مێژووی کورد
  ئاينى كورد پێش ئيسلام
پشتيوان بازيانى
مێژوونوسان و لێكۆڵه‌ران ڕايان جياوازه‌ له‌وه‌ى پێش هاتنى ئاينى ئيسلام كورد له‌سه‌ر چ دينێك بووه‌ , هه‌ندێك ده‌ڵێن ڕۆژ په‌رست بوونه,هه‌ندێك پێيان وايه‌ زه‌رده‌شتى بوينه‌ و  زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌رێكى كورد بووه‌ , ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان جگه‌ له‌ ڕۆديسكۆ كه‌ ‌ پێى وايه‌ زه‌رده‌شت خه‌ڵكى ڕۆژئاواى ئێرانه‌ , ئه‌وانى دى سه‌ره‌تاى بڵاوكردنه‌وه‌ى  ئاينه‌كه‌ى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ئێران ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ ! كه‌چى ئيمامى ته‌به‌رى ده‌ڵێت : " خه‌ڵكى فه‌له‌ستينه‌ و يه‌كێك بووه‌ له‌ خزمه‌تكاره‌كانى قوتابييه‌كانى پێغه‌مبه‌ر ئيرمياو دواتر هه‌ڵهاتووه‌ و خۆى له‌ ئێران بينيته‌وه‌ ئاينێكى تازه‌ى ڕاگه‌ياندووه‌ و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان پشتيوانيان لێ كردووه‌ و بره‌ويان به‌ ئاينه‌كه‌ى داوه‌ " , به‌ڵام من پێم وايه‌ ئه‌و پرسياره‌ى كه‌ ئايا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر چ ئاينێك بووه‌ ! سه‌رى خۆ ئێشاندنه‌ چونكه‌ ئه‌و كاتى شتێك نه‌بووه‌ به‌ناوى نه‌ته‌وه‌ ! پاشان له‌ ڕابردوو ته‌نانه‌ت ئێستاشدا له‌ ناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كاندا ئاينى جۆراو جۆر و جياواز په‌يڕه‌و كراون واته‌ ناكرێت ئێمه‌ ئاين بكه‌ينه‌ خاڵى جياكه‌روه‌ى نه‌ته‌وه‌كان له‌يه‌كترى , به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌توانينن بلێين كورد به‌شێك بووه‌ له‌ ئيمپراتۆريه‌تى ساسانى و به‌شێكى دابڕاو نه‌بووه‌ ئه‌وانيش وه‌ك فارسه‌ كۆنه‌كان له‌سه‌ر ئاينى زه‌رده‌شت بونه‌ و دواى تێكدان و شێواندنى  ئه‌م ئاينه‌ له‌لايه‌ن موغه‌كانه‌وه‌ و تێوه‌گلانى له‌ ده‌سه‌ڵات و گه‌نده‌ڵى به‌ره‌و ئاينى (يان راستتر وايه‌ بلێين مه‌زهه‌بى  )مانه‌وى و مه‌زده‌كى چوونه‌و هه‌ندێكيشيان لێ بۆته‌ مه‌سيحى به‌ڵام هه‌ر كه‌ ئاينى ئيسلام هاتوه‌ موسوڵمان بوون و پێشوازيان لێكردووه‌ ! گه‌رچى له‌سه‌ره‌تادا له‌ كۆيه‌و قه‌ڵادزێ و ده‌ڤه‌رى شاره‌زوور ڕووبه‌ڕووى يه‌كتر بونه‌ته‌وه‌  و شه‌ڕى خوێناوى ڕوويداوه‌ به‌ڵام شتێكى ئاساييه‌ بۆ هاتنى هه‌رئاين و ده‌سه‌ڵاتێكى نامۆ , ئه‌وه‌تا له‌ نيمچه‌ دورگه‌ى عه‌ره‌بى ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌رى خوايان (د.خ) له‌ مه‌ككه‌ وه‌ده‌رنا , به‌ڵام دواتر موسوڵمانيش بوون! ئه‌مه‌ بۆ ئاينى زه‌رده‌شتيش ڕاسته‌ له‌سه‌ره‌تاى بڵاو كردنه‌وه‌يدا ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌يان ده‌ر كردووه‌ به‌ڵام دواتر شوێنى كه‌وتوون و ئاينه‌كه‌يان په‌سه‌ند كردووه‌ !
به‌ڵێ كورد موسوڵمان بوو له‌ كاتێكدا ده‌يتوانى له‌سه‌ر ئاينى خۆى كه‌ زه‌رده‌شتييه‌ بمێنێته‌وه‌ چونكه‌ به‌ باوه‌ڕى موسوڵمانان ( زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌رێكى يه‌كتاپه‌رست بووه‌ و له‌لايه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ كتێبى بۆ هاتووه‌ به‌ڵام وه‌ك هه‌ر شه‌ريعه‌تێكى ترى  ئاسمانى دواتر ده‌ستكارى كراوه‌ و كتێبه‌كه‌يان فه‌وتاوه‌ و به‌هاتنى قورئان نه‌سخ بۆته‌وه‌) به‌جۆرێكى تر واته‌ مامه‌ڵه‌ى ئه‌هلى كيتابيان له‌گه‌ڵدا كردوون , له‌ مه‌زهه‌بى ئيمامى شافيعيشدا هاوسه‌رگيرى له‌گه‌ڵ كچانى داوێن پاكى زه‌رده‌شتى جائيزه‌ چونكه‌ به‌ ئه‌هلى كيتاب هه‌ژمار كراون ,له‌ قورئانى پيرۆزيشدا به‌ (مجوس ) ناويان براوه‌ و له‌ پاڵ ئه‌هلى كيتابدا باس كراون ( إن الذين آمنوا و الذين هادوا والصابئين والنصارى والمجوس والذين أشركوا إن الله يفصيل بينهم يوم القيامة  إن الله على كل شئ شهيد ) الحج:17 ,  كه‌واته‌ هه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و ئاينه‌ بوبێت سه‌رپشك بووه‌ ده‌يتوانى موسوڵمان نه‌بێت , به‌ڵام كورد خۆى ئاينى ئيسلامى هه‌ڵبژارد .هۆكاره‌كه‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند خاڵێك :-

1. ئاینی زه‌رده‌شتی شێوێنراو و ده‌ستی كاری كرابوو له‌ لایه‌ن موغه‌كانه‌وه‌ (موغ: به‌ پیاوانی ئاینی ده‌گوترێ له‌ ئاینی زه‌رده‌شتیدا ) .
2. ده‌سه‌ڵاتدارانی ساسانی ئاینه‌كه‌یان بۆ پته‌وكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌كارده‌هێناو كردبویانه‌ هۆكارێك بۆ شه‌رعییه‌تدان به‌ سته‌م و زۆردارییه‌كانی خۆیان .
3. به‌ پێی ئه‌م ئاینه‌ خه‌ڵكی هه‌موو كۆیله‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بوون و خزمه‌تیان كردوون و به‌ هه‌موو شێوازێك چه‌وسێنراونه‌ته‌وه‌ .
4. له‌م ئاینه‌دا شتێك هه‌بوو به‌ناوی (خویدوده‌ ) واته‌ هاوسه‌رگیری كردن له‌گه‌ڵ خوشك و دایكی خۆتدا , كه‌ ئه‌م كاره‌ شتێكی ناشرین و قێزه‌ون بووه‌ جگه‌ له‌ ئاینی زه‌رده‌شتی هیچ ئاینێكی تر ئه‌م شته‌ی به‌ڕه‌وا دانه‌ناوه‌ (ئێستا زه‌رده‌شتییه‌كان ئه‌مه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ئاسایی بووه‌ له‌م ئاینه‌دا ).
5. هه‌ركه‌س هاوسه‌رگیری بكردایه‌ ده‌بوو شه‌وی یه‌كه‌م خێزانه‌كه‌ی به‌رێته‌ لای ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و شوێنه‌ به‌ناوی (مافی شه‌وی یه‌كه‌م ) ئینجا بۆى حه‌ڵاڵ ده‌بوو !!
6. له‌ژێر سایه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی ساسانیدا هیچ كه‌س خاوه‌نی خۆی نه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك كاڵایه‌ك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ كراوه‌ .

به‌گشتى ئه‌م هۆكارانه‌و چه‌ندين هۆكارى تر واى كرد به‌ هاتنى ئاينى ئيسلام نه‌ك هه‌ر كورد نه‌ته‌وه كانى ترى ژێر ده‌سته‌ى ده‌سه‌ڵاتى ساسانى موسوڵمان ببن و له‌ سايه‌ى ئه‌م ئاينه‌ تازه‌يه‌دا هه‌وايه‌كى ئازادى هه‌ڵمژن و تا هه‌نوكه‌ به‌شانازييه‌وه‌ خزمه‌تى ئه‌م ئاينه‌ پيرۆزه‌ ده‌كه‌ن .


به‌روار: 07/04/2016
بینین: 379