منداڵ
  چۆن منداڵەکانمان فێر بکەین تا سەربەرز و شکۆمەند بن (عیزەتی نەفسیان ) هەبێت؟
باران ئاریایی


سەربەرزی و شکۆمەندی باوەڕێکە لای تاک کە ئەرزش و گرنگی بەخۆی بدات، عیزەتی نەفس لای مناڵ گرنگیەکی زۆری هەیە.
ئەو مناڵانەی پەروەدە ناکرێت لەسەر ئەوەی کەوا شکۆمەند و سەربەرز بن لە تەمەنی نەوجەوانی دا ڕوو لە چەندین کاری نابەجێ دەکەن لەوانە: جگەرە کێشان، واز هێنان یاخود خۆشنەویستنی قوتابخانە، توڕەیی، شەڕانی...هتد.
هەموو ئەو سیفاتانەی کەباسمان کرد هۆکارن بۆ نەبونی عیزەتی نەفس لای مناڵ.
دایک و باوک چۆن بتوانێت مناڵەی وا پەروەردە بکات کە عیزەتی نەفسی هەبێت؟
چۆن دەتوانین بە چی ڕێگایەک عیزەتی نەفس لە مناڵ دا بەهێز بکەین؟
لەم ڕاپۆرتەدا بە ١٠ خاڵ ڕێنیشانی باوکان و دایکان دەدەین تا بتوانن مناڵێکی بە عیزەت و سەربەرزو شکۆمەند پەروەردە بکەن.
١. لە دوورە وە چاودێری مناڵەکەت بکە، بهێڵە خۆی بڕیاردەر بێت لەهەندێك لەکارەکانی دا.
یەکێک لە گرنگترین کارەکانی دایک و باوک ئەوەیە کەوا مناڵەکەیان ئامادە بکەن بۆ چونە ناو کۆمەڵگا وە کەسێکی شیاو پێشکەشی کۆمەڵگا بکەن، هەرچەند بۆتان سەخت بێت بەڵام دەبێت لەهەندێك لە ئیش و کارەکانی تایبەت بەمناڵ ئیزنی ئەوە بدرێت کەوا مناڵەکە خۆی هەڵبژاردنی هەبێت با هەڵەش بکات، با لەهەڵەکانی دەرس وەربگرێت یاخود ئەگەر کێشەیەکی بۆ پێش هات با خۆی هەوڵی چارەسەرکردنی بدات، ڕێز لە هەوڵ و کۆششەکەی بگرە. هەرکات پێویستی بەیارمەتی بوو یارمەتی بدە نەک کارەکەی بۆ بکەیت.

٢. زیاد لە پێوسیت هەڵنانی مناڵ کاریگەری نەرێنی دەبێت لەبری ئەوەی ئەرێنی بێت.
عیزەتی نەفس، هەست بەئارامی، خۆشەویستی، سەربەخۆیی تاکەکان لە ئەنجامدانی کاری جیاوازە سەرچاوە دەگرێت، مناڵ دەبێت هەوڵ بدات و کاتی ئەوەی بدرێتێ تا تواناکانی خۆی بدۆزێتەوە.
کاتێک مناڵ کارێکی باش ئەنجام دەدات تەشویق کردنی کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر زیاد لە پێویست بێت کاریگەری خراپی دەبێت.
کاتێک کە بەمناڵەکەت دەڵێیت تۆ کارەکانت زۆر بەباشی ئەنجام داوە بێ هەڵەیە! بەم وتەیەت وا لە مناڵەکەت دەکەیت ئاستی چاوەڕوانیەکانی بێتە خوارەوە و چیتر هەوڵ نەدات بۆ باشتر بوون، چونکە باوەڕ بەخۆبوون و عیزەتی نەفس لە ئەنجام دان و هەوڵدانی دووبارە دوای شکست دروست دەبێت.
بۆیە هەمیشە هەوڵ بدەن کاتێک مناڵەکەت کارێک دەکات پێی بڵێ باشە، بەڵام هەوڵ بدە باشتر بێت.
بۆیە زۆر هەڵنانی مناڵ دەبێتە هۆکاری لەبەین بردنی باوەڕ بەخۆبوون، چونکە سروشتی مناڵ وایە کاتێک دەزانێت کارێکبێ هەڵە ئەنجام داوە چیتر هەوڵ نادات بۆ باشتر بوون، یان هەوڵ دەدات هەموو کارەکانی بەو شێوازە ئەنجام بدات بەبێ هەڵە کەئەمەش لە ئەنجام دانی هەندێک کاری سەخت دا ئاستەمە.
هەڵنانی بێ هودەی مناڵ دەبێتە هۆی گومڕایی ئەو مناڵە، بۆنمونە ئەگەر مناڵەکەت شێوازی ووتنی ووشەیەک بەهەڵە بڵێ و دایک و باوک پێی بڵێن زۆر باشەو بێ عەیبە ئەوا مناڵەکە چیتر باوەڕی بەخۆی نامێنێت و لە کۆتایشدا بۆی دەردەکەوێت کەوا هەڵنان و تەشویقی دایک و باوکەکان تەنها درۆیەک بووە لەگەڵیان کردووە.
کاتێک بە مناڵ بوترێت بۆ زیرەکترین وباش ترین و بەتوانا ترین مناڵی، ئەوا لە ئایندەدا ئەو مناڵە تووشی چەند ڕووداوی ناخۆش و تاڵ دەبێتەوە لەژیانی کۆمەڵایەتی دا، چونکە دایکو باوک بەو کارە مناڵێکی لە خۆڕازی و خۆ بە گەورە زانیان پەروەردە کردووە، وە پێی وا دەبێت کەوا هەر کارێک کە دەیکات دروستە.


٣. بهێڵە مناڵەکەت هەڵەی بچوک تەجروبە بکات.
کاتێک کە مناڵەکەت هەڵەیەکی بچوک دەکات یەکسەر خۆت تێکەڵ مەکەو هەوڵ بدە تەنها بینەر بیت، هەوڵ بدە مناڵەکانت وا ڕابێنە کە خۆیان مەسئولیەتی کارەکانی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، کاتێک کە دایک و باوک هەمیشە ڕێگرن لەوەی کە مناڵەکەی هەڵە بکات یاخود شکست بخوات و هەوڵی دووبارە هەستانەوە بدات.
نمونە: کاتێک مناڵەکەت تازە پێ دەگرێت و دەست بەڕۆشتن دەکات کە کەوت خێرا ڕامەکە هەڵی بسێنەوە، باخۆی هەوڵی هەستانەوە بدات.
کاتێک مناڵەکەت ویستی خۆی نان بخوات مەڵێ نا خۆم ئەت دەمێ با جلەکانت پیس نەبێت، بەڵکو بهێڵە با خۆی بیخوات. 

٤. بهێڵە مناڵەکەت خۆی هەڵبژاردنی هەبێت.
کاتێک کە مناڵ خۆی هەڵبژاردنی دەبێت کە لەگەڵ تەمەنی دا بگونجێت ئەوا هەست بە هێز و سەربەرزی دەکەن، مناڵ لەتەمەنی دوو ساڵیەوە کەم کەم بیر دەکەنەوە لە ئەنجامی ئەو کارانەی کە دەیکەن. کاتێک کە مناڵ هەست بە سەرماو گەرما دەکات بهێڵە باخۆی ئەو جلانەی لەبەری دەکات هەڵی بژێرێت. دەبێت فێر بێت چۆن پارێزگاری لە جەستەی خۆی بکات، دوای ئەوە فێر دەبێت چۆن مەسئولیاتی هەڵبژاردنەکانی هەڵبگرێت.


٥. بامناڵەکانتان لەئیشی ماڵەوە یارمەتیتان بدەن.
بۆ بەهێز کردنی عیزەتی نەفس لەمناڵ دا دەبێت ئیجازەی ئەوەی بدرێتێ کە تواناکانی خۆی بەگەڕ بخات بۆیە پێویستە لە ئیش و کاری ماڵدا داوای یارمەتی لێ بکەیت و ئیشی پێ بسپێریت.
بۆ نمونە کاتێک کە زۆر بچوکن و توانای ئەنجام دانی کاری قورسیان نیە، ئەوا لەکاتی دروست کردنی خواردن، ئامادەکردنی مێزی نانخواردن، قەدکردنی جلوبەرگ و  رێکخستنی جێگای نوستنی خۆیان با یارمەتی دەر بن.

٦. تەشویقیان بکەن و یارمەتیان بدەن تا ئەو کارەی پێیان خۆشە و بەهرەمەندن پەرەی پێ بدەن و بەدوایدا بڕۆن.
ئەم ڕێگایەش یەکێکە لەو ڕێگایانەی کەوا عیزەتی نەفس بەهێز دەکات لای مناڵ کاتێک یارمەتی دەدەیت بەدوای بەهرەکانی دا بڕوات و برەوی پێ بدات، کاتێک مناڵەکەت کارێک دەکات یارمەتی بدە تا کارەکەیان بەکۆتایی بگەیەنن.
گرنگ نیە کارەکەی چیە، تەنانەت ئەگەر یاریەکی ئەلیکترۆنیش بێت و بیەوت بڕگەکانی ببڕیت، گرنگ ئەوەیە تەشویقی بکەیت بۆ ئەو کارەی کە دەستی پێ کردووە و بەئەنجامی بگەیەنێت.

٧. نیگەرانی شکست خواردنی مناڵەکەت مەبە.
ئەگەر مناڵەکەت توانای لەبەرکردنی وانەیەکی نەبێت یاخود کارێک کە پێی سپێردراوە لە قوتابخانە و نەتوانێت ئەنجامی بدات، ئایا هەڵسوکەوتت لەگەڵی چۆن دەبێت؟
زۆربەی دایک و باوک پێیان وایە هەوڵدان و شکست خواردن لای مناڵ دەبێتە هۆی لە دەست دانی عیزەتی نەفس، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمە فرسەتێکە بۆ زیاد بوونی عیزەتی نەفس لای مناڵ.

٨. بیسەلمێنە بۆ مناڵەکەت کەوا خۆشەویستیت بۆی بێ سنور و بەبێ مەرجە.
کارێک بکە با مناڵەکەت هەست بکات کە خۆشەویستیت بۆی بێ سنورە و بە ئەنجامدانی کارێکی هەڵە یاخود سەرنەکەوتنی لەکارێک دا خۆشەویستیت بۆی کەم دەبێتەوە یان نامێنێت. ئەگەر هەمیشە کارەکانی بهێنیتە بەرچاوی و سەختگیر بیت ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو مناڵە ئەو هەستەی لا دروست دەبێت کە خۆشەویستی دایک و باوکی پەیوەستە بەهەڵسوکەوتیەوە.

٩. دڵنیا بە لەوەی کە ئارەزووی مناڵەکەت لە تواناکانی یەک دەگرنەوە.
کاتێک مناڵ سەرکەوتوو نابێت لەکارێکی دا لەوانەیە هەست بە نائومێدی بکات، لێرە ئەرکی دایک و باوکە هەوڵ بدەن ئەو باوەڕ بەخۆبونەی مناڵەکە کەلە دەستی داوە بۆی بگەڕێننەوە.
نمونە: کاتێک مناڵەکەت تازە دەست بە قوتابخانە دەکات و ئاستی خوێندنەوەی لە هاوەڵەکانی کەمترە، نائومێدیەک ڕوو لەمناڵەکە دەکات، دایک و باوک لەجیاتی ئەوەی سەرکۆنەی مناڵەکەیان بکەن و بەراوردی بکەن بە مناڵی لەخۆی بەتواناتر، دەتوانن چەند کتێبێکی بۆ دەستەبەر بکەن کە ئاسانتر بێت لە کتێبەکانی قوتابخانەی تا ئەوانە بخوێنێتەوە و بزانێت کە توانای هەیە و هەوڵ و کۆششی زیاتر بکات بۆ فێر بوون.

١٠. کاتێک مناڵەکەت پلەیەکی بەدەست هێنا تەشویقی بکە و دەستخۆشی لێ بکە.
ئاماژەمان پێدا کەوا پیا هەڵدانی زیاد لە پێویست وا لەمناڵ دەکات چیتر هەوڵ نەدات، بەڵام کاتێک کەوا مناڵەکەت پلەیەک بەدەست دێنێت، بۆ نمونە دەبێتە یەکەم لە پۆلەکەی خۆیدا یاخود یەکەم لە قوتابخانە، ئەوا دەستخۆشی و هەڵنانی دەبێتە هۆی بەرز کردنەوەی عیزەتی نەفس.
هەوڵ بدە با سنوقێکی بچوک دابنێی بۆ مناڵەکەت کاتێک کارێکی باش ئەنجام دەدات، کارتێکی پێ بدە وەک پاداشت و لەو سنوقەدا هەڵی بگرێت، کاتێک کە مناڵەکە دەبینێت ئەنجامی کارە باشەکانی دەبێتە هۆی زۆربوونی کارتی پاداشتەکانی ئەوا زیاتر و زیاتر هەوڵ دەدات بۆ ئەنجامدانی کاری باشە، چونکە دەزانێت پاداشتی لەسەر وەردەگرێت.
کاتێک مناڵەکەت لە قوتابخانە دەبێتە یەکەم بە ئافەرین ووتنێک کۆتایی بە سەرکەوتنەکەی مەهێنە، هەوڵ بدە بۆی باس بکە ئەو سەرکەوتنەی ئەنجامی ئەو هەوڵ و کۆششە بوو کە ئەیدا، یان کاتێک مناڵەکەت سەرکەوتوو نەبوو سەرکۆنەی مەکە، بەڵکو هەوڵ بدە بۆی باس بکە کە ئەگەر دووبارە هەوڵ بداتەوە و ئەمجارە باشتر کارەکانی ئەنجام بدات ئەوا بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبێت.
نمونەیەکی تر بۆ هاندانی مناڵ لەسەر کاری چاکە ئەوەیە کەوا کاتێک کە مناڵەکە گوێی لێیە باسی سەرکەوتنەکانی و کارەباشەکانی بکە بۆ دۆستان و خزمان بەم شێوازە مناڵەکە زیاتر سەرکەوتوو تر دەبێت. بەڵام بە پێچەوانەوە  ئەگەر باسی خراپەکانی بکەیت ئەوا مناڵەکە زیاتر و زیاتر نائومێد دەبێت.
به‌روار: 11/10/2019
بینین: 1994
12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت