مێژووی ئیسلام
  ڕاستكردنەوەی هەڵە مێژوییەكانی فیلمی (ناصر صلاح الدین)
جهاد خاوەری
ڕاستكردنەوەی هەڵە مێژوییەكانی فیلمی (ناصر صلاح الدین) 
بەرهەمی كۆمپانیایەكی مەسیحی لوبنانیە بەناوی (ئاسیا) و سیناریۆ و دەرهێنانیشی كاری دەرهێنەری میسری (یوسف شاهین)ە، كە مەسیحیەكی دیار و بەرچاوە. ئەم فیلمە لەدەورانی جمال عبدالناصردا بەرهەمهێنراوە لە ساڵی 1963ز و فیكرەی قەومی زاڵە بەسەریدا، هەربۆیە دەبینین لەتەواوی فیلمەكەدا نزیكەی 75جار وشەی عەرەب بەكاردێت و 25جار لەسەر زمانی صلاح الدینەوە دەوترێ‌ كە ئەمەش كاری دەرهێنەر یوسف شاهینە كە سیناریۆكەی بەو جۆرە داڕشتووە. 22جاریش لەسەر زمانی هاوڕێ و دۆستەكانی دەوترێ‌، 25جاریش موشتەقاتی ئەو وشە بەكار هاتووە، بەبێ ئەوەی بۆ یەكجاریش بێت وشەی موسڵمان و ئیسلام بەكاربهێنێت، وە جوانترین وشەیەكیش كە بۆ ئەم میرە كوردەی داناوە ئەوەیە بە سوڵتان عەرەب ناوی دەبات و هەوڵی ئەوەیە یەكێتی عەرەبی دروست بكات كە ئەمە فیكرەیەكی ناسری و ئیشتراكیەتی ئەو سەردەم بوو كە حوكمی میسری دەكرد. بەڵام ئایا كێشەی فەلەستین و قودس و شەڕی خاچیەكان كێشەیەكی عروبە و عەرەبێتی بووە؟ یاخود كێشەیەكی ئیسلامی بووە و بەرۆكی موسڵمانانی گرتووە؟ لە كاتێكدا سەڵاحەدین نە بۆ نەتەوە و نە بۆ عەرەب نەجەنگاوە چونكە خۆی كەسێتیەكی كورد بووە و زۆربەی دەسەڵاتدارەكانیشی كورد بون بەڵام لەبەر موسڵمانان كە لەلایەن خاچیەكانەوە داگیركراون ئەم كارەی كرد. كەچی دەبینین لە فیلمەكەدا كاتێ‌ صلاح الدین وتار دەدات بۆ سوپاكەی دەڵێ (أیها العرب!) یان كاتێ‌ ناوی شارەكان دەبات، دەڵێ: (بەیتولمقەدس عەرەب) یان (ئورشەلیم عەرەب)، لەكاتێكدا كاتێ‌ باسی مەسیحیەكان دەكات ناڵێن ئێمە لەبەر خاكی بیزەنتی یان بەریتانی شەر ئەكەین ئەڵێن خاكی پیرۆز، خاكی مەسیحی داگیركراومان، كە ئەمەش لێكدانێكی تەواو هەڵەیە یەكێ‌ بۆ نەتەوەكەی شەر بكات و یەكێكیش بۆ دینەكەی!
بەڵام دەبینین ئەم دەرهێنەرە نەزانە وەكو پیشەی هەمیشەیی كەسێتیەكی دروست كردووە بەناوی (عیسا عەوام) كە مەسیحیە، لەبەرامبەر مەسیحیەكانیشدا شەڕ ئەكات چونكە دەرهێنەر دەیەوێ‌ ئەوە بڵێ كە كێشەی شەڕی خاچیەكان بۆ ئێمە كێشەی عەرەب و نیشتمانی عەرەبە هەربۆیە ئاین شتێكی گرنگ نیە هەربۆیە دروشمی عەلمانیەكان دەخاتە زاری صلاح الدین و لە فیلمەكەدا دەڵێ:(ئاین بۆ خوا و نیشتمان بۆ هەموان)، چونكە دەیەوێ‌ بڵێ ئەم سەركردە نە بۆ مەسیحیەت شەڕی كردووە نە بۆ موسڵمانان بەڵكو بۆ عەرەبی كردووە.
ڕیتشاردی موسڵمان كوژ
ئەم دەرهێنەرە كاری سەیر و سەمەرە دێنێتەوە و پەردە پۆشی كوشت و بڕی ئەم پیاوكوژە دەكات و دەیەوێ‌ بە كەسێكی زۆر باش بیناسێنێ كە كەوتبێتە ژێر كاریگەری وتەكانی صلاح الدینەوە و لەپاش شەڕی حگین شاری قودسی تەسلیم بە صلاح الدین كردبێت و گەڕابێتەوە. لە كاتێكدا لە كتێبی (البدایە و النهایە) لەبەرگی (12) لاپەرەی (345)دا هاتووە:"كاتێ‌ ڕیچارد عەكای گرت 3000دیلی لە موسڵمانان گرت لەپاش نیوەرۆ (عەسر) و لەپاشان دانە دانەیانی سەر بڕی بەبێ هیچ جۆرە ڕەحم و بەزەییەك". هەروەها رۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی (زیگرید هونكە) لە كتێبی (الله لیس كژلك) لەلاپەرە (34)دا دەڵێ:"دیل لەلای موسڵمانەكان لەژێر یاسا و رەحمی سەربازە موسڵمانەكاندا بوو بەشێوەیەكی جوان لەگەڵیاندا دەجوڵانەوە، بەپێچەوانەی خاچیەكانەوە كە دوور لەهەر جۆرە ئینسانیەت و رەحمێ‌ لەگەڵ دیلەكاندا دەجوڵانەوە، وەك ڕیتشارد شێردڵ كاتێ‌ 3000دیلی موسڵمانی كەوتە بەردەست، لەسەر میزاجی خۆی فەرمانی سەربڕینی هەر 3000دیلەكەیدا". ئایا كەسێ بەم جۆر و شێوازە بێت تەنانەت یەكێ‌ لە سەركردەكان باس لەوە دەكات ئەم ڕیتشاردە ئەوەندە توند هەڵوێست بووە تەنانەت سەركردەكانی خۆشی لێی هەڵاتون..! ئێستا بەو شێوازە و بەو جۆرە ڕۆمانسیەتە لەگەڵ صلاح الدیندا جوڵاوەتەوە یان صلاح الدین قەت بەو جۆرە هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكات وەك لە فیلمەكەدا زۆر بە حەنان و خۆشەویستیەوە لەگەڵی ئەدوێ‌ لەكاتێكدا 3000كەسی بێتاوانی كوشتووە؟!
عیسا عەوام ئایا مەسیحی بووە
لەم فیلمەدا وا ڕۆڵ دەگێرێ كە كەسێكی مەسیحی عەرەبەو بۆیە شەڕ دەكات لەگەڵ مەسیحیەكان چونكە ئەم عەرەبەو خاكەكەی داگیركراوە! 
بەڵام لەڕاستیدا ئەم سەركردە موسڵمانێكی بێوێنە و ئەمانەت پارێز بووە و جێگای متمانەی سەڵاحەدین بووە و دەریاوانێكی بەتوانا بووە و لەكاتی گەمارۆی عەكادا بەنهێنی چۆتە شارەكە و پەیامی بۆ صلاح الدین هێناوە، بەڵام جارێكیان كاتێ‌ ویستویەتی بگەڕێتەوە نقوم بووە كەشتیەكەی و دواتر جەستەكەی لەكەناری دەریادا دۆزرایەوە. بۆ ئەمەش بڕوانە  قازی بها‌و الدین بن شداد لە كتێبی (النوادر السلگانیە والمحاسن الیوسفیە) لە بەرگی (1/ 378-379). 


به‌روار: 03/09/2015
بینین: 669