نوسه‌ران
  شانۆ لەبەردەم ديدێكى ئەفلاتۆنيدا
يەحيا كاميل مەحموود



شانۆ وەك يەكێك لە هونەرەكان سەرەتاكەى دەگەڕێتەوە بۆ يۆنانيەكان وە بە باوكى هەموو هونەرەكان دادەنرێت, وە شانۆ لە يەكەمين ئامانجيدا هەوڵ دەدات كە  دياردەكانى ناو كۆمەڵگە بە بچوككراوەيى و لەسەر تەختى شانۆدا پيشانى بينەرانى بدات و هەوڵ دەدات پرۆسە كۆمەڵايەتيەكان لە روانگە و دنيابينى خۆيەوە بەسەر عەقڵى بينەردا بسەپێنێت, بە واتايەكى تريش شانۆ و هونەر بەگشتى بانگەشەى ئەوە  دەكەن كە لە هەمووان زياتر دنيابينييان هەيە بەرامبەر حەقيقەت و فۆرمى بەرزى دياردەكان، بەڵام بزانين ئەفلاتۆن چۆن لە ڕوانگەى فەلسەفە ميتافيزيكيەكەى خۆيەوە ئەم گوتارەى هونەر لە بێژنگى ڕاستى دەدات(ميتافيزيك= ئەوديو سروشت يان ئەوديو شتە هەستپێكراوەكان ئەم, هەرشتێك خۆى بەوديو جيهانى هەستپێكراوەوە خەريك بكات پێى دەوترێت ميتافيزيك. ئەم چەمكە لە روانگە دينيەكەيەوە بە ماناى جيهانى ئەوديو ئەم دنيا يان جيهانى پاش مردن دێت).

ئەفلاتۆن كە پێويست ناكات لەسەر بايۆگرافى و ژيان و ناساندنيەوە هێندە بدوێين چونكە خاوەن نەريتێكى فەلسەفى دەوڵەمەند و گشتگەرايە واتە ئێمە لەسەر هەر ڕوانگەيەكى ژيان ياخود هەر ڕوانگەيەكى بيركردنەوەوە قسەبكەين دەتوانين سود لە عەقڵ و جيهانبينى ئەفلاتۆن وەربگرين لەبەرئەوەى سيستەمە فەلسەفيەكەى ئەفلاتۆن سيستەمێكى سەرتاپاگيرە و هەموو ڕەهەندە فيكريەكان و سيستەمە كۆمەڵايەتى و سياسى و مرۆييەكانى لە خۆوە گرتووە .


ئەگەر بمانەوێ لە سەر هەر لايەنێكى فيكرى ئەفلاتۆن قسە بكەين ، ئەوا مەحاڵە بە بێ گەڕانەوە بۆ سيستەمە ميتافيزيكەيەكەى بتوانين وردبينى بۆ لايەنە فيكريەكانى ترى بكەين ، بۆ نمونە پێويستە لە ڕوانگە ميتافيزيكيەكەيەوە  سيستەمە سياسيەكەى هەڵبسەنگێنين بە هەمانشێوەش لە ميتافيزيكەكەيەوە بۆ رەهەندە ئەپستمۆلۆژيەكەى و رەهەندە ئۆنتۆلۆجيەكەي و سەرجەم جيهانبينيەكانى ترى بڕۆين،بۆيە باسكردن لە  شانۆ و شيعر و شێوەكارى و پەيكەرتاشى و هونەر بەگشتى لەديدى ئەفلاتۆنەوە دەكەوێتە هەمان چوارچێوەوە .


باسكردنى ميتافيزيكى ئەفلاتۆن زۆر زياتر لەوە هەڵدەگرێت كە لە وتارێكدا شوێنى بكەينەوە بەڵام هيچ نەبێ ڕەنگە بتوانين باگراوەندێك لە ديدگاى ميتافيزيكى ئەفلاتۆن بخەينە بەردەستەوە .ميتا فيزيكى ئەفلاتۆن باسكردنە لە ديوى ناديارى شتەكان, هەر ئەوەندەى كە دەڵێين ديوى ناديارى شتەكان راستەوخۆ تێگەيشتن لە  ڕاستەقينە ياخود حەقيقەت لە جيهانى هەستپێكراودا بوونى خۆى لە دەست دەدات ياخود بە لايەنى كەمەوە فۆرمى ڕێژەگەرايى وەردەگرێت, واتە حەقيقەتى هەموو شتە كان لەم دنيايەدا خۆى بەدەرناخات كە بە بڕواى ئەفلاتۆن ڕاستەقينەى هەموو شتەكان لە جيهانێكى  بەرزتردايە كە بە جيهانى فۆرمە بەرزەكان يان جيهانى ئايدياكان ناوى دەبات .لەم جيهانەدا هەموو شتەكان بونى كامڵى خۆيان هەيە و لەكات و شوێن و ماتەر بەدەرە واتە نە سەرەتاى هەيە و نەكۆتايى هەيە وە ئەم  فۆڕمانە سادەن و ئاوێتەنين ئەمەش بەو مانايە دێت كە هەرگيز لە ناو ناچن بۆ نمونە لە جيهانى هەستپێكراودا ئاو پێكهاتەيەكى سادەى نيە و لە ئاوێتەى دوو گەردى هايدرۆجين و گەردێكى ئۆكسجين پێكهاتووە كەواتە ئاو ناتوانێت بۆ هەميشە بمێنێتەوە و گۆران و كارلێكى بەسەردا دێت و هەلدەوەشێتەوە كەواتە ئاو لەناودەچێت لەبەرئەوەى فۆرمێكى سادەى نيە بۆيە لەناو شوێن و كاتدا دەژى و كاتى كۆتا بونى هەيە ياخود لەبەرئەوەى ئاوێتەيە كەواتە لە ڕێگەى گۆران لە پێكهاتەكانيدا گۆران لە فۆرمى ئاويشدا ڕوودەدات بەلام ئەم گۆرانكاريانە لە جيهانى فۆرمە بەرزەكان يان ئايدياكانى ئەفلاتۆندا بوونى نيە و هيچ گۆراكاريەك روونادەن لەبەرئەوەى فۆرمەكان بوونێكى پەتى و سادەيان هەيە و ئاوێتە نين تاكو بە هۆى كارلێكەوە لەناو بچن ياخود گۆڕانكارييان بەسەردا بێت بەم مانايەش خەسڵەتى هەميشەيى وەردەگرێت و لە ناو كات و شوێندا نامێنێتەوە وەك ئەوەى لە ئاوەكەدا هەبوو. ئەم ڕوانگە ميتا فيزيكيە بەهامان شێوە بەها ئەخلاقيەكانيش دەگرێتەوە بۆ نمونە جوانى يان دادپەروەرى لە جيهانى هەستەكيدا بەشێكى وەرگيراون لە جوانى يان دادپەروەرى جيهانى فۆرمە بەرزەكان، واتە لە جيهانى هەستەكيدا واتە ئەم دنيا جوانى يان دادپەروەرى بەشێوەيەكى رەها بوونى نيە ، بۆ نمونە جوانى كەسێك لە ڕوانگەى كەسێكەوە بۆ كەسێكى تر دەگۆڕێت واتە لاى كەسێك جوانە و لاى كەسێكى تر ناشرين ياخود بەلاى هەمان ئەو كەسەوە كە جوانە لە كاتێكى تردا ناشرينە كەواتە چوارچێوەى كات و شوێن وەردەگرێت.

ئەم نەریتە فەلسەفیەی ئەفلاتۆن زیاتر لە بیروڕای فەیلەسوفە ئاینیەکانیشەوە نزیکە بۆ نمونە کاریگەری زۆری لەسەر فەیلەسوفانی مەسیحی و ئیسلام هەبوە لەوەی کە باسی جیهانی فۆڕمە بەرزەکان دێنێتە کایەوە کە لەگەڵ قیامەتی ئیسلام و مەسیحیەت لێکچویی و هاوشێوەییان زۆر پێوە دیارە ، بۆ نمونە یەکێک لەو باوەڕانەی کەلە ئیسلامدا هەیە ئەوەیە ئەوانەی دەڕۆنە بەهەشتەوە هیچ بوغز و توڕەییان لەدڵدا بەرامبەر یەک نامێنێت دڵیان بەپاکێتییەکی ڕەها دەگات ئەمە باوەڕی ئەفلاتۆنیشە بەڵام بەشێوازی دەربڕینێکی تر کە دڵێت لەجیهانی فۆڕمە بەرزەکاندا شتەخراپەکان بونیان نامێنێت هەموو فۆڕمەکان چاکن بەڵام خودی چاکە نیە.وە ئەفلاتۆن دەڵێت کە لەجیهانی فۆڕمە بەرزەکاندا فۆڕمی بەرزترین هەیە کە چاکەیە و سەرچاوەی هەموو بوونەکانە ئەمەش ئەرستۆ جوڵێنەری یەکەم یان فەلسەفەی یەکەمی ناو لێدەنێت و فەیلەسوفە ئیسلامیەکانیش خوای گەورەی لێ ناو دەنێن .


ئێستا ڕوانگە ميتافيزيكيەكەى ئەفلاتۆن بەرەوە روانگە ئەپستمۆلۆژيكەى (مەعريفەتناسى يان زانين)خۆى دەمانبات  كە لێرەدا لەگەڵ بابەتەكەمان كە شانۆيە ئاشنا دەبينەوە و هەڵسەنگاندنەكەمان دەستپێدەكات بە ستانداردە ئەبستمۆلۆژيەكەى ئەفلاتۆن . ئێمە وتمان كە ئەوەى لە جيهانى سروشتيدا هەيە هەڵگرى بەشێك لە خەسڵەتە يان بەهايەكە لەكات و شوێنێكى تردا هەڵگرى خەسڵەت و بەهاى دژەكەيەتى يان جياواز لەخۆيەتى واتە ئاوێتەيە بەڵام ئەمە لە جيهانى فۆرمە بەرزەكاندا نابينرێت تەنها سادەيە لەيەك خەسڵەتدا بۆ نمونە لە جيهانى سروشتدا شتێك جوانە بەلام لە كاتێكى تردا جوان نيە ياخود ئێمە كاتێك لە سەر مادەيەكى سپى مرەكەبى رەنگ شين دەڕێژين هەر شين دەردەكەوێت بەڵام ئەگەر لەسەر مادەيەكى ڕەش بيڕێژين بە رەنگى سور دەردەكەوێت ئا لێرەدايە كە ئەفلاتۆن دەڵێت ناتوانين بريار لەسەر ڕەنگى ئەو مرەكەبە بدەين ئەو بريارەش كەدەيدەين ناچێتە چوارچێوەى زانينەوە يان مەعريفەوە بەلكو دەچێتە چوارچێوەى بۆچوونەوە چونكە زانين لەبارەى خەسلەتە راستەقينەكانەوە دەدرێت واتە نابێ بگۆردرێت بەلكو ئەوە بچوونەكانن دەگۆردرێن وەك رەنگى مرەكەبەكە،واتە كاتێك بەمرەكەبە شينەكە دەڵێين شين لەسەر مادە سپييەكە و لەسەر مادە رەشەكەش بە هەمان مرەكەبە شينەكە بڵێين سور بەمە ناوترێت مەعريفە بەڵكو پێى دەوترێت بۆچوون يان گريمانە , بۆيە زانين تەنها لەبەرامبەر خەسلەتە راستەقينەكاندا دێتە بوون راستەقينەش تەنها لە دنياكەى تردا بوونى هەيە كە جيهانى فۆرمە بەرزەكانە.


لە پێشتردا باسمان كرد كە شانۆ يان شانۆكار هەميشە وەك مەعريفەيەك لە كۆمەڵگەدا خۆى دەردەخات و دەيەوێت پێمان بڵێت كە حەقيقەتى دياردەكان دەردەخات كە زۆر جار بە دياردە كۆمەڵايەتيەكانەوە خۆى خەريك دەكات, بەڵام ئێستا با بێن لەڕوانگەى ستانداردە ئەبسمۆلۆژيەكەى ئەفلاتۆنەوە مەعريفەتگەراييەكەى شانۆ بدەين لە بێژنگى راستى يان مەعريفە:


يەكەم: كاتێك شانۆ يان شانۆكار دێت و لەسەر تەختەى شانۆ نمايشى دياردەيەكى كۆمەڵايەتى دەكات و لەگەڵيشدا باس لە حەقيقەتى دياردەكە دەكات ئەوا لە ئەگەرى پێچەوانە بوونەوەى جەقيقەتى پشت دياردەكە وەك رەنگى مرەكەبەكە ئەگەر كەسێكى ئاسايى يەك پلە لەحەقيقەت دوور كەوتبێتنەوە لەبەرامبەردا كەسى شانۆكار يان شانۆ داڕێژ دوو پلە لە حەقيقەت دوور كەوتۆتەوە لەبەرئەوەى كە پێشتر باسمان كرد حەقيقەتى هەموو شتەكان يان دياردەكان وەرگيراوى بەشێكن لە حەقيقەتى هەمان شت يان دياردە لە جيهانى فۆرمە بەرزەكاندا بۆيە ئەوەى كە شانۆكاركردوەيەتى وەرگيراوى وەرگيراوى حەقيقەتە ڕەهاكەيە .


دووەم: بە پێچەوانەى بانگەشەى شانۆكارەوە ئەوەى كە شانۆكار گوزارشت لەدياردەكان دەكات ناچێتە چوارچێوەى مەعريفەوە بەڵكو تەنها دەچێتە چوارچێوەى بۆچوونەوە يان گريمانەوە ، ئەمەش لەبەرئەوەى كە پێشتر وتمان مەعريفە لە بەرامبەر راستەقينەى ڕەهاى شتەكان يان دياردەكان دەوەستێت و گۆرانكارى لە ديدگاى مەعيفەكەدا ڕوو نادات ،بەلام بۆچوون يان گريمانە لە بەرامبەر حەقيقەتى رێژەگارايى شتەكان يان دياردەكاندا دەوەستێت , ئەو دياردانەيش كە شانۆكار باسيانى لێوە دەكەن هەڵگرى حەقيقەتى ڕێژەگەران كەواتە دەچنە چوارچێوەى بۆچوون و گريمانەوە.
به‌روار: 29/03/2016
بینین: 2415
   زیاتر ...