میژووی جیهان
  شێخ ئەحمەد دیداد
هامنۆ هەورامی
پاڵەوانی ئیسلام و تەزێنەری بێباوەڕان

ناوی تەواوی ئەحمەد حسێن دیدادە لە ساڵی 1918 لە شاری تاندیکی ویلایەتی سوراتی خۆراوای هندستان لەدایک بووە، لەدوای لەدایک بوونی باوکی بە مەبەستی باشکردنی باری ژیانیان کۆچدەکات بەرەو باشووری ئەفریقا، لە تەمەنی 9 ساڵیدا دایکی کۆچی دوایی دەکات و دەچێتەلای باوکی ، ساڵی 1927 دەستدەکات بە خوێندن لە بنکەی ئیسلامی بۆ فێربوونی قورئان و زانستە شەرعیەکان ، ساڵی 1934 پۆلی 6 سەرەتایی تەواو دەکات و بڕیاری کارکردن دەدات لەگەڵ باوکی فرۆشگایەک ، دواتر دەست دەکات بە کارکردن لە کارگەیەک و 12 ساڵ لەوێ دەبێت پلەی لە شۆفێرەوە دەکرێت  بە فرۆشیار و دواتریش بەڕێو بەری کارگەکە، ئینجا پەیوەندی بە کۆلێژی تەکنیکی پاشایەتی دەکات بۆ خوێندنی بیرکاری و بەڕێوبەری کار.
خاڵی گۆڕان لە ژیانیدا لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە کۆمەڵێک تەبشیری مەسیحیەت (بانگخوازانی مەسیحی) دەبینێت کە مەبەستیان هەڵگەڕاندنەوەی موسڵمانان و گومان خستنە دڵیان بوو ، بەتایبەت پاش ئەوەی کە ڕۆژێک دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵیان و ئەوانیش پێی دەڵێن ئیسلام بە زەبری شمشێر بڵاو بووەتەوە ، بۆیە ئەحمەد دیداد بڕیار دەدات بە خوێندنەوە و بەراوردکاری ئاینە جیاوازەکان بەگشتی و مەسیحیەت بە تایبەتی و وردبوونەوە لە نووسخە جیاوازەکانی کتێبی پیرۆز(پەیمانی کۆن و نوێ)و بەراورد کردنیان ،  توانی زۆر بەباشی ئاشنای قورئانی پیرۆز و ئینجیل و تەورات و مزامیرەکان و کتێبە پیرۆزەکان ببێت.
 کە بۆی دەرکەوت بەهرە و توانایەکی وای هەیە بتوانێت  ڕووبەڕوویان ببێتەوە ساڵی 1940 بەدواوە دەستیکرد بە کۆڕ و وانە و دیبەیتەکانی. سەرەتا لە باشووری ئەفریقاوە دەستی پێکرد.
پاشان  لە جیهاندا ناوبانگی پەیداکرد و سەردانی چەندین وڵات و ناوچەی کردووە لەو پێناوەدا وەکو وڵاتانی :
(باشوری ئەفریقا کە خۆی لەوێ بووە، ئیماڕات،بەڕیتانیا،سویسرا ،ئەمریکا،پاکستان، هندستان،سعودییە،سوید،دانیماڕک،نایرۆبی،کینیا، ئوستڕاڵیا،کانەدا،سریلانکا،مالیزیا، بەحڕەین ،قەتەڕ و هتد.......).

ڕووبەڕووی قەشەو پیاوە ئاینییە مەسیحیەکان بووەوە کە گرینگترینیان : جیمی سواگەرت بوو لە ئەمریکا، قەشە ستانلی لە سوێد ، ئایس شۆرت و فلۆرید فلارس و هتد........
پاشان لە باشووری ئەفریکا بنکەی ئیسلامی بۆ بانگەواز دادەمەزرێنێت .
شێخ دیداد زیاتر لە بیست کتێبی هەیە کە ملیۆنان نوسخەی بە خۆڕای دابەشکراوە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
(کتێبی پیرۆز چی دەڵێت دەربارەی محمد صلی الله علیە وسلم، ئایا کتێبی پیرۆز وتەی خودایە، باسی لەخاچدانی مەسیح لەنێوان ڕاستی و هەڵبەستندا،مەسیح لە ئیسلامدا،قورئان و موعجیزەکانی قورئان ، محمد گەورەترینە و هتد .....)

ساڵی 1986 خەڵاتی مەلیک فەیسەڵی جیهانی پێدەبەخشرێت بەرامبەر ئەو خزمەتانەی کە لەپێناو  ئیسلامدا کردبوونی.
ئەم بانگخوازە ماندوونەناسە زیاتر لە 230 کۆڕ و دیبەیتی ئەنجام داوە لە جیهاندا،.
هەزارەها کەس بەهۆی ئەم کەڵەپیاوەوە ڕێگەی ڕاستیان دۆزیوەتەوەو بوونەتە موسڵمان.
شێخ دیداد هەریەک لە زمانەکانی : هندی، ئەفریقی،ئینگلیزی،گریکی،عیبری زانیوە.
ساڵی 1996 کاتێک سەردانی وڵاتی ئوستوڕالیا دەکات لەوێ جەڵدەی دەماغ لێی دەدات و لەجێگەدا دەکەوێت و جگە لە چاوی هەموو گیانی لە کار دەکەوێت.
وە ڕۆژانە بەردەوام بەو بارەشەوە فاکس و ئیمەیڵ و نامەی بۆ دەهات و ئەمیش بە جوڵەی چاوەکانی بۆ پیتەکان وەڵامی دەدانەوە بەیارمەتی هاوسەرەکەی.
لە (28/8/2005)بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە کۆچی دوای دەکات و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیانکرد .

د.زاکیر نایک کە بانگخوازێکی زانا و شارەزایە خۆی بە قوتابی شێخ دیداد دادەنێت و بە خزمەتی گەیشتووە و لێوەی فێر بووە بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە پیرۆزە.
به‌روار: 19/08/2019
بینین: 704