بانگەواز
  کۆمپیتەرەکەی ئیسلام (د. زاکیر نایک) :
ھامنۆ ھەورامی


یەکەم/ سەرەتای ژیانی :
زۆرن ئەوانەی کە ژیانیان بۆ ئەم ئایینە تەرخان کردووە و بەجۆرێک تەنانەت سڵیان لە مردنیش نەکردووەتەوە و بەبێ ئەوەی بچوکترین سوودی دنیایشیان بەنسیب بێت هەر لە پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وسلم) و هاوەڵانی بەڕێزەوە هەتاوەکو بانگخوازە جەربەزەکانی سەردەم.
بەناوبانگترین کەسایەتی بانگخوازی سەردەم کەتوانیویەتی جێگەی خۆی لەلای موسڵمان و ناموسڵمانیش بکاتەوە ئەویش دکتۆر زاکیر نایکە.
زاکیر نایک ناوی تەواوی (زاکیر عبدالکریم نایک)ـە ، لە ڕۆژی(١٨\ ١٠\ ١٩٦٥) لە شاری مۆمبای (بۆمبای) لە خۆرئاوا هیندوستان لەدایک بووە ، توانیویەتی قۆناغەکانی خوێندن بەسەرکەوتوویی ببڕێت و دواجار  بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پزیشکی و نەشتەرگەریدا بەدەستبهێنێت و ببێتە پزیشکێکی کارامە لە کارەکەیدا.

دووەم/ بانگەوازکردنی :
سەرەتای کاری بانگخوازی وەک خۆی دەگێڕێتەوە لە زانکۆدا بووە کە خەریکی گفتوگۆبووە لەگەڵ قوتابییە هاوڕێکانی و مامۆستاکانی زانکۆی ، ساڵی ١٩٩٣بەڕەسمی دەستی کردووە بە کاری بانگخوازی ، ئەو کەسایەتییەی کە هەر لەمنداڵییەوە پێی سەرسامبووە شێخ ئەحمەد دیدات بووە و هەر ئەویش توانیویەتی ببێتە مامۆستایەکی لێهاتوو بۆ دکتۆر نایک و شێخ دیداتیش زۆر سەرسامدەبێت بەئاستی زیرەکی و پێشی دەفەرموێت :
ئەوەی تۆ بەچوار ساڵ کردت چل ساڵم پێویست بوو بۆ کردنی.
دکتۆر نایک بەهۆی ئەوەی بۆی سەختبوو هەردوو پیشەکە پێکەوە بەڕێبکات بۆیە ناچار ساڵی  ١٩٩٧ واز لەکاری پزیشکی دەهێنێت و خۆی بۆ بانگەوازی ئایینی ئیسلام یەکلادەکاتەوە.
دەستدەکات بەبەرواردکردنی ئایینەکان و خوێندنەوە لەسەریان ، لێهاتوویی دکتۆر نایک لێرەوە دەرکەوت کە توانی زۆر بە لێهاتووانە و بەوپەڕی وردەکاریانە کتێب و نووسراو و پەڕاوه ئایینییەکان لەبەربکات بە ژمارەی کتێب و بەش و دێڕەوە ، کە گرنگترینیان ئەمانەن :
١. قورئانی پیرۆز بە تەفسیری ئینگلیزییەوە ( گرنگترینیان وەرگێڕانی یوسف علییە).
٢. سونەن و فەرموودەکانی پێغەمبەر ـ صلی الله علیه وسلم ـ بەتایبەت (صحیح البخاري و مسلم و سنن ابي داود و ترمذي و ابن ماجة و نسائي الخ .......).
٣. کتێبی پیرۆزی مەسیحی: کە پێکهاتووە لە (ئینجیل تەناخ کتوبیم نبییم .....).
٤. تەورات و تەلمودی یەهودی.
٥. کتێبە پیرۆزەکانی هیندۆسی : ڤێداس و ئۆپانیشاد و بهاگاڤاد گیتا و بهافیشا پورانا.
٦. دامماپادا و کتێبە پیرۆزەکانی بودی.
توانی ببێتە لێکۆڵەر و ڕەخنەگرێکی زۆر وردی ئایینەکان و بتوانێت بەخودی کتێبە پیرۆزەکانی خۆیان گفتوگۆی خاوەن باوەڕەکانی بەرامبەر بکات ، جگە لەوەش لە لۆژیک و فەلسەفە و زانستدا شارەزاییەکی زۆری هەیە و لەم ڕێگەیەشەوە توانی  بانگەوازی بێدین و ئەیثێزم و ئەگنۆستیکەکان بکات ، هەروەها توانی هەر لە مۆمبای ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی ئیسلامی (IRF) دابمەزرێنت و چەندان بانگخوازی دیکە لەگەڵیدا دەستبکەن بە کارکردن ، هەروەها هەر لەوێ تەلەفیزیۆنی ئاشتی .peacetv. لە ساڵی 2006 دابمەزرێنن کە ببێتە بناغە و سەرچاوە بۆ بڵاوکردنەوەی کار و چالاکییەکانیان بۆ جیهان.

سێیەم/ کۆڕ و سیمینار و دیبەیتەکانی :
دوای ئەوەی بەتەواوی خۆی پڕچەک کرد بە زانست و زانیاری کارەکانی بە پڕاکتیکی پیادەکرد و دەستی کرد بە گرتنی کۆڕ و سیمینار و دیبەیتەکانی کە بوونە هۆی ناساندنی بە جیهان و سەرەتا لە مۆمبای و هندستانەوە دەستیکرد بە چالاکی و سیمینارەکانی دواتر لە وڵاتانی دیکەش دەستی پێکرد و بانگهێشت کرا بۆ زۆر وڵات بۆ ئەنجامدانی ، لەو وڵاتانەش :
(سعودییە و ئیمارات و بەحرەین و گیانا و مالیزیا و ئەندۆنیزیا و مۆریشیۆس و ئەمێریکا و کەنەدا و ئۆستڕالیا و بەڕیتانیا و هۆنگ کۆنگ و هتد ....).
دوای کۆڕ و سیمینارەکانیش پرسیار و وەڵامی کراوە هەبوو بۆ ئامادەبووان و ئەمەش وایکرد کە زۆرێک لەو هەڵە تێگەشتنانەی کە جیهان هەیبوو بۆ ئیسلام و دەقەکان دکتۆر نایک بۆیان ڕاست بکاتەوە ، ئەمەش وایکرد ڕووبەڕووی چەند کەسایەتییەکی بەناوبانگی ئایینی ببێتەوە لەڕوانگەی دیبەیتەوە و دیبەیتەکانیشی زۆر بەسەرەکەوتوانە و ئەکادیمیانە بەڕێبکات لەگەڵ ئەم کەسایەتییانە :
١. ڕاجا شانکەر (هندۆسی).
٢. دکتۆر ویلیام کامبڵ (مەسیحی).
٣. پاستر رکن الدین هێنری (مەسیحی).
کە بەناوبانگترینیان ڕووبەڕووبوونەوەی بوو لەگەڵ دکتۆر کامبڵ لە ساڵی ٢٠٠٠ لە ئەمێریکا لەژێر ناونیشانی (قورئان و کتێبی پیرۆز لەژێر ڕۆشنایی زانستدا) و توانی بەجۆرێک وەڵامی بداتەوە دکتۆر کامبڵ دان بەوەدا بنێت کە ناتوانێت وەڵامی ٢٤ پرسیارەکەی دکتۆر نایک بداتەوە.

چوارەم/ کتێب و بەرهەمەکانی:
نووسراوەکانی دکتۆر نایک زیاتر بریتیوون لە کۆڕ و سیمینارەکانی و دواتر دووبارە نووسراونەتەوە و لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی ئیسلامی و بەوهۆکارە بڵاوکراونەتەوە و وەرگێڕانیشیان بۆکراوەتەوە سەر زمانە باوەکانی جیهان ، کوردیش بێبەش نەبووە لەنووسینە پڕبایەخەکانی و گروپی زاکیر و ناوەندی ڕێنوێن و کتێبخانەی جودی توانیویانە وەرگێڕان بۆبەرهەمەکان بکەن و بڵاویان بکەنەوە.
گرنگترین ئەو کتێب و نامیلکانەش بریتین لە :
١.  وەڵامی پرسیارەکان لەسەر خودا ( بەهاوبەشی لەگەڵ بانگخوازی جیهانی شێخ یوسف استیس).
٢. چەمکی خودا و وەڵامی پرسیارەکان لەسەر ئیسلام.
٣. وەڵامی پرسیارەکان لەسەر ئیسلام.
٤. مافەکانی ئافرەت لەئیسلامدا.
٥. ئامانجی ژیان.
٦. ئایا قورئان وتەی خوایە ؟
٧. قورئان و زانستی سەردەم پێکەوە دەگونجێن یاخود نا ؟
٨. ئایا تیرۆر ماڵە بەسەر موسڵمانانەوە ؟
٩. یەکبوونی ئومەتی ئیسلام.
١٠. لێکچووەکانی ئایینە سەرەکییەکان 
١١. ناوی پێغەمبەر محمد صلی الله علیه وسلم لەپەڕتووکە پیرۆزەکاندا.

و هتد ......

جێگەی ئاماژەیە کە دکتۆر نایک توانیویەتی بەجۆرێک کاریگەری لەسەر خێزانەکەی دروستبکات کە گشتیان وەک بانگخواز کاربکەن و بەناوبانگترینیشیان فاروق نایکی کوڕییەتی کە شارەزاییەکی بێوێنەی لێدەرکەوتووە بەهەمان شێوەی دیداتی مەزن (نایک).
به‌روار: 20/08/2019
بینین: 2385