منداڵ
  خۆبەکەمزانین، بڕوا بەخۆنەبوون لای منداڵ و چارەسەرەکانی
باران ئاریایی

هۆکاری خۆبەکەمزانین و هەست کردن بە نوقسانی لای منداڵ  دەگەڕیتەوە بۆ چەند هۆکارێکی ڕەفتاری ، نەخۆشی، پەروەردەیی یاخود ئابووری..هتد.
دروست بوونی ئەم هەستە لای منداڵ یەکێکە لە ترسناکترین ڕێگاکان بۆ تووش بوون بە نەخۆشی دەروونی و ئینحرافی  و هەنگاو نان بۆ ئەنجامدانی کاری خراپە.
لەم باسەدا سەرەتا باس لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەکەین لای منداڵ، پاشان هەوڵ دەدەین ڕێگا چارەسەرەکانی بخەینە بەرچاوی خوێنەر.
بە ئومێدی ئەوەی کە دایک و باوکەکان و مامۆستایانی بەڕیز کە پەیوەیدنیان لەگەڵ منداڵدا هەیە بتوانن پێشگیری ئەم دیاردەیە بن، هەوڵ بدەن بەجوانترین شیواز پەروەردەیان بکەن، تا گیرۆدەی ئەم گرفتانە نەبن.
ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی خۆ بەکەمزانین و باوەڕ بەخۆ نەبوون لای منداڵ، ئەمانەن:
١- سوکایەتی پێکردن و ئیهانەکردنی منداڵ.
٢- چاودێری کردنی زیاد لە پیویستی منداڵ.
٣- جیاوازی کردن لە نێوان منداڵ.
ئەگەر خێزانێک چەند منداڵیکیان هەبێت، فەرق و جیاوازی بکەن لە نێوانیان دا.
٤- کەمئەندامی
٥- هەتیووی
٦- فەقیری
بەپشتیوانی خوای گەورە یەک بەیەکی ئەو خاڵانەی سەروە باس دەکەین و ڕێگا چارەکانیشی دەخەینە ڕوو، لەسەر ئەساسی ڕێنوێنیەکانی بەرنامەی ئیسلام کە بۆی داناوین.
لەخوای گەورە داواکارم یارمەتی دەرم بێت تو بتوانم بەجوانترین شیوە هۆکار و چارەسەرەکان باس بکەین.
١- سوکایەتی پێکردن و ئیهانەکردنی منداڵ
یەکێکە لە ناپەسەند ترینی هۆکارەکان کە دەبنە هۆی خۆبەکەم زانین و تێکچونی لایەنی دەروونی لای منداڵ، وا دەکات منداڵ هەست بە سوک بوون و کەمی بکات.
دوکتۆر "مصطفی السباعی" نوسەری کتێبی (ئەخلاقی کۆمەڵایەتیمان) دەڵێت:
"زۆرن ئەو دایک وباوکانەی کە ئەگەر منداڵەکەیان لەڕووی نەزانینەوە توشی هەڵەو تاوانێک بێت، ئەوا دایک وباوکەکە منداڵەکەیان بەدناو دەکەن و لەبەرچاوی خەڵکی دا دەیشکێنن و ئیهانەی دەکەن.
ئەگەر جارێک درۆ بکات، ئەوا بەدرۆزن بانگی دەکەن، ئەگەر جارێک لە خوشک یان برا  بچوکەکەی دا، ئەوا بە هارو هاج و ئاژاوەگێڕ بانگی دەکەن، ئەگەر جارێک بەزۆر یاریەکەی لە خوشکەکەی سەند، ئەوا بە زۆردار بانگی دەکەن، ئەگەر بەبێ پرس شتێکی لە جانتای براکەی دەرهێنا ئەوا بە دز بانگی دەکەن، خۆ ئەگەر جارێک باوک یان دایک داوای لێ بکەن کە پەرداخێک ئاویان بۆ بهێنێت، بێ گوێی کرد و ووتی تاقەتم نیە یان حەقم نیە، ئەوا یەکسەر لەبەر چاوی خوشک و براکانی دیکەی یاخود کەسانی تردا بە تەمەڵ و بێ گوێ بانگی دەکەن".
یەکێکی تر لە نمونەکانی سوکایەتی و ئیهانەکردنی منداڵ، بانگکردنیانە بە وتەی ناشایستە و ناشرین لە بەرچاوی خێزان یاخود دۆست و خزمان، زۆرجار دایک و باوک زیادەڕەوی دەکەن لەم حاڵەتەداو لەبەرچاوی هاوڕێی منداڵەکە یاخود بێگانەدا ئیهانەی منداڵەکە دەکەن و بەووشەی ناشرین بانگی دەکەن. بەبێ شک ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لەگەڵ منداڵ دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە منداڵەکە هەست بە کەمی و بێنرخی خۆی بکات، وا بیر بکاتەوە کە بوونی دەبێتە هۆی ئازاردانی کەسانی دەوروبەری، بۆیە ڕق و کینەیەک لە دڵی دا دروست دەبێت بەرانبەر بە کەسانی دەوروبەری لە داهاتوودا، کەسایەتیەکی لاوازی دەبێت کە تێکەڵ بەخەڵکی نابێت و هەستی مەسئولیەتی نابێت و هیچ کار و ئەرکێک ناخاتە سەرشانی خۆی.
لێرەدا دەبینین کە ئەو دایک و باوکان و مامۆستا و فێرکارانەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە دەکەن لەگەڵ منداڵدا چ جەریمەیەکی گەورەیان کردووە بەرانبەر بە منداڵ، کە بەدەستی خۆیان بەو ڕەفتارە نابەجێیانە و توندوتیژیە بێ بەزەییانەی دەیکەن بەرانبەر بە منداڵەکانیان، منداڵەکانین دەخەنە سەر ڕێگای لاڕێی و ئینحرافی.
ئێمە چۆن دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین لە منداڵەکانمان کەوا گوێڕایەڵ، نەرم ونیان، ڕێزگرتن لە گەورە و بەبەزەیی بن بەرانبەر لە خۆیان بچوکتر، بە ئەخلاق بن، کاتێک خۆمان بەدەستی خۆمان تۆوی ڕق و کینەو سەرپێچی لە دەروونیان دا دەڕوێنین!
دایک و باوکی بەڕێز دەبێت ئەوە بزانیت کەوا پەروەردەکردنی منداڵ بە تووڕەیی و لێدان نابێت، بەڵکو بەو کارانە منداڵەکەت تووشی تێکجوونی باری دەروونی دەبێت، و کەسێکی توڕەو بێ بەندوبار و بێگوێ دەبێت، کە گەورەش بوو هەوڵ دەدات لەگەڵ کەسی خراپ و موجریم دا هاوڕیەتی بکات، چونکە خۆمان لەمنداڵیدا خستومانەتە سەر ئەو ڕێگایە، لە جیاتی ئەوەی فێری بکەین بەدوای شتی باشدا بگەڕیت و کەسێکی نمونەیی بێت، بەڕەفتارو هەڵسوکەوتی نابەجێی خۆمان هانی دەدەین بۆ خراپەکاری.
شێوازی هەڵس و کەوت لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە هەڵە دەکات:
باشترین شێواز ئەوەیە کەوا هەوڵ بدەین لەو کاتانەدا نەرم ونیان بین و هەوڵ بدەین قەناعەت بە منداڵەکە بکەین، بەوەی بەپێی تێگەیشتنی خۆی قسەی لەگەڵ بکەین، تا دەگاتە سەر ئەو قەناعەتەی کە ئەو کارەی کردویەتی هەڵەیەو، ئەنجامدانی کاری لەو شێوەیە لە پیشەی منداڵی تێگەیشتوو و ژیر نیە.
ئەگەر بەم شێوازە توانیت قەناعەتی پێبکەیت ئەوا بەئامنج گەیشتویت، خۆ ئەگەر قەناعەتیشی نەکرد ئەوا ڕێگای تر هەیە بگیرێتە بەر بێجگە لە لێدان و توڕە بوون لێی، کە بەپشتیوانی خوا لە باسەکانی ترمان دا زیاتر لەسەر شیوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵ دا باسی لێوە دەکەین.
شێوازی نەرم و نیانی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ منداڵ دا لەسەروەرمانەوە دەبێت فێر بین، کە دەبێت نمونەی رەفتارو هەڵسوکەوتی بکینە سەرمەشق بۆ پەروەردەکردنی مندالەکانمان.
لە دەرئەنجامی باسەکانمان لە سەر خاڵی یەکەم ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا سوکایەتی پێکردن و ڕەفتاری توندوتیژی  لەگەڵ منداڵ، بەتایبەت لەبەرچاوی کەسانی دیکە یەکێکە لەهۆکارە سەرەکیەکانی خۆبەکەم زانینی منداڵ، دەبێتە هۆی ئینحرافی ئەخلاقی و دەرونی لای منداڵ، بۆیە کاتێک کە منداڵ تووشی هەڵە دەبێت دەبێت لەگەڵی نەرم و نیان بین، تا قەناعەت بەکات ئەو کارەی کردویەتی هەڵەیەو دان بەهەڵەکەی دا بنێت، خۆ ئەگەر نەرم ونیانی چارەسەر نەبوو، دایک وباوک یاخود فێرکار بەباشی زانی منداڵەکە جەریمە بکرێت لەسەر ئەو کارەی کە کردویەتی با لەبەرچاوی کەسانی تر نەبێت.
٢- چاودێری زیاد لە پێویستی منداڵ و وابەستە بوون بە دایک وباوکەوە:
ئەم هۆکارەش یەکێکە لەهۆکارە گرنگەکانی خۆبەکەم زانین و ئینحرافی ئەخلاقی لای منداڵ، کە هەمیشە ڕەشبین بێت بەرانبەر بەخۆی و کەسانی دەوروبەری، ڕق و کینەی لەدڵدا دروست دەکات.
چاودێری زیاد لەپێوستی وا دەکات کەوا منداڵەکە کەسێکی شەرمن و ترسنۆک و زەلیل بێت، کە بڕوای بەخۆ نابێت و هیچ مەردایەتی و ئازایەتیەکی تێدا نەبێت. ئەم تایبەتمەندیانەش وا دەکات کە منداڵ نەتوانێت لەگەڵ کەس هاوڕێ بێت و دابڕیت لە کۆمەڵی منداڵانی هاوتەمەنی خۆی.
بۆچی وابەستەبوونی منداڵ بەدایک و باوکەوە ئەو ئەنجامە خراپانەی لێ دەکەوێتەوە؟
چونکە هاوتەمەنەکانی خۆی دەبنیط کەوا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو پێشەوە دەچن، کەچی ئەو هەمیشە لەکۆتای قافڵەدایە.
چونکە منداڵانی دیکە دەبینێت کەوا ئازاو بەجەرگن، کەچی ئەو ترسنۆکەو لاوازە.
چونکە منداڵانی دیکە دەبینێت کە هەوڵ دەدەن و لە جوڵەدان، کەچی ئەو هەمیشە بێدەنگەو بێجوڵەیە، بەتەمایە دایک وباوکی کارەکانی ئەنجام بدەن.
چونکە دەبنێت کەوا هاوتەمەنەکانی خۆی پەیوەندیان بەیەکەوە هەیەو هاوڕین و لەئەنجام دانی کارەکان دا هاوکاری یەکتری دەکەن، بەڵام ئەو بەتەنهایەو گۆشەگیرە.
چونکە دەبنێت کەوا کەسانی دیکە کاتێک تووشی گرفتێک دەبن، زۆر بەلەسەرخۆییەوە دەچن بەرەوڕووی گرفتەکەوەو خەڵژکی یارمەتیان دەدات بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام ئەو لەڕووبەڕوبونەوەی گرفتەکان دا لاواز و کەم توانایە.
منداڵیک ئەوە حاڵی بێت، ئیتر چاوەڕێی چی دەکەیت لێت، کە کەسێکی سودمەند بێت بۆ خێزان و کۆمەڵگاکەی، ئایا کەسێکی لەو شیوەیە دەتوانێت ئومێدەوار و گەشبین بێت بۆ ژیان؟
ئایا دەتوانێت کەسێکی سەربەخۆ بێت کاتێک گرفتێکی توش بوو لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ڕووبەڕووی گرفتەکانی بێتەوە؟ ئەگەر وەڵامی هەموو ئەم پرسیانە نا یە، ئەی بۆچی دایک و باوکان لە چاودێری کردن و نازپێدان و وابەستەکردنیانەوە زیادەڕۆیی دەکەن، لە دیاردەیەدا دایکان زیاتر تووشی هەڵە دەبن، یان جوانترە بڵیین دوچاری وەسواس دەبن.
ئەم دیاردەیە  زیاتر لەو منداڵانەدا بەدی دەکرێت کە دایکەکانیان شارەزا نین بە پەروەردەی ئیسلامیەوە.
* یەکێک لە نمونەکانی خراپ پەروەردەکردنی ئەو دایکانە ئەوەیە کە ئیزنی مندالەکەیان نادەن بە ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە توانایان هەیە، چونکە پێیان وایە منداڵەکەیان توانای نیە ئەو کارە ئەنجام بدات، بە خەیاڵی خۆی ئەگەر نەهێلێت منداڵەکەی کارەکانی خۆی ئەنجام بدات و ئەو هەموو شتێکی بۆ فەراهەم بکات ئەوا دڵسۆزی کردووە بۆ منداڵەکەی و منداڵەکەی زیاتر خۆشی دەوێت.

* نمونەیەکی تر هەندێک دایک منداڵەکەی هەمیشە لەباوەشی دا دادەنێت و ناهێلێت لێی دوور بکەوێتەوە، جا ئیتر هیچ فەرق ناکات کە بۆچی وە بەچ هۆکارێک ناهێلێت منداڵەکەی لێی دوور بکەوێتەوە.
* هەندێک دایک هەموو کاتەکان، چاودێری منداڵەکەی دەکات، تەنانەت ئامادە نیە بۆ یەک چرکەش چاوی لێ غافڵ بکات، نەوەک شتێکی لێ بەسەر بێت، کە ئەمە لەلایەنی دەروونیشەوە بۆ دایکەکەش خراپەی دەبێت.
* نمونەیەکی تری بێئاگایی دایکان بەرانبەر بە پەروەردەی منداڵ ئەوەیە کە هیچ کۆنترۆڵی یان سنورێک دانانێن بۆ منداڵەکەیان لەئەنجامدانی کارەکانی دا، بۆ نمونە منداڵ شتی ناوماڵ دەشکێنێت، یان دیواری ماڵەکەیان دەنوسن، بەڵام دایکەکە گوێیان پێ نادات و هیچ شتێک ناڵێت.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە چاودێری کردنی منداڵ بەو شێوەیە لە چ حاڵەتێکدا ڕوودەدات؟
ئەو دایک وباوکانەی کە دوای چەندین ساڵ منداڵیان بووە، یان دایکێک کە چەندین جار دووگیان بووە و منداڵەکەی لەبار چووە و دوای منداڵیکی بۆ ماوە، یاخود خێزانێک کە دوای بوونی چەند منداڵێکی کچ کوڕێکیان بووە، یاخود منداڵێک کە نەخۆشیەکی ترسناکی هەبووە و دوای چارەسەر کراوە، ئەمانە ئەو حاڵەتانەن کە دایک و باوک زیاد لە پێویست چاودێری مندالەکانیان دەکەن.
ڕێگا چارە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە
أ) تێگەیاندن و بەهێزکردنی عەقیدەی دایک و باوک لە قەزاو قەدەر
پێویستە دایک و باوک باوەڕیان بەوە هەبێت کە سەلامەتی و نەخۆشی، نیعمەتەکانی، گرفتاری و سەختیەکان، سەروەت و سامان ، هەژاری، نەزۆکی (عقیم)، یاخود منداڵ بوون ئەمانە هەمووی تەقدیری خوای گەورەیە، کە هەموو ڕووداوەکانی ژیان بە خواستی خوای گەورەیەو لە بازنەی قەزاو قەدەر دایە.
مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِّن قَبْلِ أَن نَّبْرَأَهَا إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ ﴿٢٢﴾ لِكَيْلَا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ وَلَا تَفْرَحُوا بِمَا آتَاكُمْ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ ﴿23﴾ سورة الحدید
 واتا: هیچ به‌ڵاو رووداوێك له‌ زه‌ویدا، بۆتان پێش نایه‌ت که‌ له‌ (لوح المحفوظ)دا تۆمارنه‌کرابێت، پێش ئه‌وه‌ی رووداوه‌که‌ پێش بێت، ئه‌و کاره‌ش بۆ خوا زۆر ئاسانه‌(٢٢)  ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌فه‌ت نه‌خۆن بۆ ئه‌وه‌ی که‌له‌ کیستان چووه‌، وه‌ به‌وه‌ش دڵخۆش و غه‌ڕڕا نه‌بن که‌ پێمان به‌خشیون، چونکه‌ خوا که‌سانی خۆ به‌ گه‌وره‌زان و فه‌خرفرۆشی خۆش ناوێت (ئه‌وانه‌ی به‌به‌خشینی به‌هره‌کان غه‌ڕڕا ده‌بن و خۆ باده‌ده‌ن و فیز ده‌که‌ن) ٢٣)
لِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ يَهَبُ لِمَنْ يَشَاءُ إِنَاثًا وَيَهَبُ لِمَن يَشَاءُ الذُّكُورَ(٤٩)  أَوْ يُزَوِّجُهُمْ ذُكْرَانًا وَإِنَاثًا وَيَجْعَلُ مَن يَشَاءُ عَقِيمًا إِنَّهُ عَلِيمٌ قَدِيرٌ ﴿٥٠﴾ سورة الشوری
واتا: هه‌موو ئاسمانه‌کان و زه‌ویش خوا خاوه‌نیه‌تی، هه‌رچی بوێت دروستی ده‌کات، به‌هه‌رکه‌س که‌ بیه‌وێت ته‌نها کچ ده‌به‌خشێت، وه‌ به‌هه‌رکه‌س که‌ بیه‌وێت کوڕ ده‌به‌خشێت...(٤٩)  یاخود له‌ هه‌ردوو جۆر (به‌هه‌ندێ خێزان ده‌به‌خشێت) له‌ کوڕو له‌ کچ (هه‌میشه‌ ویستی خوا وایه‌) که‌ هیچی نه‌دانێ و نه‌زۆك بێت، به‌ڕاستی ئه‌و زاته‌ زاناو به‌ده‌سه‌ڵاتە(٥٠)
وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِّنَ الْخَوفْ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِّنَ الأَمَوَالِ وَالأنفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ ﴿١٥٥﴾  الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُم مُّصِيبَةٌ قَالُواْ إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعونَ ﴿١٥٦﴾  أُولَئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِّن رَّبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ ﴿١٥٧﴾ سورة البقرة
واتا: بێگومان ئێمه‌، ئێوه‌ تاقی ده‌که‌ینه‌وه‌ به‌ هه‌ندێك ترس و بیم و برسێتی و که‌م بوونی ماڵ و سامان و مردنی که‌س و کارو تیاچونی به‌روبومی کشتوکاڵ، وه‌ مژده‌ بده‌ به‌و که‌سانه‌ی که‌ خۆگرو ئارامگرن* ئه‌وانه‌ی که‌ توشی هه‌ر به‌ڵاو ناخۆشیه‌ك ده‌بن ده‌ڵێن: ئێمه‌ هی خواین و هه‌رچی هه‌مانه‌ به‌خششی خوایه‌، وه‌ سه‌رئه‌نجام هه‌ر بۆلای ئه‌و زاته‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌* ئا ئه‌وانه‌ ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی په‌روه‌ردگاریان شایسته‌یانه‌، وه‌ ئه‌وانه‌ ڕێبازی هیدایه‌تیان گرتۆته‌ به‌ر.*

ب) پەروەردەکردنی هەنگاو بەهەنگاو
ئەگەر نەسیحەت کردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵ سودمەند بێت، ئەوا خۆدوورخستنەوە لەمنداڵ باش نیە، لێدان پەروەردەیەکی دروست نیە، لەڕاستیدا ڕێگای لێدانی منداڵ کاتێک دروستە کە هەموو ڕیگاکانی دیکەت گرتبێتە بەرو بێ سود بوبێت.
ج) پەروەردەی منداڵ لەسەر ئەساسی باوەڕ بەخۆ بوون، هەست بە بەرپرسیارێتی، بوێری لە گفتوگۆکردن و ڕادەربڕین دا
دەربارەی پەروەردەی منداڵ لە سەر قەناعەت بوون و ناڕەزایەتی دەرنەبڕین فەرمودەیەک هەیە کە سەروەرمان دەفەرموێت: لە خۆشگوزەرانی و نغرۆ بوون لە خۆشی دا خۆتان بە دوور بگرن، کە لە ڕاستی بەندەی ڕاستەقینەی خوا، خۆشگوزەران و خۆشی پەرست نین. (احمد و ابونعیم) ڕیوایەتیان کردووە.
دەربارەی پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بنەمای باوەڕ بەخۆ بوون و هەستی بەرپرسیارێتی، پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: " ئێوە هەمووتان بەرپرسیارن بەرانبەر بە ئەرک و فرمانەکانتان، لە ڕۆژی دوایدا لەبەرانبەر ئەنجامدانی کارەکان و بەرپرسیارێتیتان لە کەسانی ژێر دەستتان (ماڵ و منداڵ و کرێکار و خزمەتکار) لێپرسینەوەتان لێ دەکرێت" ئەم فەرمودەیە بەرانبەر بە بچوک، گەورە، ژن، پیاو، دەسەڵاتدار و کاربەدەستان وەکو یەکە.
د) هەوڵ بدەین پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بکەینە قودوە بۆ منداڵەکانمان هەر لە ژیانی سەردەمی منداڵیەوە تا کاتی هاتنی وەحی و بوون بە پێغەمبەر.
خوای گەورە بەڕەحمەتی خۆی پێغەمبەری سەروەرمان (صلی اللە علیە وسلم) کە دایکو باوکی نەبوو بەجوانترین شێوە پەروەردە کرد، لەم باسەدا چەند نمونەیەک باس دەکەین بۆ ئەوەی باش تێبگەین لەوەی کەوا خوای گەورە هەمیشە چاودێری پەروەردەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بووە، بەتایبەتی لەسەردەمی منداڵی و نەوجەوانی دا بە ئومێدی ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ دایک وباوکان و فێرکاران تا سودی لێوەربگرن و پەیڕەوی بکەن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دا.
لە ئەنجامی باسەکەمان لەم خاڵەدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە چاودێری کردنی منداڵ و ناز پێدانی زیاد لە پێویست، هۆکارێکی گرنگە بۆ لادانی دەروونی و ڕەوشتی، کە زۆربەی جار دەبێتە هۆکاری دروست بوونی ڕق و کینەو خۆبەکەم زانین.
جابۆیە دایکو باوک، بەتایبەتی دایک دەبێت لەسەر بنەمای بەرنامەی پەروەردەیی ئیسلامی کار بکات، کە یەکێک لەو یاسایانە ئەوەیە کە دایک دەبێت سنورێک دابنێت بۆ وابەستە کردنی منداڵەکەی و زیاد لە پێویست لە خۆی نزیک نەکاتەوە و هەرشتێک کە ڕووبدات، تەسلیمی خوای گەورە بێت.
یەکێکی دیکە لەو یاسایانە ئەوەیە کەوا منداڵ ئامۆژگاری بکرێت و ئازارو ئەزیەت نەدرێت، ئەگەر پێویستی نەکردت، خۆ ئەگەر پێویستی کرد لێی بدرێت ئەوا لەدوای تەمەنێکەوە بێت کە چاکە خراپە لەیەکتر جیابکاتەوە، لەسەر قەناعەت و ناشوکری نەکردن، باوەڕ بەخۆبوون، هەستی بەرپرسیارێتی و بوێری پەروەردەیان بکەین، لەهەموو پلەکانی ژیان دا پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بکرێتە قودوە.
ئەگەر دایک وباوک و فێرکارەکان وا هەست بکەن لەوا منداڵ ئەمانەتێکە لەلای و دەبێت بەجوانترین شێوە بیپارێزێت، ئەوا پەروەردەکردنیان لەسەر جوانترین بەرنامە دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە منداڵەکە دەپارێزێت لە داڕمانی ئەخلاقی و تیاچوونی کەسێتی  و دەبێتە هۆی ئەوەی کەلە لایەنی دەرونی و عەقڵانی و ئەخلاقیەوە کامل بن.
٣- جیاوازی کردن لە نێوانی منداڵ دا
فەرق خستن و جیاوازی کردن لە نێوان منداڵ دا سەرەکی ترین هۆکارە بۆلادانی دەروونی منداڵ، جا ئەو فەرق خستنە لە بواری ماددی یاخود مەعنەوی دابێت، کە دایکو باوک منداڵێکیان زیاتر لە منداڵەکانی تریان خۆشتر بوێت.
بۆیە ئەمەش وا دەکات کە منداڵەکانی دیکەیان بێبەش بن لە سۆز و میهرەبانی دایک و باوک، بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی ڕق و کینە بەرانبەر بە دایک و باوکەکەو خوشک یاخود براکەی و منداڵێکی کەم دوو شەرمن، ترسنۆکی لێ دەردەچێت، کە بەتەنهایی دادەنیشێت و دەگری بەرنامە دادەڕێژێت بۆ تۆڵە کردنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە شەوانە نەتوانێت بخەوێت و خەوی ناخۆش ببینێت، کەسێکی توڕە و خۆبەکەم زان بێت.
فێرکاری یەکەم، پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)، لەڕاستیدا  لەزەمینەی ئادابی کۆمەڵایەتیشدا فێرکارێکی گەورەو باڵا بوو، کە بەتایبەتی هۆشداری دەداتە دایک و باوکان کە لە خوا بترسن و فەرق و جیاوازی مەکەن لە نێوان منداڵەکانتاندا.
هۆکارەکانی فەرق و جیاوازی کردن لەنێوان منداڵ دا:
*جنسیەتی منداڵەکە ئەوە بێت کە دایک وباوک نایانەوێت، بۆ نمونە ئەگەر دایک وباوک حەزیان لەکوڕ بێت، بەڵام کچیان بێت.
*منداڵەکەیان لەلایەنی بیرو هۆش و زیرەکی و جوانیەوە کامل نەبێت.
*کەمئەندام بێت.
لە دینی ئیسلامدا هیچ لەو هۆکارانەی سەرەوە نابنە هۆی ئەوەی کە دایک وباوک منداڵەکانیان خۆش نەوێت یاخود یەکێکیان لەوانی تر زیاتر خۆشبوێت، چەندە زاڵمن ئەو دایک وباوکانەی کە ئەو ڕەفتارە نامرۆییە دەکەن لەگەڵ منداڵەکانیان دا.
منداڵ چ گوناهێکی هەیە کە بەکچی هاتۆتە دنیاوە، خۆ دیاری کردنی جنسیەتی لە ئیرادە و خواستی ئەودا نەبووە؟
چ گوناهێکی هەیە کە منداڵیکی جوان  نیە؟
چ گوناهێکی هەیە کە زیرەک نیە؟
چ گوناهێکی هەیە کە کەسێکی بزێوەو حەزی بە جوڵەیە؟
ئەو منداڵە بێتوانە چی بکات کە کەمئەندام هاتۆتە دنیاوە، یاخود بە هۆی ڕوداوێکەوە کەمئەندام بووە؟
بۆیە دایک وباوک و فێرکاری بەڕیز ئەگەر بیر لە سەلامەتی منداڵەکەت لەلایەنی دەرونیە دەکەیتەوە و بۆت گرنگە کە دوچاری خۆبەکەم زانین و دڵڕەقی و حەسودی نەبێت، باشترین ڕێگا کەلەڕاستیدا تەنها ڕێگا ئەوەیە کە فەرمانەکەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەم بارەیەوە جیبەجێ بکەیت، کە دەفەرموێت: "لە خوا بترسن و یەکسانی لەنێوان منداڵەکانتان دا بپارێزن".
ڕازی بن بەوەی کە خوای گەورە پێتان دەبەخشیت، چ کچ بێت یاخود کوڕ، بۆ هەموو منداڵەکانتان بەیەک ئەندازە هەستو سۆزتان هەبێت و هەوڵ بدەن خۆشەویستی و لێبوردەیی لەنێوان منداڵەکانتان دا هەبێت، چندە جوانی فەرمووە سەروەرمان (صلی اللە علیە وسلم) " خوا ڕەعم بەو دایکو باوکە بکات کەوا  هانی منداڵەکەیان داوە بۆ ئەنجامدانی کاری چاکە" (ان حبان) ڕیوایەتی کردووە.
٤- کەمئەندامی
ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە لادانی دەروونی و خۆ بەکەم زانین لای منداڵ.
منداڵێک کە لە تەمەنی منداڵیەوە کەمئەندام بێت وەک: کوێری، کەڕی، لاڵی، یاخود گرتنی زمانلەکاتی قسەکردندا (فسی)، بیر کۆڵی.
ئەم منداڵانە دەبێت دەبێت کەسانی دەوروبەریان بە تایبەتی دایک و باوک دەبێت ئاگایان لێیان بێت و میهرەبان بن لەگەڵیان و هەڵسوکەوت و ڕەفتارو گوفتاری دایک وباوک و خوشک وبراکانیان لەگەڵیان باش بێت و لێبوردە بن بەرانبەریان.
پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەم بارەیەوە دەفەرموێت: " خوای ڕەحمان میهرەبانە لەگەڵ ئەو کەسانەیکە میهرەبانن، کەوایە تۆ بەبەزەیی بە لەگەڵ ئەوانەی کەلە زەویدان، با ئەو کەسەی کەلە ئاسمانەکاندایە بەرانبەرت بە بەزەیی بێت". (ترمذی و ابوداود) ڕێوایەتیان کردووە.
هەروەها دەفەرموێت: " لەناو موسوڵماناندا خاوەنی کاملترین ئیمان  ئەو کەسەیە کە جوانترین ئەخلاقی هەیە" (ترمذی و ابن حبان) ریوایەتیان کردووە.
کاتێک کە دایک وباوک و نزیکەکانی منداڵێک کە لە نیعمەتی بینین مەحرومە بە "کوێر" بانگی دەکەن، یاخود ئەو منداڵەی کە نابیستێت بە "کەڕ" بانگی دەکەن، یان ئەو منداڵەی بیرکۆڵە بە "بەدبەخت و بێ نەوا" ناوزەدی دەکەن، یاخود منداڵێک لە توانای قسەکردنی نیە پێی دەڵین "لاڵ"، ڕوون و ئاشکرایە کە بەو جۆرە ناووناتۆرانەی کە بانگیان لێ دەکرێت توشی خۆبەکەمزانین و لادانی دەروونی و ئەخلاقی دەبن. لەلایەنی دەرونیەوە بەجۆرێک دادەڕمێن کە هیچ ئومێدێکیان بە ژاین نامێنێت و لەبەرانبەر کەسانی دیکەدا دڵڕەق و کیننەی دەبن.
بۆیە پێویستە لەسەر دایک وباوک کە کەمئەندامێتی منداڵەکانیان بە شیوەیەکی لێزانانەو حەکیمانە و پەروەردەیەکی شایستە لەگەڵ میهرەبانی و نەرمو نیان بوون  لەگەڵیاندا ئەو کەمێتیەیان بۆ پڕ بکرێتەوە، چونکە نرخی هەموو مرۆڤەکان بە ئیمان و ئەخلاقیەوەیەتی نەک بەجوانی و لەش ولارو جستەیەوە.
•    یەکەم هەنگاو بۆ نەهێشتنی ئەو گرفتە ئەوەیە کە دەبێت کە میهرەبان بین لەگەڵیان و بە شێویەکی تایبەت هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت، دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە منداڵەکەیان لەلایەنی بیر و یاخود جوڵەو هەڵسوکەوتیانەوە وەک منداڵانی تر نین. هەڵسوکەوتی جوان و نەرم و نیانی لەگەڵیاندا لەخەمەکانیان کەم دەکاتەوە و دڵگەرمیان دەداتێ کە دەروونیان ئارام بێت کە ئەوانیش دەتوانن کەسێکی سودمەند بن بۆ کۆمەڵگا.
•    دووەمین هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە ئەوەیە کە دایک وباوک بە خزم وکەس و نزیکەکانیان بڵێن و پێیان ڕابگەیەنن کە هێج جۆرە سوکایەتی پێکردن و ئیهانەکردن و گاڵتە پیکردنیان قبوڵ نیە بەرانبەر بە منداڵە کەمئەندامەکەیان، کە کاریەگری خراپی هەبێت لەسەر دەروونی منداڵەکەیان و دەردێکی زیادە نەخەنە سەر دەردەکانی دیەکەی. بۆیە هەموو ئێمە کاتێک لە هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسێکی کەمئەندام دەکەین دەبێت هەڵسوکەوت و ڕەفتاری یەکەمین فێرکاری ئیسلام پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)  لەبەرچاو بگرین کە دەفەرموێت: " مرۆڤەکان بۆ کۆمەڵگا وەکو ئەندامەکانی یەک جەستەن، هەریەکێک لە کەسایەتیەکان دەبێت ڕێز لەوانی دیکە بگرێت و درێغی نەکات لە سۆزو بەزەیی".
پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) تاکەکانی ئومەتی خۆی ئاگادار دەکاتەوە کەوا ئاگاداری ئەو ووشەو عیباراتانە بن کە بەکاری دەهێنن بەرانبەر بەیەکتری، کە حەیسیەت و شەرافەتی یەکتری لەکەدار نەکەن وکەسایەتی یەکتری مەشکێنن، یاخود مەبنە هۆکاری دروستبوونی گرفت لە لایەنی کۆمەڵایەتی دا. لەبارەت ئافاتی زمانەوە دەفەرموێت: "بەندەیەک لەبەندەکانی خوا ووشەیەک بەزمانی دا دێت کە خۆی هیچ گرنگیەکی پێ نادات، بەڵام بەهۆی ئەو ووشەیەوە دەچیە جەهەنەمەوە) (بخاری) ڕێوایەتی کردووە.
هەروەها فەرمویەتی: "بەندەیەک لەبەندەکانی خوا وتەیەک دەڵیت کە خۆی هێچ لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکردووە، بەڵام بەهۆی ئەو وتەیەوە، دەچێتە قوڵاییەڵ لە قوڵاییەکانی ئاگری جەهەنەمەوە لە مەوداکەی لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا زیاترە". (بوخاری) ڕیوایەتی کردووە.
لەبارەی نەهی کردن لە سوکایەتی پێکردنەوە فەرمویەتی: "سوکایەتی وگاڵتە مەکە بە برا موسوڵمانەکەت، کەلەوانەیە خوای گەورە بەهۆی ئەم رەفتارەتەوە، ڕەحم بەو بکات و بەڵاو بەدبەختی ش بدات بەتۆ" (ترمذی) ڕیوایەتی کردووە.
•    سێیەمین هەنگاو بۆ چارەسەری ئەم جۆرە کەسانە ئەوەیە کە دایک وباوک هەوڵبدەن منداڵەکەیان لەگەڵکەسانی شیاو و بە ئەخلاق دا ببنە هاوڕێ، تابتوانن منداڵەکەیان لەگەڵیاندا یاری بکەن و گفتوگۆ بکەن، پەیوەندیەکی دۆستانەو خۆشەویستی لەنێوانیان دا دروست ببێت، کە بەم هۆیەوە منداڵە کەمئەندامەکە هەست دەکات کە کەسانی دیکە خۆشیان دەوێت و ڕێزی لێدەگرن و بەکەمی نازانن.
ئەنجامی باسەکانمان لەم خاڵەدا ئەوەیە کە دایک وباوکان نابێت هیچ کام لە خاڵەکان و ڕێگاکانی چارەسەر پشتگوێ بخەن، تێڕوانیان بە میرەبانی، چاودێری کردنی تایبەت، ئاگادارکردنەوەی دەوروبەرو خزم و دۆستەکان لە گاڵتەپێکردن، هەڵبژاردنی هاوڕێی شیاو، ئەمانە هەموو هۆکاری گرنگن کە هەستی کەمئەندامێتی لای منداڵ ناهێڵێت و ئامادەی دەکات بۆ ئەوەی بیرلەوە بکاتەوە کە کەسێکی سودمەند بێت بۆ خۆی و کۆمەڵگاکەی.

٥- هەتیو بوونی منداڵ
هەتیو بوونیش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە منداڵ هەست بە کەمی بکات و لادانی دەروونی لادروست ببێت، بەتایبەت کە منداڵی هەتیو لەکۆمەڵگایەکدا بژی کە کەس ئاوڕی لێنەداتەوەو کەسێک نەبێت کە کۆڵوباری ڕەنجو مەینەتیەکانی لەسەر شان سوک بکات و کەسێک نەبێت کە بەسۆزو بەزەیی بێت لەگەڵیدا.
ئیسلام لە هەموو ڕوویەکەوە گرنگی بە هەتیوان داوە بەتایبەتی لایەنی پەروەردەی و هەڵسوکەوت و دابین کردنی بژێوی ژیانی، تا منداڵانی هەتیو هەست بە کەمێتی نەکەن و کەسێکی سودمەند بن بۆ کۆمەڵگا و بتوانن ئەرکەکان و ئەو بەرپرسیارێتیەی کە دەکەوێتە سەرشانیان بە جوانترین شێوە ببەن بەڕێوە.
قورئانی پیرۆز لەبارەی ئاگاداری هەتیوان و دوورنەخستنەوەیان لە کۆمەڵگاو ڕێزگرتن لێیان و بەبەزەیی بون لەگەڵیان دا  دەفەرموێت:
فَأَمَّا الْيَتِيمَ فَلَا تَقْهَرْ ﴿٩﴾الضحی
که‌واته‌ تۆش (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله‌ علیه‌ وسلم ئه‌ی ئیماندار) هه‌تیوان مه‌چه‌وسێنه‌ره‌وه‌و سته‌میان لێ مه‌که‌و ماڵ و سامانیان مه‌خۆ، وه‌ له‌سه‌ر چاکه‌و چاکه‌کاریی له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وام به‌.
أَرَأَيْتَ الَّذِي يُكَذِّبُ بِالدِّينِ ﴿١﴾  فَذَلِكَ الَّذِي يَدُعُّ الْيَتِيمَ ﴿٢﴾ الماعون
ئایا سه‌رنجت نه‌داوه‌ له‌و که‌سه‌ی که‌ ئاینی خوا به‌درۆ ده‌خاته‌وه‌.* ئه‌و جۆره‌ که‌سه‌ به‌ هه‌تیودا هه‌ڵده‌شاخێت و (ڕێزی لێ ناگرێت).
پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) میللەتەکەی خۆی هانداوە بۆ دەستگرتنی هەتیوان و ئاگا لێبونیان، هەروەها مژدەمان دەداتێ کە ئەگەر کەسێک داواکەی بەجوانی بەجێ بگەیەنێت لەبەهەشتدا لەگەڵ من دا دەبێت.
ئاگا لێبوون و دەستگیرۆی کردنی هەتیوان پێش هەموو کەس لە ئەستۆی خزمو کەسوکارەکەیایەتی.
کەسەکانی بەپێی پلەی نزیکی خزمایەتەیان ئەرکی پەروەردە و فێرکردنی ئەخلاقی و دەروونی هەتیو لە ئەستۆی ئەواندایەو دەبێت هەروەک منداڵەکانی خۆیان ئاگایان لێیان بێت و میهرەبان بن لەگەڵیان.
کاتێک کە هەتیوان کەس و کارێکی وایان نەبێت کە پەروەردەیان بکات ئەو کات ئەرکی دەولەتیئیسلامیە کە ئەرکی پەروەردەکردنەکەیان بگرێتە ئەستۆ.
پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) وەکو یەکەمین نوێنەری یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامی، لەگەڵ هەتیوان زۆر دڵسۆزو میهرەبان بووە.
هەروەها خەرجی و نەفەقە و پەروەردەی منداڵی سەرڕێگاو بێ خاوەن لە ئەوستۆی دەوڵەتی ئیسلامی دایە، چونکە لەسەردەمی دەسەڵاتی (عومەری کوڕی خەتاب) دا (خوای لێ ڕازی بێت) پیاوێک منداڵێکی بێ خاوەنی هێنایە خزمەتی، ئەویش فەرموی: نەفەقە و (خەرجی) ئەم مندالە لەسەر ئێمەیەو ئازادە.
٦- هەژاری و لادانی دەروونی
 منداڵێک کەلە کاتی لەدایک بونیەوە، خۆی لە بازنەی هەژاری و بەدبەختی دا دەبینێتەوە، باوکی دەبینێت کە ڕەنج و دەست تەنگی و تەواوی خانەوادەکەی مەحرومن لە سەرەتایی ترین وەسیلەکانی ژیان ، لەلایەکی ترەوە منداڵانی دراوسێ و هاوڕێی و هاوپۆلەکانی دەبینێت کەوا جل و بەرگی جوانیان لەبەردایە و هەموو خۆشیەکی ژیانیان بۆ فەراهەم دەکرێت و باری گوزەران وژیانیان باشە، بەڵام خێزانەکەی ئەو دەسەڵاتی ئەوەشیان نیە کە تێربخۆن و خۆیان دابپۆشن، دڵشکاوو دەروون شکاو دەبێت، غەم و پەژارە کاریگەری لەسەر جەستەو دەروونی دادەنێت، لەم جۆرە کەسە چی چاوەڕێ دەکرێت؟ بەزووی ڕق و کینە لەد ەروونی دا سەرباز دروست دەکەن و بە چاوێکی ڕق و کینەو حەسودیەوە دەڕوانێتە خەڵکی، ئومێدەکانی بە نائومێدی و خۆشبینیەکانی بە ڕەشبینی دەگۆڕدرێت، کە دەتوانین بڵێین کە نەخۆشەو نەخۆشیەکەشی نەخۆشییەکی دەرونیە.
چەند جوانی فەرمووە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) کە فەرمویەتی: "کاد الفقر أن یکون کفرا" (احمد و ابن حبان و بیهقی) ڕیوایەتیان کردووە.
واتا: "
ڕێگا چارەکانی ئیسلام بۆ لەناو بردنی هەژاری
دینی ئیسلام بۆ لەناو بردنی هەژاری دوو ڕێگای گرنگی خستۆتە ڕوو:
یەکەم: ئیحترام و بەنرخ دانان بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە ڕەنگ و نەژاد و جنسیەت و کارو دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیان، چونکە کە ئەگەر جیاوازیەکیش هەبێت لە ڕووی تەقواوەیە.
خوای گەورە دەفەرموێت:
 يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ(١٣) الحجرات
ئه‌ی خه‌ڵکینه‌ ئێمه‌ هه‌مووتانمان له‌ نێرومێیه‌ك درسوتکردووه‌ (که‌ باوکه‌ ئاده‌م و دایکه‌ حه‌وایه‌)، وه‌ کردوومانن به‌ گه‌لان و تیره‌و هۆزانی جۆربه‌جۆر، تا یه‌کتر بناسن و په‌یوه‌ندیتان خۆش بێت به‌ یه‌که‌وه‌..به‌ڕاستیی به‌ڕێزترینتان لای خوا ئه‌وه‌تانه‌ که‌ زۆرتر له‌ خواترسه‌ و فه‌رمانبه‌رداری خوایه‌، بێگومان خوا زاناو ئاگایه‌ به‌ هه‌موان.
ئیسلام کەرامەت و ئەرزشی هەژارانی کۆمەڵگا ئەوەندە بەرز دەکاتەوە کە دەڵێت: سوکایەتی کردن بە هەژاران یاخود توڕەکردنیان، وەک توڕەکردنی خوای گەورەیە.
دووەم: بەرپرسیارێتی هاوبەشی کۆمەڵایەتی
ئەو یاساو ڕیسایانەی کە ئیسلام دەربارەی بەرپرسیارێتی هاوبەشی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی تاکەکانی موسوڵمانان لەگەڵ یەکتر بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەژاری، باڵاترین و بەسودترینی ڕێگاکانە کە مرۆڤایەتی تا ئێستا نەیگەیشتۆتێ.
لێرەدا هەوڵ دەدەین کە چەند نمونەیەکی بەرپرسیارێتی هاوبەشی تاکەکانی موسوڵمان دەخەینە ڕوو تا ووتەکانی سەروەمان بسەلمێنین.
*  لەشەرعی ئیسلامدا هاتوە کە لە دەوڵەت دا، بیت المال هەبێت کە زەکاتی دەوڵەمەندەکانی تێدا کۆبکرێتەوە، کرە پارەی ئەم بیت المال بەکار دەهێنرێتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی هەژاران، بێنەوایان، ڕیبواران (ئەوکەسانەی کەلە سەفەردان، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت پارەیان بەدەستەوە نیە کە بەردەوما بن لەسەفەرەکەیان و بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان)، قەرزار و ئازادکردنی بەندە.
خوای گەورە دەفەرموێت: إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاء وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِّنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ ﴿٦٠﴾سورة التوبة
بێگومان زه‌کات ته‌نها بۆ هه‌ژارو نه‌داران و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌کارمه‌ندن به‌سه‌ریه‌وه‌ و به‌و موسڵمانه‌ نوێیانه‌ی که‌ هێشتا ئیمان جێگیر نه‌بووه‌ له‌دڵیاندا و بۆ ئازادکردنی کۆیله‌کان و بۆ (یارمه‌تیدانی) قه‌رزداره‌کان و بۆ گه‌یاندنی ئاینی خوا (هه‌ر بوارێک که‌ خزمه‌ت به‌بانگه‌وازی ئیسلام بکات و ئاینی خوا به‌ره‌و پێش و سه‌رکه‌وتن ببات) هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و ڕێبوارانه‌ش که‌ پاره‌یان لێ ده‌بڕێت و نه‌دار ده‌که‌ون، (دابه‌شکردنی زه‌کات به‌و شێوه‌یه‌) فه‌رزه‌ له‌ لایه‌ن خواوه‌ له‌گه‌ردنی ئیمانداراندا، خواش زاناو دانایه‌ (له‌ سامان به‌خشین و فه‌رزکردنی زه‌کاتدا).
* ئیسلام یارمەتی دانی بێنەوایان و هەژارانی لە گرنگترین واجباتەکان ناوبردووە.
* ئیسلام واجبی کردووە لەسەر دەسەڵاتدار کە کار بۆ ئەو کەسانەی کە بێ کارن و توانای کارکردنیان هەیەو کاریان دەست ناکەوێت کاریان بۆ پەیدا بکات، پیاوێک لە ئەنصار هاتە خزمەتی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) و داوای مەبلەغێک پارەی لێکرد.
* بەپێی یاسای دابینکردن بۆ هەرمنداڵیک کەلە دایک دەبێت جا ئەو مندالە منداڵی دەسەڵاتدار بێت یاخود منداڵی هەژارترین خێزان بێت دەبێت بڕێک پارەی بدرێت بە خێزانەکەی.
(ابو عبید) لە کتێبی (الاموال) دا دەڵیت:
عومەری کوڕی خەتاب (خوای لێ ڕازی بێت) بۆ هەر منداڵیک کەلە دایک بوایە مەبلەغێکی دیاری کراو پارەی دەدایە خێزانەکەی، کە دەخرایە سەر موچەی باوکەکەی، کەلەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەدا زیادی دەکرد، لەدوای ئەو ئیمامی عثمان و ئیمامی عەلی بەردەوام بوون لەسەر ئەو کارە.
بەهوکاری کۆمەڵگاو لە چارەسەرکردنی گرفتی هەژاری، هەراژ لە کۆمەڵگادا نامێنێت و کەسێک نیە کە موحتاج بێت، ئەمەتیئیسلامی لە نیعمەتی ئەمنیەت و خۆشگوزەرانی دەبێت، کاتێک هەژاری نەمێنێت لە کۆمەڵگادا ئەوا خەڵکیش دەستبەرداری کاری خراپە دەبێت.

به‌روار: 29/09/2013
بینین: 2770