وتار
  ئایینی هندۆسی (ساناتانا دارما)
ھامنۆ ھەورامی
زنجیرەی ناساندنی ئایین و بیروباوەڕەکان :
بەشی حەوتەم:
ئایینی هندۆسی (ساناتانا دارما) :

لەبەشی ڕابردوودا باسمان لەسەرهەڵدان و شیکردنەوەی ناو و سەرهەڵدانی ئەم باوەڕە کرد ، هەروەها ئاماژەشمان بە فەلسەفە جیاوازەکانی دا ، لێرەشدا ئاماژە بە باوەڕی ئەم ئایینە دەدەین هەم بەو شێوەیەی لای شوێنکەوتەکانە هەم بەو شێوەیەی لە پەڕتوکەکەیاندا تۆمارە :

پێنجەم/ خودا لەچواچێوەی ساناتانا دارما :
لەڕوانگە سادەکە و شوێنکەوتوانی ئەم باوەڕەوە زیاتر بەوە ناسراوە کە ئایینێکی فرەبیروڕا وفرە عەقیدەیە ، هەر لەڕاستیشدا زۆرێک لەشوێنکەوتوانی ئەم ئایینە لایەنگری ئەمە دەکەن وە بانگەواز بۆ خاوەنی چەندین خودایی دەکەن ، ئەمە لەکاتێکدا هەندێک لەم پەیڕەوکار و شوێنکەوتانە بڕوایان بەهەبوونی (۳۳ - ۳۳۰) ملیۆن خوداوەند هەیە.
هیندووە دێرینەکان بەجۆرێک بوون کە خێڵ و هۆز و شارە جیاوازەکان خوداوەندێکی تایبەتییان هەبوو کە قوربانی و خێریان بۆ دەکردن و بروایان وەهابوو دەیانپارێزن و دووریان دەگرن لە دوژمن و دەتوانن پیرۆزی و خێریان بەسەردا بڕێژن.
دواتر ماک و توخمە سروشتییەکان وەک خوداوەند ناسران و خۆر و مانگ و ئەستێرەیان پەرستووە وەکو :

۱. ئینجرا Indra خوداوەندی گشتی و بروسکەی شەڕ بووە.
۲. وارونا Waruna خودای گشتی ئاسمانی پڕ ئەستێرە کە ناونیشانی خودای هەمووی بۆ خۆی دانابوو.
۳. ئاگنی Agni خودای گشتیی ئاگر.
٤. سوما Suma چەشنە چواردنەوەیەک بە دۆشاوی چەشنە گیایەکی کێوی بووە لەگەڵ شیر و هەنگویندا تێکەڵییان کردووە ، خۆشیی و گەرمایی داوە بەو خواردنەوەیە ، بەخواردنەوەی تایبەتیی خوداوەندەکان دانراوە و سوودیشی لەسەر بووە.
پاشان خوداوەندەکان کۆکرانەوە بۆ سێ دەرکەوتەی خودایی :

 ۱. براهما : خودای مەزن و بەدیهێنەر و دروستکەری گەردوون و بوونەوەرە.
۲. ڤێشنو : ڕاگر و پارێزەری بوونەوەرە.
۳. شیڤا : کاولکەرو وێرانکەری بوونەوەرە.

بەڵام هیندووە خوێندەوار و تێگەیشتووەکان کەشارەزایی باوەڕی خۆیانن سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت هیندووەکان بڕوایان بە تەنها هەبوونی یەک خودا هەبێت و بەتەنها بیپەرستن
هۆکاری ئەم فرەخوداوەندییەش لەلای ئەم شوێنکەوتوانە دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی (پانسیزم = وحدة الوجود) کە بڕوایان بە یەکبوونی خودایە لەگەڵ دروستکراوەکانیدا واتە خودا تێکەڵاو دەبێت لەگەڵ گشتیاندا.
براهما بێگومان خودای تەنهایە ، ئەوەی ئێمە هەمانە لە کتێبی پیرۆزی ساناتانادارمای هندیی بەناوی (ڤێدا : ویدا) و کتێبە پیرۆزەکانی دیکەشدا هیچ شوێنەوارێکی فرەخوداوەندی ناینرێت بێجگە لە تەنها خودایی !
لێرەشدا چەند نموونەیەک دەخەینە ڕوو بۆ خوێنەرانی خۆشەویست بۆ بەرچاوڕوونیی و شارەزایی :

۱. خودا تاک و تەنهایە و چەند دانە نییە :
ئۆپانیشاد : چاندۆگیا ئوپانیشاد : ٦ : ۲ : ۱ دەڵێت :
خودا یەکە و دووەمی نییە.

۲. خودا کەس نەیبیننیوە :
ئۆپانیشاد : شوەتاشڤاتارا ئوپانیشاد : ٤ : ۲۰ دەڵێت :
ناتواندرێت شێوەکەی ببینرێت ، کەس بەچاو ئەو نابینێت.

۳. لەهیچ شتێک ناچێت (لیس کمثله شيء) :
ئۆپانیشاد : شوەتاشڤاتارا ئوپانیشاد : ٤ : ۱۹ دەڵێت :
هیچ لێکچوونێکی نییە.

٤. لەدایکنەبووە :
ڤێدا : یاجوڤێد : ۳۲ : ۳ دەڵێت :
چونکە ئەو لەدایک  نەبووە ، شایەنی پەستنی ئێمەیە.

٥.  نابێت هیچ شتێکی سرووشتی بپەرسترێت :
ڤێدا : یاجور ڤێد : ٤۰ : ۹ دەڵێت :
ئەو کەسانەی کە شتی سروشتی دەپەرستن دەکەونە ناو تاریکییەوە.

٦. خودا ناوی زۆرە بەڵام یەک خودایە :
ڕێگ ڤێد : ۱ : ۱٦٤ : ٤٦ دەڵێت :
داناکان ناوی خوا دەبەن بەچەندین ناوی جیاواز ، ڕاستی یەکە ، خودا یەکە ، ژیرەکان ناوی دەبەن بەچەندین ناوی جیاواز.

کەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە خودا تاک و تەنهایە لەم ئایینەدا ئەوەی دیکەش کە کراوەتە مۆرک لەم ئایینە زیادکراوێکە و هیچ پەیوەندییەکی نییە بە کتێبە پیرۆزەکانییەوە بۆیە ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی پێدەچێت لە بنەڕەتادا ئەم ئایینە ئایینێکی ئاسمانی بووبێت دواتر بەهۆی مێژووە دێرینەکەی گۆڕانکاری و زیادڕەوی و کەمڕەوی دووچارکراوە.


شەشەم/ دەستپێکی بوون لەڕوانگەی ساناتانا دارماوە :
لە پەڕتوکە ناوازە گفتوگۆئاساکەی کریشنا کە باگوان گیتا یاخو بهاگاڤاد گیتای پێدەگوتزێت واتا سروتەکانی خودا ، کە بێجگە لە پەیامە ئاینییەکەی پەیامێکی فەلسەفی مەزنیشە ، ئاماژەی هەم بە بونیاتی ناوکی مرۆڤ داوە هەم بە دەستپێکێک بۆ بوون ، بەم جۆرە :
لەمنی ڕاستی هەبوونێکی قوڵی بێچرپەیی بێوێنەیە ، ناواخنی ڕاستی و مەزنی دونیایی ، نە نێرییە نە مێییە ، براهمای خودایی گیانێکی نیشانەکراوی ڕەهاییە کەلە گشت جێیەک و گشت شتێکدایە ، پاشان وا وێنای گیانی مرۆڤ و خودا کرا کە یەکن و بێجیاوازین ، مەبەستیش ئەمە یەکبوونی خودایە لەگەڵ دروستکراوەکانی کە فەلسەفەیەکی سۆفیگەرانەیە و ناسراوە بە (وحدة الوجود).
میثۆلۆجیا (ئەفسانە)ی دروستبوونی گەردوون لەلای ساناتانا دراماییەکەن بەو جۆرەیە کە پێیان وەهایە سەرەتا گەردون و کەون لەتاریکیدا بوو (عەدەم) ، دوایی ماوەیەکی زۆر براهما ئاوی دروست کرد ، دواتر بونەوەرێکی بچوکی دروستکرد و خستییە نێو ئاوەکەوە ، دواتر بونەوەرە بچوکەکە گۆڕا بۆ هێلکەیەکی بریقەداری ، ئینجا براهما چووە نێو هێلکە بریقەدارەکەوە و هێلکەکە بووە دوو بەشەوە ، بەشێکیان ئاشمانەکان و ئەستێرەکان و خۆر و مانگ و تەناکانی دیکەی لێپێکهێنا ، بەشی دووەمیش زەوی و ماکەکانی زەوی لێپێکهێنا ، پاشان بوونەوەرەکانی ناونا.
پاشان براهما گیانەوەرێکی مەزنی سازکرد کە لە مەزنیدا نزیکبوو لە براهماوە ، بەهۆی تەنهاییەکەیەوە ترسی هەبوو ، دواتر بەشێک لەخۆی جیادەکاتەوە دەبێتە مێینە ، پاشان بەهۆی جووتبوونیانەوە منداڵی زۆریان دەبێت.
پاش ماوەیەک کەرتی دووەم (ئافرەت) دووچاری نەخۆشییەکی خراپ دەبێت ، ئەمەش دەبێتە هۆی ترسی لەوەی کەرتی یەکەم (پیاو) زیانی پێبگەیەنێت هەربۆیە خۆی دەخاتە سەر شێوەی مانگا ، کەرتی یەکەمیش کە پیاوە و بەمە دەزانیت خۆی دەخاتە سەر شێوەی گا (سەرەتای پیرۆزکردنی گا و مانگا) ، بەمجۆرە هەردکیان خۆیان دەخەنە سەر شێوەی چەندین ئاژەڵەوە ئەمەش بەپێی میثۆلۆجیای ساناتانادارمایی دەستێکی گیانلەبەران و هاتنەبوونیانە.


حەوتەم/ سەرچاوەکان :

۱. Rig Veda Index - Sacred Texts
www.sacred-texts.com › hin › rigveda

http://www.sacred-texts.com/hin/rigveda/rvi04.htm
٤
http://www.sacred-texts.com/hin/rigveda/rvi04.htm
۲. چەمکی خودا و وەڵامی پرسیارەکان لەسەر ئیسلام ـ د. زاکیر نایک ـ وەرگێڕانی : محمدشێخانی
۳. لێکچووەکانی ئاینە سەرەکییەکان ـ د. زاکیر نایک ـ وەرگێڕانی : ابوبکر احمد خدر
٤. کورد لەسەرچاوە مێژووییەکاندا ـ عبدالله قەرەداغی 
٥. ئەرشیفی تایبەتی نووسەر.
به‌روار: 31/08/2019
بینین: 1123