نوسه‌ران
  باخچه‌لی پاداشتی كوردانی باكوور ده‌داته‌وه‌ !!
شوان هەورامی

ده‌وڵه‌ت باخچه‌لیی سه‌رۆكی پارتی نه‌ته‌وه‌یی تورك ( MHP ) له‌ نوێترین لێدوانیدا داوای داخستنی پارتی دیموكراتی گه‌لان ( HDP ) ده‌كات ، ئه‌و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی رێبه‌ری ( PKK ) به‌ تاوانباره‌كه‌ی ئیمرالیی ناو ده‌بات و ده‌ڵێت : " بانگەوازەکانی ئەو بۆ چەکدانان تەنها بۆ رابواردن بووە و هیچ سوودێکی نەبووە " ، ناوبراو داوای له‌ ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵوو كرد كه‌ ئیتر هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی .
باخچه‌لی داوای له‌ داواكاری گشتیی توركیا كردووه‌ كه‌ رێكاری یاسایی بگرێته‌به‌ر به‌رانبه‌ر به‌و پارت و لایه‌نانه‌ی كه‌ پشتیوانیی له‌ ( PKK ) ده‌كه‌ن و داواشی له‌ سه‌رۆك وه‌زیران كرد كه‌ ( HDP ) دابخات .
جێی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری پێشووی توركیادا ، كه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌دا ئه‌نجام درا ، عه‌بدوڵڵا گویل و ده‌وڵه‌ت باخچه‌لیی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تیی بوون ، به‌ڵام په‌رله‌مانتارانی كوردی باكوور له‌سه‌ر داوای " لویس ئه‌یالا " ی سكرتێری سۆشیالیستیی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌نگیان بۆ " ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی " دا ، له‌ كاتێكدا هه‌موو تاوانه‌كانی دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌و پارته‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌ تیایدا به‌شدار بووه‌ ، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو ، پارتی دادوگه‌شه‌پێدان ( AKP ) هه‌ڵوێستی دژی ئیسرائیل وه‌رگرتبوو له‌سه‌ر تاوانه‌كانی به‌رانبه‌ر به‌ كه‌رتی غه‌زه‌ی فه‌له‌ستین و ئه‌یالاش جوله‌كه‌یه‌كی لایه‌نگری سه‌رسه‌ختی ئیسرائیله‌ و بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ ئاكه‌په‌ كورتی وه‌كو كارتی گوشار به‌كارهێنا ، كوره‌كانیش كوێرانه‌ خۆیان كرده‌ كارتی ده‌ستی بێگانه‌ . كه‌چی دوای ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا گویل بووه‌ سه‌رۆك كۆمار یه‌كه‌مین چالاكیی ئه‌وه‌ بوو سه‌ردانی ئامه‌دی كرد و رایگه‌یاند كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتیی بڕیارێكی ستراتیژییه‌ و ده‌بێ هه‌موان هاوكاربن بۆ سه‌رخستنی !!
دوای سه‌ركه‌وتنی ئه‌مجاره‌ی ( HDP )ه‌ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش رایگه‌یاند جگه‌ له‌ ( AKP ) ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ( MHP ) و ( CHP ) دا ئیئتیلاف دروست بكات بۆ حكومه‌ت ، واته‌ كوردی قوربانیی تاوانه‌كانی ئه‌و دوو پارته‌ كه‌مالیه‌ ئاماده‌ بوو له‌گه‌ڵ چه‌وسێنه‌رانیدا حكومه‌ت پێك بهێنێت ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و پارته‌دا كه‌ ئه‌و فه‌زا دیموكراسیه‌ی بۆ ئاوه‌ڵا كردبوو كه‌ بگاته‌ ئه‌و هه‌موو ماف و ده‌سكه‌وتانه‌ ئاماده‌ نه‌بوو حكومه‌ت پێك بهێنێت ، كه‌ ئه‌مه‌ش دووباره‌ ئاماچه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پارته‌ ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كیی جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ وه‌كو بڕینه‌وه‌ی داری ژێر پێی خۆی وابوو . 
ئه‌مه‌ پاداشتی راسته‌قینه‌ی ده‌رك نه‌كردنی قوناغه‌كه‌یه‌ له‌ لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارانی باكوور و پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ ، كه‌ ئاشتیی ده‌بووه‌ هۆی زیاتر بێهێزكردنی پارته‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌ توركه‌كان و زیاتر گۆشه‌گیركردنی ژه‌نڕاڵه‌كانی سوپای توركیا ، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسیی بوون بۆ سه‌ر كورد ، به‌ڵام ئه‌وه‌تا به‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی جه‌نگ ده‌نگی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان به‌رز بووه‌وه‌ و سوپاش جارێكی تر هاته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت ، ماڵوێرانی راسته‌قینه‌ش كوردانی باكوورن كه‌ دووباره‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ ژێر باری نائاسایی و ئه‌شكه‌نجه‌ی سوپا و ژه‌ندرمه‌ و ساڵانێكی تر بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ بووژانه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان دوا ده‌كه‌ون . مه‌خابن ئه‌مه‌یه‌ ئه‌نجامی نه‌فامیی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد به‌ درێژایی مێژوو !!
به‌روار: 03/08/2015
بینین: 465
   زیاتر ...