بیروڕا
  هەڵوێستی ئیسلام دەربارەی فرە ژنی:
هامنۆ هەورامی


ئەوەی لە حاڵەتێکی گشتی ئیسلام هەیە لە بنەڕەتدا یەك ژنییە، چونکە کاتێك خوای گەورە ئادەمی دروست کرد یەك حەواشی بۆ دروست کرد، بۆیە ئەسڵ لە پیاودا ئەوەیە یەك هاوسەری هەبێت، خوای گەورەش دەربارەی هاوسەران دەفەرموێت:
"هُنَّ لِبَاسٌ لَّكُمْ وَأَنتُمْ لِبَاسٌ لَّهُنَّ ۗ"
واتە: ئه‌وان پۆشاکن بۆ ئێوه‌ و ئێوه‌ش پۆشاکن بۆ ئه‌وان.

دەی ڕوونە پۆشاك پارچەیەکە بۆ جەستەمان، هەر بۆیەش ئەسڵ لە هاوسەرداری بۆ ئێمەش هەر یەك هاوسەری بووە.

بەڵام دەبێت ئەوە بزانی ئیسلام لەگەڵ ئایین بوونیشیدا، دەستووریشە، دەسەڵاتداریشە، بۆیە دابێت ڕەچاوی گشت بار و حاڵەتە تایبەتییەکانیش بکات.

لە مێژوو بە گشتی و ئێستاش بە تایبەتی ئەوەی بەشداری شەڕ بووە بە ڕێژەی زۆرینە هەر ڕەگەزی نێر بووە، هەر ئەمەش وەهای کردووە کوردەواری بڵێن: "بەرخی نێر بۆ سەربڕین،" دەی تەنها سەرنجی ئاماری شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی بدە بزانە چەندە نێر کوژراون؟
دەی لە سەردەمی جاهلیشدا بە هەمان جۆر هۆزە عەرەبییەکان زۆرینەیان لە شەڕدا بوون دژی یەك لە یەسریب و غەساسینە و حیرە و یەمامە و ئەحسا و حەزرەمەوت و یەمەن و ...هتد، هەر لەو سەردەمەشدا هەردوو ئیمپڕاتۆرییەتی ساسانی و ڕۆمانی بێزەنتی لە شەڕێکی درێژخایەن بوون، دەی ئەمەش وەهای دەکرد ئافرەتانێکی زۆر بێ سەرپەرشت بمێننەوە، کەچی لە بری ئەوەی بهێندرێن زۆرجار دەکرانە سەبایا و بە ئارەزووی خۆیان سێکسیان لەگەڵ دەکردن و هیچ مافێکی سەرەتایشیان نەبوو.

کەواتە ئەمە هۆکارێك.
دووەم وەك دەزانین فرە ژنی لە پێش ئیسلام بێ سنوور بووە، بۆ نموونە شای لیکی چینی لە سەردەمی خۆیدا بڕیاری دابوو هەر پیاوێك دەتوانێت ١٣٠ ژن مارە بکات.
لە عەرەبستانیش هەمان جۆر بووە، تەنانەت هاوەڵی وەها هەبووە وەک عبدالرحمن بن عوف ۱٦ ژنی هەبووە، ئیسلامیش کە کەمی کردووەتەوە بۆ ٤ ژن ئەمە پێی دەگوترێت تەحدید، واتە کەمکردنەوەی ئەو سنوورەی پێشتر هەبووە و پێمان ڕادەگەیەنێت بۆتان نییە وەکوو جاران بە ئارەزووی خۆتان ژن بهێنن، بۆیە بەکارهێنانی فرە ژنی بۆ ئیسلام زۆر هەڵەیە، ئێمە فرە ژنیمان نییە بەڵکوو چەند ژنیمان هەیە!
خاڵێکی دیکە بریتییە لە حاڵەتی زەڕوڕییەت یاخود ئەهمییەت، ئەمەش بریتییە لەوەی کە ژنی زیاتر بهێنێت لەبەر حاڵەتی خاص، وەکو (پەیوەندی سیاسی لە نێوان دوو هێز و دوو دەسەڵاتدا، پیویستی بۆ منداڵ) وە چەند هۆکارێکی دیکە.



کەواتە ئیسلام قەت هانی خەڵکی دی نەداوە بۆ ئەوەی بەبێ هۆ ژنی دیکە بهێنێت، بەڵکوو بنچینە ئەوەیە بتوانێت ببێتە پارێزەر و تەواوکەری یەکدی.
هەروەها سەبارەت بەو دادپەروەرییەش کە خودای گەورە لە ئایەتەکەدا دەستەواژەی دادپەروەری بەکارهێناوە، زانایانی ئیسلام جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دادپەروەری لە مامەڵە و نەفەقە و چوونەلادایە، واتە گەر لە دڵەوە یەکێکیشیانی زیاتر خۆشبوێت ئەوا بۆی نییە بەهۆی ئەمەوە جیاوازیان لە نێواندا بکات، هەر بۆیەش خوای گەورە ئەمەی زۆر لا گرنگ بووە و لە فەرموودەیەکی سەحیحیشدا پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئاماژەی بەوە داوە کە هەر پیاوێك دوو هاوسەری هەبێت و ڕووبداتە دانەیەکیان و ئەوی دیان فەرامۆش بکات، ئەوە لە قیامەتدا بە شەلەلی حەشر دەکرێت، واتە لایەکی بە شەلەل بووە.

پاشان نابێت ئەوەش لەبیر بکەین، کە هاوسەرگیری چەند ژنی لە ئیسلامدا نە فەڕزە نە سوننەتە، بەڵکو موباحە، واتە شتێکی ڕێگەپێدراوە وەك لەو حالەتانەی سەرەوەدا باسمان کرد.

ئا ئەمەیە شێوازی ڕاستەقینەی هاوسەرگیرییەکە.☕
به‌روار: 01/12/2020
بینین: 261