هزری سیاسی
  ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان لە غیابی ئیسلامییەكاندا
هێدی هەولێری

ڕۆژی 17/ 5/ 2016 لە دەباشانی ماڵی جەلال تاڵەبانی، ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان واژۆکرا و پارتیش چاوی بڕیبووە دۆخەكە و نوكی پێنووسی دەستی سەرانی یەكێتی و گۆڕان بۆ ئەوەی خاڵێكی لاواز ببینێتەوە.
ئاساییە بۆ هەیر پارتێكی سیاسیی لە هەر شوێنێك بێت ڕێككەوتن....یەكگرتن .....دروستكردنی هاوپەیمانێتی....یان هەر بابەتێك لەو بابەتانە ئەنجام بدات، بەڵام ئەوەی مەبەستمە لێرەوە بزانین ئەو ڕێككەوتن و دانیشتن و كۆبوونەوە چەند كاتژمێریی و چەند ڕۆژی و چەندهەفتەیی و چەن مانگییەی كردتان ئایا بۆ خزمەتی خەڵك بوو؟
چونكە زۆرمان لە سەرەتای 2000 دا بیست ....وتتان: بۆ خزمەتی خەڵكە بەڵام ئەمڕۆ هیچی وا نەبوو، ئەگەر گۆڕانخوازێ: وەڵامم بداتەوە ئایا سلێمانی دەبێتەوە پایتەختی 2 ؟
یاخود وەك شارێكی ئاسایی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە و قۆرخ ناكرێت، وەك چۆن هەولێر قۆرخكراوە.
هەرچەندە ئێستا پارتی توڕەیە و دۆخەكەی بۆ هەرس ناكرێت و كۆنە ڕێككەوتنێكی لەگەڵ
یەكێتی هەیە ، تا دوێنێ بە یەكێتی دەیوت: ڕێككەوتنی ستراتیژیی هەڵوەشایەوە بەوەی دەنگەكانی لە یەكێتی زیاتربوو، بەڵام ئەمڕۆ كۆنە یەكێتیەكانی دوێنێ لەغیابی تاڵەبانیدا چوونەتەوە ناو یەكتر و دەیانەوێت بە جۆرێك نفوزی پارتی و فراوانخوازییەكەی كەم بكەنەوە.
ئەوەی خاڵی لاوازە بۆ ئیسلامییەكانی كوردستان مایەوە ، كە بەداخەوە دیسان ئیسلامییەكانی كردە پاشكۆی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بوونەوە و هیچ بەدیلێكیان بەدەستەوە نەماوە ، جگە لەگەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و یەكهەڵوێستی كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوە نەبێت.
بەداخەوە ئیسلامییەكانی كوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردووی كاری سیاسییاندا نەیانتوانی ببنە هێزێكی تۆكمە و كاریگەر لە گۆڕەپانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بەتایبەت ، وە یەكڕیزی خۆیان نەپاراست، بۆیە ناچارن دیسان بەلای يەكێتى ، يان پارتیدا سیاسیەتی خۆیان پەیڕەو بكەن.
گرینگە لێرەوە پێداچوونەوە بەسیاسەتی خۆیاندا بكەن تا نەكەونە هەڵەی گەورەترەوە و ناو ماڵی ئیسلامییەكان پەرش و بڵاوتر نەبێت لەوەی ئێستا هەیە، ڕەنگە دۆخێكی دیكە لەوەی ئێستا هەیە زیاتر پشكۆی دووبەرەكی بگەشێتەوە و ئیسلامییەكانیش بگرێتەوە.
زۆر پەرێشانم بەو دۆخە بە ئەندازەی ئەوەی بەو تەمەن گەنجێتیەی خۆمەوە لەماوەی 16 ساڵی كاركردنم لە هێزە ئیسلامیەكان بە ئەندازەی ئێستا خەفەتم نەخواردووە ، چونكە ئێستا لە هەموو جاران زیاتر قەیران دوای قەیران لە هێزە ئیسلامییەكان دەردەكەوێت و توانای چارەسەركردنیشیان نیە.
به‌روار: 18/05/2016
بینین: 1302