میژووی جیهان
  ئافرەت لەمێژووی گەلاندا
باران ئاریایی

بەشی چوارەم
ئافرەت لە شارستانێتی ئێرانی کۆندا
ئەگەر سەیری مێژووی ئێران بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە سەردەمی ساسانیەکان بەرزترین و پێش کەوتوو ترین سەردەم بووە لە مێژووی ئێرانیەکان دا، بۆیە وا بەباش دەزانم کە ئەو سەردەمە بکەمە نمونە بۆ سەیرکردنی بارودۆخی ئافرەتانی ئێرانی کۆن.
لە ئیمپراتۆریەتی ساسانی دا کەلە کۆنەوە بۆیان مابوەوە ئافرەت خاوەنی هیچ شەخسیەتێك و مافێک نەبووە، بەمانای ئەوەی کە مرۆڤ بێت و خاوەنی مافو کەسایەتی بێت سەیر نەدەکرا.
ئەو دەمە ئافرەتان وەك پێداویستیەکی ژیان سەیر دەکرا وە دەبوو لە خزمەتی پیاوان دا بن و هەمیشە پیاوێك خاوەنیان بێت.
ئافرەتان دەبوایە لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکی خێزان دا بونایە کە ئەو دەم بە "کتك ختای" یاخود "کد خدای" ناویان دەبرد.
لەو سەردەمەدا قانونی خێزانەکان کۆمەڵگایان دروست دەکرد، یەکێك لەو قانونانە ئەوە بوو کە پیاوان بەبێ ئەوەی سنوریان هەبێت دەیان توانی تا چەند پێیان خۆش بێت ژنیان هەبێت.
پیاوانی هەژارو کەمدەرامەت نەیان دەتوانی لە ژنێك زیاتر بهێنن، بەڵام دەڵلەمەندەکان و دەسەڵاتدارەکانیان بە قەدەر دەنکی تەزبیحەکانیان ژیان لە حەرەم سەراکانیاندا کۆدەکردەوە.
مێژوو نوسان هاوسەرگیری دابەش دەکەن بەسەر سێ جۆر دا لەو سەردەمەدا.
یەکەم: پاشاژن..
ئەم جۆرە ژنهێنانە لەناو دەوڵەمندان و  خانەدانەکاندا باو بوو، لەناو ئەم خێزانانەدا دوو جۆر ژنی مێرد دار هەبوو کە یەکەم بە "پاشاژن" ناو دەبرا وە پلەیەکی بەرزتری هەبوو لەوانی کە.
ئەو ژنانەشی کە مێردەکانیان تەڵاقیان دەدان یاخود دەمردن و شویان دەکردەوە پێیان دەوتن "چاکر زن" یاخود "کارگر زن" .
پاشاژن ڕۆژانە پارەیەکی کەمی  لە مێردەکەی وەردەگرت و لەدوای مردنی مێردەکەشی بەقەد کوڕەکانی میراتی بەردەکەوت، بەڵام چاکرزن هیچ مافێکی نەبوو تەنها وەک کارەکەرێك یارمەتی پاشاژنی دەدا.
ئەڵبەت تا ئەوکاتەی توانای کاردنی هەبوایە پارەیەکی کەمیان دەدایە.
کارەکەر ژن دەیتوانی پلەی بەرز بێتەوە ببێتە پاشاژن، پیاو دەبوو تا کاتی مردنی چاودێری پاشا ژنی بکردایە و کوڕەکانی تا کاتی باڵق بوون و کچەکانی تا کاتی بەشودان بەخێو بکردایە.
بەڵام کارەکەر ژن ئەم مافانەی نەبوو، مێردەکەی تەنها منداڵە کوڕەکانی بەخێو دەکرد.

دووەم: ژنهێنانی ئیستقرازی..
ئەم جۆرە ژن هێنانە "عاریەتیشیان" پێ دەوت بەمانای ژنهێنانی کاتی لەگەڵ ئافرەتێك کە خۆی خاوەنی مێرد بوو، لەم حاڵەتەدا پیاو دەیتوانی ژنی یەکەمی خۆی بەقەرز بدات بە پیاوێكی کە پێویستی هەبوو بە ژنێك بۆ بەخێو کردنی مناڵەکانی، وە بۆ ئەم کارەش تەنها ڕەزامەندی پیاوەکە گرنگ بوو، هەرگیز گوێیان بەوە نەدەدا کە ئایا ژنەکە ڕازییە یاخود نا.
دیاری کردنی کاتی ئەم ژن بەقەرز دانە لەدەستی پیاوان دا بوو، لەم جۆرە ژن هێنانەدا ماڵ و سامانی ئافرەتەکە لەلای مێردی یەکەمی دەمایەوە، ئەو مناڵنەاشی کە لەو ماوەی قەرزەدا ببویە ئەوا بە منداڵی  مێردی یەکەمی دادەنران، بەڵام ئەرکی سەرپەرشتیاری و بەخێوکردنیان لە ئەستۆی مێردە کاتیەکەدا بوو تا تەواو بوونی ماوەی ژن قەرزکردنەکە.

سێیەم" هاوسەرگیری لەگەڵ مەحرەمەکان دا..
لەناو کۆمەڵگای ئەو سەردەمەی ئێران دا ژن و ژنخوازی لە نێوان مەحرەمەکادا بەبیانوی ڕاگرتنی نەسەب و پاك ڕاگرتنی خوێنیان ڕێگا پێدراو بوو، وە پێیان دەوت "خویدوگدس"، ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر ئەو هاوسەرگیریە ئەنجام بدرێت ئەوا پاك دەبنەوە لە گوناهە گەورەکانیان.
یەکێك لە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە بەناوی "آدرای ویراز" حەوت خوشکی خۆی مارەکردبو، هەروەها "بهرام چوبین" خوشکەکەی خۆی مارەکردبوو.
دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کەلەو سەردەمەدا خەڵکی ئێران لە پەیڕەوانی ئاینی زەردەشت بوون!
لێرەدا بەباشی دەزانم باسی چەند پاشاو دەسەڵاتدارێکی ئێرانی بکەم کە لە پەیڕەوانی ئاییی زەردەشت بوون.

یەکەم: جووتگرتنی کامبوزیا لەگەڵ خوشکەکەی
هێرۆدۆت مێژوو نوسی گەورە (٤٠٩-٤٨٤)ی پێش زایین ڕوونکردنەوەی ئەم باسەی لە کتێبەکەیدا بەم شێوە نوسیووە:
" دووەم هەڵەی کامبوزیا کە کردی کوشتنی خوشکەکەی بوو، لەگەڵ خۆیدا بۆ میسری هێناو وەکو ژنی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کرد، هەرچەندە خوشکی بوو لە یەك دایك و باوك بوون".

دووەم: ئەردەشێری دووەم و مارەکردنی کچەکەی
یەکەم نوسەری یۆنانی کە ئاماژەی بەم بابەتە کردووە "کتزیس"ە لەساڵی ٤٤٠ی پێش زایین ژیاوە، نوسینەکانی ناوبراو لەبەردەست دا نین، بەڵام "پلۆتار" کەلە ساڵی ٦٦ی زاین لەدایك بووە، لەبارەی ژیانی ئەردەشێری دووەم پاشای هەخامەنشین بەپشتیوانی وتەکانی "کتزیس" ئەم پاشایە بەمارەکردنی کچەکەی تاوانبار دەکات.

سێیەم: قوباد و مارەکردنی کچەکەی..
بابەتی قوباد ومارەکردنی کچەکەی بۆ یەکەمجار "ئاگاتیاس" کەلە سەردەمی "ئەنەوشیرەوان"دا دەژیا نوسیویەتی: قوباد باوکی ئەنەوشیرەوان کچەکەی خۆی کەناوی "زنبق" بوو مارەکرد.
"بطریق ماربها" یەکێك لە ئێرانیانی سەردەمی ئەنەوشیرەوان دەڵێت: "پیاوچاکی و پەرستش بۆ ئەهورا مازدا بەجۆرێك بەڕێوە دەچوو کە دەبوایە، دایك و کچ و خوشکەکانی خۆیان مارە بکردایە"، ئەم پیاوە دەڵێت: لەناو زەردەشتیەکان دا ئەم کارە بە ناپەسەند سەیر نەدەکرا، بەڵکو بە کارێکی پەسەندیان دادەنا لەلایەنی دینییەوە و پاداشتیکی زۆری هەبوو.
"زن در حقوق ساسانی، لاپەڕە ٥٦-٥٨".

مافەکانی ژن و پیاو لە ئاینی زەردەشت دا...
لەم ئاینەدا پیاو دەسەڵاتی بەسەر ماڵوموڵکی ژنەکەیدا هەبوو، ژن بە بێ ئیزنی مێردەکەی بۆی نەبوو دەستکاری ماڵی خۆی بکات.
بەپێی یاسای ژنومێردایەتی تەنها پیاو بوو کە مافی یاسایی هەبوو وە دەیتوانی بە یاسا ژن بکاتە هاوبەشی موڵك و ماڵەکەی، خۆ ئەگەر ئەو کارەی بکردایە ئافرەتەکە دەیتوانی دەستکاری کەلوپەلی ناو ماڵەکە هەمووی بکات.
هەرکات پیاو بە ژنەکەی بوتایە بۆ ئازادیت و ئیختیاری خۆتت هەیە، ئەوا ژنەکە دەیتوانی وەك کارەکەر ژن مێردێکی کە بۆخۆی هەڵبژێرێت، بەڵام لای مێردی یەکەمی دەرنەکدەرا و لەوێ لەماڵەکەی ئەو دەژیا وە ئەو منداڵانەشی کەلە مێردی دووەمی دەیبوو دەبونە مناڵی مێردی یەکەم.
مێرد مافی ئەوەی هەبوو کە ژنی گەورەی یاخود باشترین ژنی بە ئەمانەت بدات بە پیاوێکی دیکە، تاوەکو ئەو پیاوەش لە خزمەتگوزاری ئەو ژنەش سود وەربگرێت.
به‌روار: 15/06/2019
بینین: 1219