 سوننەتو سەلەفیەت
د.كاوە ئەكرەم سەنگاو
گەورەترە لەوەی سنورداربكرێ تەنها لە تێڕاوانینی یەك دوو زانادا:
یەكێك لە دروشمو نیشانەی زەقو بەرچاوی ئەهلی سوننە كە بە درێژای مێژوو مایەی سەربەرزیو، جێگای فەخرو شانازی هەڵگرانی بووە، بریتی بووە لەوەی هەمیشەو بەردەوام ڕێزی تەواویان بۆ زانایانو پێشەوایان هەبووەو قەدریان گرتوونو، حورمەتی قسەی ڕەسەنو گفتاری پڕپیتی زاناو پێشەوایانی ئوممەتیان گرتووەو، بەرهەمەكانیان نرخاندوونو بەچاوی پڕ ڕێزو حورمەتەوە تەماشای بەرهەمو شوێنەوارەكانیان كردوونو سوودیان لێ بینیون.
بەڵام ئەم ڕێزو حورمەتە بۆ زانایان هەرگیزاو هەرگیز «خەتو ڕێبازی ئەهلی سوونەو سەلەفیەت»ی پەلكێش نەكردووە بەرەو «تەقلیدی گێلانە»و «لاسایی كردنەوەی كوێرانە»و «شوێنكەوتنی ناحاڵیانە»، بۆ قسەو ڕاوبۆچوونو ئیجتهادی تاك تاكی زانایان، بە جۆرێك كە «ڕاوبۆچوونو تێڕوانینو دینو دونیا بینینو هەڵوێستی زانایایەك یان چەند زانایایەك كە هێشتا لە نێو باقی زانایانی تردا جێگای مشتو مڕە» ببێ بە « ترازووی ئیسلامەتیو سەنگی مەحەكو پێوەری بێ هەڵەو پەڵە» بۆ دیاری كردنو لە بێژنگدانی ئەو خەتو ڕێبازە پیرۆزە.
ئەوە پارێزەرەش كە ئەو خەتو ڕێبازەی بەو شێوە پاكو جوانە هێشتۆتەوەو، ڕێگەی نەداوە هەروا گۆترەكاریانەو كوێرانە قسەو بیڕیارو تێڕوانینو دینو دونیا بینینی زانایایەك یان چەند زانایایەك ببێ بە سەنگی مەحەكو ترازووی بێ هەڵەو پەڵە، بریتی بووە لەوەی كە تەنها «قورئانو سوننەت» میزانو پێوەرو سەنگی مەحەك بوونو باڵادەست بوون بەسەر هەموو كەسێكدا، قسەو بیڕیارو تێڕوانینو دینو دونیا بینینو هەڵوێستی هەموو زانایایەك مەحكومی قورئانو سوننەت بوون.
بەڵام بەداخەوە ئەم نیشانە بەرچاوەی ئەهلی سوننە ئێستا لەناو بەشێك لە سەلەفیەكانی كوردستان بەرەو ئاوابوونو كاڵبوونەوە چووەو، هەموو سوننەتو سەلەفیەت لە ئەلفەوە تاوەكو یائی دەگێڕنەوە بۆ یەك دوو زاناو، لە تێڕوانینو دینو دونیا بینو هەڵوێستی ئەو یەك دوو زانایەدا هەموو سەلەفیەت نـمایش دەكەنو قەتیسو سنورداری دەكەن، قسەو بڕیار ئەو یەك دوو زانایە یەكلاكەرەوەی خەتو ڕێبازی هەموو سەلەفیەتە.
دیارە «مەبەستمان لە تێڕوانینو دینو دونیا بینو هەڵوێستی ئەو یەك دوو زانایە» ئەو بابەتانەن كە دەچنە خانەی ئیجتهادەوەو لە ناو زانایانی ئەهلی سوننە یەكلانەبۆتەوەو كۆدەنگی لەسەر دروست نەبووە، بۆیە دەبێ ڕێزو حورمەتی ئەو ئیجتهادو هەڵوێستە بگیرێ مادام لە زانایەكەوە دەرچووە، بەڵام ناكرێ هەموو سوننەتو سەلەفیەتی تێدا قەتیس بكرێ...
بەڕاستی ئەمە زۆڵمە هەم لە سەلەفیەتو هەم لەو زانایانەشو هەم لە خۆیان.
بهروار: 23/06/2016
بینین: 1571
|