مێژووی ئیسلام
  بانگخوازێکی گومناوی کورد
ھامنۆ ھەورامی


کورد یەکێک بووە لەو گەلانەی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا باوەڕیان هێنا و بوونە پێشەنگ لە هەموو زانستە ئیسلامی و دونیاییەکاندا ، یەکێک لەو کەسانەی کە بووە هۆی ئەوەی لەکوردستان بەگشتی و ناوچەی هەورامان بەتایبەتی  ببێت بە بانگخواز و هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام،  بریتیبووە لە مەولانا گۆشایش ، بەڵام بەداخەوە تاڕادەیەک زانیاری لەسەر ژیانی ناوبراو کەمە و تەمومژیەکی بەسەرەوەیە  .
مەولانا گۆشایش کوڕی پیر محمدی هەورامییە ، باوکی واتە پیر محمد بە بابا مەردۆخ ناسراوە لەبنەڕەتدا خەڵکی شام بوون ، دواتر کۆچیان کردووە بۆ کوردستان و لە دەشتی شامیاندا بارگە و بنەیان هەڵداوە ، کە خەڵکی ناوچەکە دڵنیابوونەتە لەچاکی و بێوەییان چوونەتە خزمەتیان.
پیر محمد کچی شێخ شهاب الدین دزاوەری هێناوە و پاش پانزه ساڵ گۆشایش لە ساڵی (790 کۆچی ) لەدایک بووە ، لەبەرئەوەی چاوی کەمێک مژمۆر بووە پێیان گوتووە گۆشایشە کوێر.
 دەستێکی باڵای هەبووە لەبڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلامدا لە لەکاتێکدا کە پێشتر پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی و میترایی لەناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو مابوونەوە.
توانیوییەتی بەهۆی لێهاتوویی وجەسووری و زمانپاراوییەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەخەڵکی ناوچەکە بگەیەنێت و پێیان بناسێنێت کە  ئایینێکە هاوچەشنە لەگەڵ سروشت و فترەتی مرۆڤایەتیدا و تا کۆچی دواییشی لەسەر ئەم خزمەتەی بەردەوام بووە.
دوایی خزمەتێکی یەجگاری و هەوڵدانێکی زۆر بۆ گەیاندنی پەیامی خودایی بە بەندەکانی ئەم زانا گەورەیە ساڵی (873 کۆچی) لە هەورامان دڵە گەورەکەی لەلێدان دەکەوێت و کۆچی دوایی دەکات.
زۆرێک لە زاناکانی ناوچەکەش لە نەوەی ئەم پیاوە بوون بەتایبەتی بنەماڵەی زانستپەروەری مەردۆخییەکان ، نموونەش لێیان (شێخ محمد مەردۆخی مێژوونووس و شێخ عمر قەرەداغی و شێخ محمد قەسیم و هتد ......).
وە زۆرێک لە زانا و دادوەرانیش لە نەوەی وی بوون ، بە نموونە :
مەلا عەباس ، مەلا ئیسماعیل ‌، مەلا شەریف ، مەلا یەعقوب ،مەلا سعدی .



هاوکات پێویستە ئەمەشمان بیرنەچێت کە نموونەی ئەم بانگخوازە و چەندانی دیکەش نیشانە و بەڵگەی ئەوەن کورد نەتەوەیەک بوون بە گفتوگۆ و تێگەیشتن موسڵمانبوون نەک وەک کەسانێک دەڵێن بەشمشێر و زۆرلێکردن ، ئەگەر بەزۆر موسڵمان بکرانایە بانگخوازێکی نموونەی پێشەوا گۆشایش قەت سەری هەڵنەدەدا !


سەرچاوەکان :
* پیرشالیاری زەردەشتی - دانا (محمد بهاء الدین ملا صاحب)
* سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە ـ عبدالرزاق عبدالرحمن
* یاداشتەکانی نووسەر
به‌روار: 18/08/2019
بینین: 66