میژووی جیهان
  ئافرەت لەمێژووی گەلاندا
باران ئاریایی
بەشی پێنجەم
ئافرەت لەسەردەمی جاهیلیەتی عەرەب دا

عەرەب پێش ئیسلام ژنیان بە دروستکراوێکی پیس دەزانی، پێیان وابوو کە ژن دروست کراوە تەنها بۆ خستنەوەی نەوە و خزمەت کردن، هەبونی کچ بە موسیبەتێکی زۆر گەورە سەیر دەکرا.
"تمدن عرب قبل از اسلام" لاپەڕە ٥٠٣
هەرکات خەبەریان بدایەتە پیاوێك کە ژنەکەی کچی بووە ، ئەوا خەفەت ڕووی تێدەکرد و دەموچاوی ڕەش هەڵدەگەڕا، هەروەك قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: 
وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالأُنثَى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ ﴿٥٨﴾

خۆ ئه‌گه‌ر مژده‌ی بوونی کچ بدرێت به‌ یه‌کێك (له‌و نه‌فامانه‌) ڕووی گرژو تاڵ ده‌بێت و ڕه‌ش داده‌گیرسێت و سینه‌ی پڕ ده‌بێت له‌ خه‌م و په‌ژاره.‌

ئەوان هەرچۆن توتکەی سەگیان دەخستە ناو ئاوەوە هەر ئاواش کچەکانی خۆیان زیندە بەچاڵ دەکرد تا بەڵکو لەدەستی نەگی و کچدار بوون ڕزگاریان بێت، هیچ کەس ئەو کارە قێزەونەی بە نەنگی نەدەزانی و سەرزەنشتی ئەو کەسانەیان نەدەکرد کە کچەکانی خۆیان دەکوشت.
تەنانەت ژنەکانیشیان نەیان دەتوانی ببنە ڕێگر لەبەردەم زیندەبەچاڵ کردنی کچەکانیان، چونکە تەنها پیاو بوو کە دەسەڵاتی هەبوو بەسەر مناڵەکانیدا و بڕیاری ژیان و مردنی دەدان.
عەرەبە جاهیلەکان بە هێنانی یەك ژن ڕازی نەدەبوون، فرەژنی لای ئەوان یا بۆ زیاد کردنی مناڵ بوو یان بۆ کاری سیاسی بوو، چونکە کچی پیاوانی ناودار و بەدەسەڵاتیان دەهێنا.
ژنهێنان لەو سەردەمەدا چەند جۆری هەبوو کە لێرەدا هەندێکیان باس دەکەین:

یەکەم: ژنهێنان بە شێوەی دانی مارەیی..
ئەم جۆرە ژنهێنانە وەك ژنهێنانی ئەم سەردەمە وایە، کە کوڕەکە دەچێتە خوازبێنی ئەو کچەی کەخۆی هەڵی بژاردووە، مارەیی دەدات بە کچەکە و مارەی دەکرد و دەیکردە هاوسەری خۆی.
دووەم: ژنهێنانی موتعە..
لەم جۆرەدا ژنهێنان کاتی بوو کە پیاوەکە کاتێکی دیاری دەکرد، کاتێك کە کاتەکە کۆتایی دەهات ئەوا ڕاستەوخۆ پەیوەندی ژن و مێردیەکەیان هەڵدەوەشایەوە.
ئەڵبەت پیاو مارەییەکی دەدا بە ژنەکەو ئەو منداڵانەشی لەماوەی هاوسەرگیریەکەدا دەهاتنە دنیاوە، مافی سەرپەرستی و میراتگریان هەبوو لەماڵی پیاوەکە.

سێیەم: ژنهێنانی زعینە
هەرکاتێك پیاوێك لەکاتی جەنگدا ژنێکی بەدیل بگرتایە، ئەوا مافی ئەوەی هەبوو کە مارەی بکات لەخۆی وە ئافرەتەکەش نەیدەتوانی هیچ ناڕەزایەتیەك دەرببڕێت، چونکە بە بەشێک لە موڵکو سامانی پیاوەکە حساب دەکرا. ئەم جۆرە ژنهێنانە بەبێ مارەی و عەقد دەکرا.
چوارەم: ژنهێنانی شغار (ژن بە ژن)..
کچێك یان خوشکێکی خۆی مارە دەکرد لە پیاوێك لەجیاتی مارەیی یاخود ماڵ و سەروەت ئەبوایە ئەویش خوشکێك یان کچێکی خۆی بدایەتێ، هەروەك زەواجەکانی دیکە بۆ ئەم جۆرەش تەنها ڕەزامەندی پیاوەکان گرنگ بوو، وە ئافرەتان بۆیان نەبوو ڕای خۆیان بڵێن وەک کاڵا ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرا.
پێنجەم: ژنهێنانی مبادلە (ژن گۆڕینەوە)..
ئەم ژنهێنانە بەشێوەیەك بوو کە پیاو یەکێك لە ژنەکانی خۆی دەدا بە پیاوێکی تر، لەو سەردەمەدا باو بوو ئەگەر پیاوێك ژنی کەسێکی بەدڵ بوایە یەکسەر دەچوە لای مێردەکەی و پێشنیاری ئەوەی دەکرد کە ژنەکانیان بگۆڕنەوە.
ئەم ژن گۆڕینەوەیە بەبێ مارەکردن و مارەیی دان بە ژنەکە بوو، تەنها پیاوەکە دەیوت؛ "انزل لی عن امرأتك و انزل لك عن امرأتی".
(عمدة القاری، ج ١٠، ص ١٢٣؛ بلوغ الارب، ج ٢، ص ٥ و المفصل، ج ٥، ص ٥٣٧).

شەشەم: ژنهێنانی ئیستیبزاع (استبضاع)
ئەم جۆرە ژن و مێردایەتیە بۆ مناڵ بوون بوو، ئەگەر پیاوێك حەزی لە مناڵ بوایە کە چەند خەسڵەتێکی تایبەتی هەبوایە و خۆی ئەو خەسڵەیانەی نەبوایە، بۆ نمونە مناڵێکی ئازاو چاونەترس و بەجەرگ، یاخود مناڵێکی قسەزان و شاعیر بوایە، ئەوا ژنەکەی دەناردە لای باوکی ئەو منداڵە بۆ ماوەیەك تا منداڵێکی دەبوو لەو پیاوە، ئەو منداڵەشی کەلە دایك دەبوو مێردی یەکەمی ئافرەتەکە دەبووە باوکی، کاتێك کە ئافرەتەکە دووگیان بوایە دەگەڕایەوە بۆلای مێردەکەی خۆی.

حەوتەم: ژنهێنانی مقت (ضیزن)
یەکێکی کە لەو ژن و ژنخوازیانە کەباو بوو لەناو عەرەبی ئەو سەردەمەدا، ئەم جۆرە ژنهێنانە بوو، ئەگەر پیاوێك بمردایە هەروەك چۆن سەروەت و سامانی دەبووە میرات بۆ مناڵەکانی ئەوا ژنەکەشی دەبووە موڵکی کوڕە گەورەکەی.
ئەگەر ژنەکە گەنج بوایەو سیمایەکی جوانی هەبوایە ئەوا کوڕەکە دەیکردە ژنی خۆی، ئەگینا پەڕۆیەکی دەدا بەسەر ژنەکەی باوکیدا و بەمارەییەکی تازە دەیدایە یەکێك لە هاوڕێکانی خۆی، ئەو مارەییەشی کە دەدرا لە حەقی ئەو ئافرەتەدا بۆ کوڕی گەورە بوو.
ئەگەر بهاتایە و ئەو پیاوەی کە دەمرد خاوەنی کوڕ نەبوایە، ئەوا کەسوکاری پیاوەکە دەبونە خاوەنی ژنەکانی، هەریەکەیان دەیویست بیان بات بۆ خۆی، بۆیە هەرکامیان زووتر پارچە قوماشێکیان بدایە بەسەریدا ئەوە دەبووە موڵکی ئەو.
ئەو کەسەشی کە دەبوو خاوەنی ئەگەر بیویستایە ئەوا دەیکردە ژنی خۆی، ئەگەر نەشی ویستایە ئەوا دەیتوانی مەحرومی بکات لەوەی کە جارێکی کە هاوسەرگیری بکات، دەبوو خزمەتی ماڵی ئەو کەسەی بکردایە تا دەمرد.
هەندێك دەڵێن ژنهێنانی "ضیزن" واتا پەیوەندی بەستی ژن و مێردایەتی لەگەڵ ژنی باوک دا، ئیتر هیچ جیاوازی نەبوو ئاخۆ باوکەکە مردووە یاخود ژنەکەی تەڵاق داوە.

هەشتەم: هاوسەرگیری رهط (هاوسەرگیری بەکۆمەڵ)..
لەم جۆرە هاوسەرگیریەدا کۆمەڵێك پیاو کە لە دەکەس کەمتر نەبوون ژنێکیان دەهێنا، کە دەبوو هەموویان بە شەریکی بژێوی ژیانی ژنەکە دابین بکەن.
ئەگەر ئەو ئافرەتە منداڵی ببوایە، دوای هاتنە دنیای مناڵەکە یەك یەك پیاوەکانی بانگ دەکردە ماڵەکەی خۆی وە بەیەکێکیانی دەوت کە منداڵی  ئەوە، ئەو پیاوەشی کە هەڵدەبژێردرا نەیدەتوانی هیچ ناڕەزایەتیەك دەرببڕێت، خۆ ئەگەر ئەو منداڵەی کە لە دایك دەبوو کچ بوایە ئەوا هیچ کام لە پیاوەکان خۆی نەدەکردە خاوەنی، وە هیچیان ڕازی نەبوون بەوەی ببنە باوکی کچ.

نۆیەم: هاوسەرگیری خدن..
لەم جۆرە هاوسەرگیریەدا ژن و مێرد پەیمانی هاوسەرگیریان دەبەست، بەڵام پیاوەکە هیچ مارەیی یاخود خەرجی بژێوی ژیانی ئافرەتەکەی نەدەدا. ئەم جۆرە ژن و مێردایەتیەش هیچ ڕەسمیەتێکی نەبوو وە تەنها نهێنی نێوان ژن و پیاوەکە بوو.
کۆمەڵگا ئەو جۆرە ژن و مێردایەتیەی بە ڕەوا دەزانی تا ئەو کاتەی ئاشکرا نەبوایە و بەس نهێنی نێوان ژن و پیاوەکە بوایە، خۆ ئەگەر ئاشکرا ببوایە ئەوا مایەی بێ ئابڕوی بوو بۆیان، بۆیە دەیان ووت "ما أستتر فلا بأس وما ظهر لٶم".

دەیەم: هاوسەرگیری جمع
یەکێك لە سونەتەکانی عەرەبی سەردەمی جاهیلیەت ئەوە بوو کە لە ڕێگای ئافرەتان و کەنیزەکەکانەوە ماڵ و سامانێکی زۆریان کۆ دەکردەوە، بۆ ئەم کارەش دەهاتن لەناو بازاڕدا ماڵێکیان دروست دەکرد وە ئاڵایەکی تایبەتیان هەڵدەکرد لەسەر ئەو ماڵە، بەمانای ئەوەی کە سەردانی هەموو کەس ئازادە بۆ ئەو ماڵە، کۆمەڵێکی زۆر لە پیاوان سەردانی ئەو ماڵەیان دەکرد، بەو ئافرەتانەیان دەوت 'بغایا" واتە "لەش فرۆشان"، جەهالەتی ئەو خەڵکە لەو سەردەمەدا گەیشتبووە ئەو ئاستە کە نەك ئەو کارەیان بە ناڕەوا نەدەزانی، بەڵکو ئەگەر یەکێك لە ئافرەتەکان منداڵی ببوایە ئەوا کەسانی شارەزاییان بانگ دەکرد کە باوکی مناڵەکە بدۆزنەوە، دەهاتن سەیری منداڵەکە و ئەو پیاوانەی کە سەردانی ئەو ماڵەیان کردووە دەکرد تا بزانن زیاتر لەکامیان دەچێت.
مێژوونوسان باس لە جۆرێکی تری هاوسەرگیری دەکەن کە لە خێزانێکدا چەند برا هەبوایە بە هەموویانەوە ژنێکیان دەهێنا، بەپێی ئەو ووتەیەی کە دەیان ووت ماڵمان یەکە دەبێت ژنیشمان یەك بێت. لەم پەیمانەشدا برای گەورە سەرۆکی خانەوادە بوو، ئافرەتەکە لەژێر دەستی برا گەورەکەدا بوو، ئەگەر یەکێك لە براکانی بڕۆشتنایەتە لای ئافرەتەکە ئەوا گۆچانێکیان لەبەردەم ژوورەکەدا هەڵدەواسی بۆ ئەوەی نیشانەیەك بێت بۆ براکانی دیکەی کە کەسیان نەچنە ژوورەوە بۆلای ئافرەتەکە.
ئەم ڕایەی مێژوو نوسانیش لە کتێبی (المصل، ج ٥، ص ٥٤٠-٥٤١)دا باس کراوە.
عەرەبەکانی ئەو سەردەمە هێنانی دوو خوشکیان لەیەک کاتدا بە ڕەوا دەزانی و هەرگیز بە حەرامیان نەدەزانی. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ئافرەتان لەو سەردەمەدا حەقی وەرگرتنی میراتیان نەبوو.
  ماویەتی
به‌روار: 15/06/2019
بینین: 894