میژووی جیهان
  ئیگۆرییەکان کێن
ھامنۆ ھەورامی

ئیگۆرییەکان ئەو موسڵمانە تورکانەن کەلە ناوچەی تورکستانی خۆرهەڵات دەژین و هەرێمەکەیان بە (سینک یانگ - شین جیانگ) ناسراوە کە شارەکانی (کاشغر ، ختن ، ئاق سو ، یاركنو ، تورفان ، كوچا ، ئوروموچی) پێک دەهێنن و شاری ئوروموچی مەڵبەند و سەنتەری ناوچەکەیە و گەورەترین شاری هەرێمەکەشە .
زەوی ناوچەکە بریتییە لە ( ١٦٦٠٠٠١) کیلۆمەتری چوارگۆشە کە باکوری خۆرئاوای وڵاتی چین دەتەنێت و ژمارەی دانیشتوانیش بەنزیکەیی (٢١,٨١٣,٣٣٤) ملیۆن کەسە .
ئەم ناوچەیە پێشتر لە مێژووی دێریندا شوێنی نیشتەجێبوونی تیرە سکاییە ئاریاییەکان بووە ، پاشتر لە سەدەی نۆهەمی زاینیدا بەهۆکاری وشکەساڵی  و زیادبوونی مەنگۆلەکان بەرەو ئەم هەرێمە دەکشێن و لەم ناوچەیەدا بڵاو دەبنەوە .
لە ساڵانی (٨٦٠ - ٩٩٠ زاینی) بەهۆکاری دەوڵەتی سامانییە ئێرانییەکان ئاینی ئیسلام دەگات بەم ناوچەیە و دواتر دەبێتە ئاینی نەتەوەییان .
سەبارەت بە ناوی ئیگۆر ڕاوبۆچوونی جیاواز هەن ، هەندێکیان پێیان وەهایە کە بەواتای پەیوەستبوون دەگەیەنێت ، و هەندێکی دیکەش ڕایان وەها بووە لە ناوی خانی مەنگۆلی هونی (مودو چانیو - ئەوگوز خان)ـەوە هاتووە .
لە (١٢/ نۆڤەمبێر/١٩٣٣) ئەم گەلە کۆماری ئیسلامی تورکستانی خۆرهەڵاتی یەکەمیان دامەزراند و شاری کاشغریان کردە پایتەخت و یەکەم سەرۆک کۆماریش جواجە نیاز حاجی و دوای ئەویش ثابت داملا عبدالباقی بووە سەرۆک ، توانیان لەو ماوە کورتەدا وڵاتەکەیان لەڕووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە ببەنە پێشەوە ، بەڵام ئەم کۆمارە ساوایە زۆری نەخایەند و دوای کەمتر لە ساڵێک لە (١٦/ ئەوریل/١٩٣٤ ز) حکومەتی چینی میللی لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە کۆتایی هێنا بەم کۆمارەو خستییەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و سەربەخۆییان لەبن دەهێنێت .
موسڵمانە ئیگۆرییەکان بەهۆی جیاوازی ئاینی نەژادییەوە ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی توند بوونەتەوە لەلایەن حکومەتەوە ، تەنانەت بە جۆرێک کە زۆرێکی ڕاگوێستوون بۆ ناوچەکانی دیکەی چین بەو مەبەستەی کلتوور و ئاینی خۆیان لەناوبچێت ، هەموو سیما ئاینییەکانی وەک:
 (حیجاب و ڕیش و جلوبەرگی تایبەتی و هتد .........) قەدەغە کراون و هەرکەسێکیان بەو جۆرە سیمایەوە بێت ڕێگە نادرێ بچنە فەرمانگە گشتییەکانەوە ، تەنانەت لە مانگی ڕەمەزانیشدا فشاریان خرابووە سەر کە نەتوانن بەڕۆژوو ببن .
ئەم گەلە ستەم دیدەیە تاکو ئێستاش لەژێر زوڵم و ستەمی حکومەتی کۆمەنیستی چینیدان و چەندان هاونیشتمانییان تاکو ئێستاش لە زیندانەکانی وڵاتدان و چەندانیشیان بێسەروشێن کراون .
به‌روار: 12/08/2019
بینین: 619