەنگـــاوی
ئافرەت بوونی خۆمم خۆش ئەوێ...
کە ئەتوانم رۆژ تا ئێوارە بە دەم ڕێکخستنی تاڵە قژێکمەوە،سەفەری ئەو پەڕی دنیا بکەم و بە  سەر باڵی نەورەسە پەمەییەکاندا بە ئاسمانە شینە دڵ سپییەکاندا بفڕم...

شانازیی بە ئافرەت بوونی خۆمەوە ئەکەم کە خودا ڕێی پێداوم 
ڕۆحێکی دیش لە ناو ڕۆحما هەڵبگرم و ژیانی پێ ببەخشم..
خودا لە ڕۆحی خۆی بەخشی بەمن و منیشی کردە شایستەی بەخشینی ڕۆح بە مرۆڤێکی دی..
ئیتر چۆن شانازیی بە هەموو بوونمەوە نەکەم و خۆمم خۆش نەوێت..؟!
 
خەونە پەمەییەکانم لە نێو رۆژگارە ڕەشەکاندا ئەهێنمە دی و بە دەستە ماندووەکانم گوڵی سوری خۆشەویستی و گوڵی سەوزی بەختەوەری ئەدەم لە یەخەی خۆم تا هەمیشە لەبیرم بێت منی ئافرەت ،منی مرۆڤ هاوشێوەی پیاو ،هاوشانی پیاو لەم دنیا پر کێشمەکێشمەدا بە هەموو بوونمەوە ئەجەنگم..

                            
پیاو بوونی تۆشم خۆش ئەوێ...
تۆ نەبیت منیش بوونم نابێ و ئەم دنیا پڕ سەختیەم پێ نابڕێ
ڕەقی و زبریەکەشتم خۆش ئەوێ کە بۆ مانەوەت بەکاری ئەهێنیت و بۆ پاراستنی من کار ئەکەیت..

دەستە ماندووکانی تۆی پیاو بە نەرمترین سەرین نادەم بۆ حەوانەوەم،بۆنی عارەقی پاش کارکردنت بە هەموو بۆنەکانی فەرەنسا نادەم..

خەونە پر جەنجاڵیەکانیشتم خۆش ئەوێ و شانازی بە هەبوونتەوە ئەکەم،ئەو خەونانەی کە تەنها بە کارکردنی بێ وچانت دێنە دی..
وا دەر ئەکەوێ دنیای تۆی پیاو وەک دنیاکەی من رەنگا و رەنگ نەبێت و تەنها ڕەش و سپی لە خۆ ئەگرێ..
بەڵام تۆی باوکم کە بۆ ئارامی من ئارامی لە خۆت حەرام ئەکەیت و 
تۆی برام کە بۆ خەندەیەکم چیت لە دەست دێ ئەیکەیت 
تۆی خۆشەویست و هاوژین و هاوسەرم لە پێناومدا ئەجەنگیت
پر ڕەنگترین مرۆڤی دنیایت لای من.
خۆشەویستیت گوڵاڵە سورەیەکی چوار وەرزەیەو هەمیشە ئەیدەم لە پەرچەمم..
ماندوو بوونت زەردی ڕۆژە کە هەموو ژیانم ڕۆشن ئەکا و 
کارەکانت و هەموو ژیانت شینی ئاسمانییە کە ئارامی بۆ هەموو بوونم ئەڕەخسێنێ...!!

ئیتر چۆن ڕێگە بە خۆم بدەم دنیای تۆی پیاو ڕەش و سپی ناوزەند بکەم و دنیایی خۆشم بە پەمەیی؟!
دنیایی من پەمەیی نابێت تا تۆ ڕەنگەکانت بەسەر ڕۆحما نەپرژێنی..

ئافرەت بوونی خۆم و پیاو بوونی تۆشم خۆش دەوێ..


به‌روار: 18/07/2019
بینین: 1742