هزر
  ئایا خودای گەورە بۆچی مرۆڤی دروسی کردووە؟
ووتاری: ماکوان کەریم
 
نوسینەوەی : محمد توحیدی
هەمیشە پرسیارێك زۆر باوە لەناو خەڵکیدا ، تەنانەت لەلای موسڵمانانیش ، لێرەولەوێ ئەم پرسیارە دووبارە دەبێتەوە ، ئایا خودای گەورە بۆچی ئێمەی دروستکردووە ؟
خودای پەروەردگار دەفەرموێت (وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ ) الذاريات[56] ..
بێگومان من په‌ری و ئاده‌میزاد م دروست نه‌کردووه‌ته‌نها بۆ ئه‌وه‌نه‌بێت که‌من بپه‌رستن و فه‌رمانبه‌ردارم بن. .
سەرەتا پێش ئەوەی بچمە خزمەتی ئایەتە کە ، پێم خۆشە ڕونکردنەوەیەك دەربارەی (یعْبُدُونِ) بدەم لە ئیسلام و ئەدیانەکانی تردا :- 
عیبادەت لە دینەکانی تردا بەواتای شەعائیر دێت؛ واتە چەند پەرستشێكی تایبەتکراو و سنوردارە ، بۆنموونە لەناو مەسیحییەتدا بەندایەتی تەنها لە کڵێسادا دەکرێت لە یەهودیەتیشدا بەهەمانشێوە ، هەروەها زەردەشتیەت عبادەتیان تەنها لەبەرامبەر خوردەئاڤیستاکان یا وردە ئاڤێستاکاندایە ، هەروەها بوزیەکان لەرامبەر بە پەیکەری بوزادا ، بەڵام لە ئیسلام دا ، مرۆڤی موسڵمان دەتوانێت لە هەموو جێگایەکدا عیبادەت بکات ، تەنانەت دەتوانێت عیبادەتی خۆی بکا لە کڵێساشدا ..
بەڵام بەداخەوە زۆرێك لەخەڵکی وا لە عیبادەت گەیشتووە تەنها( نوێژو ڕۆژو زەکات و حەج..)ە ، بەڵام عبادەت لە ئیسلام دا گەلێك فراوانە ، هەموو شتێك کە حەلال بێت... کردنی بەعیبادەت هەژمار دەکریت تەنانەت چوونە لای هاوژین خۆت ، لەبەر ئەوەی بەهۆکاری ئەم حەلالە لە حەرام و دورکەوتوەتەوە ئەجرو پاداشتی بۆ دەنوسرێت و بەبەندایەتی قوبوڵ دەکرێت ..
هەروەك لە فەرمودەیەكدا سەروەرمان رسول الله ﷺ- ئاماژەی پێکردوە ( وَفِي بِضْعِ أَحَدِكُمْ صَدَقَةٌ " . قَالُوا : يَا رَسُولَ اللَّهِ ، أَيَأْتِي أَحَدُنَا شَهْوَتَهُ يَكُونُ لَهُ فِيهَا أَجْرٌ ؟ قَالَ : " أَرَأَيْتُمْ لَوْ وَضَعَهَا فِي الْحَرَامِ أَكَانَ عَلَيْهِ فِيهَا وِزْرٌ ؟ فَكَذَلِكَ إِذَا وَضَعَهَا فِي الْحَلالِ كَانَ لَهُ فِيهَا أَجْرٌ "
واتە : یا رسول الله ﷺ ئەگەر کەسێك دەست بەسەر شەهوەتی خۆیدا بگرێو خۆی کۆنتڕۆل بکات چاکەی بۆ هەیە ، رسول الله ﷺ لە وەڵامدا دەڵێت : ئەگەر ئەو شەهوەتە لە حەرامدا بەکاربهێنیت ئەوە تاوانە ، بەڵام ئەگەر ئەوشەهوەتە لە حەلالدا (لەگەڵ خێزانی خۆت) دا بەکاری بهێنیت ئەوا چاکە وخەیرە .
جا بەواتایەکی گشتی هەموو چاکە و خێرێك عیبادەتە تەنانەت رسول الله ﷺ دەفەرموێت ( تَبَسُّمُك فِي وَجْهِ أَخِيك لَك صَدَقَةٌ) واتە پێکەنین بەڕوی براکەتدا خێرە بۆدەنوسرێت ، بە بەندایەتی هەژمارد دەکرێت . کەوابوو عیبادەت لە ئیسلامدا تەنها شەعائیر نییە وەك ئەدیانەکانی تر ، بەڵکو (تەنانەت نان خواردنیش بەنیەتی ئەوەی چالاك بیت بۆ پەرستشی خودا) لە ئیسلامدا عیبادەتە ، هەروەها قسەکردن بەنیەتی ڕازی کردنی خودا (قسەی خێر و چاك) ، کەسابەتی پیاو بۆ ماڵ و منداڵی ، بەخێوکردنی منداڵ و کارەکانە تری ئافرەت لەناوماڵداو پەروەردەکردنی منداڵەکانی ، ئەمانە هەمویان بەندایەتین لە ئیسلامدا ..
بەکورتی بەواتایەکی گشتی ئیسلام هانی خەڵکی دادەت هەمیشە چاکە خوازبێت وچاکە لەگەڵ خەڵکیدا بکات ، هەمیشە لەعیبادەتدا( عیبادەت بە واتا گشتیەکەی )بێت بۆ ڕازی کردنی خودای پەروەردگادر، واتە خودای پەروەردگار ئێمەی دروستنەکردووە هەتاوەکو- تەنها بیپەرستین ، ئەگەر خودای پەروەردگار پێویستی بەو عیباداتە کەمەی ئێمە بوایە لەزەویدا نیشتەجێنەدەکرد تا ماوەیەکی کاتی ئێمە بیپەرستین ، بەڵکو هەر لەبەهەشتێکی ناکۆتادا داوای لەبەندەکانی دەکرد بیپەرستن .
لەگەڵ ئەوپەرستنە کەمەی کە سەرفرازی دوای مردنی تێدایە ، هانی بەندەکانیشی داوە چاكە بکەن و لەگەڵ یەکتردا باشبن ...
دوابەدوای ئەم وەڵامە ، هەمان پرسیار دوبارە دەبێتەوە ، ئایا خودای گەورە بۆچی مرۆڤی دروسی کردووە؟ ودەڵێن : ئەمە ئەرکێی مرۆڤە ، ئەی سەبارەت زاتی بەرزی خوداوە هۆکاری دروست بونی مرۆڤ چییە ؟ 
لەوەڵامدا دەڵێین: زۆر بەکورتی ، خودای پەروەردگار مرۆڤی خۆش دەوێت بۆیە دروستی کردووە ، لە حەدیسێکدا رسول الله ﷺ دەفەرموێت ( خودای پەروەردگر مرۆڤی خۆشدەوێت ، هەروەك چۆن دایکێك منداڵی خۆی خۆش دەوێت ، ئایا دایك حەزبەوەدەکات منداڵی خۆی سزا وئازار بدات) ؟
لەگەڵ ئەوەی خودای پەروەردگار مرۆڤی خۆش دەوێت ، خودای پەروەردگار دەیەوێت خۆی بەبەندەکانی بناسێنێت و ، و دروستی کردون ، هەتاوەکو دروستکراوەکانی بیناسن ،
بەنمونەیەك ڕونی دەکەینەوە ، ئەگەر کەسێك بەخشندەبێت ، هەتا گوناهێك بەرامبەری نەکرێت ئەو بەخشندەییەی دەرناکەێت هەرچەند لەناخیشیدا هەبێت ، وللە المثل الاعلی خودای پەروەردگاریش کۆمەڵە سیفاتێکی بەرزی و کاملی هەیە . مرۆڤی دروستکردووە هەتا خۆی وئەوسیفاتە بەرزانەی پێبناسێنێت .
کاری ئێمەی مرۆڤ چییە و بۆچی دروست بووین، بۆ هاتووین بۆئەم ژیانە ..
خوای گەورە سێ جۆر مەخلوقی بۆ بەندایەتی دروستکردوە، واتا ئەم سێ جۆرە خوای گەورە تەنها بۆ بەندایەتی دروستی کردوون ..
یەکەم : فریشتە(مەلائیکەت): ئەم جۆرە مەخلوقە هیچ جۆرە شەهوەت و شوبهاتیێکیان نیە .. تەنها لەفەرمانی خوای گەورەدان بۆ بەندایەتی ، جۆریان زۆرە نمونەی جۆرەکانیان ، هەیانە تەنها لە سوجدەدایە بۆ پەروەردگار ، یاخود لە رکوع دایە ... وەهەروەها..
دووەم : پەری (جن)..: ئەم مەخلوقە بۆ بەندایەتی دروست بوون ، خوای گەورە ئازادی کردوون لە ژیانیاندا واتا خۆیان هەڵیدەبژێرن بەندایەتی بکەن یان سەرپێچی بکەن ، سروشتی ئەم مەخلوقە ..وایە ، کە باندایەتی کرد وەك فریشتە دەیکات ، کە خراپەشی کرد دەبێتە شەیتان، ئیبلیس لەم جۆرە مەخلوقەیە کە پێشتر وەك فریشتە بەندایەتی دەکردو خوای گەورە پلەی بەرزکردبووەوە لە پلەی فریشتەکاندا بوو .. واتا نێوەندگیریان نیە ..
سێیەم : مرۆڤ (ئینسان): ئەم جۆرە مەخلوقە بەرێزترین جۆری دروستکراوی خوای گەورەن و ئازادی رەهایان پێدراوە لە کرداریاندا .. ئەگەر ژیانیان لە بەندایەتیدا بەکار هێناو لە پلەی فریشتەکان بەرزترە ، بەو مەرجەی ژیانی لەبەندایەتیدا بێت، ئەگەر ، ئەگەر ژیانی لە خراپەکاریدا بەکارهێنا وەك ئاژەڵ هەژماردەکرێت، ئەوکەسانەی کە ئامانجیان نیە لە ژیانیاندا و واهەست دەکەن بێهودە دروست بوون کاریان نیە وباندایەتی ناکەن ، ئەوە وەك ئاژەڵەکان دەژین ، بۆ نمونە : ئاژەڵ دەخوات و دەخەوێت و حەزی سێکسی هەیە و ئاژەڵ خێزانیش دروست دەکات ، لە کۆتایدا دەمرن هیچ ئامنجێکیان نیە..
بەڵام ئەوەی کە من دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم ئەوەیە خوای گەورە کە ئێمەی لەسەر ئەم زەوەیدا داناوە .. ئەم کارانەی پێسپاردووین وەك موسڵمان ، دەبێت بیکەین .. کردمان مرۆڤین نەمانکرد ئاژەڵین ، بە دەقی قورئان ئاماژەی بۆ کراوە..
یەکەم : بەندایەتی .. ئەم بەندایەتیە شمولیە واتا گشتگیرە .. هەموو ئاکارو رەفتارەکانی ژیان دەگرێتەوە کە لەچاکەدا بەکاری بهێنیت و لە ناو ئاینەکەدا وەك ئەرك و فەرمانەکانی نوێژو رۆژو زەکات حەج...هتد ، ئەمەش لایەنێکی تری بەندایەتیە ..
دووەم: ئاوەدانکردنەوە : کە پێکهاتەی ژیار و شارستانیەتە، لە سێ توخم پێك دێت...
آ- ڕەوشت
ب- بیروباوەڕ
ت- داهێنان
سێیەم : زانست : لە ئیسلامدا کە خوای گەورە مرۆڤی دروستکردوە ، ناتوانێت بەندایەتی بکات و ئاوەدانی سەرزەوەی بکات تەنها بەزانست نەبێت.. ئەمیش دوو جۆرە زانستەکان کە فەرزە لەسەر هەموو موسڵمانان بە پیاو ژنەوە..
آ- زانستی شەرعی : وەك تێگەیشتن .. لە عەقیدە، قورئان ، شەریعەت وفیقهی ئیسلامی ..هتد 
ب- زانستی ژیانی: پزیشکی ، هەندەسە، فیزیا، کیمیا .. گەردون ناسی ..هتد
چوارەم : بانگەواز : مرۆڤ کە بۆ بەندایەتی دروست بوو پاشان بووە خەلیفە لەسەر زەوەی و زانستی فێربوو .. گرنگە دەستی خێری هەمیشە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی زانستەکە بگەیەنێت کە وەك ووتمان پێکهاتەی دوو بەشە، ئەم زانستە سەرەتاکەی یەك سەرچاوەیە ، واتا (وەحدەتی مەصدەرە) کە قورئانو سوننەتە...لەهەردوو بەشەکەدا ، مانای وانیە لە قورئاندا باسی فیزیاو کیمیاو پزیشیکی بەتەواوەتی کرابێت، لە کۆلێژەکاندا بخوێنریت ، - نەخێر- مەبەست پێی ئەوەیە.. کە ئەوەلەویاتی دیاری کردوە لە وەی چ زانستێك حەڵالە خزمەت بە مرۆڤ دەکات، یاخود چی حەرامە لەزانست کە مرۆڤ لە فیطرەتی لائەدات..
پێنجەم : ئارام گرتن.. صبر : بۆ لێرەدا خوای گەورە ئارامگری لەم ژیانەدا کردۆتە ئەوەلەویات ، لەبەر ئەوەی لەبەرانبەر ئەم پێنج کارەی مرۆڤ کە ژیانی لەسەر دامەزراوە و پاداشتەکەی بەهەشتی ئەبدەییە... لەبەرانبەریدا پێنج جەبهەی تر هەیە کە دژایەتی ئەم پێنج سەنگەری موسڵمان دەکات ..
یەکەم : شەیتان ، بەدوو شێوە شەردەکات لەگەڵ سەربازەکانیدا ..
آ-سەربازی شەهوەتی هەیە
ب - سەربازی شوبوهاتی هەیە 
دووەم : نەفس پاڵنەری خراپەیە لە ناخی مرۆڤ خۆیدا 
سێیەم: نیعمەتەکانی ژیان لەم دنیایەدا کە خوای گەور بەخشیویەتی دەبیتە جبهە دژی موسڵمان 
چوارەم: هاوڕی خراپ ..
پێنجەم:دوونیا .
به‌روار: 11/09/2016
بینین: 2714