نوسه‌ران
  پەڕەی ئەودیو ڕوداوەکانی 19ی ئاب و خوێندنەوەیەکی واقیعیانە.
یــەحـــیـا کامـیــل مه‌حمود

بەرواری 19ی ئاب لە دەفتەری یادگاریەکانی پەرلەمانی کوردستاندا وەک ژمارەیەکی جیاواز خۆی لە نێو لاپەڕەکاندا تۆمارکرد بەشێوەیەک کە لەبەرنامەیدا بوو وەها بەگوێی ڕای گشتیدا بدات کە چیتر پەرلەمان بڕیارگەی مەکتەب سیاسیەکان نیە و خاوەنی پێگەیەکی سەربەخۆ و جیاواز لە حیزب و هێزە سیاسیەکانە، بەڵام دواجار بەشێک لەواقیعی پڕۆژە وەهمیەکە بوو بە ڕواڵەتی میدیا و سۆشیاڵ میدیاکان.
لە ڕاستیدا پێویستە ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی ڕای گشتی و ناوەندە ڕۆشنبیریەکان بکەینەوە کە بۆچی لە نێو هەموو هێزە سیاسیەکاندا تەنها لایەنی یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی خرانە نێو بازنەی ڕەشەوە؟
پێشتر و لە شەوی 18ی ئابدا سەرجەم لایەنە سیاسیەکان پێکەوە کۆبوونەوە لەسەر پرسی هەموار کردنەوەی دەستور و یەکلاکردنەوەی واقیعە سیاسیەکە بەڵام دەرەنجامی هەموو کۆبوونەوەکە تەنها لەوەدا خۆی بینیەوە کە کۆ ڕای لایەنە سیاسیەکان لەسەر دواخستنی کۆبوونەوە نائاساییەکەی پەرلەمان بوو کە بڕیاربوو لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای دەستور ئەنجام بدرێت ئەمەش گورزێکی کەمەرشکێن بوو لە بەرامبەر بە دامەزراوەیی بوونی پەرلەماندا،لەبەرئەوەی  ئەم بڕیارە سیاسیەی کە لە لایەن هێزە سیاسیەکانەوە درا بۆ دواخستنی کۆبوونەوە نائاساییەکەی پەرلەمان بەمانای ئەوە هات کە هێشتا دەستێوەردانی گەورە و ئاشکرای حیزبەکان  لەناو پەرلەماندا کاریگەری ئەخاتە سەر کۆبونەوە و بڕیارەکانی نێو پەرلەمانەوە. بۆیە کاتێک کە بینیمان ڕۆژی 19ی ئاب پەرلەمان لەبەردەم هەڵوێستەیەکی قورس و  ناچاری دوو ڕیانیدا خۆی بینیوە کە دەبوو ئەو بانگەشانەی کە بۆ دامەزراوەیی بوونی پەرلەمان و پەکخستنی دەستی حیزبی  کردبووی بکاتە واقیع لەبەرامبەر ڕای گشتی و گەلدا یان ئەوە بوو کە دیسان پاشکۆبوونی پەرلەمان بە مەکتەب سیاسیەکانەوە دووپات بکەنەوە و قبووڵی ئەوە بکەن کە چەپۆکی حیزب هەمیشە بەسەر پەرلەمانەوە ببێ بۆیە ناچار بە بارودۆخێک بوون کە نێوەندگیرییەک بکەن لەنێوان ئەم دوو هەڵوێستەدا، ئەوەبوو کە ئەندامانی هەریەکە لە فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و بەشێک لەئەندامانی یەکگرتوو چوونە ژوورەوە بۆ ناو کۆبوونەوە نائاساییەکە دواتریش بینیمان کە تەنها 53 ئەندام ئامادەییان هەبوو کە بەم ژەمارەوە نەیاندەتوانی ژمارەیی یاسایی تەواو بکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە و هەمواری پڕۆژەی دەستور بکەنەوە بەڵام دکتۆر یوسف محمد تەنها چەند دەقەیەک چاوەڕوێی تەواوکردنی نیصابی یاسایی کرد لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کە دوو سەعات چاوڕێ بکات واتە بە ئاشکرا دۆخەکە ویستی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پێوە دیاربوو بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکە لەکاتێکدا لە پێشتر و لە 23ی حوزەیراندا یەکێتی و سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەی پێشوو بەوپەڕی هەوڵیانەوە دەیانویست فراکسیۆنە خاوەن یەک کورسیەکانیش بێننە ژوورەوە بەتایبەت دکتۆر شوان لە فراکسیۆنی بزوتنەوە و ئەبو کاروان لە فراکسیۆنی شوعی بەڵام بینیمان لە 19ی ئابدا تەنانەت ئاگاداریش نەکرانەوە . ئەم بارودۆخە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە پەرلەمان پێشتر بانگەشەی مۆدێلێکی تازەی کردبوو لە ئەداکردنی کاری پەرلەمان بەشێوەیەک کە سەربەخۆ بن لە بڕیار و هەژموونی مەکتەب سیاسیەکان بەڵام نەشیانتوانی لەژێر ئەو بارودۆخەی ڕابردوودا دەرچن کە پەرلەمان پاشکۆی هەیمەنەی سیاسی مەکتەب سیاسیەکان بووە بۆیە لەهەمان کاتیشدا ویستیان مەودایەکیش بۆ متمانەی شەقام بهێڵنەوە و وا پیشان بدەن کە هێشتا باگراوەندێکی دامەزراوەیی پێوە ماوە .مەبەستمە کە بڵێم تەنها بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی بەرپرسیاری یەکەم نەبوون لەو دۆخەی کە 19ی ئاب ڕوویدا بەڵکو بەپێی سەنگی سیاسی پێنج لایەنەکە بەرپرسیاری یەکەمین بوون . تەمەنای ئەوەم دەکرد هەروەک چۆن نوخبە ڕۆشنبیریەکەی کوردستان لەتوانایاندا بوو بەچاوێکی وەقیعیانە و بابەتیانەوە لە دۆخەکە بڕوانن ئاوەهاش ئەم تێڕوانینە واقیعیە کاتێک دێتە خوارەوە بۆ ئاستە جیاوەزەکانی  کۆمەڵگا وەک خۆی بمێنێتەوە بەڵام بەداخەوە ئەوەمان نەبینی،  ڕوپەڕەکان و پێگە کۆمەڵایەتیەکان پڕ کرابوون لە تەشهیر و شکاندنی لایەنەکان کە یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی پشکی شێریان بەرکەوت لە قوربانیدان بەرامبەر بەو هەڵمەتە سەقەتە.
به‌روار: 22/08/2015
بینین: 856
   زیاتر ...