 مافه‌کانی دایك و باوك به‌سه‌ر منداڵه‌وه
شەوبۆ جلال
خوای گه‌وره ئه‌رکێكی گه‌وره‌ی به ئێمه سپاردووه، به‌ڵام ئێمه زۆر جار کاری پێ ناکه‌ین یان به‌دروستی به‌جێی ناهێنین، ئه‌ویش ڕێز گرتنی دایك و باوکه.
خوای گه‌وره له قورئانی پیرۆزدا چه‌نده‌ها جارئیشارهتی به ڕێزگرتنی دایك و باوکی کردووه، ئیمامی قورطوبي ده‌فه‌رموێت: (خوای گه‌وره ڕێزگرتنی دایك و باوکی به عیبادهت وه‌رده‌گرێت)... بۆیه له‌سه‌ر ئێمه واجبه که‌وا تا کۆتا ساته‌کانی ژیانیان ڕێزیان لێ بگرین.
چه‌ند حه‌دیث به سه‌نه‌دی صه‌حیح وه چه‌ند ئایهتێكمان کۆ کردۆته‌وه ده‌رباره‌ی ڕێزگرتنی دایك و باوك، تا بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك بێت بۆ خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست، هه‌رچه‌نده شه‌یطان چه‌نده‌ها که‌سی له‌ڕێ لاداوه تا ڕیزی دایك و باوکیان نه‌گرن.
بۆیه له‌خوای باڵا ده‌ست داواکارم که له گوناهه‌کانیان خۆش بێت، وه بیان گێڕێته‌وه سه‌ر ڕێبازی چاکه، وه له‌خوای گه‌وره داواکارم که یارمه‌تی ده‌ری هه‌موو لایه‌ك بێت بۆ مانه‌وه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م ڕێبازه پاکه وه له گوناهی دایك و باوکی هه‌موو خوێنه‌رێکیش خۆش ببێت.
*له فه‌رموده‌یه‌کی پێغه‌مبه‌ری سه‌روه‌ردا (صلی الله علیه وسلم) هاتووه که ئیمامی عه‌لی (کرم الله وجه) بۆمان ده‌گێڕێته‌وه (بچوکترین شت که ببێته مایه‌ی ئه‌زیه‌ت و ئازاری دایك و باوك نابێت ئه‌نجام بدرێت، ته‌نانه‌ت نابێت وشه‌ی ئۆف یان به‌رانبه‌ر به‌کار بهێنرێت).
*ابو الدرداء (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) بۆمان ده‌گێڕێته‌وه (پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێ: باوك وه‌ك ده‌روازه‌ی ناوه‌ڕاستی به‌هه‌شت وایه، جا تۆ سه‌ربه‌ستی له‌وه‌ی که ئایا ده‌یپارێزیت یان له ده‌ستی ده‌ده‌یت).
* له عبدالله بن عمر مروی (خوا لێی ڕازی بێت) هاتووه که‌وا (پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر باوك لێت ڕازی بێت ئه‌وا خواش لێت ڕازیه، وه ئه‌گه‌ر باوك لێت ناڕازی بێت ئه‌وا خواش لێت ناڕازی یه).
* ابن ماجه له ابو مامه (ڕه‌حمه‌تی خوا له هه‌ردووکیان بێت) ڕێوایه‌تی کردووه که‌وا ( که‌سێك پرسیاری کرد له پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) دایك و باوك چ حه‌قێکیان هه‌یه به‌سه‌ر منداڵه‌کانیانه‌وه؟ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم فه‌رمووی: ئه‌و دوانه، به‌هه‌شت یان دۆزه‌خی تۆن، به مانایه‌ی که ئه‌گه‌ر که‌سێك ڕێز له دایك و باوکی بگرێت و لێی ڕازی بن که‌وا به‌هه‌شتی بۆخۆی مسۆگه‌ر کردووه، خۆ ئه‌گه‌ر ئازاریان بدات و لێی ناڕازی بن ئه‌وا دۆزه‌خی بۆ خۆی مسۆگه‌ر کردووه).
* به‌یهه‌قی له ابن عباس (خوا لێی ڕازی بێت) ڕیوایه‌تی کردووه، که پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمویه‌تی: (هه‌ر که‌سێك به چاوی ڕه‌حمه‌ت و ڕێزه‌وه سه‌یری دایك و باوکی بکات، ئه‌وا ئه‌جرو پاداشتی حه‌جێکی بۆ ده‌نوسرێت، عه‌رزیان کرد: ئه‌ی ئه‌گه‌ر ڕۆژی صه‌د جار به‌هه‌مان چاو سه‌یری دایك و باکی بکات هه‌مان ئه‌جرو پاداشتی بۆ ده‌نوسرێت؟ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموی: به‌ڵێ هه‌مان ئه‌جرو پاداشتی بۆ ده‌نوسرێت، خوا زۆر گه‌وره‌یه وه له خه‌زێنه‌ی دا که‌می وجودی نیه، وه هه‌رکه‌س ڕێز له دایك و باوکی نه‌گرێت ئه‌وا له‌م دنیادا پێش سزای قیامه‌ت سزای خۆی وه‌رده‌گرێت).
* له صحیح بوخاری دا هاتووه که‌سێك پرسیاری کرد له (پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) خۆشه‌ویسترین کار لای خوای گه‌وره چ کارێکه؟ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموی: ڕه‌فتاری جوان له‌گه‌ڵ دایك و باوك دا).
* پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمویه‌تی: (هه‌رکه‌سێك له‌به‌ر خاتری ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره ڕێز له دایك و باوکی بگرێت و جوان ڕه‌فتار بێت له‌گه‌ڵیاندا، ئه‌وا دوو ده‌رگا له ده‌رگاکانی به‌هه‌شتی بۆ کراوه‌یه، وه هه‌رکه‌سێک نافه‌رمانیان بکات ئه‌وا دوو ده‌رگا له ده‌رگاکانی دۆزه‌خی بۆ ده‌کرێته‌وه، ئه‌گه‌ر دایك یان باوك یه‌کێکیان له ژیاندا مابن وه ڕیزی لێ بگیرێت ئه‌وا به ڕێزلێ گرتنی ده‌رگایه‌ك له‌به‌هه‌شت، وه به‌نافه‌رمانی ده‌رگایه‌ك له دۆزه‌خ بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌کات، که‌سێك پرسیاری کرد ئه‌ی ئه‌گه‌ر دایك و باوکه که زوڵمیان له منداڵه‌که‌یان کردبوو، وه منداڵه‌که ڕێزی نه‌گرتن، ئایا ئه‌و که‌سانه‌ش ده‌چنه دۆزه‌خه‌وه، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) سێ جار فه‌رمووی: (وان ظلما و ان ظلما وان ظلما). واته: هه‌ر ئه‌زیه‌ت و ئازارێك بگه‌یه‌نرێت به دایك و باوك سزای له‌سه‌ر وه‌رده‌گریت، ئه‌گه‌رچی دایك و باوکه که‌ش زوڵمیان له منداڵه‌که‌یان کردبێت، چونکه منداڵ مافی تۆڵه سه‌ندنه‌وه له دایك و باوکیان نیه، که ئه‌گه‌ر دایك و باوکه‌که زوڵمیان لێکرد ئیتر ئه‌ویش ڕێزیان نه‌گرێت).
* به ڕێوایه‌تی ئیمام ئه‌بو به‌کری صدیق (رضی الله عنه): پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (سزای هه‌موو گوناهه‌کان خوای گه‌وره دوای ده‌خات تا ڕۆژی قیامه‌ت، ته‌نها سزای نافه‌رمانی دایك و باوکه که‌وا پێش قیامه‌ت وه‌ری ده‌گرن).
خوێنه‌ری ئازیز!
خوای گه‌وره فه‌رمانمان پێ ده‌کات که به دایك و باوکمان "ئوف" نه‌ڵێین، زمان شیرین بین له‌گه‌ڵیان دا، له‌به‌رانبه‌ریاندا خۆمان به زیره‌ك وه دانا نیشان نه‌ده‌ین که‌وا ئێمه له‌وان زیره‌ك ترین، ده‌بێت زیادله تواناکانی خۆمان ڕێزیان لێ بگرین. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دایك و باوکه‌که‌ش موسوڵمان نه‌بن ده‌بێت ڕیزیان لێ بگیرێت تا له‌ڕێگای ئه‌و ڕێزه‌وه ئیسلامیان لا خۆشه‌ویست بکه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌م ڕۆژگاره‌دا که‌سانێکی که‌م هه‌ن که فه‌رمانه‌کانی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی (صلی الله علیه وسلم) به‌جێ ده‌هێنن.
ئایا له‌بیرت چۆته‌وه که‌وا دایکی 9 مانگ تۆی له سکی خۆیدا هه‌ڵگرتووه، له وجودی خۆی خواردنی داوه به تۆ. چه‌نده‌ها شه‌وو دایك و باوك به‌دیار منداڵه‌که‌یانه‌وه دانه‌نیشتون تا به‌ئارامی خه‌وی لێ بکه‌وێت.
باوك له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ چه‌نده‌ها زه‌حمه‌ت و ناڕه‌حه‌تی ته‌حه‌مول کردووه تا بژێوی بۆ منداڵه‌کانی په‌یدا بکات...
ئایا سه‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو ئه‌رك و ماندوو بوونه‌ی دایك و باوك ئه‌وه‌یه که‌وا نافه‌رمانیان بکرێت و ڕیزیان لێ نه‌گیرێت؟ ئایا دایك و باوك منداڵه‌کانیان بۆ ئه‌وه گه‌وره ده‌که‌ن که‌وا ڕۆژێك که پیر بوون و که‌م توانا بوون له ماڵه‌کانیان ده‌ریان بکه‌ن؟ ئایا بێ ده‌سه‌ڵاتی و منداڵی خۆتان له بیر کردووه؟ چ که‌سێك بێجگه له دایك ده‌توانێت 9 مانگ له سکی خۆیدا هه‌ڵت بگرێت؟ یان کاتێك که ژن دێنن و مێرد ده‌که‌ن به‌بونی دایك و باوکه‌کان له ماڵه‌کاندا ناڕازین؟ ئایا ئه‌مه چ دینێکه که خه‌ڵکی په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن له ڕۆژگاره‌دا؟
له دینی ئیسلامدا له‌و شێوه ڕه‌فتارو کرداره ناشرینانه که ئه‌مڕۆ چه‌ند (جاهیل)ێك له‌گه‌ڵ دایك و باوکیاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن نیه، به‌هه‌ر حاڵ له‌خوای گه‌وره داواکارم که به ئێمه و به ئێوه ش ته‌وفیق ببه‌خشێت تا بتوانین به جوانترین شێوه ههڵسوکهوی له‌گه‌ڵ دایك و باوکماندا بکه‌ین، آمین
بهروار: 12/10/2013
بینین: 3867
|