نوسه‌ران
  سازان لەتەرازوی دیموکراسیدا لەهەریەمی کوردستان.
یــەحـــیـا کامـیــل مه‌حمود

سیستەمی دیموکراسی لە سەرەتاییترین پێناسە و ناونیشانیدا مانای بە پرۆسەکردنی دەوڵەت و بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانیەتی لەڕێگەی زۆرینەی کۆمەڵگا واتە هێزی گەل بەیەکسانی و بەبێ جیاوازی لە ئاستی هۆشیاری و فیکر و کارایی. وە زۆر جاریش بانگەشە دەکات بۆ فرەیی لە ڕەوت و حیزب و هێزەکاندا تاکو دەستەواژەی دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات لە خۆیدا نمایش بکات. دەستاو دەست پێکردنی دەستەڵاتیش گەر بە دۆخێکی نۆڕماڵ و بێ بەرستدا بڕوات و دەسەڵات لە لایەن کەسێک یان هێزێکی سیاسیەوە قۆرخ نەکرێت ئەوا بەو دۆخە دەوترێت دۆخی دیموکراسی جێگیر .
میکانیزمی ئەم پرۆسەیەش واتە دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات لەڕێگەی بڕگە و مادەکانی نێو دەستورەوە ڕێک دەخرێن .لێرەدا دەکرێ بپرسین ئایا چەمکی سازان چیە؟ وە ئایا ئەم چەمکە شوێن و پێگەی لە سیستەمی دیموکرسیدا هەیە؟ گەر هەیە لەکوێدا کارایە؟
سازان بە تێگەیشتنە گشتیەکەی بەمانای ڕێککەوتنی دوو هێز یان زیاتر دێت لەسەر پاکێج و بنەمایەک کە دەرەنجامەکەی بەسودی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا کۆتایی بێت وە هەر بەو ئامانجەش ئەنجام بدرێت.
گەر بە چاویلکەیەکی زیاتر بابەتیانەوە بۆ چەمکی سازان بڕوانین ئەوا خۆی لە دوو چەمکی تردا دەبینێتەوە و پۆلێن دەبێ بۆ هەریەکە لە چەمکی سازانی سیاسی و چەمکی سازانی نیشتیمانی.سازانی سیاسی بریتیە لە پێکهاتن و تەوافوقی نێوان هێزە سیاسیەکان لە نێوخۆی دەسەڵات و ئیدارەی حوکمەتدا بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت و دابەش کردنی جومگەکانی دەسەڵات و وەزارەتەکان لەنێوان خۆیاندا وە بەشداربوانی ئەم سازانەش تەنها لەو هیزە سیاسیانە پێک دێت کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا براوە بوون، هەروەها ئەم چەمکەش زۆرترین کاتێک کە بکەوێتە بەر باسی هیزە سیاسیەکان و ناوەندەکانی ڕۆشنبیری ئەو کاتەیە کە پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی پێ هاتووە و سەرەتای دامەزراندنی کابینەی حکومەتە.
بەڵام چەمکی سازانی نیشتمانی ڕێکەوتنی نێوان هێز و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە ، لایەنە کۆمەڵایەتیەکانیش بەزۆری پێکدێن لە ڕێکخراو و چالاکوانەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و نوخبە ڕۆشنبیریەکانی نێو کۆمەڵگا کە لەدەرەوەی بازنەی حیزبەوە کار دەکەن،پێشتر وتمان کە سازانی سیاسی ڕێکەوتنە لەسەر پرسە سیاسیەکان بۆیە تەنها هێزە سیاسیەکان تیایدا بەشدارن بەڵام سازانی نیشتیمانی تەوافوق و ڕێکەوتنە لەسەر پرسە نیشتیمانی و گشتیەکانی نێو کۆمەڵگە کە لە زۆر حاڵەتدا پرسی دەستورە بۆیە سەرجەمی کۆمەڵگا لەم سازانەدا بەشداربونیان پێویستە.
هەریەمی کوردستان لەئێستادا لەحاڵەتی تێپەڕین لەقۆناغێکدایە بۆ قۆناغێکی نوێتر بەوەی کە لەبەردەم پرسی دەستوردایە کە بەتەواوی ئایندەی سیاسی پێوە بەندە .
لەئێستادا کۆمەڵێک گرفتی سیاسی لە ئەدای کاری حیزبە سیاسیەکاندا بوونی هەیە لە کوردستان،یەکێک لەو گرفتانە ئەوەیە کە پرسی دەستور و لەنێویشیدا پرسی ویلایەتی سەرۆکایەتی بە سیفەتی ڕەهەندی نیشتیمانی کە پەیوەندی بەسەرجەمی کۆمەڵگاوە هەیە لە پەرلەمانەوە هێنراوەتە دەرەوەی پەرلەمان تاکو سازانی نیشتمانی لەسەر بکرێت بەڵام دەبینین دیسان هەروەک سازانی سیاسی مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکەن و تائێستا نەمان بینیوە چینە جیاوازەکانی دەرەوەی پرۆسەی سیاسی لە نێو ئەو سازانەدا بەشدارییان پێ بکرێت، واتە بەمە ناڵێن سازانی نیشتمانی بەڵکو سازانی سیاسی.ئەم گرفت و تێکەڵ کردنەش تەنیا لە پراکتیکدا نیە بەڵکو لە گوتاری هەردوو سەرۆکایەتیەکە واتە سەرۆکایەتی هەریەم سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی پێکراوە کە دەڵێن پێویستە بگەینە سازانێک بەهەمان شێوەی ئەو سازانەی کە حکومەت و پەرلەمانی لەسەر دامەزراوە ئەمەش واتە دابڕینی بەشێک لە کۆمەڵگا لەو سازانە.
یەکێکی تر لە گرفتەکان ئەوەیە کە لەنێو دەستوردا بڕگە و مادەی تایبەت بە پرسی ماوەی سەرۆکایەتی هەریەم داڕێژراوە بەڵام یەکێک لەهێزە سیاسیەکان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە دەیەوێت لەڕێگەی سازانێکەوە کە پێچەوانەی دەستورە ماوەی سەرۆکایەتی هەریەم درێژ بکاتەوە، چونکە لەکاتێکدا کە لەدەستوردا بڕگە و مادەی تایبەت بە یاسای سەرۆکایەتی هەبێت و وادە و ئیمتیازات و دەسەڵاتەکانی سەرۆک دیاری کرابێت ئەوا سازان لەو نێوەندەدا نابێت کاری پێ بکرێت لەبەر ئەوەی هەڵگری تایبەتمەندی یاسایی نیە ، بەڵام سازان لەکاتی دانانی دەستورەکەدا کە پرسی سەرۆکایەتیەکەی تێدا یەکلا دەکرێتەوە حاڵەتێکی ئاسایی و تەندروست دەبێت.
به‌روار: 14/08/2015
بینین: 1228
   زیاتر ...