نوسه‌ران
  خۆشەویستی‌ (دڵداری‌) لای‌ ئەرستۆ
يەحيا كاميل مەحموود
ئەرستۆ لە دوای‌ ئەفلاتۆن بە گرنكترین كەسایەتی‌ و فەیلەسوف هەژمار ئەكرێت كە كاریگەری‌ لەسەر فەلسەفە و ژیانی‌ مرۆڤایەتی‌ دانابێت و تا هەنوكەش تێزەكانی‌ لەبەردەم خوێندنەوە و نەشتەری‌ ڕەخنەدایە , وە قسە و باسەكانی‌ هێشتا بەزیندوێتی‌ ماوەتەوە .

خۆشەویستی‌ لەلای‌ ئەرستۆ بەشێكی‌ گەورەی‌ لە فەلسەفەی‌ ئەخلاق داگیر كردووە و ڕواڵەتی‌ پێ داوە.ئەگەرچی‌ بەختەوەری‌ چەقی‌ فەلسەفەی‌ ئەخلاقە لای‌ ئەرستۆ بەڵام هەر لەلای‌ ئەرستۆ بەختەوەری‌ بەبێ خۆشەویستی‌ (خۆشەویستی‌ بەمانا فراوانەكەی‌)بوونی‌ خۆی‌ ناتوانی‌ تەواوتر بكات , یان بەمانایەكی‌ تر;خۆشەویستی‌ بەشێكی‌ گەورە و نەبڕاوەی‌ بنیاتنانی‌ بەختەوەری‌ پێك دەهێنێت.هۆكاری‌ بەختەوەری‌ چاكەكاریە یاخود چاكبونە , چاكەیش لە هەموو كار و پرۆسەیەكدا خۆی‌ بەدەر دەخات وە چاكەی‌ كارێك لەگەل چاكەی‌ كارێكی‌ تر جیاوازی‌ هەیە بۆ نمونە چاكەی‌ پزیشكی‌ تەندروستیە یاخود چاكەی‌ سەرباز ئارامیە, بەڵام لە لیستی‌ چاكەكاندا خۆشەویستی‌ لەسەرووی‌ هەموو چاكەكانەوەیە.

خۆشەویستی‌ لای‌ ئەرستۆ كارێكە كە دەبێت بوونی‌ هەبێت بۆ ئەوەی‌ كاروباری‌ كۆمەڵایەتی‌ مرۆڤ ڕاستە ڕێی‌ خۆی‌ بگرێت ,ئەمەش كرۆكی‌ شارستانیەتە, پەیوەندی‌ شارستانیش دەبێ لەسەر بنەمای‌ هاریكاری‌ بێت ,پاڵنەری‌ هاریكاریش خۆشەویستیە. لێرەدا ئەرستۆ ناتوانێت سیستمە ئەخلاقیەكەی‌ بەبێ فاكتەری‌ خۆشەویستی‌ تەواو و كامل بكات. ئەرستۆ بەختەوەری‌ بە چەقی‌ فەلسەفەی‌ ئەخلاق دادەنێت دواتریش خۆشەویستی‌ بەچەقی‌ بەختەوەری‌ دادەنێت, بەمانایەكی‌ تر ئەتوانین بە دوو قۆناغ لە سیستمی‌ ئەخلاقی‌ ئەرستۆ بڕوانین , لەڕوانینی‌ یەكەمدا بەختەوەری‌ سەنتەری‌ سیتمە ئەخلاقیەكەیەتی‌ وە لە ڕوانینی‌ دووەمدا خۆشەویستی‌ سەنتەری‌ سیستمە ئەخلاقیەكەیەتی‌.

بەمجۆرە خۆشەویستی‌ پێویستە , بۆ ئەوەی‌ بەختەوەری‌ مرۆڤ بەدەست بهێنرێت, كە بە دەست ناهێنرێت تەنیا بەهۆی‌ پەیوەندییەكی‌ چاكەوە نەبێت, كە لەسەر بنەمای‌ خۆشەویستی‌ نێوانیان دامەزرابێت و خۆشەویستیش دەبێتە فاكتەری‌ برادەرییەكی‌ ئەوتۆ كە هاریكاری‌ یەكتر بكەن تاكوو پێكەوە پرۆسەی‌ كۆمەڵایەتی‌ بەرەو كامڵ بوون بەرن.                     

بەڵام ئەرستۆ بەشێوازێكی‌ تر باس لە خۆشەویستی‌ بە مانا دڵداریەكەی‌ نێوان كوڕان و كچان دەكات, لەم شێوازەیاندا ئەم جۆرە خۆشەویستیە كە تاكە كەسێك دەریدەخات لە پشتەوە بۆ بەدەستهێنانی‌ خۆشی‌ و دەستكەوتێكە لەسەر حسابی‌ كەسانی‌ ترەوە, ئەم جۆرە خۆشەویستیە بەردەوام نابێت لە بەر ئەوەی‌ پایەكانی‌ لەسەر ڕوخسار ڕاگرتوە نەك جەوهەر كە ئەرستۆ بە خۆشەویستی‌ دەستكرد ناوی‌ دەهێنێت.

خۆشەویستی‌ دەستكرد لەگەڵ بەدەستهێنانی‌ ئەو بە رژەوەندیەی‌ كە ئامانجییەتی‌ دەوەستێت , ئەم جۆر خۆشەویستیە لە جۆرەكانی‌ چاكەكاری‌ شایستەبوون دانانریێت , بەڵكو زیانبەخشە و تێكدانی‌ چاكەی‌ خۆشەویستیە كە هاوكاری‌ و دادپەروەری‌ بەرهەم دەهێنێت.

ئەرۆستۆ خۆشەویستی‌ لە دوو ئاستەوە سەیر دەكات كە یەكیان بەرهەمی‌ چاكەیە و ئەویتریان بەرهەمی‌ بەرژەوەندی‌ كەسییە, جۆری‌ یەكەمیان خۆشەویستیەكە بەفلتەری‌ عەقڵ و بیركردنەوەدا تێدەپەڕێت كە ئەمەیان سود بەخشە و بەرەو چاكەكاری‌ و سەرئەنجام بەرەو بەختەوەری‌ دەڕوات, جۆری‌ دووەمیان بەفلتەری‌ هەست و غەریزەدا تێدەپەڕێت كە زیانبەخشە و خۆشەویستییەكی‌ درۆ و دەستكردە. لە جۆری‌ یەكمیاندا مرۆڤەكان زۆر بە توندی‌ بەیەكەوە دەبەسترێنەوە و بەنەگۆڕ و بەردەوامیش ئەم پەیوەندیە بوونی‌ خۆی‌ دەپارێزێت , لەبەر ئەوەی‌ چاكە سنوری‌ نیە و هیچ پنتێك لە كات نایوەستێنێت , بەڵام جۆری‌ دووەم ئامانج لێی‌ چێژ وەرگرتنە و ئامرزەكانی‌ چێژیش هەستەكانە كەواتە ئەمجۆرەیان ناتوانێت بەنەگۆڕی‌ بمێنێتەوە و بەردەوام بێت بۆیە تێیدا كات بەشداری‌ دەكات و زەمەنی‌ كۆتابوونی‌ هەیە, لەبەرئەوەی‌ هەست بە پێچەوانەی‌ چاكەوە نەگۆڕ نیە و ڕوانینەكانی‌ بەپێی‌ كات دەگۆڕێت , ئەم گۆڕینەش پشكی‌ لە شكست پێهێنانی‌ خۆشەویستیەكەدا دەبێت. لێرەدا ئەرستۆ بە مامۆستاكەی‌ كە ئەفلاتۆنە دەگاتەوە , ئەویش لەسەركەوتنی‌ ئەو پەیوەندیە خۆشەویستیەی‌ كە لەسەر بنەمای‌ بیركردنەوە و چاكەكاری‌ دروست بووە, كە لەپشتەوە مەبەست لێی‌ بەخشینی‌ چاكەیە بۆ ئەوانی‌ ترنەك ئەوەی‌ لەسەر بنەمای‌ چێژ یاخود بەرژەوەندی‌ بوەستێت.

ئەرستۆ سەرزەنشتی‌ دڵداران دەكات لەبەر ئەوەی‌ لەسەر عەقڵ و چاكە ناڕۆن , بەڵكو لەسەر بەرژەوەندی‌ و وەرگرتنی‌ چێژ دەڕۆن , بەهۆیەوە دڵداران زۆربەی‌ جار فێڵ لە یەكتر دەكەن كە دیارترین فێڵیان پیشاندانی‌ كەسایەتییەكی‌ جیاواز لەڕاستەقینەی‌ خۆیانە لە بەرامبەر دڵدارەكەیان, لەبەر ئەوە هیچ بەهایەك نیە كە پەیوەندیەكەی‌ لەسەر دامەزرابێت بەڵكو لەپەیوەندیەكەیاندا چێژ و خۆشی‌ جێگەی‌ بەها ئاكاریەكانی‌ گرتۆتەوە, بۆیە دڵدارییەكە دەبێتە ڕێگایەك بەرەو ماڵوێرانی‌ و تێكدان و لەناوبردنی‌ پەیوەندیە شارستانی‌ و كۆمەڵایەتیەكان, كە فاكتەری‌ خودپەرستی‌ لەپشتیەوە وەستاوە , ئەمەش پێچەوانەی‌ تێكۆشانە لە پێناو كەسانی‌ تر كە هاوڕێیەتی‌ بەدەست دەهێنێت بەو مانایەی‌ لە كۆمەڵگەیەكدا چەندی‌ دلداری‌ زیاد بێت هاوڕێیەتی‌ بەرەو لاوازی‌ دەڕوات. 
بۆیە ئەو پەیوەندیە زۆرجار بە سەرنەكەوتن كۆتایی‌ پێ دێت , لەبەرئەوەی‌ هەموو بەڵێنەكانیان هەروا بێ سود دەڕوات, بەڵام ئەو پەیوەندیەی‌ لەسەر بنەمای‌ بەهای‌ ئاكارەوە دامەزراوە دەمێنێت و بەرهەمی‌ دەبێت كە باشترین سود لێی‌ بەردەوامیە.

به‌روار: 10/05/2016
بینین: 2015
   زیاتر ...