نوسه‌ران
  میانڕەوەكان و قەیرانی‌ چەمك
يەحيا كاميل مەحموود

کاتێک ئێمە چەمکی وصگ وەرگێڕینە سەر زمانی کوردی ئەوا وشەی ناوەندگەری یان میانڕەوی نزیکترین مانایە لەو چەمکەوە .کاتێک ئێمە کە دەڵێین ناوەندگەری بە مانای ئەو سنورە دێت کە لە نێوان دوو چەمکی دژیەکدایە ،ئەمەش لە زانستی چەمکەکاندا ئەم جۆرە پێناسە بەمانای سەنتێز دێت ، بەو مانایەی کە کاتێک ئێمە دوو تێزی دژیەکمان هەیە و لە نێوان هەردووکیاندا (تێز- ئەنتی تێز)تێزی سێیەم بەرهەم دەهێنین، بەڵام کاتێک ئەم پێناسەیە شێوازی ئەکادیمی خۆی وەردەگرێ کە هەر دوو تێزەکەی تر بەیەک ئاست و شێواز بخرێتە ژێر توێژینەوە و نەشتەری ڕەخنەوە.چەمکی میانڕەویش لە نێوان تێزی توندڕەوی و ئەنتی تێزەکەی توندەڕەویدایە ، بۆیە گرنگ و پێویستە هەردوولا بە باشی بخرێتە بەر توێژینەوە ئەوجا چەمکی میانڕەوی مانیفێست بکرێت .بەڵام لایەنگران و شوێنکەوتووانی شوێنکەوتووانی ڕەوتی میانڕەوی ئەوەی کەتا ئێستا لە بارەی چەمکی میانڕەوییەوە وتویانە تەنها چەمکی توندڕەوییان خستۆتە بەرباس و چەمکی شلگیرییان فەرامۆش کردووە واتە هەموو کێڵگەی توێژینەوەکانیان بریتیە لە چەمکی توندڕەوی.


شوێنکەوتوانی چەمکی میانڕەوی تا ئێستا نەیانتوانیوە پێناسەیەکی ئەکادیمی بۆ خۆیان بەرجەستە بکەن ئەوەی هەبووە تا ئێستا بە میتۆدی کلاسیکییانە پێناسەیان کردووە ، کە لە ڕێگەی سێ میتۆدەوە تەعریفیان بۆ ئەو چەمکە داناوە کە ئەمەش لە زانستی هاوچەرخی چەمکەکاندا ئەو سێ میتۆدە ئیعتیبارێکی لاواز و شکست پێ هێنراوە :

یەکەم:میتۆدی ئەنجامگەرایی "ئەم میتۆدە پێناسەی خودی چەمکەکان ناکات بەڵکو باس لە دەرهاویشتەکانی دەکات بۆ نموونە ئێمە دەڵێین دادپەروەری چاکە بەرهەم دەهێنێت، لێرەدا ئێمە پێناسەی خودی دادپەروەریمان نەکردەوە بەڵکو باسمان لە دەرهاویشتەکەی کردووە ئەویش چاکەیە. ڕەوتی میانڕەویش پێناسەی خودی میانڕەوییان نەکردوە بەڵکو باسیان لە دەرهاویشتەکانی کردووە ئەویش نەهێشتنی توندڕەوییە.


دووەم : میتۆدی دژیەکە "ئەم شێوازەش بۆ چەمکەکان لەکاتی پێناسە کردنی چەمکەکاندا بۆنی خۆیان لە هەڵگەڕاوەی دژەکەی خۆیان وەردەگرن بۆ تەواوبوونی پێناسەکەیان ،وەک ئەوەی ئەگەر سەرما نەبووایە ئەستەم پێناسەی گەرمیمان دەکرد یان هەستمان پێ دەکرد ، ڕەوتی میانڕەویش ئەگەر توندڕەوی کە بە دژیەکی خۆیانی دەزانن لە جیهاندا بوونی نەمێنێت ئەوا پێناسەیەکیان نامێنێت بۆ گوزارشت کردن لە خۆیان لەبەر ئەوەی زۆرجار پێناسەی ئەوان بۆ میانڕەوی وەرگرتنی هەڵگەڕاوی چەمکی توندڕەوییە.


سێیەم: میتۆدی نمونەگەرایی "ئەم شێوازەیش پێناسەکانی خۆیان لە نمونە و بەسەرهات و مێژوو وەردەگرن ، میانڕەوەکان زۆرجار پێناسەی خۆیان لە بەسەرهات و سەرگوزەشتەی هاوەڵان و پیاوچاکان وەردەگرن.

دروستکردنی پێناسە لەهیچەوە زۆر قورسە بەڵام خۆ میانڕەوەکان دەقە دینیەکانیان لەبەردەستایە کە گرنکترین کەرەستەی پێکهێنانی پێناسەن بۆ زۆرێک لە چەمکەکان بۆ نمونە میانڕەوی ،بەڵام تا ئێستا ئەوەی کە نەیان کردەوە ئاخۆ ترس بووە لەوەی کە پێناسەکەیان نەتوانێت ببێتە وڵامگۆ لەبەردەم دەقەکانی هەموو دیندا.
به‌روار: 10/05/2016
بینین: 2831
   زیاتر ...