میژووی جیهان
  زنجیرەی ئایین و بیروباوەڕەکان: بەشی دوازدەهەم
هامنۆ هەورامی
ئایینی زەردەشتی : هەشتەم/ هاتنەبوون و خواو شەیتان لە بڕوای زەردەشتییەتدا: لە زەردەشتییەتدا دوو هێزی بەرامبەری بێسەرەتایی بوونیان هەیە ئەوانیش بریتین لە : سپەنتامینوو و ئەنگرەمینوو كە مەبەست لێی ئاهورامەزدا و ئەهریمەنە (خوا و شەیتان) هاوكات ئەنگرەمینو لەگەڵ سپەنتامینو بەدیهاتوون و بە دوو هاوزای دووانە ناودەبرێن كە یەكێكیان پاك و پیرۆزە و یەكیان خراپ و نەگریس، ئەنگرەمینو واتە ڕۆحی شەڕ (ناپاك) و سپەنتامینو واتە ڕۆحی خێر (پیرۆز) ئەم دوو هاوزایە هەمیشە لە شەڕدان تا لە ئەنجامدا سپنتامینو بەسەر ئەنگرەمینودا سەردەكەوێت و شەڕ و ناكۆكی كۆتایی پێ دێنێت. لێرەشدا شتێکمان بۆ دەردەكەوێت سەرهەڵدان و دروست بوونی ئاهورامەزدا و ئەهریمەن لە یەك خاڵدا بووە و پێكەوە دروست بوون، كەواتە ئاهورامەزدا هەڵەیە بە خوای ئەزەلی و ئەبەدی دابنێین چونكە لە خاڵێكدا دەست پێدەكات و هێز و توانای لەگەڵ ئەهریمەندا یەكسانە و بەردەوام لە شەڕدان دژی یەكدی. هەر ئەمەش وایلێکرد یەکێک لە مەزهەبە سەرەکییەکانی زەردەشتییەت بەناوی زورڤانی یاخوو زوروانیییەکان دان بە برابوونی ئەم دوو خواوەندەدا بنێن و بە کوڕی خواوەندێکی مەزنتریان دابنێن بەنێوی زورڤان. بەپێی باوەڕی زەردەشتییەکان ئاهورامەزدا (خودا) و ئەهریمەن (شەیتان) لە سێ هەزار ساڵ سەرەتای تەمەنی جیهاندا ئاهورامەزدا یان جیهانی ڕووناكی و ئەهریمەن یان جیهانی تاریكی لە پەنای یەكدی بەئارامی ژیاون. ئەم دووجیهانە لە سێ لاوە بێ سنوور بوون و تەنیا لە قۆڵی چوارەمەوە بەیەکگەیشتوون. دنیای ڕووناكی كەوتۆتە سەرەوە و دنیای تاریكی بەرەو كەش و بۆشایی نێوانی پڕ كردوونەوە. پەروێندراوەكانی ئەهوورامەزدا لەم سێ هەزار ساڵەدا لە باروهەوای سەرەتا و ئافراندنی جیهاندا دەژیان. پاشان ئەهریمەن تیشكی دیت و خۆی لەخاشەبڕ كردنی هەڵكرد - واتە لە هێز و دەسەڵاتدا ئاهورامەزدا و ئەهریمەن یەكسان بوون و ئەمەش بۆتە هۆی دووانە خودایی لە ئایینی زەردەشتیدا و بە دوو خودای جیاواز حسێبیان بۆ بكرێت -. ئاهورامەزدا ، كە ئاگاداری داهاتوو بوو، گەڵایەكی مەیدانداری و تێكهەڵچوونی بۆ ماوەی ۹۰۰۰ ساڵان خستەڕوو. ئەهریمەن كە تەنیا لە ڕابردووی دەزانی، ڕەزامەندیدەربڕی. ئەوكات ئەهوورامەزدا بۆی ڕوونكردەوە كە ئەم ململانەیە بە تێكشكانی جیهانی تاریكی دەبڕێتەوە. بە بیستنی ئەم هەواڵە، ئەهریمەن زۆر تۆقی و سەرلەنوێ كەوتەوە جیهانی شەوەیی و سێ هەزار ساڵ لەوێ چورتەی كردن كۆتایی پێهات، گایەكی خوڵقاند كە بە > ‌یەكەمین گا < ‌ناودێركراوە - هەوڵدان بۆ بە پیرۆزكردنی گا -. پاشان مرۆڤێكی گەورەی سازكرد بەناوی >‌گەیوومەرد <‌ بەزمانی ئەڤێستایی > ‌گەیەمەرێتەن < ‌واتە ژیانی مرندە، ژینێك كە مەرگی لە دوایە - كەیوومەرس كە نموونەی تۆرەمەی ئادەمیزاد بوو. ئەوكات ئەهریمەن پەلاماری ئافەریدەكراوەكانی ئاهورامەزدا و ماددەکانی پیسكردن و گیاندارانی دڕندەی بەدیهێنا ؛ ئاهورامەزا لەبەردەم ئاسمانەوە خەندەكێكی لێدا. ئەهریمەن پەیتا پەیتا شاڵاوی برد و سەرەنجام گا و گیوومەردی كوشت - كەواتە ئەهریمەن دەسەڵاتی لە هەندێك ڕووەوەدلە ئەهورامەزدا زیاتر بووە؟! -، بەڵام پاش چل ساڵان لە تۆوی گیوومەرد، كەلەناخی خاكا حەشارگەی هەڵگرتبوو، گیایەك ڕوا و یەكەمین جووتی ئادەمی بەناوی >‌مەشیەگ <‌و>مەشیانگ<‌سەریان لێ وەدەرنا - واتە بەپێی ئەم بڕوایە باپیری مرۆڤە (مەشی و مەشیانە = ئادەم و حەوا) لەو ڕووەکەوە دروستبوون کە لەتۆرەمەی کیومەرسەوە دروست ببوو. هەر ئەم فەلسەفەیەش لای یارسانەکان سەریهەڵدا کە پێیان وایە یەکێک لە گرنگترین دۆنە خواییەکان لە ڕووەکی ڕێواس دروست بووە وەک چۆن پیرشالیاری سێیەم لە وەسفی شاخۆشیندا پێی دەڵێت : یاران جە ڕێواس یاران جە ڕێواس پادشام پەیدا بی جە دانەی ڕێواس مەش ی و مەشیانە بەرئامان جە واس پەری ئازمایی میردان ڕەواس نۆیەم/ سەرچاوەکان : ۱.اڤستا کتاب مقدس لدیانة الزردشتیة ـ د. خلیل عبد الرحمن ۲.ایران در عهد ساسانیین ـ ارتور کریستنسن ـ ترجمه ـ رشید یاسمی ۳.دونیای زەردەشتییەت ـ هامنۆ هەورامی ٤.یارسان ــ ئەیوب ڕۆستەم ٥.ئازگار ــ بەرگی دووەم ـ ایوب ڕوستەم
به‌روار: 02/10/2019
بینین: 1504