زانستی شەرعی
  پیتە پچڕپچڕەکانی قورئان چ واتایەک دەبەخشن؟
هامنۆ هەورامی


زۆرن لەوانەی کە مەبەستیانە و دەیانهەوێت بە هەرجۆرێك بووە خاڵێك لەسەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە گشتی و پەیامە سەرەکییەکەی کە قورئانە بگرن، ئەوەش شتێکی بەڵگەنەویستە کە بوونی هەر هەڵەیەکیش لەم پەیامەدا واتای ناخوداییبوونی دەگەیەنێت، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە چەندجار لەلایەن نەیارانییەوە هەوڵ و تەقەللای لێدان لەم پەیامە درابێت وەک ڕیس لێیانبووەتەوە خوری و بەزوویی دهۆ و فێڵ و فەرەجی ڕەخنەگرەکانی ئاشکرابووە، بۆیە جار لەدوای جار زیاتر هەوڵ دراوە و گشت دەمێکیش هەمان دەرئەنجام چاوەڕێیان بووەتەوە!

یەکێك لەو بابەتانەی کە هەتا ڕادەیەکی زۆر هێندراوەتەوە بەرباس پیتە پچڕپچڕەکانی سەرەتای چەند سورەتێکی قورئانە، ڕەخنەگران مەبەستیانە کە بڵێن موسوڵمانان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە قورئانەکەیان بۆ گشت سەردەمێکە کەچی خۆشیان نازانن واتای ئەم پیتان چییە!

ئێستاش با بزانین ئایا هەر بەڕاست موسڵمانان نەیانزانیوە واتای ئەم پیتانە چییە؟

ئەم پیتانە دیاریکراو و بریتین لەم کورتە ئایەتانەی خوارەوە:
(الم، الر، یس، طه، ن، ص، ق، كهیعص، حم، المص، المر، طسم، طس، عسق)

کە ئەمانە سەرەتای پێکهێنەری هەریەك لەم سورەتە پیرۆزانەن:
(البقرة، آل عمران، الأعراف، يونس، هود، يوسف، الرعد، ابراهیم، الحجر، طه، الشعراء، النمل، القصص، العنكبوت، الروم، لقمان، السجدة، يس، ص، غافر، فصلت، الشورى، الزخرف، الدخان، الجاثية، الأحقاف، ق، القلم).

کە کۆی ئەمانەش دەکەنە چواردە پیت:
(ا، ح، ر، س، ص، ط، ع، ق، ك، ل، م، ن، هـ، ﻱ).

گەر مرۆڤ جوان سەرنجی ئەم پیتانە بدات دەبینێت کە ئەمانە خودی خۆیان سەرچاوە و ئاماژەن بۆ کۆمەڵە پیتێکی دیش کە دەتوانین لە هەمان شێوەوە دروستیان کەین و هەندێکیشیان بەپێی زانستی تەجوید هەڵگری هەمان مەخرەن، بۆ ئەوەی بۆ خوێنەران ڕوونبێت ئەمەشیان نیشان دەدەین:

۱. ا، ء
۲. ح، خ
۳. ر، ز ـ ذ ـ د
٤. س، ث ـ ش
٥. ص، ض ـ ظ
٦. ط، ت
۷. ع، غ
۸. ق، ف
۹. ن، ب


کەواتە دانانی ئەم چواردە پیتە ئاماژەیە بۆ پیتە سەرەکییەکان کە لە قورئاندا بەکار هێندراون، کەواتە ئایا خوای گەورە بۆچی ئاماژەی پیتمان بۆ دەدات لەسەرەتای ئەم سورەتانەوە؟
ئایا دەیهەوێت لە هەواڵێك ئاگادارمان بکاتەوە؟

بێگومان بەڵێ!

چون بنەڕەتی بەکار هێنانی ئەم پیتانە مەبەستێکی ئاڵنگاری و تەحەددایی تێدایە!


واتە ئەی عەرەب و ئەی گرۆی جیهان، ئەگەر ئێوە دەڵێن ئەم قورئانە لەلایەن خوداوە نەهاتووە و لەلایەن مرۆڤێکەوە نووسراوە، دەسا وەرن هاوشێوەکەی بهێنن هەر لەم پیتانە، چونکە قورئانیش هەر لەم پیتانەیە!

ئەمەش لە چەندین ئایەتدا جەختی لێوەکراوەتەوە، بۆ وێنە:

{قُل لَّئِنِ اجْتَمَعَتِ الإِنسُ وَالْجِنُّ عَلَى أَن يَأْتُواْ بِمِثْلِ هَذَا الْقُرْآنِ لاَ يَأْتُونَ بِمِثْلِهِ وَلَوْ كَانَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ ظَهِيراً (۸۸} الاسراء
واتە: (پێیان) بڵێ: ئه‌گه‌ر گشت ئاده‌میزاد و په‌ریه‌کان کۆببنه‌وه‌ و (هه‌وڵی به‌رده‌وام بده‌ن هەتاوەکوو) قورئانێكی وه‌کوو ئه‌مه‌ دانێن و بیهێننه‌ (مه‌یدان) هه‌رگیز ناتوانن کارێکی وەها بکه‌ن، وه‌ ناتوانن ببنه‌ پشتگیر و یارمه‌تیده‌ری یه‌کدی.

کە نەیانتوانیوە هاوشێوەی قورئان بهێنن بۆیان کەم دەکاتەوە بۆ دە سورەت:
{أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَاهُ قُلْ فَأْتُواْ بِعَشْرِ سُوَرٍ مِّثْلِهِ مُفْتَرَيَاتٍ وَادْعُواْ مَنِ اسْتَطَعْتُم مِّن دُونِ اللّهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ (۱۳)} هود
واتە: (بێباوه‌ڕان) ده‌ڵێن: (ئه‌م قورئانه‌) خۆی هه‌ڵێبه‌ستووه‌، پێیان بڵێ: ده‌ ئێوه‌ش ده‌ سوره‌ت وێنه‌ی ئه‌م قورئانه‌ بهێنن وه‌ هه‌ر که‌س له‌ خودای گه‌وره‌ به‌ده‌ر ده‌توانن بانگی بکه‌ن (بۆ هاوکاریتان په‌نای بۆ به‌رن) ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن.

کۆتا ئاڵنگاریشی دەبێتە تەنها سورەتێک کە ئەمە ئەوپەڕی بچوککردنەوە، ئەویش دەمێکە کە دەفەرمووێت:

{وَإِنْ كُنْتُمْ فِي رَيْبٍ مِمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِنْ مِثْلِهِ وَادْعُوا شُهَدَاءَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ * فَإِنْ لَمْ تَفْعَلُوا وَلَنْ تَفْعَلُوا فَاتَّقُوا النَّارَ الَّتِي وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ أُعِدَّتْ لِلْكَافِرِينَ (۲۳)} البقرة
واتە: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ دوودڵیدان و گومانتان له‌م (قورئانه‌ پیرۆزه‌) هه‌یه‌ كه‌ دامان به‌زاندووه‌ بۆ به‌نده‌ی خۆمان محمد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئه‌گه‌ر بۆتان ده‌كرێت ئێوه‌ش هه‌وڵ بده‌ن سووره‌تێكی وه‌ك ئه‌و بهێنن، هاوپه‌یمان و هاوكاره‌كاره‌كانیشتان جگه‌ له‌ خودا (بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌) بانگ بكه‌ن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ڕاست ده‌كه‌ن.


کەواتە ئا ئەمەیە واتای دروستی ئەم پیتانە و شتانێکیش نییە کە نوێ بێت، بگرە زانایان و ڕاڤەکارانی بەڕێز گەلێك پێش ئێمە ئەم ڕاستییەیان یەکلا کردووەتەوە و فەرموویانە کە ئەم ئایەتانە ئاڵنگارن بۆ ئەو کەسانەی سەرمەشق بوون لە زمان و بەلاغەتی عەرەبدا، لەکاتێکدا بە پیت و زمانی خۆشیان نازڵ کرا و دەستەوسانیش بوون بەرامبەری.


به‌روار: 05/11/2020
بینین: 1977