هزر
  موسڵمانان ئەگەر خواکەتان راستە ئەوهەموو موسڵمانە بۆ لە نارەحەتیدا دەژین؟
ووتاری : ماکوان کەریم

نوسینەوەی : محمد تەوحیدی
زۆرکات بێباوەڕان کۆمەڵە پرسیارێك ئاڕاستەی ئێمەی موسڵمان دەکەن ، لەڕاستیدا کۆمەڵە گومانێکی بێبەهایەو بەتاڵە ، دەڵێن :ئایا ئێوە ئەگەر خوداکەتان ڕاستە بۆچی لەناڕەحەتیدا دەژین ؟
یاخود هەندێك جار بەنەشارەزاییان پرسیارەکە دەکەن ودەڵێن: ئای ئێوە ئەگەر خوداکەتان ڕاستە بۆچی۱٤٠٠ ساڵە لەناڕەحەتیدا دەژین ؟
بەشێوەیەکیتر ، بۆچی ڕۆژئاوا لەپێشکەوتن و خۆشگوزەرانیدان لەکاتێدا خوداکەی ئێوە ناپەرستن؟
یان بۆچی خەڵك لەناڕەحەتیدان (زۆرجار وەك تەنز وێنەی منداڵێكمی ئەفریقیمان بۆدەهێنن برسییە ، گوایە خودای پەروەردگار هۆکاری ئەمەیە) ..؟
سەرەتا دەمانەوێت باسێکی سەرچاوەو مێژووی ئەم جۆرە پرسیارانە بکەین، لەڕاستیدا ئەم جۆرە پرسیارانە نوێنین ، بەڵکو ـ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست ، کاتێك خەڵك لە برسێتییەکی زۆردابوون ، ئەم جۆرە پرسیارگەلە ئاڕاستەی دەسەڵاتی کڵێسا دەکران، بەکورت واتە ئەم پرسیارانە نوێنین مێژوویەکیان هەیە وسەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستە ..
سوننەن و یاسای خودای پەروەردگار چییە؟
پێش ئەوەی بچینەسەر وەڵامی پرسیارەکان ، پێویستە بزانیەن سوننەن یان یاسای خودایی چییە؟ وەڵام: کۆمەڵەیاسایەکە خودای پەروەردگار دایناوە بۆ بەڕێوەبردنی گەردوون ، هەروەها دروستکراوەکانی ، ئەم یاسایە گۆڕانی بەسەردا نایەت ، بەواتەیەکی تر هیچ هۆکارێك نابێتە هۆی ئەوەی خودای پەروەردگار ئەم یاساو ڕێسایەی دایناوە بگۆڕێت ، خودای پەروەردگار دەفەرموێت ( ۖ وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَبْدِيلًا )الأحزاب[62] هه‌رگیز گۆڕانکاری نابینی له یاساو به‌رنامه‌کانی خوادا.. بەکورتی واتە یاساکانی گەردوون ..
بۆنموونە ئاو لەپلەی ۱٠٠ دەکوڵێت ، ئەگەر بڵێین با ئەم یاسایە لەکاتی پێویست بگۆڕدرێت بۆ ٥٠ یا ۷٠ پلە، ئەوا بەهیچ جۆرێك گونجاونییە ، لەبەر ئەوەی یاسای گەردوون تێك دەچێت و جێگیری لەدەست دەدات ..
یاساکانی دیکەی خودای پەروەردگار بەهامانشێوەن ، ئەگەر گۆڕانکاری تێدا بکرێت ئەوا گەردون جێگیری خۆی لەدەست دەدات ، کەواتە خودای پەروەردگار یاسای خۆی بەهیچ هۆکارێك ناگۆڕێت ..واتە ئەگەر موسڵمانێك تەواوی قورئانیشی لەبەربێت ، ئەگەر لەناودەریایەك گیربوو و مەلەی نەزانی ئەوا دەخنکێت ، لەبەر ئەوەی ئەوە یاسای خودایە و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت .. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر کافرێك مەلە زانبێت ئەوا ڕزگاری دەبێت.. ئەمە پێی دەوترێت سوننەی خوای گەورە ، یاخود سوننەی کەونی..
پرسیارەکە دەکەمەوە، دەڵێن : ئێوە ئەگەر خوداکەتان ڕاستە بۆچی۱٤٠٠ ساڵە لەناڕەحەتیدا دەژین ؟ 
یا بەشێوەیەکیتر ، بۆچی ڕۆژئاوا لەپێشکەوتنو خۆشگوزەرانیدان لەکاتێدا خوداکەی ئێوە ناپەرستن؟
لەوەڵامدا دەڵێین : سەرەتا ئەم پرسیارە لەوپەری نەشارەزای بەمێژووی موسڵمانەوە دەکرێت ، بەپێچەوانەوە موسڵمانان نەك هەرخۆش ژیاون ، بەڵکو ـ خەڵکیش لەسەر دەستیان خۆش ژیاوە ، لەڕاستیدا ئەم قسە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ڕاستە ، لەبەرئەوەی هەرچی وڵاتە سەرمایەدارە ئیسلامییەکانن ، لەبری ڕوکردنە قیبلە و داواکردنیان تەنها لەخودای پەروەردگار ، ڕویان کردووەتە ڕۆژئاوا ، داوای هاوکاری لەئەوان دەکەن لەبری خودای پەروەردگار، بۆیە ئەمە حاڵی ئوممەتی ئیسلامییە لەئێستادا.
خودای پەروەردگار دەفەرموێت (لَهُ مُعَقِّبَاتٌ مِنْ بَيْنِ يَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِ يَحْفَظُونَهُ مِنْ أَمْرِ اللَّهِ ۗ إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ ۗ وَإِذَا أَرَادَ اللَّهُ بِقَوْمٍ سُوءًا فَلَا مَرَدَّ لَهُ ۚ وَمَا لَهُمْ مِنْ دُونِهِ مِنْ وَالٍ )الرعد[11] 
بۆ خوا هه‌یه فریشته‌ی بێ شومار که به نۆره به‌دوای یه‌کدا دێن تا چاودێری ئاده‌میزاد بکه‌ن له به‌رو پشت و له هه‌موو لایه‌که‌وه بیپارێزن به فه‌رمانی خوا، بێگومان خوا بارودۆخی هیچ قه‌وم و گه‌لێك ناگۆڕێت (له خۆشیه‌وه بۆ ناخۆشی، یان له زه‌لیلیه‌وه بۆ سه‌ربه‌رزی، یان له گرانیه‌وه بۆ هه‌رزانی)هه‌تا ئه‌وان ئه‌وه‌ی به خۆیان ده‌کرێت نه‌یگۆڕن و نه‌یکه‌ن، کاتێکیش خوا بیه‌وێت به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر هه‌ر میلله‌تێکدا بهێنێت (له ده‌رئه‌نجامی سه‌رکه‌شی و یاخی بوونیان)، ئه‌وه هیچ هێزێك ناتوانێت به‌ری بگرێت، هیچ که‌سیش ناتوانێت جگه له خوا فریایان بکه‌وێت و ڕزگاریان بکات.
هەتا ئەوکاتەی عەلمانییەت نەهاتبووە ناو وڵاتانی ئیسلامی و موسڵمانان لەوپەڕی خۆشیو کامەرانیدا ژیانیان دەکرد ، بەڵام کاتێك عەلمانییەت ڕویکردە وڵاتانی موسڵمان ، ئەوکاتە سەرەتای ناڕەحەتییەکانی موسڵمانان بوو ..
تاکو موسڵمان دەستی گرتبوو بە قورئان و سوننەتی رسول الله ﷺ ، شوێنکەوتەی ئەوڕێبازە پیرۆزەبوون ، موسڵمانان پێشەواو سەروەری جیهان بوون ، بەجۆرێك ووڵاتان داوای هاوکاریان لەموسڵمانان دەکرد ، هەرموسڵمان بوو زانستی دەبەخشییەوە ، هەرموسڵمانبوو خەڵکان لەسایەی دەحەسانەوە ، زۆربەی زۆری داهێنراوەکان موسڵمانان سەرمەشق و دەستی یەكەم بوون ، هەتا موسڵمانان دەستیان بەقورئانەوە گرتبوو عیزەتیان هەبوو لەهەموو جیهاندا، بەڵام دوابەدوای هاتنی عەلمانییەت و دورکەوتنەوەمان لەڕێبازە پڕنورەکە (ئیسلام)،ئێمەی موسڵمان کەوتینە ناڕەحەتی و پشتبەستن بەڕۆژئاوا ، بەجۆرك توانای دروستکردنی کەوچکەچایەکیشمان نییە .. 
خودای پەروەردگار دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تَنْصُرُوا اللَّهَ يَنْصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ) محمد[7]
ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه پشتیوانی له ئاینی خوا بکه‌ن و هه‌وڵی سه‌رکه‌وتنی بده‌ن، ئه‌وه‌خوایش پشتیوانی له‌ئێوه ده‌کات و سه‌رتان ده‌خات و پایه‌دارو جێگیرتان دەکات.
پرسیارێکی تر؛ بۆچی ڕۆژئاوا لە خۆشگوزەرانیدان ، خۆ ئەوان ئیسلام نین و پشتیشیان لە ئیسلام کردووە؟
لەوەڵامدا وتەیەکی الشیخ الاسلام ابن تیمیة دەهێنین لە باسی دادپەروەریدا دەڵێت: لەهەرجێگایاکدا دادپەروەری بوونی هەبوو ئەوا خودای پەروەرداگار هاوکاری و پشتگیری ئەو گەلەدەکات .. کەوابوو دادپەروەری و خۆشگوزەرانی لەهەرجێگایەك بوونی هەبوو ، ئەوا خودای پەروەردگار هاوکاریان دەکات، با غەیرە ئیسلام یش بنن.
پێشتر ئەودادپەروەییەی ڕۆژئاوا لای ئێمەی موسڵمان بوو ، ((بۆنموونە عومەری کوڕی عبدالعزیز ، دەچووە ناو بازاڕ وهاواری دەکر (کێ لەئێوە پارەی پێویستە با بیدەمێ ) ، هەروەها لەسەردەمی موڕابطین ، یوسفی کوڕی تاشفین و، ابوبکری کوڕی لەمتونی، هەروەها لەسەردەمی عبدالرحمن ی کوڕی مەعاویە (لەئەندەلوس) ، عبدالرحمن ناوەند دواتر عبدالرحمن ناصر ، هەروەها لەسەردەمی حاجب مەنصور ، لەسەردەمی محمدی کوڕی خەواریزم شا ، محمدی کوڕی غوری ، سەردەمی جەلالەدین ی کوڕی خەواریزم(لەهیندستان پێش هاتنی تەتار ومەغۆل) ، هەروەها لەسەردەمی صلاح الدین ئەیوبی ، مەمدوحی کوری تومتکین ، مەلیك شا، نیزام مولك ..زۆرێکی تر ..هتد. ))
خەڵکی لەم سەردەمانەدا لەوپەڕی خۆشی و شادیدابوو ، موسڵمانان لەم سەردەمانەی باسمانکرد بە دووسەدە بگرە زیاتریش لەخۆشیو شادیدا ژیاون ، بەجۆرێك هەژاریان بنەبڕکردبوو ، لەبەرئەوەی لەوسەردەمانەدا دادگەری لەلای ئێمەی موسڵمانبووە ..
لەسەردەمی عوسمانیەکاندا .. هەر لە بایزیدی یەکەمەوە تا محمدی کوڕی فاتیح و دواتر بۆ سلێمان شاهی قانونی محمدی بەربەرۆسی ..هتد
کەوابوو ئەم بابەتە پەیوەندی بە مرۆڤ خۆیەوەیەتی خۆی هەوڵنادات بۆ دادگەری ، بۆنموونە ئەوروپا کە ئێستا لە ئەمان وئاسیشدا و خۆش دەژین ، سەردەمانێك داهێنەری جەنگی جیهانی بوون کە٦٣ ملیۆن کەس کوژران تەنیا لە جەنگی جیهانی دووەم .. ، ئەگەر بڕوانیتە هەموو مێژوی ئیسلام ناگاتە ئەوژمارەیە ، هەر ئەوروپا بوو شەڕی ئورتۆدۆکس وکاثۆلیكی کرد ، هەر ئەمریکابوو شەڕی ناوخۆی کرد ، هەروەها هێرۆشیما وناکازاکی ، هەروەها شەڕی فلیپین .. بۆچی باسی ئەمانە ناکرێتەوە ئەگەر مرۆڤ دۆستن ؟!
بەڵام ڕۆژئاوا دوایئەوەی گۆڕانی لەخۆیانداکرد ، توانیان ئەو ئەمانەی ئێستا دروست کەن .. بەهەمان شێوەش خودای گەورە داوای هەمان شتمان لێدەکات ، خۆتان بگۆڕنا تا خودا گۆڕانکاریتان بەسەردا بهێنێت .
دواتر پرسیارێك دێتە پێشەوە ، ئایا بۆچی خەڵك لەناڕەحەتیدان؟ ئایا خودا یاساوڕێسای داناوە هەندێك برس ی وهەندێك تێربن ؟
لەوەڵامدا دەڵێین : خودای پەروەردگار یاساوڕێسای خۆی ناگۆڕێت ، بەڵام خودا نەبووەتە هۆکاری برسی بوونی بەندەکانی ، وەك دەزانین مرۆڤ ئازادی پێدراوە لە هەموو کارێکدا رزقو رۆزی زۆری بەخشیوە ، خوای موتەعال..لەسەر ئەو ئازادییەی لێپرسینەوە لەگەڵ مرۆڤ دەکات ، هەیە ئەم ئازادییە ی خودا پێیداوە بەکاری دەهێنێت بۆ برسی کردنی خەڵکی و پرکردنی گیرفانی خۆی ...
بۆنموونە (ئەمریکای مرۆڤ دۆست ) ، ئایا ئەگەر مرۆڤ دۆستن بۆچی ناچن بە هانای خەڵکی برسی وەك ئەفەریقا ، بەڵکو ـ کەوتونەتە بردنی قوتی ئەو هەژارانەش ، بەجۆرێك خاکە بەپیتەکەیان بەکاردەهێنن ، بەڵام تێریان ناکەن ، بگرە وەك کرێکار بەکاریان دەهێنن لە وڵاتی خۆشیاندا ، جا ئەم مرۆڤ دۆستانە کەوتونەتە بردنی قوتی ئەو خەڵکە ڕەشوڕوتە ..
وەك دەزانن ئێستا ئەوان(ئەمریکای مرۆڤ دۆست ) لەسەر زەوی باڵاداستن ، ئایا بۆچی ناچن فەقیر لەسەر زەوی نەهێڵن ، وەختێك ئێمەی موسڵمان حوکممان دەکرد خۆ برسی لەسەر زەوی نەبوو (وەك ئەوەی ئێستا لە ئەفەریقا دەبینرێ) ، بەڵام ئەوان (ئەمریکای مرۆڤ دۆست ) لەگەڵ ئەو دروشمە ڕاست ناکەن کە خۆیان بە مرۆڤ دۆست ناوزەددەکەن ، بۆ ئەوەی نرخی برنجی نیتە خوارەوە ساڵانە بە ملیۆن طن ئەرژێتەناو دەریاکان ، یاخود لە ئوستورالیا بە بەسەدان هەزار مەروماڵات لەناو دەبنو دەخنکێنن بۆ ئەوەی نرخی گۆشتەکەیان دانەبەزێت، لە ئەوروپادا ئەودیاردەیە تەنها لە کارگە پیشەسازیاکانیاندا دەبینریت..
یاخود با دورنەڕۆین کوردستانی خۆمان ، ئایا عەلمانیتە قوتی خەڵکی بڕیوە ، یاخود ئیسلامە؟ 
هەربۆیە مولحیدەکانیش لەگەڵ دروشمی مرۆڤ دۆستیان ڕاست ناکەن .
دواتر پرسیارێك دێتە پێشەوە، بۆچی خودای پەروەردگار ناچێت بەهانای ئەو هەژارانەوە ، وەك باسمان کرد خودای پەروەردگار یاسای خۆی هەیە ، گۆڕانکاری بەیاسای خۆیدا ناهێنێت ، بەواتایەکی تر دەبێت هەژار وبرسی هەبێت و دەوڵەمەندو سەرمایەدارێش بوونیان هەبێت ، ئەوە یاسای خودای پەروەردگارە ..ئایا حیکمەت لەمە چییە؟
وەڵام: بێگومان حیکمەتی خۆی هەیە ، وەك دەزانن ئەم دونیایە زۆر کورتە و تاقیکردنەوەیە ، ئەم هۆکارانەش (هەژاری ودەوڵەمەندی) هۆکارێکین بۆ تاقیکردنەوەی بەندە ، ئەومرۆڤەی هەژارە تاقیدەکرێتەوە بە و هەژارییەو ئارامگرتن لەسەری ، هەروەها ئەومرۆڤەی دەوڵەمەندە تاقیدەکرێتەوە بەوەی لە چیدا سەرفی دەکات ..
ئایا ئاگاداری کەسانی هەژارە ، ئایا تێریان دەکات ..؟ ئەگەر هەردوولا سەرکوتووبوون ئەوا لەدواڕۆژدا ئەجروپاداشتیان بۆهەیە..
پرسیارێكی تر دروست دەبێت ، هەندێك جار ڕەسمی منداڵێکی برسی ئەفەریقیمان پیشاندەدەن ،دەڵێن : ئەمە تاوانی چییە؟ خۆ ئەم هیچی لەسەر نییە تا تاقیبکرێتەوە؟
لەوەڵامدا دەڵێین: وەك باسمان کرد ئەمە تاقیکردنەوەی خودایە ویاسای تایبەت بەخۆیەتی و گۆڕانکاری بەسەردانایەت، بەڵام ئەم جۆرە تاقیکردنەوە جیاوازە ، بۆ خودی منداڵەکەنییە ، بەڵکو تاقیکردنەوە بۆ سەرمایەدارانە (بۆ ئەمریکای مرۆڤ دۆستە) ، ئاخۆ تاچەند لە تاقیکردنەوەی سەرمایەداریدا سەرکاوتودەبن ، داخو مولحید قسە زل کە داوای هاوکاری لە منی موسڵمان دەکات کەچی خۆی بە مرۆڤ دۆست نازانیت ئەو هاوکاری بکات ، لەدوایشدا ئەومنداڵە ئەجری تایبەت بەخۆی هەیە ، خودا زوڵم لەکەس ناکان وەك لە فەرمودە قودسیدا دەفەرمووێت الظُّلْمَ عَلَى نَفْسِي وَجَعَلْتُهُ بَيْنَكُمْ مُحَرَّمًا ، فَلَا تَظَالَمُوا ...) واتە : من زوڵم حەرام کردووە لەنەفسی خۆم ، حەرامیشم کردووە لەسەر ئێوە ، زوڵم مەکەن .
لەکۆتایدا دەڵێم ئەوە خودای پەروەرگار نییە.. قاتوقڕی دروست کردووە ، بەڵکو ـ دەسەڵاتدارانن ئەو وەزعەیان خولقاندووە بەسەرمایەداریو بە کوۆمنیزمی و بەلیبراڵیو بە دیموکراتخوازەکانوە ، خۆی پرسیارەکە زۆر مناڵانەیە ، ئایا دروستکردی بۆمبی نەوەوی و وێرانکردنی دونیا خودا سەبەبە؟ ، بە هەمانشێوە ئایا برسیکردنی خەڵکی خودا سەبەبە؟ ، نەخێر بەڵکو ئەوە مرۆڤ خۆیەتی ئەو ڕەوشەی دروست کردوو.
به‌روار: 21/09/2016
بینین: 717