نوسه‌ران
  ڕۆڵى حيزب لە نێوان نوێنەرايەتى كۆمەڵگە و سودگەرايى حيزبيدا لە كوردستان
یــەحـــیـا کامـیــل مه‌حمود

كارەكتەرى حيزب لە دنياى سياسيدا بريتيە لە گروپێك كە خواستێكى ئايدۆلۆژى يان خواستێكى هەنوكەيى كۆمەڵگا ياخود خواستێكى ئابورى بەلام لە ژێر پاساوى ئايدۆلۆژيدا پێكەوە گرێيان دەدات, وە لە دەرئەنجامى بۆشايى نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە حيزب وەك پێويستيەك لە مەودايەكى سياسيدا خۆى مانيفێست دەكات, بۆ نمونە حيزب لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە سياسەتمەداران لە كۆمەڵگەوە دەنێرێتە ناو دەوڵەت و پرۆسەى سياسيەوە. بەڵام قسە و باس لەسەر ئەوەيە كە لەم بۆ شاييەى نێوان كۆمەڵگە و دەوڵەتدا حيزب لە كوردستان وەك نوێنەرى كۆمەڵگە هەڵگرى خواست و ئەجێنداى كۆمەڵگە و هاوڵاتييە ياخود وەك پنتێكى جياواز لە ناو پرۆسەى سياسيدا كارى لەسەر پرۆژە و ئەجێندا و خواستەكانى خۆى كردووە ئەگەرچى بوونى خۆى لە كۆمەڵگەيشەوە وەرگرتبێت وە ئەگەرچى گوتار بەناوى نوێنەرايەتى هاوڵاتييەوە بدات. بێگومان هەريەمى كوردستان بە روانين لە مێژووى ئێستا و رابردووى سياسى حيزبەكانى زياتر دەرگاى ئەوەمان بەسەردا واڵا دەكات كە حيزب لە ژێر پاساوى رەوايەتى سندوقەكانى دەنگدان و نوێنەرايەتى كۆمەڵگە زۆرجار ئەجێنداى سودگەرايى حيزبى كردووەتە پرەنسيبى خۆى واتە هەميشە زۆرێك لە چەمكەكانى شەرعيەتى جەماوەرى و دەنگدان و نوێنەرى گەل و خواستى زۆرينەى كردووەتە دروشم و بانگەشە بۆخۆى بەلام بەرژوەنديەكانى حيزب و دەسەلاتخوازى كردووەتە پرەنسيبى خۆى.
بارودۆخى ئێستاى هەريەمى كوردستان زياتر لە هەموو كاتێك لە ناو ئاڵۆزى سياسى و ئابورى نێودەوڵەتى و نێوخۆيى گوزەر دەكات, گەر سەيرى بارودۆخى سياسى نێودەوڵەتى بكەين دەبين كوردستان لەناو هاوكێشەى سياسى جيهاندا پنتێكى گرنگى ناو ململانێكانە, بە جۆرێك ناتوانين بريارى لەسەر ئەوە بدەين كە هەريەمى كوردستان سەر بە كام جەمسەرى زلهێزى جيهانە واتە ئەمريكا و روسيا كە هەر ئەمەيشە وايكردووە ململانێكان قوڵتر ببنەوە.گەر لە بارودۆخى سياسى ناخۆيش بروانين ئەم ئاڵۆزيە هيچى لە ئاڵۆزييە نێودەوڵەتيەكان كەمتر نيە يان هەر راستتر وايە كە بڵێين دۆخى سياسى ناوخۆيى هەريەمى كوردستان درێژكراوەى دۆخى سياسى دەرەوەيە. دۆخى ئابورى جيهانيش كە كاريگەرى كردۆتە سەر بارودۆخى ئابورى كوردستان بەشێكى گەورەى دۆخى ناهەموار و نەخوازراوى هەريەمى كوردستانە زياتريش لە ئەنجامى دابەزينى نرخى نەوت لە بازارەكانى جيهاندايە , بەلام كاريگەرى دابەزينى نرخى نەوت لە بازارەكانى جيهاندا بەتەنها نەبووەتە پاساو بۆ ئالۆزى بارودۆخى ئابورى هاولاتيانى هەريەمى كوردستان چونكە دەبينين ئەو كاريگەريە ئابورييە خراپەى كە رووى لە هەريەمى كوردستان چەند هێندەى وڵاتانى ترە ئەمەش لە ئەنجامى ناشەفافى بە موئەسەسە نەبوونى دەزگا ئابوريەكانى كوردستان كە لەژێر كۆنترۆلى سەرمايەدارەكانى ناو دەسەلاتدا مۆنۆپۆل كراوە.
سەربارى ئەم هەموو ناهەموارييە كە لە بارودۆخى هەريەمى كوردستاندا هەيە حيزبە كان لەبرى ئەوەى بەرووى قەيرانەكاندا بوستنەوە و سازش لەسەر بەرژەوەنديەكانى خۆيان بكەن و هەوڵى جدى بدەن بۆ چارەسەركردنى قەيرانەكان يان هيچ نەبێ كەمكردنەوەيان دەبينين بوونەتە بەشێك لە قەيرانەكان و ئاراستەى بەرژەونديەكانى هەريەكەيان رووى لەخۆيەتى و رۆحى بەرپرسيارەتيان لە خۆياندا خەفە كردووە , ئەگەرچى حكومەت ناوبەناو كۆمەڵێك پرۆژە بريار رادەگەيەنێت كە خۆى ناوى چاكسازى لێدەنێت لەبرى ئەوەى جێى دڵخۆشى هاوڵاتيان بێت زياتر بووەتە هۆى بێ ئومێدى و نەخوێندنەوەى ويستى حەقيقى چاكسازى لەلايەن هاولاتيانەوە بۆ حكومەت و دەسەلات, لەبەرئەوەى كە خەمى هەنوكەيى هاوڵاتيان دابين كردنى موچەكەيەتى بۆ ئەوەى پێداويستيە سەرەتاييەكان رۆاژانەى دابين بكات بۆ مانەوە لە ژيان كە كەمترين مافە, بەلام حكومەتى هەريەم لەبرى ئەوەى چاكسازياكانى لە سەر جەستەى سەرمايەى ئەو سەرمايەدارانە بكات كە بەشێوەيەكى ناياسايى و نائەخلاقى لەسەر داهاتى گشتى كەڵ كەڵەى سەرمايەى خۆيان كردووە يان چاكسازى لە مامەلە ئابوريەكان و شەفاف كردنى مەلەفە نەوتيەكان بكات دەبينين يەكەمين قوربانى دەستى چاكسازيەكان موچە خۆرانن و دەستكەوتەكەيشى بۆ سەرمايەداران و بەرپرسانى گەندەڵ دەگەرێتەوە لە كاتێكدا لەبنەمادا هاوكێشەكە پێچەوانەيە و چاكسازيەكان لەم دۆخەدا پێويستە سودمەندى يەكەمين موچەخۆران بن كە زۆرينەى بژێوى هەريەمى كوردستان پێك دێنێت.
لە ئێستاى هەريەمى كوردستاندا خواستى گشتى كۆمەڵگە و خواستى حەقيقى حيزبەكان لە دوو ئاراستەى جياوازدايە واتە حيزب لەئێستادا لەلايەن كۆمەڵگەوە ئەو ناسنامەيەى لێسەندراوەتەوە كە پێى دەوترا نوێنەرى كۆمەلگە و هاولاتى, بۆ نمونە لە دۆخە نەخوازرەوە ئابوريەى ئێستادا داخوازى گشتى كۆمەڵگە لە باشبوونى بارودۆخى ژيان و نەمانى گەندەڵيدا خۆى دەبينێتەوە بەلام حيزەكان هەريەكە بەپێى خواستى تايبەتى حيزب مامەلەى خۆى لە ساحەى سياسى كوردستاندا دەكات , بەنمونە هەرچوار حيزبى گۆران و كۆمەڵ و يەكێتى و يەكگرتوو بەتايەبت بزوتنەوەى گۆڕان يەكەمين داواكارى و پێشمەرج كە هەيانە بۆ حيزبى دەسەڵات گەرانەوەى دۆخى هەريەمى كوردستانە بۆ پێش بەروارى ١٢ تشرينى يەكەم كە لەو رۆژەدا سەرۆكى هەريەم لەلايەن پارتييەوە ريگرى لێكرا بچێتەوە هەولێر و وەزيرەكانى گۆرانيش نێردرانەوە مالەوە ئەمەش بە روونى لە گوتارەكانياندا رەنگى داوەتەوە و لە كۆبوونەوەكەى بارزانى و لايەنەكانيشدا بەفەرمى ئەم داوايەيان كردووە لە بارزانى , بەلام خۆ لە پێش ئەو بەروارەيش سەنگى قەيرانەكان لەگەڵ ئێستادا جياوازييەكى وەهايان نەبوو واتە بە هاتنەجێى ئەم داخوازييەى بزوتنەوەى گۆران و سێ لايەنەكەى تر خواستى كۆمەڵگە بۆ باشكردنى بارودۆخى ئابورى بە هيچ شێوەيەك نايەتەجێ. هەروەها يەكەمين ئەجێنداى پارتى ديموكراتى كوردستان مانەوەى بارزانيە لە پۆستەكەيدا ئەگەرچى لەبەرامبەريشيدا قەيران و ئاڵۆزييەكان بەكار بهێنێت, كەواتە هيچ يەكێك لەم ئەجێندايانەى حيزبەكان نوێنەرايەتى كۆمەلگە ناكات.هەروەها يەكێتى و پارتى لە ئێستادا لەهەوڵى ئەوەدان ديسان بچنەوە ناو رێكەوتنى ستراتيژييەوە كە لە رابردوودا لە نێوانياندا هەبوو كە هيچ دەستكەوتێك لەم رێكەوتنەدا پشكى كۆمەلگەى بەشێوەيەكى گشتى بەرنەكەوتبوو بەڵكو دەستكەوتەكان تەنها لە چوارچێوەى بەرژەوەنديە حيزبيەكانى هەردوو لادا خوێندرابوونەوە.
ئەم دۆخەى ئێستاى هەريەمى كوردستان رەنگە لەوە زياتر بەرامبەر ئالۆزى پەيوەنديە سياسيەكان و قۆرخ كردنى داهاتەكان و بەحيزبى كردنى دەسەلات و ناهەموارى باردۆخى كۆمەلگە خۆى نەگرێت و كوردستان زياتر بخاتە بەردەم راپەرينى بە كۆمەڵى هاولاتيان و دەرئەنجامێكى خراپتر لە قەيرانەكان بەدەستەوە بدرێ لەبەرئەوەى لەئێستادا رۆژهەلاتى ناوەراست كە كورد بەشێكە لێى لەئەگەرى روودانى پشێوى و راپەرينى چەكداريدا راستەوخۆ تيمە جياوازەكانى هەواڵگرى جيهانى دۆخەكە زياتر بەرەو پشێوى درێژخايەنى هاوشێوەى سوريا دەبەن, بۆيە لە ئێستادا پێويستە حيزبە كورديەكان ئەم خوێندنەوەيە بۆ داهاتووى هەريەمى كوردستان لەبەرچاوبگرن.

به‌روار: 10/02/2016
بینین: 571
   زیاتر ...