نوسه‌ران
  دیبەیتەکەی ساڵ..شکستێکی تری کارەکتەرە عەلمانیەکان و نا ئەکادیمی بوونی دیبەیتەکە.
يەحيا كاميل مەحموود

دیبەتی ساڵ کە لەژێر ناونیشانی کوردستان لە تاقیکردنەوەی عەلمانیەت و دیموکراسیەتدا لە نێوان هەریەک لە مامۆستا علی باپیر و مەلا بەختیاردا ئەنجامدرا ،پیشاندانی دوو جۆر لە دنیابینی جیاواز و نەیار بوو کە کارەکتەرێکی عەلمانی و کارەکتەرێکی ئیسلامی مانیفێستی ئەو دوو جیهانبینیەیان دەکرد بۆ نیشاندانی ڕوانگەی خۆیان لەسەر زەرورەتی دیموکراسیەت بە فۆڕمە عەلمانیستیەکەی ، بەڵام ئەوەی کە بینرا کارەکتەرە عەلمانیستەکە نەیتوانی لە جوگرافیای ناونیشانی دیبەیتەکەدا بمێنێتەوە لەبەرئەوەی لە ڕواڵەتدا ئامانجی دیبەیتەکە خوێندنەوەی تەبیعەتی کۆمەڵگەی کوردی بوو لەڕوانگەی ئەو دوو کارەکتەرەوە بۆ کاریگەری بونی دیموکراسیەت و عەلمانیەت وە زەڕوڕەتی مانەوەی ئەو سیستەم و ئایدۆلۆژیایە بوو لە ئێستا بەدواوە نەئەوەی خوێندنەوەی خواست و ئیرادەی کۆمەڵگەیەکی تر بۆ عەلمانیزم و دیموکراتیزم لەناو دیبەیتەکەدا بخرێتە بەرباس ، بەڵام ئەوەی مەلابەختیار باسی دەکرد کۆمەڵگای جەزائیر و تونس و میژووی خەلافەتەکان و ....هتد بوو کە ئەم شێوازە دیالۆگەی کردنەی مەلا بەختیار دیبەیتەکەی لەسەر هێڵی ئەکادیمی بوون لادا ، ئەم لادانەیش لە ئاڕاستە و ناونیشانی دیبەیتەکە لەژێر کاریگەری دوو واقیعدا بوو ،یەکەمیان شەرمکردن بوو لەباس کردنی پاشخانی مێژوی هێزە عەلمانیەکان لەکایەی خەباتی سیاسی خۆیان , ئاشکرایشە کە ئەو جەنگەڵە سیاسی و خوێناوی و ئەوەیشی ناوی لێنراوە خیانەت سەر بە چ هێز و باگراوەندێک بووە ، لە هەمان کاتیشدا زۆرینەی شکستەکانی سەرکردایەتی کورد و لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەشێک بوون لە سیاسەتەکانی ڕەوتە عەلمانیەکان بۆیە مەلا بەختیار نەیتوانی ئەو واقیعە مێژویی و هەنوکەیە لە ناو دیبەیتەکە بخاتە بەرباس کە لە بنەمادا پاژێکی گرنگی دیبەیتەکە باسکردن بوو لەو واقیعە.

هۆکاری دووەمیش، هەرچەند لەلای زۆرێک لە کوردستان مەلا بەختیار خاوەن خەلفیەتێکی فیکریە بەڵام مەلا بەختیار خاوەنی پاشخانێکی مەعریفی و فیکری بەمانا تەواوەکەی خۆی نەبوو وە ئەوەیشی کە باسی لێدەکرد باگراوەندێکی فیکرییان نەبوو بەڵکو لە چوارچێوەی باسکردنی مێژووی ئیسلامیەکان و دیموکراسیەت و عەلمانیەت بوو کە پەیوەندی بە بابەتی دیبەیتەکەوە نەبوو . بەڵام لەبەرامبەردا لەم ڕوانگەی دیبەیتەکەوە مامۆستا عەلی باپیر بە جورئەتەوە توانی باس لە بەریەککەوتنەکانی دیموکراسیەت و عەلمانیەت بکات لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لەکایەی خەبات و سیاسەتی ڕەوتە عەلمانی و ئیسلامیەکان ئەمیش بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕاستیەی کە ئیسلامیەکان پشکی زۆر کەمتریان بەردەکەوێت لە نەهامەتیەکاندا.

شکستێکی تر کە بۆ ڕێکخەرانی دیبەیتەکە دەگەڕێتەوە ئەوە بوو لەلایەکەوە دکتۆر عادل باخەوان کە لەگەڵ میشێل ڤیڤیۆرکا دیبەیتەکە بەڕێوە دەبرا زوو دەیوت دیبەیتەکە بەمەبەستی دیاریکردنی براوە و دۆڕاوە ئەنجام نادرێت بەڵکو پیشاندانی ڕوانگەی هەردوو کارەکتەرەکەیە بۆ عەلمانیزم و دیموکراتیزم و خستنەڕووی ڕەهەندە مێژوویەکەی ئەو دوو چەمکەیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەڵام لەلایەکی ترەوە کەناڵی ڕوداو کە سپۆنسەری دیبەیتەکە بوو خەریکی بڵاو کردنەوەی ڕاپرسی بوو لەسەر سەرکەوتن و دۆڕانی دوو کارەکتەرەکە ، کە ئەمە زیاتر دیالۆگەکەی لە چەمکی دیبەیت و دوور خستەوە بە مانا ئەکادیمیەکەی. ڕوویەکی تری ناشرینی دیبەیتەکە دەرگا داخستن بوو بەڕووی هاوڵاتیانی ئاساییدا لەوەی کە بچنە هۆڵی دیبەیتەکەوە و لە دەرگای تایبەتەوە کەسانی تایبەت دەکرایە ژوورەوە ، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە هاوشێوەی نوخبەگەرای سیاسیەکان شتێکیش هەیە بەناوی نوخبەگەرایی ڕۆشنبیری کوردی.
به‌روار: 12/04/2016
بینین: 1354
   زیاتر ...