مێژووی کورد
  شارەدێی تەوێڵە
هامنۆ هەورامی

لایەنێکی پەراوێزخراوی شوێنەوار و مێژووی کوردی

یەکەم / سەرەتا :
تەوێڵە شارەدێیەکی جوان و ڕازاوە و دێرینی کوردستانە ، دەکەوێتە سەر سنوری نێودەوڵەتی هەردوو وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراقی فیدڕاڵ ، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی بیارەی سەر بە قەزای هەڵەبجەیە ، هاوسێی هەریەک لە دێیەکانی (دزاوەر و شۆشمە و نەوسود و سۆسەکان و بەڵخە)یە و دەکەوێتە ناوچەی هەورامانی لهۆنەوە .

دووەم / ناوی تەوێڵە :
سەبارەت بە ناولێنانی تەوێڵە چەند ڕاوبۆچونێکی جیاواز هەن کە گرنگترین و باوترینیان ئەمانەن :
۱. هەندێک پێیان وەهایە کە لەوەوە هاتووە کاتێک دەچیتە ناو شارەدێی تەوێڵەوە ئەو شاخەی دەکەوێتە بەرامبەر دەروازەی سەرەکی شێوەی لە ناوچەوانی مرۆڤ دەچێت کە لە هەورامیدا بە ناوچەوان دەگوترێت (تەوێڵ)ـە .
۲. هەندێک پێیان وەهایە ئەوکاتەی سوپای ئیسلام گەیشتۆتە ئەم شوێنە گوتویانە ( اودیة طویلة) و بۆیە هەر لەوەوە ئەم ناوەی بەسەردا بڕاوە .
۳. هەندێک ڕایان وەهایە پێش دروست بوون و ئاوەدانکردنەوەی تەوێڵە لەو جێیەی کە ئێستا ڕێگەی تەوێڵە و دزاوەرە شارێک هەبووە بە ناوی (شاری تارتێبا) کە ئێستا پێی دەگوترێت ( دەرەو تەرتیبا و دەمەو شێنا) ، شوێنەواری ئەم شارە تا ئێستاش ماوەتەوە ، ئەم بۆچوونە دەڵێت دە کەس ئەو شارەیان بەجێهێشتووە و لە تەوێڵەی ئێستادا نیشتەجێبوون و خەڵکی تەرتیبا پێیان گوتون ( دەوێڵە) پاشان ناوەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بووەتە (تەوێڵە) .
٤. لە تەوێڵە دارێکی خۆڕسکی بەردار هەیە کە پێی دەگوترێت (تایلە) و بۆ چارەسەری نەخۆشی تاعونیش بەکارهێندراوە ، بۆیە هەندێک دەڵێن ناوی تەوێڵە لەم دارەوە هاتووە .
هەموو بۆچوونەکان جگە لە خاڵی دووەم نزیکایەتیان هەیە لەگەڵ ڕاستیدا و من بە تەجروبەی خۆم پێم وەهایە خاڵی سێیەم دروستتر بێت .

سێیەم / مێژوو :
۱. کۆنە شار : تەوێڵە لە ڕووی مێژووییەوە مێژوویەکی دێرینی هەیە ، یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکان شاری تەرتیبایە کە ئێستا (دەرەو تەرتیبا و دەمەو شێنا) دەگرێتەوە کە شوێنەواری شارەکە و قەیسەری و ئاتەشگای لێماوەتەوە و ئێستا باخ و باخاتە و بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق ئێستا پاشماوەی مین و تەقەمەنی لێماوە .
۲. قەڵاکان : جگە لەوەش چەندان قەڵا لە تەوێڵە بوونیان هەیە و تا ئێستاش پاشماوەیان ماوەتەوە کە ئەمانەن (قەڵا بۆزان و قەڵا گاوران و قەڵای ویسورە و قەڵا مسین) ، کە قەڵای بۆزان شوێنەواری هۆزی بوزی مادەکان بووە یەکێکە لەو هۆزانەی بناغەدانەری دەوڵەتی میدییا بوون کە بەم پێیە بێت دەگەڕێتەوە بۆ (۷۰۰ پێش زاین) .
۳. گۆڕەکان : لەکاتی دروستکردنی خانوو و باخەکان لە چەند شوێنی تەوێڵە وەکو (ماوەزاسان و تەختەو هانەی و گەڕەکی وەراوەر ) چەندان گۆڕ دۆزراونەتەوە کە یادگاری پێشینەکانمان بۆ دەردەخەن ، هەروەها لە (شەتنە) گۆڕستانی زۆر و ڕێکخراوی لێیە کە خەڵکی ناوچەکە بە گۆرستانی جولەکەکان ناویدەبەن و بەم پێیە بێت دەگەڕێتەوە بۆ دووای بڵاوبونەوەی جولەکەکان بەهۆکاری ڕوخاندنی دەوڵەتی جولەکە لەلایەن نەبوخەزنەسری کلدانی ، واتە سەردەمی کۆرشی ئەخمینی و دواتر .
٥. پاشماوەکان : لە چەندان شوێنی تەوێڵە پاشماوەی گۆزە و پارچە و زومرود و سکەی کۆن لە ناوچەکانی شەتنە و لێژڵە و باخەوان و هەڵدانەوەی خانوەکانی شار دۆزراونەتەوە .

چوارەم / ئاین :
ئاینی لە مێژینەی کورد میترائی بووە ، هەربۆیە  دووای پەلاماردانیان لەلایەن زەردەشتیەکانەوە ڕوویانکردووەتە شاخەکانی هەورامان و وەک پەناگە سەیری کراوە .
هەروەها لە پاشماوەی شاری تەرتیبا ئاسەواری ئاتەشگا و پەرستگای زەردەشتیەکان هەیە کە ئەو ڕاستیە دەردەخات زەردەشتیەت لەم ناوچەیەدا بوونی هەبووە .
هەروەها بوونی گۆڕستانی جولەکەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بووەتە نیشتمانێک بۆ ئەوانیش لە ڕابردوودا .
هەروەها بوونی گۆری سێ کەسایەتی  کە بەناوبانگی یارسان ئەوە دەردەخات شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئەوانیش کە بریتیبوون لە (بابا سەرهەنگی دەودانی و بابا ئەسکەندەر و پیری وەزە سوور) کە بابا سەرهەنگ یەکێک بووە لە پێنج ڕابەرە گەورەکەی یارسان .
دووای هاتنی ئاینی ئیسلام و بە ئێستاشەوە دانیشتوانی ناوچەکە موسڵمان بوون و چەندان کەسایەتی گرنگی بەم ئاینە بەخشیوە .

پێنجەم / پیشە و دەستڕەنگینی :
تەوێڵە لە ڕووی پیشە دەستییەکانەوە دەستێکی باڵای هەبووە و بەجۆرێک بوون کە نەیانهێشتووە موحتاجی دەستی هیچ کەسێک ببن ، پەرەیان بە کڵاش داوە و باشترین جۆری لێرە دروستکراوە بەناوی کڵاشی ئەبوبەکری ، هەروەها  کارامەییان لە هەموو ئەو شتانەدا دەرکەوتووە کە دروستیان کردووە و بەکارهێناوە وەکو (ڕانکوچۆغە و پێڵاو و کڵاش و مشکی و کراس و جاجم و چەقۆ و  هتد ......)
هەروەها لە شێوازی میعماری خانوبەرە و تەڵان و وشکە کەڵەک کە مرۆف لە بینینی سەراسیمە دەبێت .
جگە  لەوە کە ڕۆژانەیان بە باخداری و ئاژەڵداری و کارە رۆژانەکان بەسەربردووە .

شەشەم / ڕۆشنببیری :
هەر لە دێر زەمانەوە بە هۆکاری مزگەوت و خانەقا و حوجرەکانەوە سوودی زۆر بە خەڵک گەیەندراوە و تواندراوە پەرە بە ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواری بدرێت ، هەر ئەمانەش وای کردووە چەندان زانای گەورە پێ بگەیەنێت بە نموونە :
مەولەوی ، مەلا نەزیری گەورە ، سۆفی جانە ، شێخ عوسمانی سراج الدین ، شێخ بهاء الدین ، سید تەها و هتد ......
ساڵی ۱۹۲۷ قوتابخانەی حکومی کراوەتەوە و مامۆستا گۆرانیش کراوە بە بەڕێوبەر ، هەروەها فایەق بێکەسیش بە مامۆستایی هاتۆتە ئێرە .
بێجگە لەوەش قوتابییەکانی تەوێڵە لە سەدەی ڕابردوو لە خوێندکارە یەکەمینەکان بوون بەردەوام و چەندان کەسایەتی گەورەی پێگەیاندووە .

حەوتەم سروشتی ناوچەکە :
ناوچەی تەوێڵە لە هەموو لایەکانەوە دەورە دراوە بە شاخ و لوتکەکانی ( خەڵەفی و کەمەر سپی و قەڵا میرزا ) ، هەروەها هەروو چەمی دزاوەر و ئاوێسەر لە ناوەڕاستی بازاڕی تەوێلەدا یەکدەگرن و بەرەو خوار دەکشێن .
هەروەها تەوێڵە دەکرێتە سێ گەرەکی سەرەکی کە ئەوانیش (چلانە و مالێدەر و
وەراوەر)ن .
سەرچاوەکان :
۱. هەورامان - بەرگی یەکەم - ئەیوبی کوێخا ڕۆستەم
۲. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە - عبدالرزاق عبدالرحمن
۳. پەیامی هەورامان - هادی ڕەشید بەهمەنی
٤. ئەرشیفی تایبەتی نوسەر
به‌روار: 04/10/2019
بینین: 1719