هەواڵ و ڕاپۆرت
  ئایا ماکوان کەریم دەستگیر کراوە؟
ڕاپۆرتی:باران ئاریایی

لەدوای ئەوەی لە دۆخێكی گوماناوی ئاڵۆزدا دوێنێ دادگای ئیتالیا لەشاری بۆنزالۆ حکومی دەرکرد بۆ چەند کەسێك لەناویشیان دا ماکوان کەریم، بۆیە بەباشمان زانی لەم ڕاپۆرتەدا ڕونکردنەوە بدەین کە ئایا تا چەند ئەو هەواڵە ڕاستە یاخود ئایا ماکوان دەست گیر کراوە یاخود دەستگیر دەکرێت.
    NRK  بۆ ئەم مەبەستەش ماکوان کەریم  دوێنێ چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی 
ئەنجام داوە و لێرەدا تەواوی چاوپێکەوتنەکە کراوەتە کوردی و بۆ ئێوەی خوێنەر بڵاو دەکرێتەوە، پاشان ئاماژەیەک دەکەین بە کەیسەکە.
ئێن ئار کۆ: ئایا چۆن هەواڵی دادگایی کردنەکەت و حکوم دانەکەت زانی؟
ماکوان کەریم: من لە کار بووم، خێزانم تەلەفۆنی بۆ کردم و ووتی کەوا ئەمڕۆ لە ئیتالیا دادگایی کراویت و حوکم دراویت، خێزانیشم هەواڵەکەی لە مێدیاکانی نەرویجەوە زانیبوو.
بۆیە دەست بەجێ خێزانم پەیوەندی کردبوو بە پارێزەرەکەمەوە لە ئیتالیا ئەویش لە چەند ووشەیەکی کەمدا وەلامی دابوویەوە ونوسیبووی بەڵێ ماکوان ٩ ساڵ حوکم دراوە.
ئێن ئار کۆ: ئایا ئاگاداری لەسەر چی حوکم دراویت، وە ئایا پەیوەندیت هەبووە لەگەڵ پارێزەرەکەت لە ئیتالیا؟
ماکوان کەریم: من هیچ پەیوەندیەکم نەبووە لەگەڵ هیچ کەس لە ئیتالیا، نە پێش دادگایی کردنەکە وە لەکاتی دادگاییەکەشدا. من لە ڕێگای موخابەراتی نەرویجیەوە ئاگادار کرامەوە کەوا من پارێزەرم هەیە لە ئیتالیا لەدوای ئەوەی کە کەیسەکە لە نەرویج داخرا.
وە هیچ کەسێکیش پەیوەندی بە منەوە نەکردووە کە ئایا من دادگایی دەکریم و حوکم دەدرێم، پێم وابوو ئەم جارەش وەك جارەکانی دیکە دوا دەخرێت و ئەمە تەنها شتێكی ڕۆتینیە، هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد کە ٩ ساڵ حوکم بدرێم، ٩ سال حوکم لەسەر چی کە هیچ تاوانێك دیار نیە!

ئێن ئارکۆ: ئایا دەزانیت لەسەر چ تاوانێك حوکم دراویت؟
ماکوان کەریم: من دەپرسم کە چیم کردووە؟ بەڵام هیچ وەڵامیان نیە بۆ ئەم پرسیارە، ٩ ساڵ زیندانی کردن بۆ چی؟ بەڕاستی جێگای نیگەرانیە و قابیلی قبوڵ نیە.
من کەسی سەرەکی نیم لە کەیسەکەدا، وە ئەم کەیسە تەنها گەمەیەکی سیاسیە کە من لەم گەمەیەدا نیم، بەڵام بەداخەوە من لکێنراوم بەم شتەوە. ئەمەش ڕاسواییەکی گەورەیەبۆ حکومەتی ئیتالیا.
ئێن ئار کۆ: هیچ پەیوەندیەکت بە م. کرێکارەوە هەیە وە ئایا هیچ کارێکی نایاسایتان کردووە بەیەکەوە؟
ماکوان کەریم: من هیچ کارێکی نایاسایم نەکردووە، وە لە ساڵی ٢٠١٢ هیچ پەیوەندیەکیشم بە مامۆستا کرێکارەوە نەماوە.
من ڕۆژنامەنوسم وە چاوپێکەوتنم لەگەڵ مامۆستا کرێکار کردووە لەهەموو ماڵپەڕ و گۆڤارەکانی خۆم دا بڵاو کراونەتەوە لە ساڵەکانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ دا، بەڵام لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەکم بە مامۆستا کرێکار یاخود خانەوادەکەیەوە نیە.
ئێن ئار کۆ: ئایا ڕەوتی شاخ چییە و تۆ چ پەیوەندیەکت بە ڕەوتی شاخەوە هەیە؟
ماکوان کەریم: ڕەوتی شاخ هیچ پەیوەندی بە منەوە نیەو نازانم چییە و هیچ زانیاریەکم لەسەری نیە.
ئێن ئارکۆ: ئەزانیت چۆن ئیتالیا تۆی بەستۆتەوە بە ڕەوتی شاخەوە؟
ماکوان کەریم: من لە ئیتالیاوە هیچ شتێکی وام بەدەست نەگەیشتووە وە پێم نەوتراوە کە من بەشێکم بم لە ڕەوتی شاخ، من هیچ زانیاریەکم نیە لەسەر ئەو باسە.
ئێن ئار کۆ: ئایا نیگەرانی لەو حوکمەی کە دراویت؟
ماکوان کەریم: نەخێر نیگەران نیم، چونکە من هاوڵاتی نەرویجیم و دڵنیام لەوەی کە کاربەدەستانی نەرویج بەهیچ شێوەیك ڕادەستی ئیتالیام ناکەن.
من هاوڵاتی نەرویجیم، وە ڕێز لە سەروەری و یاسایی نەرویج دەگرم، ئەگەر نەرویج پێی وایە کە من کارێکی هەڵەم کردووە با حکومەتی نەرویج دادگایم بکات و حوکمم بدات.
من ناتوانم دژی قانونی وڵاتی نەرویج بوەستم وە ناشتوانم لێی لابدەم ئەمە ڕاستیە، من لێرە دەژیم خێزان و مناڵ و ئیش و ژیانم لێرەیە، بۆیە من نە هیچ کارێكی نایاساییم کردووە لەم وڵاتە وە نە دەشیکەم.
ئێن ئارکۆ: ئەترسیت؟
ماکوان: من هەرگیز لە ئیتالیا نەبووم تا کاری نایاسایی ئەنجام بدەم لەو وڵاتە، بۆیە نەخێر ناترسم کارێکم نەکردووە تا ترسم هەبێت.

لەدوای ئەوەی کە ڕۆژی دووشەمە ١٥/٧/٢٠١٩ لە شاری بۆنزالۆی وڵاتی ئیتالیا دادگا دەستی پێ کرد، داواکاری گشتی داوای لە دادگا کرد کەوا حوکمی ١٠ ساڵ بدرێت بەسەر مامۆستا کرێکار دا و ٧ ساڵیشی داوا کرد بۆ ماکوان کەریم، بەڵام دادوەر ئەو داوایەی زیاد کردوو مامۆستا کرێکاری حوکم دا بە ١٢ ساڵ زیندانی کردن و ماکوان کەریم بە ٩ ساڵ زیندانی.
بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی ئیتالی بە داوایەکی فەرمی نارد بۆ وڵاتی نەرویج کەوا مامۆستا کرێکار و ماکوان کەریم ڕادەستی ئەو وڵاتە بکات و دەستگیر بکرێن.
لەسەر داواکەی ئیتالیا دوێنێ شەو پۆلیسی نەرویجی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مامۆستا کرێکار و دەستگیریان کرد، بۆیە میدیاکانی نەرویجیش پەیوەندیان کرد بە موخابەراتی ئەم وڵاتەوە کە ئایا هۆکاری دەستگیر کردنی م. کرێکار چیە و بۆچی ماکوان کەریم دەستگیر ناکرێت؟
لەوەلامی ئەم پرسیارەدا وتەبێژی موخابەراتی نەرویج (ترۆند هوگوباکەن) ڕایگەیاند کەوا دوێنێ لەدوای تەواو بوونی دادگاییەکە بە فەرمی لەلایەن وڵاتی ئیتالیاوە داوایان لێ کراوە کە دەستگیر بکرێن، م. کرێکار لەسەر ئەو داوایە دەستگیر کرا، بەڵام کەسی دووەم (ماکوان کەریم) بەهیچ جۆرێك دەستگیر ناکرێت و ڕادەستی ئیتالیا ناکرێت، چونکە هاوڵاتی نەرویجە. وە لە قانونی نەرویجیش دا بەو جۆرە کە هیچ هاوڵاتیەك ڕادەستی هیچ وڵاتێك ناکرێت بۆ زیندانی کردن، هەوەرها ئاماژەشی بەوە داوە کەوا ماکوان هیچ کارێکی نایاسایی نەکردووە لە نەرویج و هیچ شتێکی لەسەر نیە بۆیە هیچ هۆکارێک نیە بۆ دەستگیر کردنی.

لەدوای ئەوەی لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٥ ماکوان کەریم لەسەر داوای حکومەتی ئیتالیا دەستگیر کراو بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ زیندانی کرا بە تۆمەتی ئەوەی کە هەوڵی ئەوەیان داوە لەگەڵ مامۆستا کرێکار و چەند کەسێکی دیکە ڕێکخراوێكی تیرۆریستی دروست بکەن و هەوڵ بدەن بۆ ڕفاندنی دیپلۆماتەکانی ئیتالیا لە نەرویج و لە کوردستان، وە داوا لە حکومەتی نەرویجی کرابو کە ماکوان ڕادەستی ئەو وڵاتە بکرێت تا دادگایی بکرێت، بەڵام لەبەر نەبوونی بەڵگە و دۆکۆمێنت وە بەهۆکاری ئەوەی کە ماکوان کەریم هاوڵاتی نەرویجە ئەو داوایەی ئیتالیا ڕەد کرایەوە و ئازاد کراو کەیسەکەی داخرا لە وڵاتی نەرویج، بەڵام ئەم کەیسە بەردوام بوو لە وڵاتی ئیتالیا و تا کۆتا ئەنجام دەرچوو.
تەواوی ئەم کەیسە سیاسیە و دەگەڕێتەوە بۆ ٨ ساڵ لەمەو بەر کە حیزبی تونڕەوی مەسیحیەکان وەك بەڵێنێکی هەڵبژاردن دابووی بە خەڵکی نەرویج کە ئەگەر دەنگیان پێ بدەن، لەدوایئەوە  لەهەڵبژاردنەکان دەنگیان هێناو حکومەتیان دروست کرد نەیان توانی لە ڕێگای یاساییەوە م. کرێکار لە نەرویج دەربکەن، چونکە لە دادگای باڵای نەرویج بڕیار دەرچو کەوا م. کرێکار هیچ پەیوەندی بە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە نیەو هیچ حوکمێك نادرێت لەسەر ئەو بابەتە، بۆیە حیزبی بەڵێندەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیتالیا بە نهێنی کۆبونەوەیەکیان ئەنجام دابوو کەوا حکومەتی ئیتالیا کەیسێك بکاتەوە بۆ م. کرێکار و بەڵکو لەو ڕێگایەوە بتوانن لە نەرویج دەری بکەن.
تێبینی: تەواوی ئەو دۆکۆمێنتانەی کەلەو  کۆبونەوەدا قسەیان لەسەر کرابوو وە ڕێکەوتبوون لەسەری ئاشکرا بوو لە مێدیا نەرویجیەکان دا بڵاو کرایەوە)
بۆیە حکومەتی ئیتالیا بۆ ئەوەی کەیسەکە بە سیاسی دەرنەکەوێت بڕیاری دا چەندین کەسی تریش ڕابکێشێتە ناو ئەو بابەتەوە و تێوەیان بگلێنێت گوایە هەوڵی دروستی کردنی ڕێکخراویان داوە بەناوی ڕەوتی شاخ.

لای هەموان ئاشکرایە کەوا ولاتی ئیتالیا یاسایی تایبەتی هەیە و لە یاسای هیچ وڵاتێکی ئەوروپی ناچێت وە مافیا ئەو ولاتە بەڕێوە دەبات.
به‌روار: 16/07/2019
بینین: 3752