منداڵ
  پەروەردەکردنی مناڵ لەسەر بەرنامەی ئیسلام
باران ئاریایی

لە ژیانی خێزانیدا دایك و باوك ئەرکێکی گەورەیان لەسەر شانە، بەوەی کە چۆن مناڵەکەیان پەروەردە بکەن و فێری ڕەفتارو کرداری جوان و پەسەندیان بکەن.

دایك و باوك دەبێت هەوڵ بدەن کەوا مناڵی ساڵح و چاکەکار پەروەردە بکەن و شەخسیەتێکی باش لەو مناڵە دروست بکەن، ئەم کارەش دەبێت هەر لەسەرەتایی کۆرپەییەوە دەست پێ بکرێت، بەڵکو هەوڵ بدەن پێش هاتنە دنیای مناڵەکەیان کەشێکی خۆش و ئارام بڕەخسێنن و زەمینەیەکی گونجاو لە ژیانیاندا بسازێنن بۆ پەروەردەکردنی مناڵەکەیان، چونکە بچوکترین ڕەفتار و گوفتاری دایك یان باوك کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر مناڵ دادەنێت.

ئیسلام کە تەواوترین دینی خوایە بۆ مرۆڤایەتی هاتووە، لەم ڕێگایەشدا هەڵسوکەوت و ڕەفتاری پێغەمبەر ﷺ دەکرێتە پێشەنگ و قودوە بۆ ژیان .

مناڵ لەژیانی دا پێویستی بە پەروەردە کردنی دروست و پێشەنگی لێهاتوو دەبێت لەوەی تێبگەیەنرێت کە دەبێت چ جۆرە کردارو ڕەفتارێکی هەبێت، هەروەها دەبێت فێری ئەوە بکرێت لەکاتی سەختیەکانی ژیان کە دێنە ڕێگای چۆن چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە و لەگەڵ ئەو ڕوداوانە چۆن هەڵسوکەوت بکات.

هەڵبژاردنی پێشەنگ بۆ ژیان کاریگەری زۆر لەسەر کردارو گوفتاری ئەو کەسە دادەنێت، خوای گەورە پێغەمبەری ئازیزی ﷺ بەباشترین پێشەنگ بۆ هەموو جیهان ناردووە، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت:

لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا ﴿٢۱﴾ الحزاب

سوێند به‌خوا به‌ڕاستی له‌پێغه‌مبه‌ری خوادا چاکترین نموونه‌ی ته‌واو ڕێك پێك هه‌یه‌تا چوی لێ بکه‌ن و شوێنی بکه‌ون، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خوایان مه‌به‌سته‌، سه‌رفرازی قیامه‌ت ئاواتیانه‌، هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام یادی ‌خوا به‌ زۆری ئه‌نجام ده‌ده‌ن و زمانیان پاراوه ‌به‌یادی ئه‌و.

پێغەمبەری سەروەرمان ﷺ پێش ئەوەی بە ووتە شیرینەکانی ڕێنیشاندەر بێت بۆ خەڵکی بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی جوانی ببوە پێشەنگ بۆ خەڵکی.

مناڵ چ کوڕ بێت یان کچ یەکێکە لە گەورەترین نیعمەتەکانی خوای پەروەردگار کە دەیبەخشێتە بەندەکانی، مناڵ گەورەترین نیعمەتە بۆ دایك و باوك لە دنیاو قیامەتدا پایەی خێر و خۆشییە، ئەڵبەتە بۆ ئەو دایك و باوکانەی کە مناڵەکانیان لەسەر ڕێبازی ئیسلام پەروەردە دەکەن، نەك ئەو دایك و باوکانەی کە گوێ بە مناڵەکانیان نادەن و بەڕێگای جۆراو جۆردا دەڕۆن، ئەو جۆرە مناڵانە نەك مایەی شەڕ و ناخۆشین بۆ خۆیان و دایك و باوکیان، بەڵکو دەبنە مایەی نەنگ و شەرمەزاری بۆ کۆمەڵگاکەشیان.

پێناسەی پەروەردە:

ئەدەب: بەکردار و گوفتاری شایستە و شیاوی مرۆڤ پێناسە کراوە، پەروەردە بەمانای (بەخێوکردن، ئەدەب و ئەخلاق فێرکردنی کەسێك).

بەواتایەکی گشتی پەروەردە: بەخێوکردنی هەرشتێك کەشایستەو شیاو بێت بۆ ئەو کەسە یان ئەو شتە.

پەروەردە عیبارەتێکە بۆ دیاری کردن و پێگەیاندنی تواناکان.

ئەو پێناسەی سەرەوە ئەوە دەگەیەنن کە مرۆڤەکان خاوەنی جۆرەها توانای جۆراو جۆرن کە تا بەشێوەیەکی باش و دروست پەروەردە نەکرێت ناتوانرێت بە شێوەیەکی شیاو سودیان لێ ببینرێت.

مرۆڤەکان وەك کانگای ئاڵتون و زیو وان، کە تەنها پەروەردەیەکی  دروست دەتوانێت ئەو کانگا گران بەهایانە کەشف بکات و سود لە توانا  شاراوەکان وەربگرێت.

لە دیدگای ئیسلام دا مناڵ کەسێکە کە پەروەردە وەرگرە، وە هەموو لایەنە جۆراو جۆرەکانی وەك ویراسە، ژینگە، وەسائیکی ژیان، پەیوەندەیە کۆمەڵایەتیەکان لە پەروەردەکردنی منا دا کاریگەری گرنگیان هەیە.

سێ لایەنی زۆر گرنگ هەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە پەروەردەکردنی مناڵەوە هەیە ئەوانیش: خێزان، قوتابخانە، کۆمەڵگا

کە خێزان گەورەترین و گرنگترین لایەنە.

مناڵ کە لەدایك ئەبێت فیطرەتی پاکە، هەستی بەرزو سۆزو خۆشەویستی و پارسەنگی و ڕەوشتی و ویژدانی ناچالاکن، ئەرکی دایك و باوکێتی کە کاریگەری باشیان هەبێت لەسەری و هەوڵ بدەن ئەو فیطرەتە پاكەی بمێنێت و باش بیخەنە سەر ڕێگای ئیماندایلێرەدا بۆ پەروەردەکردنی مناڵ چەند ئامۆژگاریەك دەخەینە بەردەم و دایکان و باوکانی بەڕێز:

١. دڵ گەرم کردن و ئارەزوومەند کردنی مناڵ بۆ چونە مزگەوت لەگەڵ مناڵانی هاوتەمەنیدا لەتەمەنی ٧ ساڵییەوە.

٢. هاتووچۆی خزم و کەس و ناسراوان لگەڵ مناڵاندا، تا فێری بەجێهێنانی صیلەی ڕەحم ببن.

٣. بەرنامە دانان بۆ کاتە بەتالەکانی مناڵ.

٤. خۆشەویستی حیجاب لای کچان.

٥. فێرکردنی هونەری ماڵداری بۆ کچان.

٦. بەرنامە دانان بۆ سەفەر کردنی خێزانی، بەلەبەرچاوگرتنی شوێن و جێگاو شێوازی سەفەر.

٧. ئاشناکردنی مناڵ بە موسوڵمانان و حاڵ و وەزعیان، ئەڵبەت بەپێی تەمەنی مناڵاکە.

٨. قسەکردن لەگەڵ لەگەڵ مناڵ بە جۆرێك کە لێت تێبگات.

٩. لەکاتی بەجێ هینانی کارێکی خێردا مندالەکەت لەگەڵ خۆت بەرە، بۆ ئەوەی فێری ئەنجام دانی کاری خێر ببێت.

١٠. پەندو وتە و چیرۆکی پیاوچاکانیان بۆ باس بکرێت.

١١. لێپرسینەوەی لەهەر ڕووداوێك کە لەناو خێزانەکەدا روودەدات.

١٢. دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ خێزانە باش و خواناسەکان.

١٣. هەمیشە ئاگاداری ئەوە بین کە گوفتار و کرداری گەورەکانی خێزان، کاردانەوەی دەبێت لەسەر مناڵ.

١٤. دروستکردنی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی لە دڵی مناڵاندا.

١٥. دایك و باوك هەوڵ بدەن بەیەك شێوە ڕەفتار لەگەڵ مناڵەکانیان دا بکەن.

١٦. فێرکردنیان بەکاری سودمەند.

١٧. فێرکردنی مناڵ بەخواردنی هەرجۆرە خواردنێك کەلە سەر سفرەیە، تا فێری بیانو گرتن نەبن.

١٨. فێربکرێن کە زوو بخەون و بیانوی ئەوە نەگرن کە ناوێرن لە جێگای تاریك یان بەتەنیا بخەون.

١٩. ڕواندنی تۆوی ئەخلاقی پەسەند لەدڵ و دەروونیان دا.

٢٠. خوێندنەوەیان لا خۆشەویست بکرێت، و هەوڵ بدرێت کەو کتێبخانەی تایبەت بە خۆیان بۆ دروست بکرێت.

٢١. فێرکردنیان هەر لەتەمەنی مناڵیەوە کەوا ڕێز لە میوان بگرن، تا میوان خۆشەویست بن.

٢٢. جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە ژیانی پێغەمبەران (سەلامی خوایان لێ بێت)  بخوێننەوە و فێری ببن.

٢٣. سونەتەکانی ژیان فێر ببن.

٢٤. واتای عیبادەتیان بۆ شی بکرێتەوە، کە بۆچی دەبێت عیبادەتی خوای گەورە بکەین.

٢٥. فێربکرێن کە کارەکانی دنیا پەیوەندین بە ڕۆژی دواییەوە هەیە، کە ئەگەر کاری چاکە بکەن ئەوا پاداشتی چاك وەر دەگرن وە بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.

٢٦. بەجێهێنانی نویژەکان بە خشوعەوە، وە پەلە نەکردن لە نوێژ کردن دا.

٢٨. لێخۆش بونیان لەکردنی کارێکی هەڵە بەمەرجی ئەوەی دوپاتی نەکەنەوە.

٢٩. هەوڵ بدرێت تا کەسێکی بە صەبر و بە قەناعەت بن.

٣٠. بەیەك چاو سەیرکرنی مناڵەکان و جیاوزی نەکردن لە نێوانیان دا.

٣١. خۆشەویست کردن و هەڵنانیان بۆ کردنی کاری چاکە.

٣٢. دروستکردنی کەشێکی ئارام  و خۆش بۆ ماڵەوە بۆ مناڵ.

٣٣. فێرکردنی زاراوە شەرعیەکان.

٣٤. ڕاهێنان لەسەر صەبر و ئارامی.

٣٥. هەموو هەولەکان بخرێتە گەڕ بۆ جوانترین پەروەردەی مناڵی یەکەم، چونکە مناڵی دواتر چاو لە مناڵی گەورە دەکەن.

٣٦. ئاشکرا کردن و دروست کردنی دەوری دایك لە ژیانی کچەکەیدا هەروەك (ڕۆڵی لە ئیسلامدا).

٣٧. ئاگادار بوونی باوك لە ڕوداوەکان کە لە جیهاندا ڕوو دەدەن، تا باوك بتوانێت لەم سەردەمەدا لەگەڵ مناڵەکەیدا بکەوێتە گفتوگۆ، نەك مناڵەکەی لەباوکی شارەزاتر بێت، ئەگەر پرسیارێك لەباوکی بکات ئەوا نەتوانێت وەڵامی باتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا منالەکە خۆی لەباوکی بە زیرەکتر بزانێت، لەهیچ کاروبارێکدا پرسی پێ نەکات و بڵێت خۆم لەو باشتر دەزانم.

٣٨. لەبەرچاو گرتنی تواناکانی مناڵ، چونکە تواناکان جیاوازن، هەوڵ بدرێت کەوا بەپێی تواناکانیان هەڵسوکەوتیان  لەگەڵدا بکرێت.

٣٩. جەخت کردنەوە لەسەر چاکە و دورگرتن لە خراپە.

٤٠. یەکسان بوون لەپەروەردکردندا، واتا ئەگەر لە منداڵێك زیاترت هەبێت ئەوا وەك یەك پەروەردەیان بکە، نەك بەچەند ڕێگایەکی جیاواز.

٤١. هەرکات کارێکت بەسەر مناڵەکەتدا دا، ئەوا چاودێری ئەنجامدانی بکە.

٤٢. فێرکردنی بە زاڵ بوون بەسەر نەفسدا.

٤٣. کۆنترۆل کردنی توڕەیی و خەشمگینی.

٤٤. کۆنترۆڵ کردنی سەرکێشەیەکانی.

٤٥. گوێیان لێ بگیرێت، و بەپێی توانا داوکانیان جێبەجێ بکرێت.

٤٦. پەروەردەکردنی کچان بەشێوەیەك کە شایستەی شەخسیەتی ئافرەت بێت.

٤٧. کاتێك کە کارێکی باش ئەنجام دەدەن هان بدرێن و دیاریان پێشەکەش بکرێت.

٤٨. حاڵیکردنیان لە جیاوازیەکانی نێرینە و مێینە، بە شێوەیەکی سادە.

٤٩. ئاشنا کردنی مناڵ بەو نیعمەتانەی کە خوای گەورە پێی بەخشیون.

٥٠. هەوڵ بدرێت زیاتر مناڵ بە ئامۆژگاری دوور بخرێتەوە لەو کارە خراپانەی ئەنجامی دەدات، نەک بە لێدان، چونکە لێدان وا دەکات کەوا ئەو مناڵە لە ترسا ڕێز لە دایك و باوکی بگرێت نەك لە خۆشەویستی بۆیان.

٥١. هەڵبژاردنی قوتابخانەی گونجاو بۆیان و لێپرسینەوەیان لە هاوڕێکانیان، بیان ناسن و بیان بینن.

٥٢. گوێ بۆ مناڵ بگیرێت، تا بتوانرێت ڕێگای ڕاست و دروستی نیشان بدرێت.

٥٣. لەسەختترین کاتەکانیشدا هەوڵ بدرێت دۆعای شەڕ لە مناڵەکەت نەکەیت، وە هەمیشە دۆعای خێر و هیدایەتیان بۆ بکە.

٥٤. هەوڵ بدرێت کەوا لە کۆڕ و کۆبونەوەکان دا بەشداریان پێ بکرێت.

٥٥. کارو فەرمانیان بدرێت بەسەردا تا فێری ئەوە ببن کە لە سەر پێی خۆیان بوەستن.

٥٦. ئەگەر دوان لە مناڵەکانت بەیەکەوە هەڵەیەکیان ئەنجام دا  و گەیشتنە ئەو قەناعەتەکەی کە دەبێت سزا بدرێن، ئەوا سزای هەردوکیانبدە، نەك یەکێکیان سزا بدرێت و لەوی تریان خۆش ببیت.

٥٧. کۆبونەوەی خێزانی دابنرێت، کە هەرکەسە ڕاوبۆچونی خۆی بڵێت.

٥٨. دایك و باوك نابێت خۆیان دابنیشن و هەرچی کارو فەرمانە بە مناڵەکانیان ئەنجامی بدەن.

٥٩. بەخراپە باس نەکردنی خزمان و دۆستان و دراوسێ لای مناڵ.

٦٠. دوورکەوتنەوە لە زۆر بڵێی و زۆر خۆ هەڵقورتاندن لە هەموو کاروبارێکدا.

٦١. بەزۆر هەڕەشەیان لێنەکرێت تا هەرچی کاریانە بە ترسەوە ئەنجامی بدەن.

٦٢. فێری ڕاڕایی و وەسواس نەکرێن لە کارەکانین دا.

٦٣. فێری ئەوە بکرێن کەوا دایك و باوك حەقیان هەیە بەسەر مناڵەکانیانەوە و ڕەنجیان لەگەڵ دا کێشاون، تا ڕێزیان  لێ بگرن و سوپاسی خوای گەورە بکەن لەبەرانبەر ئەو نیعمەتە گەورەیەی کە خوای گەورە پێی بەخشیون.

٦٤. فێرکردنی ووشەی موحەبەت ئامێز بەرانبەر بە دایك و باوك.

٦٥. پەروەردەکردنیان بەجۆرێك کەوا باوەڕیان بە خۆیان هەبێت لە ئەنجام دانی کاروبارەکانی خۆیان دا.

٦٦. نابێت دایك و باوك لەبەرچاوی مناڵەکانیان دا شەڕ بکەن.

٦٧. ڕێگا نیشان دانیان لە ڕوانگەی شەرعەوە نەك لە ڕوانگەی هەست و سۆزی دایك و باوکایەتیەوە.

٦٨. ڕاوێژکردن بە کەسانی خاوەن تەجروبە بۆ پەروەردەکردنی مناڵ.

٦٩. دایك و باوك دەبێت لەگەڵ مناڵەکانیان یاری بکەن.

٧٠. هەوڵ بدە لەگەڵ مناڵەکەت هاوڕێ بە تا هەموو شتێکت لا باس بکات.


به‌روار: 05/08/2019
بینین: 224
12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت