هەڵبژاردە
  جەماوەر بریتییە لە مێگەلێک کەناتوانێت دەستبەرداری گەورەیەک بێت
به‌ختیار شه‌ریف قوربانی
پسپۆڕان و شارەزایان و توێژەرانی بواری جەماوەر (سایکۆلۆژیای تاک) چەندین پێناسەی جۆراو جۆر بۆ جەماوەر دەکەن بەڵام ئەوەی زۆر لە راستیەوە نزیکە و لەگەڵ ئێستا و باروودۆخی هەرێمی کوردستاندا یەکدەگرێتەوە ئەو پێناسەیەی زانای دەروونزانیی کۆمەڵایەتی (گۆستاڤ لۆبۆنە) کە لە ساڵی ١٨٩٥ دا جەماوەر بە مێگەلێک دەشوبهێنێ و هەمیشە بە دوای شوانێکەوە(گەورەیەک) یە ، ئەبێ ئەو رێنوێنی بکات ، ئەوەتا لە هەرێمی پڕ قەیرانی کوردستان، بە بەرچاوی هەموومانەوە چ دەگوزەرێ هەموو داهات و سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە بەستراوەتەوە بە سامانی سروشتی ژێر زەوی و بەتایبەتی نەوت ، ئەگینا سەرجەم سامانەکانی تر ژێراو ژێر دەبرێت و کەسیش نەک نازانێ چی لێ دێ بەڵکو باسیشی ناکات ، تەنها و تەنها نەوتە بووە بە بنێشتە خۆشەی سەرزمانی خەڵک و سیاسی و ئەکادیمی و .... کۆمەڵگا ، بەڵی وەکو باس دەکرێ (حکومەتی هەرێم خۆیشی دانی بەو راستیەدا ناوە) کە رۆژانە ٠٠٠ ٦٥٠ شەش سەد و پەنجا هەزار بەرمیل دەفرۆشرێت و لەگەڵ کۆمپانیایەکدا رێکەوتوون لە بەرامبەردا مانگانە ٠٠٠ ٠٠٠ ٨٠٠ هەشت سەد ملیۆن دۆلار بە ٤ جار واتە هەفتەی ٠٠٠ ٠٠٠ ٢٠٠ دووسەد ملیۆن دۆلار بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی تا مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بکات ، بەڵام بەداخەوە ئەوە دوومانگ بەسەر ئەو رێکەوتنەدا تێپەربوو رۆژانە بڕی دیاری کراوی نەوت رۆیشت و دەڕوات بەڵام بڕی پارەی ئاماژە بۆ کراو نەهات و نایات ، بێ باکی حکومەت بەرانبەر بە میللەتەکەی بەجۆرێکە نە بای دیوە و نە باران !!! ئەزانن بۆ چونکە ئەم میللەتە واتە جەماوەرە مێگەلیە ئێستا بێ خاوەنە و ئەو شوانەی کە گۆستاڤ لۆبۆن باسی دەکات ئێستا پشکی هەیە و قسە ناکات . 
* کتێبی سایکۆلۆژیای جەماوەر : نووسینی گۆستاڤ لۆبۆن و وەرگێڕانی بۆ کوردی ئارام جەمال ، چاپی دووەم ساڵی ٢٠٠٦ . 
** گۆستاڤ لۆبۆن : زانای دەروونزانیی کۆمەڵایەتی ساڵی ١٨٤١ لە ناوجەی نۆرماندی لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩٣١ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە ، زیاتر لە پەنجا کتێبی هەیە .
به‌روار: 01/10/2015
بینین: 2015