وتار
  خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ تصوف (سۆفیگەری)
ھامنۆ ھەورامی
خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ تصوف (سۆفیگەری) :

گەر بگەڕێینەوە بۆ چەندین ساڵ بەر لەئێستا و سەرنجی مەدرەسەی ئاینی بدەین لە کوردستان و فارس و ئەفغانستان و فەڵەستین و میسڕ و هتد........ دەتوانین بڵێین مەدرەسەی تصوف باڵی کشابوو بەسەر خوێندنگە ئاینیەکاندا و نزیکی ( ۹۰ %) و بگرە زیاتریشی کۆنتڕۆڵکردبوو.
دواتریش دابەش بوونی تصوف بۆ چەندین تەریقەت و ڕێوچەی جیاواز کە پەیوەندییە ئاینی و کۆمەڵایەتی و کەسییەکان جیای کردبوونەوە، وەکو :
سوهرەوەردی و نەقشەبەندی و قادری و نوربەخشی و تەنانەت یارسانیش بنەچەکەیان کۆمەڵێکی صۆفی موسڵمانان بوون و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دامەزران.
چەندە تێڕوانینم بۆ نووسینە ئاینیەکان کردبێت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکی تصوف و وشەی صۆفی وەکو : نوسینەکانی د.عبدالوهاب چۆستانی و بێوەیی و تەنانەت تلبیس ابلیسی ابن جوزی دەڵێن گوایا لەسەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) کۆمەڵێک کەس هەبوون جلی خوریان لەبەر بووە کە پێی گوتراوە (صوف) و زاهید و لەخوا ترس بوون و خەریکی عیبادەتبوون و تصوفیان گێڕاوەتەوە بۆ ئەوە.

بەڵام...........
ئەم وتەیە زۆر هەڵە و بێئاگایی ئەوانە بووە ، چونکە تصوف شتێکی تایبەتمەند نەبووە بە ئیسلام و لە بنەچەدا ڕێگایەکی فەلسەفی بووە بۆ گەڕان بە دوای حەقیقەتدا.
فەلسەفە لە کۆندا دوو بەش بووە :

یەکەم : بەشێکی لە خۆرئاوا بووە، واتا لە گریک کە مۆڵگەی فەیلەسووفە گەورەکان بووە کە ئەمانە زۆرتر لەسەر سروشت و بوون کۆڵیویانەتەوە.
دووەم :  فەلسەفەی خۆرهەڵاتی لە هند و فارس و چین کە تایبەت بووە بە فەلسەفەی قیەم و ڕەوشت و پاککردنەوەی دەروون کە هەر ئەمەش بۆتە هۆی دروست بوونی یۆگا و پاککردنەوە دەروونیەکان لای هندۆسی و بوودی و هتد.........
وە کۆنفۆشیۆ و بۆدا و کریشنا و و هتد.....
سەر بەم قوتابخانەیەن.
وە وشەی صۆفی هەمان وشەی صۆفیایە کە واتایی دانای دەبەخشێت کە ئەمە پڕاوپڕی فەلسەفەیە بۆی.
واتە مۆڵگەی دروست بوونی تصوف بەتایبەت هندستان بووە وە ئەوان بۆ گەیشتن بە حەقیقەت و خودا و بوون ئەمکارەیان کردووە و تاڕادەیەکی زۆرباش سەرکەتوو بوون بەتایبەت گەر بگەڕێینەوە سەرڤێدا و کتێبە ئاینییەکانیان کە بهاگاڤاد گیتا کراوەتەوە بە کوردی لەلایەن مامۆستا هاوبیر کامەرانەوە وە دامماپادای بۆداش بەهەمان شێوە.
بەڵام ئەم تصوفە لێرەدا نەوەستا و لەسەردەمی عەبباسیدا واتە پاش فتوحات و فراوانخوازی ئیسلام گەیشتنیان بە سند وثار و پنجاب لەوێوە هاتنە نێو ئیسلام و تێکەڵی بوون،  بەڵام ئەو تصوفەی ئێستا نا کە هەیە بەڵکو تصوفێک بوو کە خزمەتی بە دین و مرۆڤ دەکرد .
هەروەکو شێخ عبد الوهابی شعرانی دەفەرموێت :
کاکڵەو ناوەڕۆکی تصوف کارکردنە بە قورئان و فەرموودە و وتەی سەروەرمان (صلی الله علیە وسلم).
به‌روار: 17/09/2019
بینین: 2088