نوسه‌ران
  ڕوداوەكـانى پاريـس لە نـێوان ـتيـرۆريـزمى ديـنى و ريشە مێژويى و فكرييەكانى عەلمانيزم.
یــەحـــیـا کامـیــل مه‌حمود

ئەوەى لەم چەند رۆژەدا لە پايتەختى ولاتى فەرنسا شارى پاريس روويدا كارەساتێكى جەرگبڕ بوو بۆ نەتەوەى فەرەنسا, كە لە چەند شوێنێكى جياوازدا تەقينەوە و هێرشى چەكدارى و كردەى خۆكوژى بە رووى پاريسدا كۆتاييەكانى شەوى ١٣ى نۆڤەمبەرى كردە شەوێكى خوێناوى و ديسان ١١ي سێپتەمبەرى وەبير رۆژئاوا هێنايەو. ئەوەى زياتر ناوەندە جيهانيەكانى زياتر بەخۆوە خەريك كردووە لەم پرسەدا كە بە تيرۆريزم ناوى دەبەن ئەوەيە كە ئاين لە پشت روداوەكانى دوايي فەرەنساوە هەيە, بەلام لێدەگەرێن لەوەى كە ئايا تيرۆريزمى دينى لەبەرامبەر كام سيستەمى سياسى يان وردتر بلێين كام فۆرم و مۆدێلى عەلمانيزمدا دروست بووە.
لەم باسەدا دەمەوێ تيشك بخەمە سەر دوو مۆدێلى ديارى سيكۆلاريزم لە رۆژئاوا كە ئەوانيش سيكۆلاريزمى ئەنگلۆسەكسۆنيە لە بەريتانيا و سيكۆلاريزمى راديكالى شۆرشگێرانەيە لە فەرەنسا, كە ريشەى هەريەكەيان لە دايكبووى بيئە و فۆرم و قۆناغى جياوازى تايبەت بە خۆيانن.لە رووانگەى بەراوردكارى ئەم دوو مۆدێلە جياوازە لە عەلمانيزم دەمانەوێ بپرسين كە ئايا بۆچي تبرۆريزم زياتر لەبەردەم كۆمەلگەى فەرەنسيدا ئەگەرێكى زياتر كراوەيە وەك لە كۆمەلگەى بەريتانيا.
عەلمانيزمى فەرەنسي لە تيۆردا بەرهەمى مۆدێرنيزمە و سەرەتاكانى بە ئاشكرايي دەگەرێتەوە بۆ نوسراوەكانى ماكياڤيلى فەيلەسوفى سياسى ئيتاليا, دواتريش زەقتر و روونتر دەبێتەوە لە قۆناغى عەقلانيەتى ڕۆشنگەريدا, وە لە پراكتيكدا واتە لە چوارچێوەى دەولەت و دەسەلاتدا سيكۆلاريزم لە دواى شۆرشي فەرەنسي سالى ١٧٨٩ راستەوخۆ هاتە سەر شانۆى سياسي. شۆرشي فەرەنسي لەگەل ئەوەى پرۆسەيەكى سياسى و كۆمەلايەتى بوو لە گۆشەيەكيشەوە شۆرشەكە لە ڕيشەوە دژى هەژمونى دينى بوو. پێويستە ئەوە بلێين كەلە زۆر كاتدا ئامانجەكانى شۆرش ئامانجى راديكالين و پەلە دەكرێت لە بەدەستهێنانياندا و زۆركاتيش ميكانيزمى وەديهاتنيان توندوتيژييە, هەروەها هەندێ ئايدۆلۆژياش لە ساتى نەش و نماكردنيانەوە هەلگرى داخوازى و ئامانجى راديكاليە, بەلام دواجار تێكەل بە بەها و پرەنسيبە باوەكانى تر دەبێت , بۆ نمونە ئايدۆلۆژياى ليبراليزم لەساتى دروستبوونيەوە ئامانجگەلێكى ريشەيى و رەهاى هەبوو لە مەڕ پرەنسيبى ئازادىدا و پرەنسيبى يەكسانى بە بەربەست دەزانى لەبەرامبەر ئازادى تاكگەراييدا, بەلام دواجار بە تێپەربوونى  چەند سەدەيەك لەگەل پرەنسيبى يەكسانى و ديموكراسيدا ديسپلين بوويەوە. يان ئايدۆلۆژياى كۆنسەرڤاتيزم سەرەتا بە رەهايى دژى هەموو بەهاكانى مۆديرنيزم بوو لەكۆتايدا ئەويش مۆدێرنيزە كرايەوە. ئامانجەكانى شۆرشي فەرەنسيش لەبەرامبەر هەيمەنەى دين و سنورە دينيەكان ريشەيى بوون, ئامانجە ريشەييەكانى شۆرشى فەرەنسى بۆ كەبت كردنىئازاديە دينيەكان و بەشێك لە بەهاكانى تاكو ئێستاش بەردەوامى هەيە بەلام لە بەرگى شارستانيەتى پۆست مۆدێرنيزمدا.بۆيە ئەگەرەكانى كاردانەوە بەرامبەر بەم مۆدێلەى عەلمانيزم ئەگەرێكى كراوەيە و هەندێ جاريش فۆرمى توندتر بەخۆوە دەبينێ و ئەو چوارچێوەيە وەردەگرێت كە پێىدەوترێت تيرۆريزم.
بەلام عەلمانيزمى ساكسۆنى بەريتانى جياواز لە سيكۆلاريزمى فەرەنسى بە پرۆسەيەكى جياوازتر و هێواشتردا راگوزەرى كرد لە بەريتانيا. جياوازى ژينكەى سياسى و كۆمەلايەتى بەريتانيا بەراورد بە فەرەنسا فۆرمێكى جياوازترى دابووە سيكۆلاريزم لەو ولاتەدا, ئەويش لەبەرئەوەى كە ئەوكات پاڵەپەستۆى كەنيسە لەسەر دەولەت و كەنيسە ئێجگار كەم بووە و دەسەلاتى يەكەمين نەبووە, بۆيە هيچ كاردانەوەيەك لە ئاستى شۆرشدا بەرامبەر دين و كەنيسە بوونى نەبووە. لەلايەكى تريشەوە بەريتانيا لانكەى هزرى كۆنسەرڤاتيزم بووە , كە پرەنسيبە يەكەمين و سەرەتاكانى هزرى كۆنسەرڤاتيزم گێرانەوەى سەروەريەكانمى نەريت و بەهادينييەكانى پێش مۆدێرنيزم بوو, بەمانايەكى تر دژى بەها كۆمەلايەتيەكان بوو كە دەستكردى مۆدێرنيزم بوو وە لەبەرامبەردا بەرگرى لە بەها سروشتيەكانى پێش مۆدێرنيزم و سەدەكانى ناوەراست دەكرد.بەو واتايەى بوونى دوو هزرى وەك سيكۆلاريزم و كۆنسەرڤاتيزم لە بەريتانيا جۆرێك لە تۆلێرانس و تەساموحى ناچارى دابووە هەردوولا. شەرعيەتى شۆرشگێرى هيچ لايەنێكيان بەسەر ئەويتردا زال نەدەبوو, بۆيە رەوتى عەلمانيەت لە بەريتانيا فۆرمێكى ميانرەوانەترى وەرگرت بەبەراورد لەگەل فەرەنسا.
لەدەرئەنجامى ئەم باسەدا مەبەستمە بلێم كە ئەوەى كە لە پاريس و فەرەنسا روودەدات بەرهەمى ئەو تێروانينە شۆرشگێريەى سالى ١٧٨٩ە كە هێشتا لە ئاستى دەولەت و كۆمەلگەشدا بوونى هەيە, بۆ نمونە دەبينين دەسەلاتى فەرەنسا بەرگى حيجاب لە ئافرەتانى موسلمان قەدەغە دەكات و بەربەست لەبەردەم ئازاديە دينيەكاندا دادەنێت. بۆيە لەم كاتەدا كاردانەوەى توند و هەندێ جاريش پرۆسەى تيرۆريزم حالەتێكى حەتمى و چاوەروانكراو دەبێت. بەلام هاوشێوەى ئەم حالەتانەى كە لە پاريس روودەدەن بە ئەگەرێكى كەم و لاوازەوە روبەروى كۆمەلگە و دەسەلاتى بەريتانى دەبێتەوە, لەبەرئەوەى لەو كۆمەلگەدا بە ئەندازەى فەرەنسا تێروانينەكانيان لە ئاستى عەقلى شۆرشگێريدا نيە بەرامبەر دين تاكو پەرچەكردارى قورسى هاوشێوەى فەرەنساى بێتە رێ.  

به‌روار: 17/11/2015
بینین: 1121
   زیاتر ...