نوسه‌ران
  بڕیاره‌ پێكه‌وه‌بین ... له‌شه‌ڕدا به‌شی ئاشتی بهێڵنه‌وه‌!
فاتیح سه‌نگاوی

سروشتی كاری سیاسی پڕه‌ له‌ ململانێ، پڕه‌ له‌هه‌ڵوێستی به‌رز و نزم و شكست و سه‌ركه‌وتن، ساتمه‌دان و هه‌ستانه‌وه‌، فاوڵ و گۆڵ ... له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا به‌رده‌وام له‌بیرمان بێ ده‌بێ پارتی سیاسی و كاری سیاسی ده‌بێ دواجار خزمه‌ت به‌ خه‌ڵك و خۆشگوزه‌رانی و داد و گه‌شه‌پێدان و خواسته‌ ره‌وه‌كانی خه‌ڵك بكات ... تا سه‌ر ئێسقان ده‌بێ دژی خۆسه‌پاندن و زۆرداری و خۆپیرۆز كردن بین ... ره‌وا نیه‌ وه‌ها بزانین تاكه‌ رزگاركه‌ر و فریاد ره‌سی ئه‌م وڵاته‌ ته‌نها ده‌بێ فڵان كه‌س بێ و وه‌ها ببینین عه‌ره‌ب وته‌نی:(لیس في هذا البلد الا هذا الولد)، بۆ گه‌یشتن به‌خواسته‌كانیشمان هه‌موو رێگه‌یه‌كی شه‌رعی و یاسایی جۆراوجۆر ده‌گرینه‌ به‌ر، به‌ڵام له‌پێناو بردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی سیاسی كاتی، یان فاوڵێكی لایه‌نێكی سیاسی یا خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ هه‌ڵوێسته‌كان لێشاوێك له‌خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ بكه‌ونه‌ ته‌شهیر و جنێودان و یه‌كتر سفركردن و ته‌خوین وله‌كه‌دار كردن و شێواندنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئارامی ده‌رونی یه‌كتر ... دواجار ئه‌م ره‌فتارانه‌ خزمه‌ت به‌یه‌كڕیزی كۆمه‌ڵگاو ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی ده‌رونی ناكات و هه‌ڵچون و جنێو خۆسووركردنه‌وه‌ی بێ واتا ده‌كه‌ینه‌ سیمای ئه‌و هه‌موو گه‌نج و لاوه‌ خوێن گه‌رمه‌ی كه‌ هیوامان وایه‌ داهاتویه‌كی باشتر بۆخۆیان و نه‌وه‌كانی داهاتوو بنیات بنێن ... ئێمه‌ به‌م كاره‌ مێژوویه‌كی قێزه‌ونی شه‌ڕ ی ناوخۆ... سوكایه‌تی ... بێ ئاكاری و له‌ده‌ست دانی به‌ها جوانه‌كان ده‌كه‌ینه‌ كه‌لتووری لاوانی هه‌نووكه‌ ... ئه‌م كارانه‌ به‌ هیچ پێوه‌رێكی زانستی ته‌ندروست نین ... ره‌خنه‌ و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی و چه‌ندان و چه‌ندان رێ و شوێنی جیاواز هه‌یه‌ بۆ ته‌عبیركردن له‌و دۆخه‌ی له‌ ئارادایه‌ ... به‌ڵام چاندنی تۆوی رق و كینه‌ دواتر عونف و توند و تیژی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ ... نابینی براده‌رێك هاوار ده‌كا و ده‌ڵێ: ته‌نها رێگه‌مان بده‌ن ده‌چین مناڵی ناولانكیشیان سه‌ر ده‌بڕین!! كۆمه‌ڵێ په‌یجیش كات و به‌روار داده‌نێن بۆ هاتنه‌ ریزی گه‌ل و وڵاته‌وه‌ له‌لایه‌ن فیسار هێزی سیاسییه‌وه‌ ئه‌گینا شار به‌ده‌ر ده‌كرێن و باره‌گایان ده‌سوتێنرێ و ئه‌ویتر ئه‌كه‌وه‌نت و په‌یج دروست ده‌كات به‌ناوی ئه‌م و ئه‌وه‌وه‌ و هێرش ده‌كاته‌ سه‌ربه‌رامبه‌ر ئیتر خوای زانێ هێرش به‌ر كێیه‌ و به‌ چ مه‌به‌ستێك ئه‌و كاره‌ و ئه‌و ناو زڕاندنانه‌ ئه‌نجام ده‌دات ... ئایا ئه‌م جۆره‌ ته‌شهیر و هێرش و رق چاندنانه‌ خزمه‌تێ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات؟ سبه‌ی كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌گه‌نه‌ ده‌ره‌نجامێك ئه‌و كات ئه‌و برینداركردن و رق چاندنانه‌ چی به‌رهه‌مێكی ئیجابی له‌دوای خۆی به‌جێ دێڵێ؟!
با جیاواز بین... با داكۆكی كاری سه‌رسه‌خت بین له‌ ماف و خواست و ئازادییه‌كان ... به‌ڵام بۆ ده‌سكه‌وتێكی كاتنی و بردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی سیاسی و خۆجوانكردنێكی رووكه‌ش جوانیه‌كانی كۆمه‌ڵكه‌ و پاكییه‌كانی ناخ و ئارامییه‌كانی ده‌رون پیس و لێخن نه‌كه‌ین ... به‌ها جوانه‌ دینی و مرۆییه‌كان نه‌به‌زێنین و برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و هاریكاری ئیجابی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی تێك نه‌ده‌ین چونكه‌ بڕیاره‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ بژین و به‌شدار بین له‌ بنیاتنانی داهاتویه‌كی باشتر و خۆشتر و ئاسوده‌تر له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا.
به‌روار: 22/08/2015
بینین: 1332
   زیاتر ...
12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت