هزری سیاسی
  سیستەمی ئیسلامی و سیاسەت چییە لە ئیسلامدا ؟
ماکوان کەریم

سیستەمی سیاسی و پێناسەیەکی کورت :
سیستەمی سیاسی ئیسلامی کۆمەڵێك بنەمایی دەزگایی پێکەوەگرێدراو و پەیوەندیدارن بەیەکەوە ، لە نێوانی دەزگاکانی فەرمانڕەوایی و ئالیەتی کارکردنی حوکومەت، خاوەن کاری تایبەت و ئامانجی جیاوازە... بۆ پاراستنی تاك و دیاری کردنی سنور بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و دەستەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە ، ئاوێتە بوونی هەموو دەزگاو فەرمەنگاکاندا بۆ هەڵسان بە کار و وەزیفەی خۆیان بۆ ڕێکخستنی نێوانی تاك و خیزان و کۆمەڵگاو دەسەڵات..
لە ڕووی زمانەوانییەوە سیستەم : واتا ئەو پەتو دەزووەی کە گەوهەرو ولوئلوئى پێ دەهۆنرێتەوەو ڕێك دەخرێت ..

لە ڕووی زاراوەیەوە سیستەم : واتا کۆمەڵێك لە یاساو ڕێسا کە نێوانی کۆمەڵگا ڕێك دەخات لە ڕووی ڕەهەندی گۆمەڵگاو ئابوری و سیاسی و بیروباوەڕ و پەروەردە و خوێندن، کە هەمووی مەبدەئی پەروەردەو یاخود فەلسەفەی پێگەیاندی گەلە بۆ بوارەکانی سیاسی و ئابوری و ئیداری و فێرکاری..
پێناسەی سیاسەت : واتا هەڵسانی خاوەن دەسەڵات بۆ چاکسازی باری گوزەرانی ژێردەستەکانی..
ئیسلام : ئەو ئاینەیە کە لەلای خوای گەورە بە کۆمەڵێك ڕێساو یاسا هاتؤتە خوارەوە بۆ مرۆڤەکان کە بەندایەتی خوای گەورە بکەن .. هەمووی ئەو سیستەمە سیاسیەی کە ئاماژەمان پێداوە لە دەوری ئەوەدا دەسوڕێتەوە کە خەڵکی خۆش گوزەران بن و حاکم ودەسەڵاتداری ... بیری قیامەت و بەندایەتیان بخاتەوە تا هەست بە گەڕانەوەیان بکەن بۆ لای پەروەردگاریان ..
ئەم تێگەیشتنە جیاوازترە لە هەموو سیستەمەکانی تری ژیان کە ئەوانی تر هەموو گرنگی ئەدەن بە بواری ژیان و قیامەوت و مردن و بە ژیانیانەوە نابەستنەوە ، جیاوازی سسیتەمی سیاسی ئیسلامی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت کە خوای گەورە راستەوخۆ ئاراستەی دەکات، لە ڕێگای قورئان و سوننەتەوە پاشان خەڵکی موسڵمانەوە.
ئەم سیستەمە پێکاهاتە ئاکاری ئیسلامی و مرۆییە؛ ژیارو شارستانیەت لەسەر بونیاد دەنرێت کە فەلسەفەی پەروەردەی مرۆڤەکانە:
کە دەڵێن ئاکاری ئیسلامی واتا کۆمەڵێك پێوەرە و ئەحکام و دیدو تێڕوانینى نەگۆڕ بۆ گەردون و ژیان و مرۆڤ و خوا، کە ئیسلام بۆی ووێنا کردووین ، تاکو ئاوێتە ببێت لەناو تاك و کۆمەڵگادا و لە لەڕێگای ووێستگەکانی ژیان و ئەزمونی جیاوازەوە ئامانجی ژیان دیاری بکەن .
فەلسەفەی پەروەردەو ئاکاری ئیسلامی لە ناو سیستەمی ئسیلامیدا دابەش دەبێت بەسەر سێ بەشدا :
یەکەم: ئاکاری بەرز ئیسلامی: ئەم ئاکارە بەرزە واتا بەرز بوونەوەی مرۆڤ بۆ بەرزترین پلەی ئاکار ئەویش مافی پەرستن و حەق و دادپەروەری و ئیحسان و حیکمەتی مرۆڤەکانە، کە ئەمەش بەرزترین ئاکاری ئیسلامییە.. 
دووەم: ئاکاری شارستانیەت: واتا ئەو ئاکارانەی پەیوەندیان هەیە بە پێشکەوتنی بونیادی شارستانیەتی ئیسلامی کە پێشکەوتنی ئەقڵ و هۆش و ئاوەدانکردنەوەیە، وەك دادپەروەی و یەکسانی و ئازادی و کارو هێز و ئاسایش و ئاشتی و جوانی ... هتد .
سێیەم : ئاکاری سروشتی مرۆڤ واتا فیطرەت ، ئەمەش پەیوەستە بە ڕەوشتی مرۆڤە موسڵمانەکانەوە کە لەگەڵ یەکتردا پیادەی دەکەن بۆ بەرپاکردنی خۆشەویستی، وەك .. ڕەحمەت ، ڕاستگۆیی، پێکەوە ژیان ، ئەمانەت، ئارامی ، سوپاسگوزاری، ڕێزگرتن ، گفتوگۆ، ئامۆژگاری..هتد.
ئەم ئاکارە وایکردوە لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا جیاواز بێت لە ناو کۆمەڵگاکانی تری دونیاو بەتایبەت لە ڕۆژئاوا.

لێرەدا پرسیارێك خۆی زیت دەکاتەوە دەڵێت ئەی بۆ کۆمەڵگای ئیسلامی ئێستا ئەم ئاکارانە بە زەقی تێدا نابینرێت؟
لەوەڵامدا دەڵێم : هۆکارەکەی فەلەسەفەی پەروەردەو خوێندنی ڕۆژئاواییە کە دەزگاکانی عەلمانی لە ووڵاتی ئیسلامیدا کار دەکەن و بە هەموو شێوەیەك.. قۆرخی هەموو ئۆرگان و دەزگاو ڕاگەیاندو تەنانەت خوێندن و زانکۆ تەنانەت نوسراوەکانیشیان کردوە لە ڕووی کتێب گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە..
کەواتە ئەوەی ئێستا پەخشدەکرێت ئاکاری ئیسلامی نیە ، بەڵکو ئاکاری عەلمانییە لە ناو جیهانی ئیسلامیدا بۆیە ڕۆژێك خەڵکەکە لەسەر پڕاغماتکی و جارێکی تر لەسەر میسالی جارێکی دیکە لەسەر مادی و ماوەیەکی تر لەسەر ووجودی پەروەردە دەکەن ، گەلی موسڵمانیان لە نێوانی زەوی ئاسماندا وەستاندوە نە ئەوەیە بڵێن موسڵمانین نەئەوەی بوێرن لەبەر خەڵکە موسڵمانەکەش حاشا لە ئیسلامەکەش بکەن ..! 
بۆ نمونە لە سلێمانی خوێندنی سویدی پیادە دەکرێت لە چەمچەماڵ ئەڵمانیا خوا دەزانێت لە بادینان و هەولێر چی پیادە دەکەن . ئیتر ئەو خەڵکە سەری لێتێكچووە بە هۆکاری سیستەمی سیاسی عەلمانی کەپێکهاتووە لە دیموکراسیەکی دەموچاو میکیاجاوی پیری پڕ لە ڕەخنە .
لیرەدا کۆتایی قسەم دەکەم لەم بەندەدا دەڵێم : لە ووڵاتانی ئیسلامیدا خەڵکە عەلمانیەکە ئەوەیان لە بیر چۆتەوە کە زۆرینە موسڵمانەو ڕازیە بە فەرمانی خوای گەورە، بەڵام بە تەزویرو هەڵخەتاندنی خەڵکی و چەواشەکاری و زەبروزەنگی زیندان و مافیا و دەسەڵات و پارەیان قۆرخی هەموو شتێکیان کردوە ، ئەگەر موسڵمانێك دەنگ بەرز بکاتەوە بەسیستەمی سیاسی .. ئیتر بە ئیرهابی و تیرۆریست و دەیان قسە وناوناتۆرەی تر- خەڵکی موسڵمانیان سەرکۆنەکردوە، خۆیشیان ناو ناوە بە ئازادیخواز و یەکسانخوازو مافخواز کە هەمووی قسەی بەتاڵ و فاك و فیکی عەلمانیەتی ئەتاتورکی و سەدام و مەعمەر قەزافیی وبەشار ئەسەدە.

به‌روار: 22/07/2019
بینین: 1779