وتار
  دزەکان دوو بوون ئێمە سەد !!
هەژار نامیق

من لایەنگری ڕاستیم گرنگ نیە کێ دەیڵێت !من لایەنگری دادپەروەریم گرنگ نیە بۆکێ یا دژی کێ دەبێت.(مالکوم ئیکس)..
زانست و ئەزموون سەلماندوویانە کە هەمیشە یەکگرتن و پێکەوە بوون هێز و متمانەت پێ دەبەخشێت و کەمتر تووشی ئازار و ئەشکەنجە دەبیت کەمتر بەربەستەکان دەبنە هۆی ئەوەی ڕاتبگرن لەوەی بە ئارامی و ئاسوودی بگەیت و ژیانێکى ئازادانە و ئازایانەت هەبێت ،یەکبوونی هەموو نەتەوەیەک دەوڵەتێکى بەهێز بنیات دەنێت ئیسرائیل یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ژمارەی دانیشتوانی کەم و ڕووبەری وڵاتی کەم بەڵام بە هۆی یەکگرتن و یەکبوونیان لە ساڵى 1948 توانیان لە سەرتاسەری دنیا دەست بە دەستی یەک بدەن بۆ بنیات نانى دەوڵەتەکەیان و تا ئێستاش بەوپەڕی هێز و توانایان دەیپارێزن ..
کاتێک گەلە گورگێک دەیانەوێت پەلاماری گامێشێک بدەن لە ڕەوەگامێشەکانی تری دادەبڕن چونکە دەزانن بەو شێوەیە ئاسانتر دەتوانن شکستى پێ بهێنن و بیکەنە نێچیری خۆیان (پەرت بکە و زاڵبە)، بۆیە هەمیشە یەکگرتن لە گەلە گورگەکان دەمانپارێزێت و بەپێچەوانەشەوە پەرتەوازەیی دەمانکاتە نێچیرێکى ئاسانی گەلە گورگەکان ، گورگەکان هەمیشە بۆ پەلاماردان بە کۆ پەلامار دەدەن و هەرگیز گورگێک بە تەنها ناتوانێت ڕاوبکات و هیچ کاتێکیش سەرکەوتوو نابێت ..
لە سیاسەت و ستەمکردن و بەڕێوەبردنى وڵات بۆ زیاتر دەوڵەمەند بوونی خۆیان و بنەماڵە و دەستە و تاقمیان هەمیشە پێکەوە کار دەکەن واتە کەمینەیەک زۆرینە بەڕێوە ئەبەن کەمینەیەک بە هۆی سوود وەرگرتن لە هۆشیاری خۆیان و کەمی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگا بە ئاسانى دەتوانن چیان بوێت بیکەن ، جا دەڵێن کاروانێکی سەد کەسی بۆ بازرگانى دەڕۆن و دەکەونە کەمینى دوو دز و جەردەوە بە هەر حاڵ تەواوی کاروانەکە بەتاڵان دەبەن و ئەمانیش دەڕۆنە لای حاکمی شار و شکاتی خۆیان دەگەیەنن و حاکم دەپرسێت چۆن دوو کەس دەتوانێت کاروانێکی سەد کەسی بە تاڵان ببات ؟؟!! لەوەڵام دەڵێن : ئەوان دوو کەسی یەکگرتوو بوون ئێمە سەد کەسی پەرتەوازە .
ستەم و زۆرداری کاتێک تەشەنە دەسەنێت کە هەرکەسێک دەست دەگرێت بە کڵاوی خۆی بانەیبات بەڵام بێ ئاگایە لەوەی ئەمە ڕێخۆشکەردەبێت و ڕۆژێک دێت ستەمکار هێندە بەهێز دەبێت کە تەماح بکاتە هەموو شتێکى ئەوانی تر و لە کۆتایی هیچ کەسێک لە ئارامی و ئاسایش ژیان ناکات ..ئێمە کاتێک ئەتوانین کۆتایی بە ستەم و زۆرداری بهێنین کە خۆمان ستەم لە خۆمان لە نەوەکانی داهاتوومان لە خاک و وڵات و نیشتمان و شارمان نەکەین ئەگەر فڕێدانى پیچکە بەردێکیش بێت بۆ سەر ڕێگای خەڵک لەوانەیە ببێتە هۆی ئازارگەیاندن بە ئەوانی تر ...
به‌روار: 12/02/2021
بینین: 1679