نوسه‌ران
  ئیسلام و كۆمەڵگە و رۆڵی ئیسلامییەكان
فاتیح سه‌نگاوی

پێشنیار گەلێك بۆ پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان(بزوتنه‌وه‌، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو)

بەپێی تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئیسلام، ئیسلام ئاینێكە رەحمەتە نەك تەنها بۆ مسوڵمان و بڕواداران بەڵكو بۆ هەموان، تەنانەت بۆ ئەوانەشی باوەڕی پێ ناهێنن، هەر ئەزمونێكی مێژویی پێچەوانەی ئەم تێزە بێ، دەبێت رەخنە بكرێ و سەرنجی لەسەر تۆمار بكرێ، بەڵام ئەوەش راستە ئیسلام وەك ئاینێك مزگێنی دەدا بەخەڵكی و داوای بڕوا هێنانێكی هۆشیارانەیان لێ دەكات، بەڵام ئەگەر بڕواشان نەهێنا مافیان پارێزراوە و بە زۆر مسوڵمان ناكرێن و مافە ژیانداری و ژیاریی و كەلتورییەكانیان پارێزراوە، لەبەردەم یاساشدا یەكسانن و ئەرك و مافیان هەیە وەك هەر هاوڵاتییەكی تر... لێرەوە هەر پرۆژەیەكی ئیسلامی دەبێ-لە ئاستە گشتییەكەیدا- هەڵگری دوو رەهەند بێ، یەكەمیان رەهەندێكی دونیا و دواڕۆژی خەڵكییە و ئەویتریان پاراستنی ماف و خواستەكانیانە لە دونیادا، هەرچەندە رەهەندی دووەمیش لە دیدە ئیسلامییەكەوە دابڕاو نییە لە رەهەندی دینی و دوارۆژ خوازی ...
لە رابروودا بزاڤی ئیسلامی میانڕەو لەم تێڕوانینەدا بەهۆی پێنەگەیشتویی لە رووی فیكری و كەم ئەزمونییەوە كەم و كورتی بوە، بەڵام خزمەتی بەرچاویشی كردوە، تەوژمی ئیسلامی میانڕەو لە ئاستە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكەشدا بەراورد بە پارتە چەپ و سۆشیالست و بەناو دیموكراسییەكانی ژینگەكەی خۆی كراوەتر و سودبەخشتر بوە ... بەڵام ئەویش مەحكوم بوە بە واقعی مێژویی و ئەو ژینگەیەی تێیدابوە، سەلماندنی ئەم راستییە زۆری دەوێ و ئێرە شوێنی نییە...
بەهەرحاڵ دروستبونی بزاڤی ئیسلامی نوێ بۆ خزمەتی كۆمەڵگەبوە لە مەرجەعییەتێكی ئیسلامییەوە، بەو تێگەیشتنەی سەبارەت بە ئیسلام هەیانبوە، بەڵام لە شێوازو میكانیزمدا لە ژێر كاریگەریی هێزە شمولییەكانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوون و لەهەندێ كاركردنیشیاندا كاردانەوە پاڵنەر و پلان دانەری كاركردنیان بووە... كاتێك دەبینین بزاڤێكی ئیسلامی وەكو ئیخوان باوەڕی بە شمولیەت و گشتگیری ئیسلام هەبوە، ویستویەتی ئەم گشتگیرییەی ئیسلام لە جەماعەكەیدا جێ بكاتەوە و كار لەسەر چەندین بواری جۆراوجۆر بكات و گرنگی دان بە بوارە جۆربەجۆرەكانی ژیان كە ئیسلام رێنمایی و هێڵی گشتی بۆیان هەیە بكاتە خەمی خۆیی و لە رێخستنەكەیدا جێگەی بۆ بكاتەوە و پلانی كاركردنی بۆی هەبێت، بەسەرنج دان و چاوخشاندنێك بە مێژوی ئەواندا دەردەكەوێ كە كاری گەورەیان لەم رووەوە ئەنجام داوە و تاڕادەیەكی زۆریش كاریگەری و نەخشی خۆیان بەجێ هێشتوە ... بەهۆی بونی ستەمكاری و خۆسەپاندن و كاری دڕندانە و چڵێسانەی دەوڵەتە دیكتاتۆرەكانیشەوە رووی سیاسی كاركردنی بزاڤی ئیسلامی زیاتر زەق بویەوە و لەم میانەیەشدا وەكو كاردانەوە لەسەرەتادا –كە دواتر تەنزیریشی بۆ كرا- چەندین بزاڤی توندوتیژی ئیسلامی هاتە ئاراوە، زۆری ململانێ سیاسییەكان و پێشێل كردنی مافەكانیش لەلایەن دەوڵەتەوە، گرنگی پێ دانی سیاسی لای ئیسلامییەكان زەق كردەوە، بەڵام دواجار و بە رۆیشتنی كات و رودانی گۆرانكارییەكان و خواستی قۆناغەكانی دواتر و ئیهتیماماتی جۆراوجۆر، لایەنەكانی تری كاری ئیسلامی زیانی بەركەوت و ئەم بوارەش گرنگی پێویستی پێ نەدرا لەگەڵ ئەوەی كە لە بناغەدا هەمویان جێی گرنگی پێدانی ئیسلام و پرۆژەی كاری ئیسلامییەكانیشن، وەك بوارەكانی پەروەردەیی و بانگخوازی و تەزكییە و فیكر و زانست و خێرخوازی... دیارە ئەم دیاردەیە لەهەموو شوێنێكی جیهانی ئیسلامیدا وەك یەك نییە و لە هەندێ شوێنی وەكو توركیا و مەغریب و ... جۆرێك لە پۆلێن كردن و تەكمیلی ئەدوار هەبوە... جگە لە ئەزمونی تریش كە هەڵسەنگاندنیان كاتی تری دەوێ... هاوكات لەگەڵ مانەوەی هەوڵە تەقلیدییەكانی بانگەوازی ئیسلامی...
ئەوەی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەیە بەم شێوەیە بوە، سەرەتا زیاتر كارەكان روكارێكی پەروەردەیی و بانگخوازی بوە و دواتریش تێكەڵ بەكاری سیاسی و حیزبایەتی بوە، بەڵام باكگراوەندی ئیسلام گشتگیرە و بزاڤی ئیسلامیش دەبێت گشتگیرانە كاری خۆی ئەنجام بدات ئامادەگی هەبوە، ئەم دیدە بۆ ماوەیەك رۆڵی باشی خۆی هەبوە و خزمەتی كردوە، بەتایبەت لەسەرەتادا كە حەماسەتی زۆر هەبوە بۆ كاركردن و خۆنەویستان جوڵاون ... هەر بۆیە ئیسلامییەكانی كوردستانیش لە زۆربواری جیاوازدا جێ پەنجەیان دیارە(دیارە قسەی ئێمە لەسەر ئەو بزاڤانەیە كە لەنێوكۆمەڵگەی كوردیدا پێگە و قورساییان هەیە)، بەڵام ئەو كەم و كورتیانەی ئاماژەمان پێیدا لەنێو بزاڤی ئیسلامیی كوردستانیش دا بونی هەبوە و لارە سەنگی لە گرنگی پێدانەكاندا هاتوەتە ئاراوە... روداوەكانی كوردستان و ئەو ململانێیەی كە هەبوە و دەرهاویشتەكانی لایەنی سیاسی و میكانیزمی كاركردنی حیزبی و ئیدارییانەی زاڵتركرد لەسەر حسابی لایەنەكانیتری پەروەردەیی و خێرخوازی و بانگخوازی و خێرخوازی و فیكری و رێكخراوەیی....هتد...
لە ئێستادا ئیسلامییەكان بەهۆی هەمەكارییەوە و بە رەچاوكردنی گۆڕانكارییەكانی جیهانیش هەست كراوە بەوەی لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەت لە دوای 2003ەوە هیچ كارێكیان بەباشی و وەكو خۆی نەبردوەتە پێش و مافی هەموو بوارەكانیان نەداوە، واقعی هاوچەرخ و بارودۆخی كوردستان و لێك جیایی بوارەكانیش، پۆلێن كردنی كار و دابەش كردنی رۆڵ و پسپۆڕی دەخوازێ. ناكرێ بزوتنەوە و پارتێكی ئیسلامی وەها بزانێ لەناو بۆتەی جەماعەتەكەی ئەودا -كە روداوەكان كۆركی حیزبێكی سیاسیی زیاتر خەست كردوەتەوە تێیدا- دەتوانێ هەموو داخوازییەكانی ئیسلام و رێنماییەكانی و تەواوی خواستە نیشتمانی و بژێوییەكانی خەڵك بكاتە مەرجەعی كاركردنی خۆیی و پرۆژەی هەنوكەیی خۆی بۆ ئێستای كۆمەڵگە، چونكە ئیسلام و بەهاكانی و رێنمای و داخوازییەكانی گەورەترن لەوەی لە توانای حیزبێكی سیاسیی بگرە جەماعەیەكی ئسلامیدا بێت پراكتیكەیان كا و بەرنامەی هەمە لایەنی هەبێ بۆیان ... ئەكرێ ئەو پارتە سیاسییە ئیسلام مەرجەعی كاركردنی بێت لەكاری سیاسییدا، دادگەری و راوێژ و دژایەتی ستەم و دابینیكردنی مافەكان و یەكسانی و بەها هاوشێوەكانی مەشخەڵی بن بۆی كە زۆربەیان بەهای مرۆیییشن و لە ئاستی تەشریعیدا پشتیوانی و داكۆكیی لە بەها ئیسلامییەكانی كۆمەڵگە بكا و رێگە خۆشكەر بێت بۆ هەر پرۆژەیەكی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی كە خزمەت بە ژین و دینی خەڵكی دەكەن، بەڵام مەودای كار و ئیهتیماماتی ئەو دەبێ لە رووە مرۆییەكەی ئیسلامی تێدا بەرجەستە بێ و دابینكار و داخوازی كاری ماف و خواستەكانی هەموو هاوڵاتیان بێ، بێ جیاوازی ، هەموو كەسێكی ئەو وڵاتە بتوانێ ببێتە ئەندام تێیدا و خەبات بكات تێیدا لە پێناو ئەو بەها هاوبەشانەی هەموان تێیدا بەشدارن و خواست و خەمی هەموانە، لەگەڵ جیاوازی هەندێ دونیا بینی و بۆچونی جیاوازیشدا...
دەكرێ لێرەدا بپرسرێ ئەی كێ كار بكات بۆ برەودان بە دونیابینی ئیسلامی و ئەو بەها و رەوشت و بوارە جۆربەجۆرانەی ئیسلام و دەقەكانی دەیخوازێ لە روی كۆمەڵایەتی و ئابوری و بانگخوازی و پەروەردەیی و پەرستش و زانستی و زانستی ئیسلامی و هتد .... كە هەنوكە بەشێكە لەكاری ئیسلامییەكانی ئەمڕۆ؟!!
وەك وتمان ئیسلام و رێنماییەكانی و كار لەسەركردنیان لەكۆمەڵگەدا لە توانای پارتیێكی سیاسی بەدەرە، هەرچەندە مەرجەعییەتەكەی ئیسلامییش بێت، چونكە دواجار بارودخی سیاسی و كێبڕكێكانی ئەو بوارە پەلكێشی هەندێ ئیهتیماماتی تری دەكات، ئەكرێ حیزبێكی سیاسی مەرجەع ئیسلامی بە بەشێكی هەستێ، ئەویتری دەبێ بسپێررێ بە توانا جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵگە و ئەو دام و دەزگا رێكخراوو كۆمەڵە خۆبەخش و قازانج نەویست و بگرە قازانج ویستانەی تر و هەندێ بواریشی تاكە پسپۆڕ و بەتواناكانی كۆمەڵگە بەشێواز و فۆرمی جیاواز ی جۆراوجۆر رۆڵی خۆیانی تێدا ببینن، گروپ، كۆمەڵە و دام ودەزگای زانستی و فیكری و خێرخوازی و كۆمەڵایەتی و رەوشتی و ... سوود لە تواناكانیان ببینن ... دواجار هەموان پێكەوە پەستانی خۆیان دەبێ و رۆڵی باش دەگێڕن وەك گروپی فشاری جۆربەجۆر بۆ خواست و داخوازییەكانیان وەك بەشێك لە خواستی كۆمەڵگە كە ئایین پێكهێنەرێكی سەرەكییەتی... ئیسلام هی كۆمەڵگەیە و برەوپێدانیشی دەبێ هەڵقوڵاوی كۆمەڵگە بێ و نابێت كارێك بكرێ تەنها وەك كاری ئیسلامییەكان لێی بڕوانرێ، چونكە ئیسلام ئایین و ناسنامەی ئەو خەڵكەیە و تایبەت نییە بە ئیسلامییەكان، راستە ئیسلامییەكان سەردەماكانێك بەهۆی شەپۆلی ئیلحاد و عەلمانییەتی توندڕەوە داكۆكی كارێكی باش بوون لەو روەوە بەڵام كاتی ئەوەیە ئەو رۆڵە دابەش بكرێت و ئەو ئەركە تەنها وەك تاپۆی گروپێك بۆی نەڕوانرێ ...
پێشنیارم بۆ پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان
سەرەتا دوو سەرنج:
1. سەرەتا حەز دەكەم ئەم پێشنیارانە وەك سەرنج و خەمخۆری وەربگرن و ئەگەر بەهەڵەشیان بینی، خوێندنەوەی ئیجابی بۆ بكەن، بۆیە ئەم قسەیەش دەكەم چونكە ناوی تێدا دەهێنم...
2. سەبارەت بە ئاراستە ئیسلامییەكانی وەكو زانایان و ئەهلی تەسەوف و سەلەفییەكان و توێژەر و بیرمەندان و خەمخۆرانی تری جۆراوجۆری بواری ئیسلام دۆستی، تەنها قسەیەك لێرەدا بمبێت هاندانیانە بۆ ئەوەی جیدییانە و بێ كاردانەوە خەمی ئەو بوارەیان بێت و هەژمونی مێژویی بواری دینداری و تێگەیشتنی مەقتەعییانە و كاریگەر بە واقیعی رابردوو لەسەر خۆیان كەم كەنەوە و زیاتر بیر لە گەڕانەوە بۆ جەوهەری ئیسلام و دەققەكانی قورئان و سوننەی صەحیح بكەن و كێشەكانی مێژوو پەلكێشی ئێستا نەكەن، ئەمە بە یەكجاری تارادەیەك ئەستەمە بەڵام دەكرێ هەوڵی بۆ بدرێ ... زۆر گرنگە دابو نەریت و بارودۆخی تایبەتی مێژوویی نەكەینە ئیسلام و بەناوی خواوە نەیكەین بە دین...
سەبارەت بە بزوتنەوە و كۆمەڵ و یەكگرتووش ئەم سەرنج و پێشنیارانەم هەیە:
1. پێم باشە بزوتنەوەی ئیسلامی ببێتە كۆمەڵە و رێكخراوێكی بانگخوازی و پەروەردەیی و فیكری و واز لە كاری سیاسی راستەوخۆ بهێنێت و ئەوانەشی خولیای كاری سیاسییان هەیە تێكەڵ بە كۆمەڵ یا یەكگرتوو یا .... ببن و ئەو خواستەیان لەوێدا پیادە كەن ... خۆ ئەگەر ئەمە بە قورس دەبینن ئەوا دەكرێ وەك ئێستە بمێنن بەڵام تموحی تربوی و دەعەوییان زیاد كەن نەك سیاسی... ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە بەو خوێندنەوە لە دوورەوە هەمە گەیشتووم بەو قەناعەتەی بزوتنەوە كەمتر دەتوانێ پێشكەوتنی سیاسی و جەماوەری بۆ خۆی مسۆگەر كات و دەرفەتی پێشكەوتنی كەمترە بەڵام دەتوانێ بەچەند هەزار كەسێك زۆرترین كاریگەری ئیجابی بە كۆمەڵگەی كوردی بگەیەنێت، بەتایبەت بنەماڵەی سەركردە دیارەكانی ئەم بزوتنەوەیە مەلا زادە بوون و رۆڵی دیار و بەرچاویان هەبوە و دەكرێ بە دیدێكی نوێوە بەهێزتر و كاریگەر تری كەن ... ئەم بۆچونەشم هیچ بەكەم بینینێكی تێدا نییە بۆ ئەو مامۆستا بەرێزانەی سەركردایەتی ئەم بزوتنەوەیە دەكەن... دەزانم كەسی بە توانایان زۆرە بەڵام من باسم لە كاریگەریی و گەشەی سیاسیی و بەشدارییە لە فەرمان رەوایەتییدا... ئەو بوارەی كە پێم باشە ئەوان خۆیانی بۆ یەكلا بكەنەوە هیچی كەمتر نییە لە بواری سیاسی رووت و صرف، بەڵام بە رێگەیەكی دی ...

2. بۆ كۆمەڵ و یەكگرتووش پێم باشە ئەم دووپارتە ئیسلامییە بەشێوازێكی باشتر ئەو هەزاران توانا جۆربەجۆرانەی هەیانە وەگەڕی خەن و بیكەنە خزمەتی لایەنە جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵگاوە و هەموو تواناكان نەخەنە خزمەتی كاری سیاسی و كارگێڕی و رێكخستن حیزبی، چونكە بەسەدان و هەزاران توانا هەیە مەیلی ئەم جۆرە كاركردنەیان نییە و چێژی لێ نابینن و تامەزرۆی نیین، هەر بۆیە ناكرێ ئەو توانایانە بمرێنن و خواستەكانیان بكوژن، یاخود ئەوەندە ماندوویان بكەن لە جۆرە كارێكدا كە دواتر مەیلی راكردن و خۆدزینەوەیان بۆ دروست بێت... ئەمە كەم كردنەوە نییە لە كاریگەری و رۆڵی ئەو بوارانەی باسم كردن بە ئەندازەی ئەوەی خەمە بۆ سوود بینین لە تواناكان و خزمەتكردنی كۆمەڵگە بەو ئاقارەی تاكەكان خۆیان ئارەزووی دەكەن و بەكاركردن تێیدا دەگەشێنەوە و حەزی پێ دەكەن ... ئەم بابەتەش بەوە چارەسەر نابێ مەكتەبی تایبەتی لە حیزبدا دروست كەیت بۆ ئەو بوارانەی پێویستی كۆمەڵگەیە چونكە دواجار سنوردار دەبێ و توانای گەشەكردنی كەمە، ئەكرێ ئەو مەكتەبانە تەنها بۆ ئەندامەكان بێت بەڵام فریای كۆمەڵگە ناكەوێ بە پێی پێویست. هەربۆیە پێشنیار دەكەم:

أ‌. ئەگەر بتوانن ئەم دوو پارتە ببەنە یەك و پارتێكی سیاسی نوێ دروست بكەن بە ناوێكی نوێ و سەركردایەتییەكی نوێوە... دیارە ئەمە زەمینەسازی دەوێ و ئێستە نەگەیشتوەتە ئەو ئاستە بەڵام وەك ئەگەرێك دەكرێ بخرێتە پێش چاو ..
ب‌. توانا پەروەردەیی و فیكری و بانگخوازی و مەدەنی و زانستییەكانیان لەچەند كۆمەڵە و رێكخراوێكی راستەقینە و فیعلییدا یەك بخەن و لەگەڵ كەسە بێ لایەنەكاندا بڕیاری كاری جدی بدەن بەڵام بەدەر لە رێكخستنی حیزبی و بەبێ ئەوەی سەر بە مەكتەبێكی حیزبی بن، واتە تەواو سەربەخۆ بن و تەنها پەیمانی ئەخلاقی و خزمەت بە دین و ژینی كۆمەڵگا بە ئەوانییەوە گرێ بدات ... ئەمە لە دیدی سەركردایەتی ئەو دوو حیزبەدا لەوانەیە زۆر قورس بێ بەڵام بە بۆچونی من هەم كۆمەڵێ ئەركی حیزبی سیاسی سووك دەكات و هەم دەرفەتی گونجاو بۆ خزمەتی راستەقینەی كۆمەڵگە دەڕەخسێنێ كە ئامانجی پارتە ئیسلامییەكانە و بەم ئالیەتەی ئێستای ئەوان بەدی نایەت یان زۆر لاواز و سنووردار دەبێت... ئەم كارەش توێژینەوە و كۆنگرە و كۆنفرانسی تایبەت و جدی دەوێ، خۆ ئەگەر كۆمەڵ و یەكگرتوو بە هاوبەشی نەیان توانی ئەمە بكەن ئەوا هەریەكەیان بەتایبەتی دەتوانێ بۆ خۆی بەو كارە هەستێ...
3. ئەگەر هەردووكیان نەیان توانی ئەم كارە بكەن ئەوا من پێشبینی سەلبیاتی تر دەكەم و وەك كوردی لە هەردوو جەژن بویان لێ بەسەر دێت و وردە وردە توانا جۆربەجۆرەكانیان لێ دەتەكێتەوە و بە ئاراستەی تر و جیاواز تریشدا دەڕوات و لە شوێنی ترەوە كەمەند كێش دەكرێن و سودیان لێ دەبینرێت و هەموو ئەمانەش كاریگەریی سەلبی لەسەر ئەو ئامانجانەی كاریان بۆی كردوە و كاریگەریی نەرێنیش لەسەر جەماوەری بونیان بەجێ دەهێڵێ. دووریش نییە بەدیل بۆ كاری سیاسی و پەروەردەیی و بانگخوازی و زانستی و هتدیان دروست ببێت لە مەودایەكی تارادەیەك نزیكدا ، ئەگەر بەخۆیاندا نەچنەوە و پۆلێن كردن بۆ كارە گرنگەكان نەبیننەوە و وەها نەڕواننە كار و بوارەكان كە دەبێ رۆڵەكان دابەش بكرێ و بەرپرسیارێتییەكان پەرت پەرت بن و هەموو لەسەر شانی ئۆرگانێك نەبێ ... هیوادارم ئەم پێشنیارانەم وەك خۆی بگات و بتوانێ سودێكی لێ ببینرێت بەتایبەت بۆ كۆمەڵی ئیسلامی كەهەنوكە لەسەروبەندی كۆنگرەدان....
به‌روار: 24/12/2014
بینین: 1826
   زیاتر ...
12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت