میژووی جیهان
  زنجیرەی ناساندنی ئایین و بیروباوەڕەکان بەشی چوارەم
هامنۆ هەورامی
بەشی چوارەم 
کاریگەری میترائی بۆ ئایین و باوەڕەکانی دوایی خۆی :

یەکەم/ سەرەتا:
ئایینی میترائی وەک پێشتر باسمان لێوە کرد توانی لەماوەی بڵاوبوونەوەی باڵادەستییەکی بێوێنە بەسەر جیهانی کۆندا بسەپێنێت ، ئەم باڵادەستیەش هەرچەندە دوای هاتنی هەردوو ئایینی زەردەشتی و مەسیحی بەرەو کاڵبوونەوە و بگرە بەرەو نەمانیش چوو بەڵام بگرە هەر دوای لەناوچونی پێگەیان توانیان خۆیان بخزێننە نێو دابونەریت و کلتوریانەوە و بگرە کاریگەریشیان لەسەر ئەو ئایینانە بمێنێتەوە ، لەم بەشەدا ئاماژەیەکی خێرا بەو کاریگەرییە دەکەین کە میترائییەکان خستییانە سەر باوەڕەکانی پاش خۆیان :

دووەم/ زەردەشتی :
زەردەشت وەک پەیامبەرێک دوایی ئەوەی لەوڵات و نشینگەی خۆی دەردەکەوێت و دەستدەکات بەبانگەواز و بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی ، گەلەکەی کەزۆرینەیان لەسەر باوەڕی میترائی بوون زۆربەتوندی دژایەتییان کرد و باوەڕیان پێنەهێنا ، تەنانەت بەجۆرێک ناچاربوو وڵاتی خۆی بەجێهێڵێت و بەرەو شاری بەڵخ کە ئێستا سەر بە ئەفغانستانە کۆچبکات.
دواتر کە ئایینی زەردەشتی دەبێتە ئایینی باڵا لە حکمومەتە یەکلەدوای یەکەکانی ئێران بەتایبەت حکومەتی ساسانی دەستدەکەن بەلەناوبردنی گیانی و هزری شوێنکەوتوانی میترائی.
 بەڵام ئەم دوژمنایەتییە نەیتوانی بەر لە یادگاری میترا بگرێت و بەجۆرێک میترا ڕەگی داکوتی لەنێو کۆمەڵگای ئەودەمی ئێراندا کەناوی لەنێو ئاڤێستای دەستکاریکراوی ئەودەمی ساسانیشدا هێشتەوە .

کاریگەرییەکانی میترائی لەسەر زەردەشتییەت :

۱. .باوەڕی میتراییەكان وەهایە كە میهر خودای گەورەیە، خواكانی تر لەو
بچوكترن كە ئەمە هەمان بیروباوەڕی زەردەشتییەكانە بۆ خودا كە دەڵێن
ئاهورامەزدا خودای گەورەیە و لە ئێزدەكانی گەورەترە كە دەتوانین بڵێین هەمان
ئەمشاسپەندانە.
۲. میترائیزم لەسەر بنچینەی پەرستنی ئاگر و هێزەكانی سروشت، وەكو (با، تۆفان، خۆشی بەهار، ئاسمان، چیا، جەنگەڵ، شەو هتد ....) دامەزراوە، بەهەمان شێوە زەردەشتییەكانیش ئاگر لەلایان پیرۆزە و بە كوڕی ئاهورامەزدای دەزانن وەك
چۆن لە یەسنا هاتی ٦۲ : ۲ دا دەڵێت:
ئەی ئاگرەكان كوڕی ئاهورا مەزدا
وە ئارتور كریستنسن دەڵێت: هەموو دەقەكانی ئەڤێستا ئەوەی دەسەلمێنن كە پەرستنی توخم و ماكەكانی سروشتی یەكێك لە بنەماكانی ئایینی زەردەشتی بووە.
كەواتە پیرۆزی ئاگر و توخمە سروشتییەكانیش كەلە زەردەشتیەتدا پێگەیەکی بەرچاوی داگیركردووە ئەمیش هەڵقوڵاوی میترائیزم بووە و كاریگەری بەسەرییەوە هەبووە.
۳. .لە هەردوو ئاییندا گا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە و پیرۆزی زۆری پێبەخشراوە.
٤.پیرۆزی ژمارە حەوت كە لەلای میترائیزم پلە ئایینییەكان دابەشكرابوون بۆ حەوت پلە بەهەمان شێوە زەردەشتییەكانیش ژمارە حەوتیان لەلا پیرۆز بووە و ئەمشاسپەندان بە ئاهورامەزداوە حەوت بوون.
٥ .بوونی پلەی پیر لە هەردوو ئایینەكەدا وەك پلەیەكی بەرزی ئایینی.
٦. شەرابی هوم كە باسمان كرد لە زەردەشتیەتیش و هندۆسیشدا هەبووە لە
میترائیزمیشدا هەبووە و پێویست بووە ئەو كەسانەی دەگەنە پلەی (كالغ =
قەلەباچكە) لێی بخۆنەوە.
۷. .بوونی ڕۆحی پاك و پیس لەلای میترائییەكان كە لەلای زەردەشتییەكان بووەتە سپەنتامینوو و ئەنگرەمینوو.
۸.میترائییەكان باوەڕیان بە نەمری ڕۆح هەیە بۆیە پێویستە چاك بژین و كرداری چاك بكەن تاكو ڕۆحیان بە نەمری بمێنێتەوە (بەڵام باوەڕیان بە بەهەشت و دۆزەخ نەبووە) وە ئەمەش هەمان بیروباوەڕی زەردەشتییەكانە سەبارەت بە ڕۆح.

۹.میهر لە زەردەشتییەتدا یەكێكە لە ئێزدەكانی (ئاهورامەزدا )بەهەمان ناو. ـ ئێزد واتای خوداوەند دەگەیەنێت هەندێکیش بە فریشتە لێکی دەدەنەوە.

۱۰.لە سروودە كۆنەكانی ئاڤێستادا لە بەشی یەشتەکان سروودێك هەیە پێیدەوترێت میهر یەشت ، لەم سروودەدا هەموو سیفەتەكانی میهر و ئەو كارانەی ئەنجامی داون باسیان
لێوەكراوە. هاوكات پەیوەندی میهر بە خۆرەوە خراوەتە ڕوو، بۆ نموونە ئەمانەی
خوارەوە چەند سیفەتێكن لە سیفەتەكانی میهر كە لە سروودی میهر یەشتدا خراونەتە ڕوو:
أ. لە ستایش و پەرستندا پایەی ئاهورامەزدای هەیە.
ب. بەخشندەی گەورەیە.
ج. هەزار گوێ و دەهەزار چاوی هەیە.
د. چاودێریكاری هەموو سەرزەوی ئارییەكانە.
هـ. ئاشتەوایی و جەنگی كیشوەرەكانی بەدەستە.
و. بەخشندەی بەرەكەتە.
۱۱ .میتراییەكان پەرستگاكانیان لەناو ئەشكەوت شاخ و ژێرزەمینەكاندا بووە بە زۆری بەهەمان شێوە دەخمەی زەردەشتییەكان و ئاتەشگەكانیان بەشێوەیەكی فراوان لە شاخ و شوێنی دوورە دەست بووە، بە نمونە ئاتەشگای پاوە و بیر و
ناوچە كوردییەكان و.......
۱۲ .پیرۆزی ڕوناكی لە ئایینی میترائیزمەوە گواستراوەتەوە بۆ ئایینەكانی تر و
سەرەتا لە ئێرانەوە برەوی سەندووە.
۱۳ .یەڵدا كە كاتی لەدایك بوونی میترا بووە، هاوكات بووەتە یەكێك بووە لە
جەژنەكانی زەردەشتیەت. 
۱٤. پیرۆزی شەرابی هوم لەهەردوو ئایندا.

سێیەم/ هندۆسی :
هندۆسیەت یاخوود ڕاستتر بڵێین براهمایی بە یەكێك لە ئایینە هەرە دێرینەكانی جیهان دادەنرێت كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكی (٦۰۰۰) ساڵ پێش ئێستا وە ڤێداس بەسەرچاوەی سەرەكی ئەم ئایینە دادەنرێت كە بەنزیكی دەگەڕێتەوە بۆ (۳۰۰۰ - ٤۰۰۰ - ٦۰۰۰) ساڵ پێش ئێستا و دێرینی ئەم ئایینە بەجۆرێکە بەتەواوی ناتواندرێت دیاری بکرێت لەگەڵ میترائیدا کامیان دێرینترن.
هەربۆیە ناتوانین بڵێین ئایا ئەو لێکچونانەی لەنێوان ئەم دوو ئایینەدا هەن ئایا هۆکارەکەی کاریگەری بووە یاخود تەنها لێکچونە بەڵام بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەشێت بڵێین کاریگەرییەکە لە میترائییەوە بۆسەر هندۆسی بووە :

۱. لە ڤێدایی پەڕتوکی هندۆسییەکاندا سرودی تایبەت بە ستایشی میترا هەیە.
۲. لای هندۆییەکان میترا خوداوەندی ڕووناکی و تیشک و ئاسمان بووە.
۳. میترا بە پشتیوانی ڕاستی و دوژمنی سەرسەختی درۆ و ناپاکی دانراوە.
٤. لەگەڵ خوداوەندەکانی وەک ڤارونا و ئادیتا ناوی هاتووە.
٥. گا پیرۆزیەکی زۆری هەبووە لای میترا بەهەمانجۆر ئەم پیرۆزییەش لای هندۆییەکان ماوەتەوە.

٦. پیرۆزی شەرابی هوم لەهەردوو ئاییندا.
۷. بەپیرۆزڕاگرتنی توخمە سروشتییەکان لای هەردوو ئایین.


چوارەم/ سەرچاوەکان :

۱. نهێنیەکانی ئاینی میترایی ـ فرانتس کۆمۆن ـ وەرگێڕانی : فەرهاد عزیز خۆشناو
۲. دونیای زەردەشتییەت ـ بەرگی یەکەم ـ (گەڕانەوە بۆ مێژوو) ـ هامنۆ هەورامی (دەستنووس)
۳. کورد و زەردەشتییەت ـ ئامادەکردنی : د.عوسمان علی و دیدار عوسمان
٤. هەورامان ـ بەرگی یەکەم و دووەم ـ ئەیوب کوێخا ڕۆستەم
٥. ئەرشیفی تایبەتی نووسەر.
به‌روار: 26/08/2019
بینین: 67