کۆمەڵگە
  شێری ناو قەفەس...
ھەژار نامیق

کاتێک مرۆڤ ئەبێتە کۆیلەی حەزەکان ، ئەکەوێتە ژێر ڕکێفی حەزە قێزەونەکانی و کەڕ و کوێر و لاڵ ئەبێت  ، کاتێک دەکەوێتە ژێرهەژموونى خۆپەرەستی ، ئەکەوێتە ژێر هەژموونى تێرکردنى خۆی ...هتد دڕندەتر ئەبێت لە ساڵى نەوەد و هەشتاکانى خەڵکانێکی زۆر هەبوون ئامادە بوون سەریان بچێتە پای سێدارە بەڵام تەنازوول لە پرنسیپەکان و هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتیان نەکەن ، ئامادە بوون دەربەدەر و ئاوارە بن بەڵام نەچنە ژێر هەژموونى داگیرکاری بەعسی فاشیزم ، دەگمەن خەڵکێک هەبوو خۆفرۆش بێت لە شار و لادێ ئەوە خەڵکە دڵسۆزەکان بوون کە داڵدەی هێزەکانى پێشمەرگەو خەڵکانى پارتیزانیان ئەدا ، ئەوە ئەوان بوون کە ماڵ و مناڵیان ئەخستە مەترسیەوە تا پارێزگاری لە پێشمەرگەیەک بکەن و نەکەوێتە دەست بەعسی فاشیزم...
ئێمە ئاوابووین ئامادە نەبووین لە ژێر هیچ ناونیشان و پلە و پۆستێک خۆمان بفرۆشین دەیان و سەدان ڕێککەوتن و پارە و ئیمتیاز خراوەتە بەردەستی ئەو خەڵکە بە شەرەفە ئامادە نەبوون تەنازوول بکەن خەڵک ئامادە بوو بڕوا بەردبکێشێت و ژیانێکى کولە مەرگی بکات بەڵام ئامادە نەبوو بچێتە ژێر ڕکێفی جاشەکان و بەعسیەکان ، ئێستا ئەو خەڵکە بەشەرەفەی کە داڵدەی پێشمەرگەیان ئەدا ئەو خەڵکەی ماڵ و سفرەیان هەمیشە ڕاخراو بوو بۆ پاراستنى شکۆی کورد ئەپاڕێنەوە بۆ پارووە نانێک و خەڵکانێکى تریش کە لە هیچەوە بوون بە هەموو شتێک ئامادەن هەموو شتێک بکەن لە پێناو بەرژەوەندى خۆیان و ماڵ و مناڵیان .
شێرێکیان گرتبوو خستبوویانە قەفەسەوە ، شێرووتی : خواردنى من ئاهوو بووە ، ئەوان پارچە گۆشتێکیان بۆ فڕێ دا ئەویش ووتى : نایخۆم ووتیان : هێندە برسیت ئەبێت ناچار ئەبیت بیخۆیت ، برسێتی زۆری بۆ هێناو خواردی ماوەیەک تێپەڕی و پارچە ئێسقانێکیان بۆ فڕی دا ووتى : نایخۆم ووتیان هێندە برسیت ئەبێت ناچار ئەبیت بیخۆیت ، ماوەیەکی ترتێپەڕی (وێنجەیان ) خستە بەردەمی ووتی : بابە ویژدانتان هەبێت ئەمە خواردنى گوێدرێژە بە ئێسقانەکە ڕازیم ووتیان مەیخۆ هێندە برسیت ئەبێت ناچار ئەبیت بیخۆیت و دەستی کرد بە وێنجە خواردن ، ماوەیەک تێپەڕی و شێری برسی نەڕاندى کرد ووتی : وێنجەم ئەوێت برسیمە ، پێیان ووت : خۆ خواردنى وێنجە بە خۆڕایی نیە ئەگەر ئەتەوێت وێنجەت بدەینێ ئەبێت وەک گوێدرێژ زەڕەزەڕبکەیت و دەستی کرد بە زەڕەزەڕکردن .
کاتێک هەریەکە لە ئێمە شێری ناخمان ناچار کرد و تەنازوولمان لە شکۆ و پرنسیپەکانمان کرد گەشتین بە ئێستمان کە ڕۆژ دوای ڕۆژ سووکایەتیمان پێ بکرێت و بەڵام لە پێناو مانەوەمان لە ژیان هەموو جۆرێک تەنازوول بکەین ، ئێستا زۆرن ئەوانەی ئامادەن هەموو شتێک بکەن لە پێناو بەدەستهێنانى کەمێک وێنجە و پارچە ئێسقانێک بەڵام لە کۆتایی ئەگەر شێریش بیت و سکیشت تێربێت و پێت بووترێت شێر بەڵام سکت ئەوەی تیانەبێت کە پێویستە هەبێت کۆتایت دێت ..
هیوادارم هەریەکەمان شێری ناخی خۆمان واپەروەردە بکەین چیتر تەنازوول نەکەین وهەرکەسێک لە ئاستى خۆی کەمێک دەنگ هەڵبڕێت دڵنیام لەوەی دەنگێکى هێندە گەورە دروست ئەبێت هیچ کەس و وڵات و بەرپرسێک ناتوانێت پشتگوێ بخات، بە هیوام ئەو ڕۆژە بێت هەریەکەمان قەفەسی سوکایەتی و برسی کردنمان تێکبشکێنین و بە شکۆ ژیان بکەین ...
به‌روار: 01/02/2021
بینین: 1617