هەواڵ و ڕاپۆرت
  زەنگێک بۆ بێداربوونەوە لە غەفڵەت
تـــــــەرزە فائق

کتێبی ( ئەزمونێک لە گۆڕانکارى مێژووى گەلان ) لە نووسینى مامۆستاى ئازیز (ماکوان کریم) ، زەنگێکە بۆ هەموو ئەوانەى کە لە خەوى غەفڵەتدان ، زەنگێکە بۆ  ڕاپەڕاندنیان و بە ئاگاهێنانەوەیان و دەستگرتنیان و هەستاندنەوەیان لە ڕێگەى ئاشناکردنیان بە مێژووى ئیسلام و گەلانى تر ، تا وەک مەشخەڵێک بەدەستیانەوە بێ  بۆ ڕۆشن کردنەوەى ڕێگاى هەستانەوەیان و بەرپا کردنى گۆڕانکارى.

     ئەم کتێبە گێڕانەوەى مێژووە بە شێوەیەکى درامى کە باسەکان  فانتاسیاو جەریمەو فیکریش لەخۆ دەگرێت ، کە وا لە خۆێنەر دەکات وێناى ڕووداوەکان بکات و بە ئاسانى دەتوانێ بچێتە ناو ڕووداوو سەردەمەکانەوە وەک بڵێی خوێنەر تاکێک بێت لە تاکەکانى  ئەو  سەردەمانەى کەباسى لێوە دەکات ، ئەمەش وا لە خوێنەر دەکات کە بە جۆرێک ئاوێتەى باسەکان ببێت کە کاریگەرى لەسەر بەجێ بهێڵێت ، نەک تەنها بە داخستنى کتێبەکە ئیتر کاریگەریشى تەواو ببێت ، بەڵکو جوڵەو بزاوتێک لە ناخى خوێنەردا بەرپا دەکات کە وا دەکا خوێنەر مەیلى تەواوى هەبێ بۆ گۆڕانکاری بە پابەند بوون و پەیڕەو کردنى بەرنامەى ئیسلام.

ئەو چەمکە گرنگانەى لەم کتێبەدا باسى لێوە کراوە بریتییە لە پەند وەرگرتن لە ژیان و مێژووى پێغەمبەرى نازدار (ﷺ) و هەڵگرتنەوەى جێ پێکانى ومێژووى  گەلانى موسوڵمان و گەلانى دیکە ، وە دەست خستنە سەر برینەکانى موسوڵمانان و هەڵە مێژووییەکانیان کە وا لە موسوڵمان دەکات بگاتە قۆناغى کەوتن و داڕمان ، کە لە مێژوودا چەندان جار دووبارە بۆتەوەو ئیستاش مێژوو ودووبارە دەبێتەوە ، وە باس کردنى سوننەتەکانى خواى گەورە کە هیچ کات گۆڕانى بەسەردا نایەت ، باسکردنى گرنگى یەک ڕیزى و کۆبونەوەى موسوڵمانان لەژێر یەک ئاڵا کە ئاڵاى ئیسلامەو یەک خیلافەتدا ، کە پێچەوانەى ئەمە مێژوو سەلماندویەتى کە شکستى گەورەى بەسەر موسوڵماناندا هێناوە ، وە چاوکردنەوەى خوێنەر بۆ چۆنیەتى گۆڕانکارى کردن و ئەو مەرجانەى کە پێویستە هەبن تا گۆڕانکارى پێ بکرێت ، وە تێگەیشتن لەوەى کە بەبێ پەیڕەو کردنى بەرنامەى ئیسلام و خواى گەورە گۆڕانکارى و سەرکەوتن بەدی نایەت ، وە هەروەها باسکردنى گرنگى بوونى سوپایەکى یەکگرتوو و بوونى چەک و هێز بۆ موسوڵمانان و چاندنى بیرى شۆڕشگێڕى و دنیا نەویستى لاى گەنجان .

دەستپیکى کتێبەکە زۆر سەرنج ڕاکێشەبەوەى کە ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو باسکردنى مێژووەکان ، بەڵکو سەرەتا بەرچاوى خوێنەر ڕۆشن دەکاتەوە لەمەبەستى کتێبەکەو چۆنێتى ئامادەکردنى تاک و کۆمەڵگا بۆ گۆڕانکارى و باسێکى تێرو بەپێزى تیۆرى گۆڕانکارى و دیارى کردنى مەرجەکانى ، خەیاڵى خوێنەر زۆر باش ڕادەکێشێت بۆ ناو باسەکە ، سەرەتاى کتێبەکە بە باسى ژیان و قۆناغى ئیعدادو بانگەوازو جیهاد و دروست کردنى دەوڵەت و مێژووى  پێغەمبەرى نازدار () دەست پێ دەکات تا بە شوێن پێکانیدا بڕۆینەوەو لێوەى فێر بین ، پاشان ناوەڕاستى کتێبەکە باسى مێژووى گەلانى موسوڵمان و گەلانى تر دەکات لە چۆنیەتى گۆڕانکارى کردنیان و کەوتن و هەستانەوەیان ، وە کۆتایی کتێبەکە پەیامێکى گرنگى پێیە بۆ موسوڵمانانى ئەم  سەردەمەو ڕێ نیشاندەرە بۆ هەستانەوە گۆڕانکارى.

بابەتەکان زۆر باش ڕوونکراونەتەوە بەوەى کە پێش باس کردنى بەسەرهاتى گەلێک یان سەرکردەیەک نوسەر بەرچاو ڕوونیەکى باشى خستۆتەڕوو بە گەڕانەوە بۆ مێژوویەکى پێشتر لە باسى ئەو گەلە تا خوێنەر جوانتر تێبگات و وێناى ڕووداوەکان بکات .

سەبارەت بە خاڵى بەهێز و لاوازى کتێبەکە ، لە ڕووى بەرگ و دیزایینى ناوەوەى بەلاى منەوە وەک خوێنەرێک زۆر بێ کەم وکوڕییەو ئاسوودە بووم لەکاتى خوێندنەوەدا ، بەجۆرێک کە شێوازى نوسین و پەڕەکان و تۆکمەیی کتێبەکەش هیچ ئاستەنگێک بۆ خوێنەر دروست ناکات و هیلاکى ناکات و مامەڵە کردن لەگەڵ کتێبەکەو خوێندنەوەى ئاسانە .

وە دەربارەى خاڵى لاواز ، تەنها دوو خاڵ هەیە کە من سەرنجم داوە ئەویش :

١/ ووردى قەبارەى ووشەکان ، ئەگەر کەمێک گەورەتر بووایە جوانییەکى زیاترى دەدا بە کتێبەکە .

٢/  بوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە هەڵەى ڕێنووسى ، کە من چەند ووشەیەک وەک نمونە دەخەمە ڕوو :

-        زۆربەى ووشەکان کە بە ( ان) کۆتایی هاتووە ، (ێد) کەوتۆتە نێوانیان ، وەک : ڕەوشتیان ، بووە بە (ڕەوشتێدان) ، وە پاداشتیان ، بووە بە (پاداشتێدان) .

-        وە هەرچى ووشەى ئەدەبیات هاتووە بووە بە (دەدەبیات) .

ئەمانە وەک خاڵى لاواز ئاماژەم پێداون کە زۆر گرنگ نین تا لە بەهاى گەورەى ئەم کتێبە ناوازەیە کەم بکەنەوە بە بەراورد بە خاڵە بەهێزەکانى .

وە چەندین بابەتى سەرنج ڕاکێش و سەرسوڕهێنەرى تێدایە کە خوێنەر هەست دەکات کە چەند بێ ئاگا بووە لە مێژوو و بە تایبەتى مێژووى ئیسلام ، کە من بەش بە حاڵى خۆم هیچ کات پێم وانەبووە کەموسوڵمانان ڕۆژێک لەڕۆژان گەیشتونەتە ئەو پلەیەو خاوەنى ئەو سەرکردە قارەمانانەبوون و ووڵاتانى ئەوروپیان فەتح کردووە ، ئەم کتێبە بەجۆرێک بەرچاو ڕۆشنکەرە کە خوێنەر دەتوانێ بەئاسانى دیدوبۆچونە هەڵەکانى خۆى ببینێ و هەنگاونان بەرەو گۆڕانکارى لە ناخیدا چەکەرە بکات .

ئەوەى زۆر سەرنجى ڕاکێشام چەند لاپەڕەى کۆتایی کتێبەکە بوو ، کە نووسەر بەجۆرێک ئێمەى موسوڵمانان و پارتە ئیسلامییەکان بەتایبەتى ئاگادار دەکاتەوە لەو قۆناغە ترسناکەى کە تیایداین لە ئێستادا ، ئاگادارمان دەکاتەوە بۆ هەنگاونان بەرەو گۆڕانکارى و هەستانەوە کە شایانى گوێڕایەڵ بوون و بەهەند وەرگرتنە ، وە هەموو هەنگاوو ڕێگاکان بەرەو گۆڕانکارى و هەستانەوەى موسوڵمانان دەخاتە بەردەم سەرکردەو پارتە ئیسلامییەکان و تاکى موسوڵمان ، کە ئەگەر بەدەم ئەم بانگەوازەوەى نوسەرەوە بێن و یەک بگرن و لەسەر بەرنامەى خواى گەورەو لە ژێر یەک ئاڵاو بوونى یەک سەرکردەى ڕەشید و جوامێردا کۆببنەوە ، ئەوا سەرکەوتن بەدەست دەهێنین و ئەتوانین گۆڕانکارى بکەین ، نوسەر لێرەدا تەنها برینەکان ناکولێنێتەوە ، بەڵکو پڕۆژەى پێیەو چارەسەریشى داناوە کە زۆر جێگاى خۆیەتى بەهەند وەربگیرێ و جێ بەجێ بکرێ .

سەختەبۆ خوێنەر کەواز لە خوێندنەوەى کتێبەکە بهێنێ ، من کە هیچ کات حەزم بە خوێندنەوەى بابەتى مێژوویی نەکردووە لە پێشدا ، بەڵام کاتێ دەستم کرد بە خوێندنەوەى ئەم کتێبە  تێگەیشتم کە خوێندنەوەو شارەزابوون لە مێژوو چەند گرنگە ، بۆیە بەجۆرێک ئاوێتەى باسەکانى بووبووم کە ئاسان نەبوو دەستى لێ هەڵبگرم ، هەستم ئەکرد زۆر پێویستم بەوەیە کە بزانم چى ڕوویداوە و چۆن مێژووەکان خۆیان دووبارە کردۆتەوە .

ڕووداوەکانى ناو کتێبەکە زۆر قابیلى دەرک پێکردنەوە باسەکان هەمووى ڕاستین و خەیاڵى نین و وە لە تواناى مرۆڤدان و نوسەر ئاماژەى بە چەندان سەرچاوەى مێژوویی گرنگ داوە .

من وەکو خوێنەر خۆم بینییەوە لەناو ئەو سەردەمانەى کە باسى لێوە کرابوو بەگشتى  ، بەتایبەت لەو بەراوردە  جوان و ووردەى کە نووسەر لە نێوان سەردەمى داگیرکارى مەغۆل و تەتار لەگەڵ داگیرکارى ئێستاى ئەمریکا بۆ سەر خاکى موسوڵمانان کردوێتى ، کە تەواو ئەتوانى خۆتى تیا ببینیتەوە ، وە جگە لەمەش بۆ مێژوو و باسەکانى تریش بەهەمان شێوە چونکە بەجۆرێک وێناى کردووە کە ئەتوانى خۆتى تیا ببینیتەوە .

 خۆم بەیەکێ لەو کەسایەتییانە بەراورد کرد کە نەساڕاو داگیرکەرەکانى تریان وەک فریادڕەس بینیوە ، (بۆ نمونە : کاتێ ئەمریکییەکان ساڵى (٢٠٠٣) هاتن بۆ داگیرکردنى خاک و سەروەت و سامانمان ، من خۆم یەکێک بووم لەوانەى کە بەداخەوە بە فریادڕەسم دەزانین ، تەنانەت ئەوەندە پیرۆز دەمبینین کە ڕۆژێک لەگەڵ سەربازێکى ئەمریکى وێنەم گرت بۆ یادگارى - بەداخەوە- خواى گەورە بمبەخشێ .

وە لەسەردەمى ئیستاشدا بینەرى هەموو زوڵم و ستەم و دزى و داگیرکارییەکانى ئەمریکابووم لەسەر خاکەکەمان  ، وە بۆ سەردەمەکانى تریش بە هەمان شێوە هەستم دەکرد یەکێکم لەو تاکانەى لەو سەردەمانەدا لە ڕووداوەکاندا ژیاون .

ئەم کتێبە بەگشتى زۆر بێ کەم و کوڕییەو سەرەتاو ناوەندو کۆتاییەکەى لەگەڵ یەکتر یەکدەگرنەوەو هەمووى دەچێتەوە سەر بابەتى سەرەکى کە گۆڕانکارییە .

وە کەسایەتیەکان کە باس کراون لەگەڵ کارو کردەوەکانیاندا یەک دەگرنەوە و باس و بەسەرهاتەکانى ناو کتێبەکە تەواو ڕاستین چونکە نوسەر بۆ هەموو باسەکان سەرچاوەى باوەڕپێکراوى خستۆتە ڕوو ، کە ئەو سەرچاوە مێژووییانە سەلمێنەرى ئەو ڕاستییەن .

ئەم کتێبە خوێندنەوەو تێگەیشتنى ئاسانە ، چونکە بە زمانێکى ئاسان نوسراوە کە هەموو چین و توێژێک دەتوانێت لێی تێبگات ، ووشەى بیانى و گرانى تێدا بەکار نەهێناوە ( کە ئەم خەسڵەتە بە تەواوى کتێبەکانى نووسەرەوە دیارە کە وایکردووە خوێنەرێکى باشى هەبێت) .

سەبارەت بەبەکارهێنانى ڕستەى کورت یان درێژ ، من پێم وایە بەپێی پێویست بوونى لە باسەکان دا گرنگە هەردوو جۆرەکە بەکاربێت ، وە نوسەر لەم کتێبەدا زۆر بەکارامەیی ڕستەکانى بەپێی پێویست ڕێک خستووە .

دەربارەى چۆنێتى مردن و شەهید بوونى کەسایەتییەکان زۆربەیان سەرسامیان کردم ، بەوەى کە هەندێکیان بەسەربەرزى لەساحەى جیهاددا شەهید بووە و یان لە دەرەوەى جیهاددا بەڵام بە جوامێرى و ئازایەتى و دیندارى ژیاون و مردوون ، وە هەندێ سەرکردەش بەهۆى دنیا ویستى و یەکلانەبونەوە بۆ خواى گەورە سەرلێشێواو بوون و بە زەلیلی مردوون .

هەروەها ئەو زمان و دیالێکتەى کتێبەکەى پێ نوسراوە دیالێکتێکى ڕوون و ئاسان و زمانى ڕوونى کتێبە کە هەموو دیالێکتەکانى تر بەئاسانى دەتوانن لێی تێبگەن و زۆر گونجاوە لەگەڵ ناوەڕۆکى کتێبەکەدا .

شایانى باسە ئەم شێوازەى گێڕانەوەى مێژوو کە نوسەر پەیڕەوى دەکات دەبێتە مایەى سەرنجڕاکێشانى خوێنەر  ، وە خوێنەر زۆر بە جوانى دەتوانێ ئاوێتەى باسەکانى ببێ و وێناى سەردەم و بەسەرهاتەکان و ڕووداوەکان بکات ، هیندە بەجوانى باس کراوە کە هەستێکى وات بۆ دروست دەبێت کە تۆش کاراکتەرێکى ناو ئەو ڕووداوو سەردەمانەیت .

زۆربەى کەسایەتیەکانى ناو کتێبەکە سەرنجیان ڕاکێشاوم و سەرسامیان بووم ، بەڵام سێ کەسایەتى بە رێژەیەکى زۆر سەرسام بووم پێیان کە بریتین لە :-

یەکەم : پێغەمبەرى نازدار محمد () :

 پێغەمبەرى ئازیزمان() وەک پێشەواى مرۆڤایەتى پێویستە هەمووان بە شوێن پێکانیدا بڕۆینەوە و کە ئەمەش ئەبێتە هۆى سەربەرزى و سەرکەوتنمان ، ژیانى ئەو نازدارە ژیانێکى بێ هەڵە و پڕ حیکمەت و وانەیە کە ئێمەى موسوڵمان گویڕایەڵى بین بە دڵنیاییەوە سەرفراز دەبین ، سەرسامم بە چۆنیەتى ژیانى و چۆنێتى بون بە پێغەمبەرو چۆنێتى ئامادەکردن و پەروەردە کردنى تاک و قۆناغى ئیعداد و بانگەواز و دروست کردنى دەوڵەت و جیهاد و قۆناغى دەسەڵات و تەمکینى پێغەمبەر()  زۆر سەرسامى کردووم ، کە چۆن گۆڕانکارى کردووە هەنگاوەکانى چۆن هەڵهێناوەتەوە کە نوسەر بەتێرو تەسەلى باسى کردووە .

دووەم :  موساى کوڕى نوصێر :

ئەم سەرکردە قارەمانە زۆر سەرسامى کردم کە بۆ خوا صوڵحاوو دنیا نەویست بوو ، هەم قارەمان و چاونەترس بوو و فەتحى ئەندەلوسى کرد کە طارقى کوڕى زیادى کرد بە سەرکردەى سوپاى ئەندەلوس کە ئەم دوو سەرکردە قارەمانە پێکەوە تەواوى ئەندەلوسیان فەتح کرد جگە لە جێگەیەکى بچوک ، وە سەرسام بووم بە مردنى موساى کوڕى نوصێر (خوا لێی ڕازى بێ) کە زۆر ئازاو سەربەرز ژیا و مردنێکى جوانیشى بەنسیب بوو کە سولەیمانى کوڕى عبدالملک  ویستى بچێ بۆ حەج و فەرمانى بە موساى کوڕى نوصێر کرد کە بچێت لەگەڵى ، چونکە ماوەیەکى زۆر بوو لە خاکى کۆشش و خەباتدا ژیانى بردبووە سەر زۆر موشتاق بوو بگاتە خزمەتى پێغەمبەرى نازدار () بۆیە لەگەڵ سولەیمان ڕۆیشت بەرەو حەج ، لە ڕێگە دەستى بەرز کردەوە بۆ ئاسمان کە موساى کوڕى نوصێر لە تەمەنى (٧٦) سالیدا بوو ، گوتى: خوایە ! ئەگەر ژیانم تێیدا ماوە و ژیانم پێ دەبەخشیت ئەوا زۆر ئارەزوومەندم بۆ ئەوەى بگەڕێمەوە بۆ مەیدانى خەبات و جیهاد ، ئاوەتەخوازم بەوەى کە شەهید ببم ، بەڵام خوایە ئەگەر ژیانم بەشى ئەوەى تێدا نەماوە ، داوات لێ دەکەم لەخزمەت پێغەمبەرى نازداردا () بمرم ، خواى گەورەش دوعاکەى قبوڵ کرد و لە دواى حەج کردنى و لەکاتى گەڕانەوەیدا وەفاتى کردو لە خاکى پیرۆزى مەدینەو لە خزمەت پێغەمبەرى نازداردا () ناشتیان .

سێیەم : صەلاحەدینى ئەیوبى :

سەرکردەیەکى قارەمانى ئیسلام بوو کە ڕێچکەى مێژووى گۆڕى ، سەرکردەیەکى گەنج و بەهێزو تواناو بە ویقارو پڕ زانست و دیندار بوو ، ژیان و ئازایەتى و دادپەوەرى و دنیا نەویستى ئەم سەرکردەیە زۆر سەرسامى کردم ، بە جۆرێک کە پێویستە مێژووەکەى ببێت بە پڕۆژەیەک بۆمان و لێوەى فێر ببین ، ئەم سەرکردە ئازیزە گیان لەسەر دەست هەمیشە لە ساحەى جیهاددا بووە فەتح لەسەر فەتح کردوویەتى ، وە لەسەر دەستى ئەو قودس ڕزگارکرا لەدەستى نەساڕاکان ، وە بەردەوام بانگەوازى جیهادى دەکرد .

صەلاحەدینى ئەیوبى ئاواتە خواز بوو بچێ بۆ حەج ، بەڵام نەیدەوێرا چونکە ئەو هەموو خاک و سەروەتەى لەژێردەستا بوو دەترسا لەوەى ئەو بچێت بۆ حەج و جارێکى تر فرنجە هێرش بکاتەوە ، بۆیە لە ١٤ى سەفەرى ساڵى ٥٨٩ى کۆچى چوو بەخێرهاتنەوەى حاجییەکان بکات ، یەک بەیەکیانى لە باوەش دەگرت و فرمێسک بە چاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە ، دواى ئەوە تایەک گرتى و تووشى نەخۆشییەک بوو بۆیە بەمانى خۆى کوڕە گەورەکەى (نورەدین عەلى) دەست نیشان کرد وەک جێنشین وە موسوڵمانانیش بەیعەتیان پێدا و بوو بە ئەمیر ، صەلاحەدین چەندین وەسێتى باشى بۆ کوڕەکەى کرد سەبارەت بە دادپەروەرى و بەڕێوەبردنى ووڵات ، لەشەوى ٢٧ى سەفەرى ساڵى ٥٨٩ى کۆچى صەلاحەدین داواى کرد کە قورئانى بەسەردا بخوێنن ، ئەوە بوو قورئانیان بەسەردا دەخوێند تاکو ئەو ئایەتەى کە دەفەرموێ {فَإِنْ تَوَلَّوْا فَقُلْ حَسْبِيَ اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَهُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ (129)} التوبة ، دەستى کرد بە پێکەنین و بە پێکەنینەوە چاوەکانى لەیەک ناو ڕۆحى بەرەو ئاسمان ڕۆیشت ، ئەو ڕۆژە دواى نوێژى بەیانى بوو کە نوێژى بەیانى کردو لەتەمەنى (٥٧) ساڵیدا وەفاتى کرد .

من وەک خوێنەرى ئەم کتێبە ، دەمەوێت بڵێم لەدواى خوێندنەوەى زۆر شت لەبەر چاوم ڕوون بۆوە ، وە زۆر شت کە بە ئاستەم و مەحاڵ تێی گەیشتبووم ئێستا دڵنیا بوومەتەوە کە ئاستەم نیەو تەنها بزاوتن و هەوڵ و کۆششى ڕاستگۆیانەى دەوێت لەسەر پەیڕەو بەرنامەى ئیسلام ، من کە پێم وابوو هیچ کات گۆڕانکارى بە کەمینە ناکرێ !! بەڵام ئێستا تێڕوانینم گۆڕاوە و تێگەیشتم کە بەڵێ گۆڕانکارى بە کەمینەو ڕەش و ڕووت دەکرێ وەک نوسەر دەڵێ بەو مانایە ڕەش و ڕووت کە دنیا نەویستە ، وە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن بەمەرجێک یەکگرتوو و ڕاستگۆ بن و بەبەرنامەى پیرۆزى ئیسلام کار بکەن .

فێربووم کە جیهاد هەموو سەردەمێ پێویستە ، من کە پێم وابوو ئێستاو بۆ ئەم سەردەمە گونجاو نیە شەرمم لە باسکردنیشى دەکرد ، پێم وابوو بۆ سەردەمانى پێشووە ، ئێستا هەست دەکەم چەند هەڵە بوون ، ئێستا شەرم ناکەم لەوەى کە بڵێم بەڵێ ئیسلام بەشمشێر بڵاو بۆتەوە ، وە هەمیشە پێم وابووە کە موسوڵمان نابێ سوپاو حزب و چەکى هەبێ ، دەمگوت کە دینى ئاشتیە ئەو شتانە پێویست نین ، بەڵام ئێستا بەرچاوم ڕوون بۆتەوە بۆچوونم گۆڕاوە ، وە  پێم شەرم بوو کە بڵێن خاتوو عائیشە بە نۆساڵى بووە بە خێزانى پێغەمبەر ( )، هەمیشە پاساوم دەهێنایەوە ، بەڵام ئەم کتێبە فێرى کردم موسوڵمانێکى شەرمن نەبم لە باسکردنى دینەکەم .

وە لەڕێى ئەم کتێبەوە گەنجەکان بەرچاویان ڕوون دەبێتەوە و لەم سەرگەردانی و غەفڵەتەى ئیستا ڕزگاریان دەبێت و ئەزانن لەکوێوە دەست پێ بکەن و هەنگاو بنێن بەرەو گۆڕانکارى و سەرکەوتن .

گەنجەکان لەم سەردەمەى ئێستادا حەزیان بە خوێندنەوەى ئەم جۆرە کتێبانە نیە ، کەمینەیەکیش ئەگەر بخوێننەوە ئەوا ڕۆمان یان خەونامەو کتێبى خواردن  یان دیوانى شعرى دەخوێننەوە ، بەڵام بە ناساندنى ئەم کتێبە گەنجان وایان لێ دێت کە هەوڵ بدەن لەسەر مێژوو بخۆێننەوە و ڕێگاى ڕاستى تێدا بدۆزنەوە ، لە نمونەى ئەو گەنجانەش خۆم بووم .

وەک خوێنەرێک پێشنیار دەکەم کە هەمووان ئەم کتێبە بخوێننەوە ، چونکە گۆڕانکارییەک لە ناخدا دروست دەکات کە حەز بە جوڵەو بزاوتن بکەیت و بۆ زیاتر خواناسى و گۆڕانکارى هەوڵ بدەیت .

تیۆرى گۆڕانکارى : بریتییە لە گۆڕانى حاڵەتێک بۆ حاڵەتێکى نوێ ، گۆڕانکارى واتە نوێ بوونەوە .

گۆڕانکارى  ئەوەیە کە بەڕێگەى پێغەمبەرى ئازیزماندا بڕۆینەوە و لەوەوە فێربین ، گۆڕانکارى بە ئاڕاستە کردنى تاک و کۆمەڵگە دەکرێت بۆ ڕەوشت و ئاکارى بەرزى ئیسلام و ڕەسەنێتى کوردەوارى ، وە بەبەرزکردنەوەى ئاستى زانستى لە هەموو بوارەکاندا دەکرێت ، وەبەدروست کردن و پاراستنى وەحدەتى فیکرى بۆ پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیی ، وە بە دۆزینەوەى تواناکان و بەگەڕخستنیان لە شوێنى شیاودا ، وە بەهاندانى گەنجان بۆ کارکرن  لە سنوورى حەڵاڵدا ، وە ڕواندنى ڕۆحى شۆڕشگێڕى لەناو خەڵکدا و دروستکردنى ئینتیما بۆیان ، وە هاندانى خەڵکى بۆ پاراستنى ژینگە بە گشتى .

پڕۆژەى گۆڕانکارى پشوودرێژى ئەوێت ، پێویستە لە تاکەوە دەست پێ بکرێ پاشان خێزان و پاشان کۆمەڵگەو دواتر دەسەڵات .

لە کۆتاییدا دەستخۆشى و سوپاسى بێ پایانم بۆ بەڕێز مامۆستا (ماکوان کەریم) كە نوسەرى ئەم کتێبە ناوازەیەیەو لەخواى گەورە داواکارم پاداشتى خێریان باتەوە


به‌روار: 26/11/2021
بینین: 215