نوسه‌ران
  بۆچیی یه‌كێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان كاریگه‌ریی نیه‌ ؟!‌
شوان هەورامی
‌‌
یه‌كێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان ، وه‌كو رێكخراوێكی گه‌وره‌ له‌ زانایانی جیهانی ئیسلامیی له‌م مانگه‌دا له‌ ئه‌سته‌مبوڵ كۆنگره‌ی دووه‌می خۆی گرێدا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ تا ئێستا ئه‌م رێكخراوه‌ نه‌یتوانیووه‌ وه‌كو رێكخراوێكی كاریگه‌ر رۆڵی خۆی ببینێت ، كه‌ ده‌كرا له‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستای باشتر رۆڵ ببینێت ، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی نه‌یتوانیووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت ؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵێك بده‌ین :

1. له‌سه‌ره‌تادا كه‌ دروست كرا جۆرێك له‌ یه‌كڕه‌نگیی پێوه‌ دیار بوو ( واته‌ رێكخراوێكی ئیخوانیی زانایان بوو ) ، به‌ڵام دوای چه‌ند قۆناغێك هه‌ر له‌و جوغزه‌دا مایه‌وه‌ و له‌و گرفته‌ تێپه‌ڕی نه‌كرد .

2. ئاشكرایه‌ دیكتاتۆریه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ جیهانی ئیسلامیدا هۆكارێكی سه‌ره‌كیی بووه‌ بۆ رێگریی له‌ به‌شداریی زۆرێك له‌ زانا پایه‌به‌رزه‌كانی وڵاتانی ئیسلامی له‌و رێكخراوه‌دا ، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نیه‌ رێكخراوه‌كه‌ش بۆ خۆی به‌و ئاقاره‌دا هه‌نگاو هه‌ڵگرێت كه‌ له‌ سنووری حیزبایه‌تیی ده‌رنه‌چێت .

3. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ : ئایا زانایان به‌ چ شێوه‌ و پێوه‌رێك بۆ ئه‌ندامێتیی و به‌شداریی له‌ كۆنگره‌كاندا دیاریی ده‌كرێن ؟ بۆ نمونه‌ میكانیزمی دیاریكردنی زانایانی كوردستان بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ چۆنه‌ ؟ خۆ ده‌بوو كۆنفرانسی تایبه‌تی هه‌ر وڵات و هه‌رێمێك ببه‌سترێت بۆ دیاریكردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ ئه‌ی به‌ چ شێوه‌یه‌ك نوێنه‌رانی كوردستان دیاریی كراون ، كه‌ هه‌موویان ئیخوانین و له‌و هه‌موو زانایه‌ی كوردستان خه‌ڵكی تر به‌شدارییان پێنه‌كراوه‌ .

ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ی كورد و هه‌موو گه‌لانی موسوڵمان له‌و رێكخراوه‌ چاوه‌ڕوانن ، باسكردن و پشتیوانیی كێشه‌ ره‌واكانیانه‌ ، كه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش كاتێ ده‌بێت نوێنه‌ره‌ راسته‌قینه‌كانی ئه‌و میلله‌تانه‌ به‌ هه‌ڵبژێردراویی دیاریی بكرێن و بنێردرێن بۆ كۆنگره‌ی گشتیی .

ئێمه‌ به‌ شانازیی ده‌زانین پرۆفیسۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی وه‌كو كوردێك بووه‌ته‌ ئه‌مینداری ئه‌و رێكخراوه‌ ، به‌ڵام كاتێ به‌ چاوی قازانج و زیان له‌و رێكخراوه‌ ده‌ڕوانین و به‌لاغی كۆتایی كۆنگره‌ی ئه‌سته‌مبوڵ ده‌خوێنینه‌وه‌ ، پرسیارێكی گه‌وره‌ له‌ زه‌ینماندا دروست ده‌بێت كه‌ : ئایا له‌م كاته‌دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان ملیۆن و نیوێك ئاواره‌ی سوننه‌ی عێراق و سوریا و ئێرانی تێدایه‌ و داعش هێرشی كردۆته‌ سه‌ر كوردستان و نه‌هامه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی خوڵقاندووه‌ بایی ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ ئاماژه‌ی پێ بدات و ئیدانه‌ی ئه‌و كوشتار و شه‌پۆلی ئاواره‌ بوونه‌ بكات ؟ كورد وه‌كو به‌شێكی جیهانی سوننه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ پشتیوانیی لێ بكرێت به‌رانبه‌ر بودجه‌ بڕین و ئه‌و سته‌مكارییانه‌ی كه‌ حكومه‌تی به‌غدا لێی ده‌كات ؟ ئه‌ی بۆ باسی میسر و سوریا و جیبۆتیی و سۆمال و وڵاتانی تر ده‌كات ؟ ئایا سته‌مكاریی له‌و وڵاتانه‌دا زیاتره‌ له‌و سته‌مه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ كورد ده‌كرێت ؟ یا به‌ داخه‌وه‌ رێكخراوێكه‌ هه‌ژموونی عه‌ره‌بی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و گه‌لی كوردی موسوڵمان به‌ مه‌ترسیی ده‌زانێت بۆ سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی كه‌ كاتی خۆی ( سایكس – بیكۆ ) دایانڕێژاوه‌ و ئێستا له‌لای زانایانیش ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ وه‌كو شتێكی پیرۆز سه‌یر ده‌كرێت و مانه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ به‌لایانه‌وه‌ باشتره‌ له‌ گه‌یشتنی گه‌لانی موسوڵمان به‌ ئازادیی و مافی چاره‌نووسیان ؟

ئه‌م یه‌كڕه‌نگیه‌ی رێكخراوه‌كه‌ كاریگه‌ریی سیاسیی و مه‌عنه‌ویی كه‌مكردۆته‌وه‌ ، له‌وه‌دا كه‌ بتوانێت رای گشتیی ئیسلامیی بجوڵێنێت ، ئه‌م رێكخراوه‌ زیاتر ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر پشتیوانیی ده‌كات و توركیاش هاوكاریه‌تی ، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ كارتی گوشار بۆ سه‌ر وڵاتانی دیكتاتۆریی ، به‌ تایبه‌تی سعودیه‌ و ئیمارات و میسر .
به‌روار: 03/09/2014
بینین: 582
   زیاتر ...