سلیمانی
بەناز سعید
   میژووی جیهان
  ئافرەت لەمێژووی گەلاندا
باران ئاریایی
بەشی یەکەم
لەسەردەمانی پێش هاتنی ئاینی ئیسلام لەناو گەل و هۆزە جیاجیاکاندا ئازار و ئەشکەنجەی ئافرەتانیان زۆر دەدا، زۆربەی زۆری ئەو ئازاردانە لەلایەن دەسەڵاتداران و بە قانون ئەنجام دەدران، چونکە قانونەکانیان لە ڕێگای ئەقڵی مرۆڤەکانەوە دانرا بوون بەبێ ئەوەی پشت ببەستن بە قانونی خوای گەورە. 
لە ئەنجامدا ئافرەتان تووشی ئازار و ئەشکەنجە دەبوون، ئێستاش بە بیستن و گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە ئارەقی شەرم بە نێوچاوی مێژووی مرۆڤایەتیدا دێتە خوارەوە، هۆی سەرەکی ئەو هەڵانەی کە دەیانکرد دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خۆیان بێ نیاز دەزانی لە بوونی ئاینێکی خوای گەورە، بەڵکو پشتیان دەبەست بە زانستی مرۆیی، دەیانویست لەو ڕێگایەوە مرۆڤەکان خۆشبەخت بکەن.
ئەڵبەتە بوون کەسانێك کە خاوەنی بەرژەوەندی بوون، هاتن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەستکاری پەیامی خوایان کرد، تەورات و ئیجیل شاهیدیەکی زۆر باشن بۆ ئەم ڕووداوە.
لە تەوراتی دەستکاری کراودا هاتووە کە "ئافرەت لە مەرگ تاڵترە" هەروەها هاتووە کە " ئەو پیاوەی دەیەوێت پیاوێکی باش بێت و پەرستشی خوا بکات، ئەوا دەبێت ژن نەهێنێت".
لەناو هەزار پیاودا پیاوێکی باش دەست دەکەوێت، بەڵام لەناو هەموو ئافرەتانی جیهاندا تاکە ئافرەتێکی باش دەست ناکەوێت، لەناو ئاینی مەسیحیەتی ئەمڕۆ دا دەڵێن: "ئەگەر کەسێك بیەوێت پیاو چاك بێت و نزیك بێت لە خوا ئەوا دەبێت دوور بێت لە ئافرەت" .
ئەمانە نمونەی بچوکن لە گۆڕانی ئاینەکان و بەکەم زانینی ئافرەتان.
(مونتەسکیو) لە کتێبی (روح القانین) لاپەڕە (٦٧٠)دا دەڵێت: "دادگاکانی یابان بۆ سزادانی ئافرەتانی تاوانبار، ڕووتیان دەکەنەوە و بەنێو خەڵکیدا دەیان گێڕن وە دەبێ وەك چوار پێ بڕۆن".
ئەمانە ڕاستیەکی تاڵن، مێژوو بەچاوی خۆی دیویەتی کە چ بێ ڕێزیەك کراوە بە ئافرەتان لە پێش هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام.
ئافرەت لە شارستانێتی یۆنانی کۆندا..
یۆنان یەکێکە لە شارستانێتە کۆنەکان، کە پشکێکی زۆری هەیە لە بەرەوپێش بردنی زانست و تەکنەلۆژیای ژیانی ئەمڕۆدا؛ بەتایبەتی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا زۆر شانازی پێوە دەکەن، بۆیە وا بەباش دەزانم کە لە سەرەتاوە باس لە ڕەوشی ئافرەتان بکەم لەو وڵاتە پڕ زانست و شارستانێتە کۆنەدا.
بابزانین چۆن سەیری ئافرەتانیان کردووە و ئافرەت چ ڕۆڵێکیان هەبووە لەو شارستانێتەدا؟
لە یۆنان دا ئافرەت زۆر بە چاوێکی سوك تەماشا دەکرا، کەسایەتی پشت گوێ دەخرا، لەم بارەیەوە "ئەرەستۆ" دەڵێت: ئافرەت پیاوێکی ناتەواوە، سروشت هەروا بەجێی هێشتووە لەخراپترین شێوەدا بەبێ دەستکاری کردن.
(ئسکولیاست) دەڵێت: لەناو یۆنانیە دێرینەکاندا مارەکردنی خوشکی دایکی و باوکی لەڕووی یاساییەوە هیچ قەدەغە نەبووە.

کۆمەڵگای ئاخایی..
ئاخایەکان یەکێك بوون لە هۆزەکانی کۆمەڵگای یۆنانی کۆن کە لەدەوروبەری ساڵانی (١٢٥٠) ی پێش میلاد فەرمانڕەوایی یۆنانیان دەکرد، ئافرەتان لەناو ئەم هۆزەدا شان بەشانی پیاوان کاریان دەکر، جاروباریش لە گفتوگۆ گرنگەکان دا بەشداریان دەکرد، هەرکات فەرمانڕەواکان بیانویستایە سوپا ئامادە بکەن بۆ جەنگ باسی ستراتیژی جەنگ و سیاسەتی جەنگ و بونی ڕەگەزی جیاوازیان نەدەکرد بۆ ئامادەکردنی، بەڵکو دەهاتن کام ئافرەتەی جوان بوایە دەیانبرد لەگەڵ سوپاکەدا بۆ ڕابواردن و خۆشگوزەرانی سەربازەکانیان، چونکە تاکە ئاواتی پیاوانی ئەو کۆمەڵگایە ڕابواردن و خۆشگوزەرانی بوو، مردن و ژیان لایان گرنگ نەبوو زۆر.

 پایەی باوك سالاری  
باوك دەسەڵاتی هەبوو بەسەر هەموو ئەندامانی خێزاندا، بەهەر شیوەیەك بیویستایە بەکاریان بهێنێت، کاتێك میوانی بهاتایە کچەکانی دەخستە خزمەتی میوانەکانی. مناڵەکانی لەسەر کێوەکان و لە پەرستگاکانیان دەکردە قوربانی بۆ خواکانیان. هاوسەرگیری لەناو ئەو هۆزەدا بەشێوەی کڕین و فرۆشتن بوو، کڕیار دەبوو ئاژەڵێکی گرانبەهای بدایە بە بە باوکی کچەکە، باوکی کچەکەش دەبوو هەموو پێداویستی ژیانی لەگەڵ کچەکەی بناردایە..
ئافرەتان لەدوای هاوسەرگیریان خانمی ماڵ دەبوون، بەڵام دەسەڵاتی ناو ماڵەکەی بەند بوو بە ڕەگەزی مناڵەکانیەوە. واتا ئەگەر کوڕی ببوایە ئازادتر  و دەستکراوە تر بوو لەوەی کە کچی ببوایە.

سپارتا
لەناو هۆزی سپارتادا ئافرەتان دیلی دەستی فەرمانڕەوایان بوون، فەرمانڕەوایان داوای سەرسیریان لەئافرەتان دەکرد، دەبوایە یاری ڕاکردن، زۆرانگرتن وە تیرهاوێژی دا بەشداری بکەن تا جەستەیەکی جوان و پتەو و بەهێزیان هەبێت، ئەگەر ئەم کارانەیان بکردایە ئەو کات دەیانووت ئێستا شایستەی دایکایەتی هەیە ئەو ئافرەتە، ئافرەتانیان بەکار دەهێنا وە حەزو ئارەزووەکانی پیاوان کە دەبوایە سەمایان بکردایە بۆ پیاوان بە ڕووتی، دەیان ووت کە خۆیان ڕووت دەکەنەوە هەموو عەیب و عارێکیان دەردەکەوێت و دەبێت چارەسەر بکرێت.
یەکێك لە نوسەرە یۆنانیەکان(پلوتارخوس) دەڵێت: ڕووت بوونەوەی ئافرەتان لەبەرچاوی پیاوان شەرم ئامێز نەبوو، چونکە خۆپارێزی دروشمیان بوو،.
 لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئایا خۆپاراستن دوای دڕانی پەردەی حەیا و ئابڕو دەبێت چی بێت؟
ئایا دەتوانرێت تەنها بە ووشەی خۆپاراستن ئەو کارە ناشایستە بەرانبەر بە ئافرەتان بکرێت؟
بۆیە دەڵێین؛ نەخێر، هیچ کات لە شەرمەزاری و بێ ئابڕووی ئەو کردارە کەم ناکاتەوە.
پێویستە بپرسین بۆ دەبێت وا بێت؟
ئایا ئافرەتان مرۆڤ نین؟
قانونی دەوڵەت سنوردار نەبوو بۆ بەسوك تەماشاکردنی ئافرەت، بەڵکو لەوە زیاتریان پێ دەکرا لەوەی کە لێرەدا باسمان کردووە، دەوڵەت کات و ساتی هاوسەرگیری بۆ دیاری کردبوون کە بۆ پیاوان سی ساڵی بوو وە بۆ ئافرەتانیش بیست ساڵی بوو. هیچ ئافرەتێك بۆی نەبوو بەتەنها بمێنێتەوە و هاوسەرگیری نەکات، ئەگەر وا بوایە ئەوا نەیدەتوانی لەهیچ کارێکدا بەشدار بێت وەك هەڵبژاردن و تێکەڵاو بوون بە کۆمەڵگا.
(پلوتارخوس) دەڵێت: ئەو ئافرەتانەی کە ژیانی تەنهاییان هەڵدەبژارد، زۆریان لێ دەکرا کەبە وەرزی زستاندا بەڕووتی بەناو خەڵکی دا بڕۆشتنایە وە سرودێکیان بوتایەتەوە کە ماناکەی ئەمە بوو (ئەمەیە چارەنوسی ئەو کەسانەی کە سەرپێچی قانون دەکەن).
لەلایەکی ترەوە ئەو کوڕانەی کە نەدەچونە ژیانی هاوسەرییەوە و تەنهاییان هەڵدەبژارد ئەوا هەمیشە دەکەوتنە بەر هەڕەشەو لێدان.
ئەم ئازارو ئەشکەنجەیەش بۆیە دانرابوو چونکە زۆربەی کچ و کوڕەکانی سپارتا پێیان خۆش بوو خۆیان بە دوور بگرن لەژیانی هاوسەری و ئارەزوویان زیاتر بەلای کاری "هاوڕەزبازی" دا دەچوو.
ئەڵبەت دەبێت ڕچاوی ئەوەش بکەین کە بەتەنها ژیان بۆ ئافرەتان نەنگی نەبووە، بەڵکو نەبوونی مناڵیش دەبووە عەیب و عارێکی زۆر گەورە بۆی.
لە کۆمەڵگای سپارتادا دایکان و باوکان بەرپرسیار بوون لە ئامادەکردنی پێداویستیەکانی ژنهێنان و شوکردنی مناڵەکانیان، ئەم کارەشیان بەشێوازێکی زۆر سەرسوڕهێنەر ئەنجام دەدا.
دەبوایە زاوا بەزۆر بوکی لەماڵی باوکی ڕابکێشایەتە دەرەوە، وە دەبوایە بوکیش بەرگری بکردایە و وای نیشان بدایە کەبە زۆر دەبرێتە ماڵی زاوا، بەم هۆیەش بوو کە هاوسەرگیری بە مانای دزی دەهات.
دایكوباوکانی کۆمەڵگای سپارتا بە کوڕو کچەکانی خۆیان دەووت ئەو کەسانەی کە هەڵیان دەبژێرن بۆ هاوسەرگیری دەبێت سەیری قەد و باڵای بکرێت، چونکە پاشاکەیان "ئارخیداموس" غەرامە کرا لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئافرەتێکی لاواز و کورتە باڵادا هاوسەرگیری کردبوو.
تاکە هۆکاری هاوسەرگیری لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا خستنەوەی مناڵ بوو، ئەگەر ئافرەتێك مناڵێکی ساغ و سەلامەتی نەبوایە ئەوا ئەو ئافرەتەیان دەکوشت یاخود دەیان دا بە قەرز بە پیاوێکی بەهێزو بە دەسەڵات تا بەڵکو خێزانەکەیان منداڵێکی باشی ببێت.
به‌روار: 15/06/2019
بینین: 84