مێژووی کورد
  سەرهەڵدانی سەلەفیەت لە کوردستان
هامنۆ هەورامی


بەشی دووەم :

مەلای خەتێ و قۆناغی سەلەفیەت دوای ئیبن ئادەمی باڵەکی لە کوردستان :

لە بەشی پێشوودا ئەوەمان ڕوونکردەوە کە یەکەمین کەسێک ئەم رێباز و قوتابخانەیەی هێنایە کوردستان زانای گەورەی کورد (محمدی کوڕی ئادەم) بووە .
وە هۆکاری سەرەکیش ئەو ئاسانکاریە بوو کە لەو سەردەمەدا هەوڵی چاکسازی ئاینی لە بیرۆکەی ئاینیدا درا بەتایبەت لە میسڕ و حیجاز بۆ لەناوبردنی بیروباوەڕە خورافی و بیدعییەکان کە جیهانی ئیسلامی تەنیبوو .
دوای ئیبن ئادەم چالاکترین کەس کە لەو بوارەدا لە کوردستان کاری کردووە قوتابییەکەی بووە کە ئەویش (محمدی خەتێ) بوو کە لە مێژوودا قسەوباسێکی زۆری دەربارە کراوە و ئەوەی زیاتر ناساندوویەتی فەتواکەی بووە کە گوایا بۆتە هۆکاری ڕووخاندنی میرنشینی سۆران ، بۆیە پێویستە تیشکێک بخەینە سەر ژیانی و بەرچاوڕوونییەک بۆ خوێنەران بدەین :

یەکەم/ مەلای خەتێ (خطي ٲفندي) کێیە ؟
ناوی تەواوی (محمدی کوڕی ئەحمدی کوڕی عبدالرحمن کوڕی ئیسماعیلی کوڕی سولەیمان)ـە ، بە (مەلای خەتێ ، خەتێ ئەفەندی ، محمد خەتێ ئەفەندی ، محمد ئەفەندی شێخ سلێمانی ، شێخ سلێمانی) ناسراوە ، لە ساڵی (۱۷۸٥) لە گوندی (خەتێ)ی نێوان بالیسان و خەلیفانی خۆشناوەتی لە خێزانێکی ئایینی و زانست دۆست هاتۆتە دنیاوە .
خوێندنی سەرەتایی لەلای زانا بەرزەکانی ئەودەمی رەواندوز بووە ، بەتایبەت (محمدی کوڕی ئادەم و مەلا ئەبوبەکر میر ڕۆستی و عبدالرحمن ڕۆژبەیانی) .
پاشان لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا لە ماوەی حوکمداری داود پاشادا (۱۸۱۷ - ۱۸۳۰) ڕۆیشتووە بۆ بەغداد و لەوێ خوێندوویەتی ، باس لەوە دەکرێت کە لەگەڵ داود پاشا و مەلا یەحیای مزوری و شێخ عبدالرحمن ڕۆژبەیانی و چەندان زانای گەورەی دیکەی ئەودەم قوتابی بوون لە قوتابخانەی (شێخ عبدالقادری گەیلانی) بۆ چەند ساڵێک ، ئەمەش وای کردووە پەیوەندییەکی پتەوی هەبێت لەگەڵ داود پاشادا و کەسێکی نزیک بووە لێیەوە ، وە داود پاشا خۆشی کەسێکی زانست دۆست بووە و حەزی کردووە لەگەڵ زانایانی سەردەمی خۆیدا پەیوەندی ببەستێت .

دووەم/ گرنگترین مامۆستا و قوتابییەکانی :
۱. مامۆستاکانی :
(محمدی کوڕی ئادەمی باڵەکی ، عبدالرحمن ڕۆژبەیانی فورقانی ، ئەبوبەکری میر ڕۆستی) .
۲. قوتابییەکانی :
(مەلا عمر ئەفەندی خەیلانی ، مەلا عبدالله جلی زادە (باوکی مەلای گەورەی کۆیە) ، مامۆستا ئەحمەدی نۆدشی ، مەلا ئەبوبەکر هەرشەمی) .

سێیەم/ کتێب و بەرهەمەکانی :
(حواش علی تفسیر البیضاوي ، حاشیة علی شرح جمع الجوامع ، حاشیة علی تحفه ابن حجر ، حاشیة علی تعلیقات عبدالحكیم الهندي علی المطول ، رسالة العلم في علم الكلام)
کە تەنها ئەم کتێبەی کۆتایی ماوەتەوە و چاپ کراوە کە پێشکەشی داود پاشای کردبوو .

چوارەم/ کەسایەتی و ئاستی زانستی مەلای خەتێ :
مەلای خەتێ زانایەکی گەورە و کەموێنەی کورد بووە ، زۆربەی زانستەکانی سەردەمی خۆی خوێندووە ، بەتایبەتی لە زانستە عەقڵییە (فەلسەفییەکان)دا ڕۆچووە .
مامۆستا مسعود محمد دەربارەی دەڵێت :
انه واحد من اعلم اهل زمانه بعلوم الاسلام ، وانه عبر عظیم في مراتب الاجتهاد ، ٲخذ العلم من ٲفذ الكرد و ٳن ثقل علمه لا ینهط به الا میزان یزن فطاحل علما والاسلام‌ وتخرج علی یدیه علما و ٲجلا و من الكرد والعرب و غیرهما علی مدی عشرات السنین.
مەلای خەتێ یەکێکە لە زانایانی گەورەی کورد هەر خۆشی مامۆستای زۆر لە زانایانی ئاینی ئەو سەردەمە بوو ، مەدرەسەکەشی مەدرەسەی فەتوای میرنشینی سۆران بووە ، ئەو زانایە بەپێی ئەحکامی شەرعی کاریکردووە ، خۆزگە سەرجەم فەتواکانی ماوەی (۱٥ - ۲۰) ساڵی تەمەنی میرنشین کۆکرابانەوە و لە دووتوێی کتێبێکدا خرابانە روو ، مەلای خەتێ نەک تەنها ئینسانێکی پاک بووە ، بەڵکو تا بڵێیت ئینسانێکی کوردپەروەر و دڵسۆز بووە ، بروا دەکەم ئەوەندەی لەتوانایدا هەبووە ، پارێزگاری لە دەوڵەتی پاشای گەورەدا کردووە و خزمەتێکی زۆری میللەتەکەی و میرنشینی سۆرانی کردووە .
مەلای خەتێ هەموو ژیانی لە دژایەتی دەوڵەتی عووسمانی بەختکردبوو ، چ لە ناوچەی سۆران کە لای (ئیبن ئادەم) و (ئەبوبەکر میر رۆستێی) فەقێ بووە ، هەموو زاناکانی ئەوکاتە دژ بە ستەمی عوسمانی بوون ، پاشانیش کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا دەچێتە (بەغداد) بۆ خوێندن و وانەوتنەوە ، بەهۆی زاناییەکەیەوە نزیکایەتی لەگەڵ داود پاشادا پێکهێناوە کە زیاتر ئاشنایەتییەکەیان لەگەڵ زاناکانی دیکە و داود پاشا بەهۆی قوتابخانەی شێخ عبدالقادری گەیلانییەوە بووە .
بە گشتی مەلای خەتێ کەسێکی نموونەیی بووە لە هەموو ڕوویەکەوە کەسایەتییەکی بەهێزی هەبووە ، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دوای ئیبن ئادەم بکرێتە مەرجەع و شێخ الاسلامی میرنشینی سۆران .

پێنجەم/ پەیوەندییەکان دژی عوسمانییەکان :
لەو سەردەمەدا سێ هێزی ناوخۆیی هەبوون کە دژایەتی دەوڵەتی عوسمانیان دەکرد کە لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوون کە ئەوانیش بریتی بوون لە (محمد علی پاشا لە میسر ، داود پاشا لە عێراق و بەغداد ، پاشای کۆرە لە سۆرانی کوردستان) ئەم سێ هێزە بزوتنەوەیەکیان پێک هێنا تاکو بتوانن جاڕی سەربەخۆیی بدەن و لە توێکڵە کۆنەکە بێنە دەرەوە .
مەلای خەتێ پەیوەندی لەگەڵ داود پاشا و پاشای کۆرەدا هەبووە ، پاشای کۆرە و داود پاشاش پەیوەندی باشیان لەنێواندا بووە ، پێدەچێت مەلای خەتێش هاوکار بووبێت بۆ ئەم پەیوەندییە .
میسر لەژێر سایەی محمد عەلیدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە دی ، سوپای لەتەک ئیبراهیم پاشا و ئیسماعیل پاشای کوڕی خست و توانیان پەل بهاون بۆ نیمچەدوورگەی عەرەب و شام و سودان و کریت و و دوای شەری نوسەیبینیش لە خاکی کوردستاندا بەرەو ئەنادۆڵ ڕۆیشتن .
سۆرانیش توانی برادۆست و شیروان و بادینان و داسنی و ئێزدیان بکاتە پاشکۆی خۆیی و لە باشوورەوە دەسەڵاتی گەیاندە زێی بچوک و رانیە و پردێ ، لە خۆرئاواوە گەیشتە ڕووباری دیجلە لەخۆرهەڵاتەوە پاڵی دابووە ئێران و لە باکور و باکوری خۆرئاواشەوە گەیشتە هەکاری و بۆتان و نوسەیبین ، ئیبراهیم پاشا و پاشای کۆرەش پەرەیان بە پەیوەندی نێوانیان دا ،ئەم سێ هێزە ئامانجیان رزگاربوون بوو لە دەسەڵاتی تورکی عوسمانی و هێنانەدی سەربەخۆی بوو.
بێگومان هەموو ئەمان هەرەشەیەکی گەورەی کردە سەر عوسمانی چونکە بێگومان گەر ئەم هاوکاریانەی نێوان ئەم هێزانە بەردەوام بوایە عوسمانی بوونی نەدەما بۆیە بریاریان دا دژیان بۆستنەوە .
پێویست بوو کە کێشەی بەغداد چارەسەر بێت چونکە شوێنێکی ستراتیجی گرنگی هەبوو وە هاوسێی ئێران بوو کە دەبوایە دەستپێشخەر بن ، بۆیە ئەرکەکەیان بە (علی رەزا لارز) سپارد و نازناوی (سەرعەسکەر)ی پێدرا و لە رێوە فەرمانی فەرمانڕەوایەتی (بەغداد ، حەڵەب ، دیاربەکر ، موسڵ )ی پێبەخشرا و یحیی پاشای دیاربەکر و علی شفیقی ئەرزرۆمی خرانە بەردەستی .
لە شوباتی (‌۱۸۳۱) بەرێکەوتن و هێزیان گەشتە (20000) سەرباز ، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵە (تاعون) لە بەغداد لافاو و هەستانی ڕووباری دیجلە بووە هۆی ئەوەی داود پاشا نەتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە و هێزەکانی علی رەزا لارز بەبێ بەرکەوتن چوونە ناو بەغدادەوە و بەمەش دوژمنی یەکەم لەناوبرا .
دووەم کاریش سپێردرا بە (محمد ئینجە بیرقدار) و کرا بە والی شارەزوور و ساڵی ۱۸۳٤ کرا بە ویلایەتی موسڵ و بریقەداریش فرمانی ولایەتی بۆ دەرچوو .
لە شەڕێکدا لە نزیک زێی گەورە سۆران بە هاوکاری ئامێدی و دهۆک سوپای بریقەداریان تێکشکاند.
دواتر پاشای کۆرە کەوتە هەڵەیەکی سیاسی گەورەو کە پەلاماری لاجان و موکریانی داو سوپای فەتحی ئێرانی لە ساڵی (۱۸۳٤) شکاند کە بەمەش دوژمنێکی دی بۆخۆی قوتکردەوە ، کە ناچاربوو رێکەوتنی نابەرامبەر لەگەڵ ئێراندا بکات و بەزیانێکی زۆرەوە کشانەوە .
دواتر عوسمانییەکان محمد رەشید پاشای سەدری ئەعزەمی پێشووی دەوڵەتیان راسپارد بە تەواوکردنی کاری سۆران کە ئەوکات والی سیواس بوو ، محمد رەشید پاشا بە (٤۰۰۰۰) سەربازەوە بەرێکەوت و هەندێک لە کوردەکان پاڵپشتیان لێکرد کە گرنگترینیان (بایەزید بەگی باپشتی) بوو کە ببووە چاوساخیان ، جگە لەوە چەندان شارەزا و پزیشکی بەریتانی لەگەڵیدابوون .
لەڕێگەدا کاولکاری و کوشتارێکی زۆری ناوچە کوردییەکانیان کرد ، تاکو گەیشتنە سۆران ، پاشای کۆرە ویستی پاڵپشتی ئێران بەدەست بێنێ کەچی بە پێچەوانەوە (۱۰۰۰۰) سەربازیان ناردنە سنورەکانی رەواندوز ، دواتر علی رەزا پاشای والی بەغداد پەلاماری پردێ و کۆیە و هەولێری داو داگیریان کردەوە و پاشان بە چاوساغی محمد بەگی خۆشناو کە ناحەزی پاشای کۆرە بوو شەقڵاوەشیان داگیر کرد ، پاشای کۆرەش کشایەوە بۆ دۆڵی گەلی عەلی بەگ و لەوێ دامەزران ، دواتر محمد رەشید پاشا بە هاوکاری علی رەزا پاشا (تەلەعفەر و ئاسکی موسڵ و کەڵەک)یان داگیر کرد .
بەریتانیا و روسیا و عوسمانی و ئێران هەموویان لەلایەنی هاریکاری سیاسی و سەربازی و ئابووری پاڵپشتی یەکدی بوون بۆ لەناوبردنی سۆران کە دیارە بە هەرەشەیەکی گەورەیان زانیوە .
پاشای کۆر ناچاربوو لە هەریر و خەلیفانیش پاشەکشە بکات ، محمد رەشید پاشا ویستی زیاتر بێتە پێشەوە بەڵام لە گەلی عەلی بەگ شکان و ناچاربوون بکشێنەوە ، محمد رەشید پاشا بۆی دەرکەوت کە تووشی زیانی زۆر دەبن بریاریدا بە فێڵ و تەڵەکە و بیانووی رێکەوتن سەرکەوتن بەدەست بهێنێت .
لەو کاتەدا بەرژەوەندی هەردوولا لەسەر رێکەوتن بوو ، چونکە هەم سەربازێکی زۆر لەناودەچوو هەم خەڵکی سۆران لەناودەچوو ، محمد رەشید پاشا بەڵێنی دا کە بابی عالی لێخۆشبوون بۆ میری سۆران دەردەکات و دەشیکاتەوە بە میری سۆران ،پاشای کۆرە مەلای خەتێ بانگدەکات و وتووێژ لەسەر باسەکە دەکەن و پاشای کۆرە بروای بە محمد رەشید پاشا هەبووە بۆیە دەگەنە ئەو ئەنجامی کە شەر بۆستێت و داوا لە مەلای خەتێ دەکات کە فەتوای وەستاندنی شەڕ بدات و ئەمەش دەقی فەتواکەیە :
(بە فەرمانی میر وە بۆ بەرژەوەندی سۆران ئەوا فەتواماندا بە ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان سۆران و سوپای عوسمانیدا).
پاشا ئەحمەد بەگی برای کە رەیسی لیژنەی عەسکەری بوو کردیە جێگەی خۆیی و لەگەڵ مەلای خەتێدا بەرێکەوتن بۆ هەودیان و لەگەڵ محمد رەشید پاشا کۆبوونەوە و بەڵێنی پێدا که سوڵتان لێی خۆش دەبێت بۆیە بەرێکەوتن بەرەو ئیسلامبوڵ ، پاشای کۆرە نێردرا بۆ ئیسلامبوڵ و محمد رەشید پاشا گەڕایەوە سیواس .
سوڵتان مەحمود بەهۆی محمد رەشید پاشا لێی خۆش بوو و فەرمانی میری بۆ دەرکردەوە ، بەڵام لەوکاتەی هێشتا لە ئیسلامبوڵ بوو محمد رەشید پاشا کۆچی دوایی کرد ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی علی رەزا پاشا زمان لە پاشای کۆرە بدات و ئەوەبوو سوڵتان فرمانی کرد لە هەرکوێ پاشایان دی بیکوژن کە ئەوکات پاشا لە سیواس بوو لەوێ کوشتیان ، رایەکی دیش هەیە دەڵێت بەرێی دەریادا ناردیانەوە لە رێدا خستیانە دەریاوە .
بەمەش دووەم جوڵانەوە کۆتایی هات بە سەرکەوتوویی ، ئەوەی مابووەوە محمد علی میسر بوو ، بەڕیتانیا و فەڕەنسا و نەمسا و وڵاتانی گەورە لە بەرژەوەندییان نەبوو میسڕ ئاوا پێش بکەوێت و عوسمانی زیاتر بەرەو داڕمان بڕوات بۆیە پەیمانی (کوتاهیە)یان بەسەردا سەپاند کە شەر لە شام بوەستێنن ، دواتر چەند کێشەیەکی لە شام خوڵقاند کە ناچاری کشانەوەی کرد لە شام ، دوواتریش سنوری دەسەڵاتی محمد علی پاشایان سنووردار کرد بۆ میسڕ .

شەشەم/ فەتواکەی مەلای خەتێ و چیرۆکێکی دروستکراو :
زۆرکەس لە دوای حوسێنی حوزنی موکریانییەوە گوتەیەکیان داهێناوە کە گوایا میرنشینی سۆران بەهۆی فەتوای مەلای خەتێوە ڕوخاوە و گوایا ئەمە فەتواکەیەتی :
(هەر کەسێ شەڕ لەگەڵ خەلیفەی ئیسلام بکات تەڵاقی دەکەوێ) و ئەمەش لەلایەن زۆرێک لە ڕاگەیەندنەکانی ئەم سەردەمەدا زیاتر باسی لێوە دەکرا ، لەکاتێکدا وەک گوتمان دەقی فەتواکەی مەلای خەتێ ئەمە بووە :
(بە فەرمانی میر وە بۆ بەرژەوەندی سۆران ئەوا فەتواماندا بە ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان سۆران و سوپای عوسمانیدا) نەک ئەوەی تر کە بێجگە لە درۆ و بوختان هیچی تر نەبووە .
بەڵگەی سەرەکیش ئەوەیە هیچ کتێب و نوسراوێکی بەر لە حوسێنی حوزنی موکریانی ئاماژەیان بە فەتوایەکی لەو جۆرە نەداوە ، چونکە وەک ممدوح مزوری ئاماژەی پێداوە کە فەتوای راگرتنی شەر بە فەرمانی پاشای کۆرە بووە ئەگەر ئەوە نەبوایە چۆن مەلای خەتێ دەتوانێت ئاوا بە ئاسانی فەتوای بەوجۆرە بدات و لەژێر دەسەڵاتی میریشدا بێت ؟!
وە دکتۆر محمد گەزنەیش ئەوەی ڕوون کردۆتەوە که لە هیچ سەرچاوەیەکی بەر لە موکریانی ئاماژە بەو فەتوایە نەدراوە و کەسیش نەیتوانیوە لەژێر دەسەڵاتی پاشای کۆرەدا ڕەئی بەسەردا فەرز بکات ؟!
ئیتر مەلای خەتێ چۆن بتوانێت ئاوا بێباکانە ئەو قسەیە بکات ؟!
وە کەریم شارەزاش بەجوانی شیکردنەوەی بۆ ئەوە کردووە کە ڕوخاندنی میرنشینی سۆران و کەوتنی پاشای کۆرە ڕووداوێکی زۆر لەوە گەورەترە کە پەیوەست بکرێتە فەتوایەکەوە ؟! چونکە وڵاتە گەورەکانی عوسمانی و ئێرانی و بەریتانی و ڕوسی بە هەموو جۆرێک ئامادەباشی لێدانی ئەم هێزەیان کرد کە بەتەنها عوسمانی چل هەزار و ئێرانی دە هەزار سەربازیان هێنایەسەری ئەمە جگە لە هێرشەکانی علی رەزا پاشای بەغداد ، ئایا ئیتر ئەمە گەوجاندن و شێواندنی مێژوو نییە کە ئەم وێنا گەورەیە لە فەتوایەکی وادا بچووک بکەیتەوە ؟!
دواتر پاشای کۆرە ئەو هەموو کوشتارەی لە کوردە موسڵمانە دراوسێکانی دا بۆ ئەوکات مەلای خەتێ ئەو بەناو فەتوایەی نەدا ؟ کە لەو کاتەدا سەرەتای گەشەکردنی دەسەڵاتی پاشا بوو ؟ ئایا لەو کاتەدا فەتوای بدایە ئاسانتر نەبوو ڕووخاندن و لێدانی دەسەڵاتی پاشا چونکە تازە هێز بوو ؟
بەدڵنیاییەوە بەڵێ .
بۆیە ئەم فەتوایە لەلایەن حوسێنی حوزنی موکریانییەوە دروستکراوە و هۆکاری سەرەکیش ئەو فکرە دینییە بوو کە مەلای خەتێ هەڵی گرتبوو کە فکرەی پێشینی و سەلەفیەت بوو لەکاتێکدا حوزنی موکریانی کەسێکی سۆفی مەشرەب ووب و ڕوونیشە جۆرە جیاوازییەکی ئاشکرا لەنێوان هەڵگرانی هەردوو فکرەدا بینراوە و شتێکی شاراوەش نەبووە.
هەر بۆیە کاتێک حوزنی موکریانی کتێبەکەی پێشکەش بە مەلا ئەفەندی دەکات ، دوای خوێندنەوەی مەلا ئەفەندی پێی دەڵێت :
هەی بێ قەزابی ، تۆ ئەو غەدرەت بۆ لە مەلای خەتێ کردووە ، مەعقول نییە .
وە کەسێکی وەک (عبدالفتاح علی یحیی) کە زۆر دژی زانایانی ئاینی و مەلای خەتێ بووە سەرەرای ئەوەش نووسیویەتی :
حوسەین حوزنی موکریانی هەرچی نووسیوە بەبێ سەرچاوە بووە و هەر لە دەمی خەڵکی وەرگرتووە.
ئەو تەعەسوبە مەزهەبییە تەنها لای حوزنی موکریانی بووە ، چونکە کەسایەتییەکی وەکو (محمدی کوڕی مەلا شێخ تەهای بالیسانی) کە لە تەریقەتی نەقشی بووە و جیاوازبووە لە بیروڕاکانی مەلای خەتێ ، سوێندی خواردووە و گوتویەتی :
مەلای خەتێ پێی خوار دانەنابوو ، بەڵکو کتێبەکەی حوسەین حوزنی ئەو هەرایەی نایەوە .
بەڵگەی زۆرتریش هەن کە وتەکانی حوزنی موکریانی ڕەتبکەنەوە ئەوەندە بەسە بۆ کەسێک کە توانا و ئارەزووی تێگەشتنی هەیە کە بزانن مەلای خەتێ بێتاوان بووە و ئەو فەتوایەش بێجگە لە ئەفسانەیەک هیچی دیکە نییە .

حەوتەم/ کۆتایی ژیانی :
مەلای خەتێ لە رەواندوز کۆچی دوایی کردووە ، لە گۆڕستانی (گەردەگرد) بەخاک سپێردراوە ، د. محمد گەزنەیی ساڵی کۆچی دوایی بە (۱۸۳۱) لەقەڵەمداوە ، بەڵام مەسعود محەمەد دژی ئەو بۆچونەیە و پێی وایە شەش ساڵ دوای کۆچی دوایی پاشای کۆرە دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی (خەتێ) و کە دەکاتە ساڵی (۱۸۳۷) و کۆچی دوایی دانراوە .

سەرچاوەکان :

* فەتواکەی مەلای خەتێ ئەفسانەی مێژوونووسێک - نووسینی: حسن محمود
* خوڵاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان - بەرگی یەکەم - محمد امین زەکی بەگ
* بابان سۆران بۆتان - د. کاوس قەفتان
* مەلای خەتێ لەنێوان هەقیقەت و خیانەتدا - حیدر عبدالله
به‌روار: 15/09/2019
بینین: 2853