نوسه‌ران
  سەدەیەك لە گێژەڵوكەی‌ سایكس بیكۆ و سیاسەتی‌ خودخۆری‌ سەركردایەتی‌ كوردی‌
يەحيا كاميل مەحموود

پەیماننامەی‌ سایكس بیكۆی‌ بەرواری‌ ١٥/٤/١٩١٦ كە بەشێوەیەكی‌ نهێنی‌ ئەنجامدرا بە یەكێك لە روداو و پەیماننامە گرنگ و مێژوویەكان دادەنرێت و لەڕیزی‌ مەگناگارتا و رێكەوتننامەی‌ وێستڤالیا و رێكەوتننامەی‌ یالتای‌ دوای‌ جەنگی‌ جیهانی‌ دووەم بایەخی‌ بۆ دادەنرێت, ئەم رێكەوتننامەیە لە نێوان هەردوو دەوڵەتی‌ زلهێزی‌ ئەوكات فەرەنسا و بەریتانیا بە نوێنەرایەتی‌ هەردوو دیبلۆماتكار فرانسوا جۆرج بیكۆ لە فەرەنسا و مارك سایكس لە بەریتانیا و بەئاگاداری‌ راوێژكارانی‌ ئیمپراتۆری‌ روسیا هاتە ئەنجامدان كە ناوی‌ ڕێكەوتننامەكەیش بە ناوی‌ دوو دیبلۆماتكارەكەوە ناوبانگی‌ دەركردووە. ئەجێندای‌ رێكەوتننامەكەیش دابەش كردنی‌ پاشماوەی‌ دەسەڵاتی‌ ئیمپراتۆری‌ عوسمانی‌ بوو كە زیاتر لە شەش سەدە و نیو هەژمون و دەسەڵاتی‌ بەسەر نیوەی‌ جیهاندا هەبوو , بەڵام تا ساتی‌ جەنگی‌ جیهانی‌ یەكەم و بەستنی‌ ڕیكەوتننامەی‌ سایكس بیكۆ ئیمپراتۆریەتی‌ عوسمانی‌ گەشتبووە لوتكەی‌ لاوازی‌ خۆی‌ و بەرە و پارچە پارچە بوون و داروخان دەڕۆشت بەو مانایەی‌ كە ڕێكەوتننامەی‌ سایكس بیكۆ پایەی‌ خۆی‌ لەسەر ئەم دۆخە داكوتابوو.


پێشتر و بەچەند ساڵێك بەر لە جەنگی‌ جیهانی‌ یەكەم كە لە ساڵی‌ ١٩١٤ هەڵگیرسا دەوڵەتی‌ بەریتانیا بەردەوام لەگەڵ شانشین و وڵاتە عەرەبیەكان لەكۆبوونەوەدا بوو وە پەیمانی‌ ئەوەی‌ پێ دەدان كە ئەگەر لە دژی‌ دەسەڵاتی‌ ئیمپراتۆری‌ عوسمانی‌ یاخی‌ ببن و لەدژیان بجەنگن ئەوا قەوارەی‌ سەربەخۆی‌ تایبەت بە خۆیان بۆ دادەمەزرێنن, ئەوەبوو لە بەرواری‌ ١٥/٤/١٩١٦ بە ئاگاداری‌ ئیمپراتۆریەتی‌ روسیا هەردوو زلهێزی‌ فەرەنسا و بەریتانیا پەیماننمەی‌ سایكس بیكۆیان دوور لە زووم و ئاگایی‌ وڵاتە عەرەبیەكان بەست و لەسەر هەشت ماددە ڕێكەوتن كە باگراوەندی‌ گشتی‌ پرۆتۆكۆلەكە خۆی‌ لە دابەش كردنی‌ ناوچەكانی‌ ژێر دەسەلاتی‌ عوسمانیەكان و ڕێكخستنی‌ سیاسەتی‌ بازرگانی‌ ناوچە ئاویەكان دەبینێتەوە.


بەڵام پاش ئەوەی‌ شۆرشی‌ ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ ١٩١٧ لە روسیا لەلایەن بەلشەڤیكەكانەوە ئەنجامدرا ,سەرجەم فایلە نهێنیەكانی‌ تایبەت بە رێكەوتننامەی‌ سایكس بیكۆ كەوتنە دەست بەلشەڤیكەكان و لە ئەنجامیشدا تەواوی‌ رێكەوتننامەكەیان بۆ گەلانی‌ عەرەب ئاشكرا كرد ،بۆیە گەلانی‌ عەربی‌ لە ئەگەری‌ بەرپا كردنی‌ شۆرش بوون دژ بە بەژداربووانی‌ پەیمانی‌ سایكس بیكۆ بەڵام سەركردایەتی‌ كورد لەبەرامبەر ئەم قۆرخكاریە نهێنیە هەڵوێستی‌ نەنواند , لەبەرامبەریشدا ترسی‌ هەردوو دەولەتی‌ فەرەنسا و بەریتانیا لە ئەگەری‌ كاردانەوەی‌ توند بەرامبەر ئەم ڕێكەوتننامە نهێنیە , ساڵی‌ ١٩٢٠ پەیمانی‌ سیڤەریان بە بەژداری‌ زیاتر لە ١٥ ولات و لایەن بەست و تییایدا چەندین قەوارەی‌ سەربەخۆیان بۆ وڵاتانی‌ عەرەبی‌ دروست كرد و چەند مافێكیش بەكورد درا بەڵام مافەكان زیاتر لەكەم بوون و گرفتی‌ پارچەپارچە بوونی‌ كوردستانی‌ چارەسەر نەكرد ئەمەش لەژێر كاریگاری‌ ئەو هاوپەیمانیەتەی‌ كە كورد لەگەڵ عوسمانیەكان هەیبوو, ئەمە لەكاتێكدا سەركردایەتی‌ كورد دەیتوانی‌ زیاتر لەو مافە كەمەی‌ كە پێی‌ دراوە داوا بكات بە تایبەت ئەو بەشەی‌ درابووە توركیای‌ كەمالی‌ پەیماننامەی‌ سیڤەر ڕێگەی‌ پێ دابوو كە داوای‌ قەوارەی‌ سەربەخۆ بكەن بەڵام لەبەرامبەردا تەنانەت هەوڵی‌ ڕواڵەتی و نەزۆكانەش نەبینرا .
دواتر پەیماننامەی لۆزان 1923 بەسترا ئەمەش لە ئەنجامی پاپەند نەبوونی بەژداربووانی پەیمانی سیڤەر و هەروەها ناکۆکی جیۆ پۆڵەتیکی نیوان تورکیا و یۆنان ، پێگەی کورد لەم پەیماننامەیەدا زیاتر لاوازبوو واتە ئەو پێگە کەمەیشی لە سیڤەر بەدەستی هێنابوو لە لۆزاندا لەدەستی دا ، دیسان کورد هەڵوێستی بەهێزی لە بەرامبەر ئەم هەڵمەتە قۆرخکاریەی لۆزاندا نەبوو ئەگەرچی لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان یاخی بوون و وردە شۆڕش ئەنجام دەدرا بەڵام لە ژێر کاریگەری وەهمی پارچە پارچەبوونی دوای سایکس بیکۆ و سیاسەتی خودخۆری سەرکردایەتی کوردی شکستی هێنا لەوەی بە بازوویەکی یەکانگیر و گیانێکی یەکگرتوو لەبەرامبەر دۆخەکەدا یاخی ببن و شۆڕشی مەزن ئەنجام بدەن.


ئەگەر سەردەمانی سایکس بیکۆ جێ بهێڵین لە سەدەیەک دواتر تێپەڕ بوون بەسەر سایکس بیکۆدا بڕوانین دیسان فۆبیای سایکس بیکۆ بەسەر عەقڵی سیاسی سەرکردایەتی کوردیدا دەبینرێت ، ئەگەرچی سایکس بیکۆ لە ئێستادا فۆڕمێکی تری هەیە بەڵام هێشتا هەوری خودخۆری و خیانەت و سیاسەتی پارچەپارچەیی بەسەر کوردەوە دەبینرێت ، بە جۆرێک ئەگەر کوردستانی گەورە لەچوار پارچە پێکهاتبێت عەقڵی کارەکتەرەکانی لە زیاتر لە چوار پارچە پێکهاتووە و بەرژەوەندی و سیاسەتی هەندێک لە کارەکتەرەکان یاخود ڕەوتەکان دژ بە بەرژەوەندیەکانی کارەکتەرەکانی ترن ، بە نمونە دەبینین هێزێک لە یەکێک پاچەکانی کوردستان کە خۆی بە تێکۆشەر لە پێناو دۆزی نەتەوەیی کورددا دەزانێت خۆی بەسیاسەتەکانی بەشار ئەسەد و ئێرانەوە گرێداوە کە دواجار دەڕواتەوە سەر ئەو هێڵەی کە پێی دڵێن سیاسەتی ڕوسیا ، لە پارچەیەکی تریش هێزێک کە بانگەشەکانی تا ئاستی دامەزراندنی دەوڵەت گەیشتووە لەبەرامبەریدا سیاسەتەکانی گرێدراوی ئەجێنداکانی تورکیایە و لەکۆتایدا ئەمیش دەڕواتەوە سەر هێڵی سیاسەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ،بۆ پارچەکانی تری کوردستان هەمان شت.

لە ناوخۆی هەریەمی کوردستانیشدا هەمان ڕوئیا بۆ دۆزی نەتەوەیی بەدی دەکرێ کە لەهەموو پارچەکانی تری کوردستان گومانی دامەزراندنی قەوارەی سەربەخۆی لێدەکرێ لەشێوەی دەوەڵەتدا. دەبینین لەم کاتەدا کە دەرفەت بۆ بردنە پێشی دۆزی نەتەوەیی هاتووەتە پێشەوە لەبری ئەوەی بە عەقڵێکی یەکگرتووەوە کار لەسەر دۆخەکە بکرێت ڕێ لە دامەوزراوەترین دەزگای شەرعی دەگیرێ کە پەرلەمانە و وەزارەتەکانی پەک دەخرێت و لە بەرامبەر هێزەکانی دەرەوەدا یەک سیاسەت نین ئەمەش دیسان نەخشاندنەوەی تابلۆی سایکس بیکۆیە بە فۆڕمێکی تر. بۆیە سیاسەت کردن لەناو ئەم هەموو پارادۆکس و تێکەڵیەدا بەمانی بزمار داکوتان دێت بەسەر تابوتی دۆزی نەتەوەییدا.
به‌روار: 16/04/2016
بینین: 1952
   زیاتر ...